ناونیشانی بابەت: ڕۆژی جیهانی کرێکاران
ئامادەکردن: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
ڕۆژی کرێکاران، لە ئەمریکا و کەنەدا، پشووە (یەکەم دووشەممەی مانگی ئەیلوول) بە مەبەستی ڕێزگرتن لە کرێکاران و داننان بە بەشدارییەکانیان لە کۆمەڵگەدا. لە زۆر وڵاتی تریشدا ڕۆژی ئایار خزمەت بە مەبەستێکی هاوشێوە دەکات. ئەو ڕۆژە پشووی ساڵانەیە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی دەستکەوتەکانی کرێکاران. ڕۆژی کرێکاران سەرچاوەی لە بزووتنەوەی سەندیکای کرێکاراندا هەیە، بە تایبەتی ‘بزووتنەوەی ڕۆژانەی هەشت کاژێری’، کە بانگەشەیان بۆ هەشت کاژێر بۆ کار و هەشت کاژێر بۆ کات بەسەربردن و هەشت کاژێریش بۆ پشوودان دەکرد.
کارکردنی ڕۆژانەی هەشت کاژێری سەرچاوەی لە سەدەی 16ی ئیسپانیاوە وەرگرتووە، بەڵام بزووتنەوەی مۆدێرن دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا، کە بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە کارگە گەورەکاندا ژیانی کارکردنی گۆڕی. لەوکاتەدا، ڕۆژی کارکردن دەکرا لەنێوان 10 بۆ 16 کاژێردا بێت، هەفتەی کارکردن بە شێوەیەکی گشتی شەش ڕۆژ بوو لە هەفتەیەکدا و بەکارهێنانی کرێکاری منداڵ باو بوو. یەکەم وڵات کە بە یاسا کارکردنی ڕۆژانەی هەشت کاژێری بۆ کرێکارانی کارگەکان ناساند، ئیسپانیا بوو لە ساڵی 1593. لە سەردەمی هاوچەرخدا لە ساڵی 1917 لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت بۆ هەموو پیشەکان ڕاگەیاندرا.
لە ئەمریکا، پیتەر جەی مەکگوایەر، سەرکردەیەکی سەندیکاکان کە لە ساڵی 1881دا ‘برایەتی یەکگرتووی دارتاشان’ی دامەزراندبوو، بە گشتی بایەخی بە بیرۆکەی دیاریکردنی ڕۆژێکی تایبەت بە کرێکاران دەدا. لە ساڵی 1882 پێشنیاری بۆ سەندیکای ناوەندی کرێکارانی نیویۆرک کرد کە ئاهەنگێک ساز بکرێت بۆ ڕێزلێنان لە کرێکارانی ئەمریکی. لە 5ی ئەیلوولدا بە نزیکەیی 10 هەزار کرێکار بە سپۆنسەری ‘فیدراسیۆنی سوارچاکە کرێکارەکان’ لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، هیچ هۆکارێکی تایبەتی بۆ دیاریکردنی ئەو بەروارە نەبوو، مەکگوایەر وتی کە ئەو ڕۆژە هەڵبژێردراوە چونکە بە نزیکەیی لە نیوەی ماوەی نێوان پشووی چوارەمی تەممووز و جەژنی سوپاسگوزاریدا بووە. لە ساڵی 1884 فیدراسیۆنی سووراچاکە کرێکارەکان بڕیارێکیان پەسەند کرد کە یەکەم دووشەممەی مانگی ئەیلوول بە ڕۆژی کرێکاران دابندرێت. بیرۆکەکە بەخێرایی بڵاوبووەوە و تا ساڵی دواتر ئاهەنگی ڕۆژی کرێکاران لە ژمارەیەک ویلایەتدا بەڕێوەدەچوو. ئۆریگۆن بووە یەکەم ویلایەت، لە ساڵی 1887، کە پێگەی یاسایی بەو جەژنە بەخشی (هەرچەندە ویلایەتەکە سەرەتا لە یەکەم شەممەی مانگی حوزەیران ئاهەنگی گێڕا) . هەر لەو ساڵەدا ویلایەتەکانی کۆلۆرادۆ، نیویۆرک، ماساشوستس و نیو جێرسی لە یەکەم دووشەممەی مانگی ئەیلوولدا پشووەکەیان دامەزراند و هەر زوو ویلایەتەکانی دیکەش دوای ئەوە هاتن. لە ساڵی 1894 ‘مانگرتنی پولمان’ لە ویلایەتی ئیلینۆیس، هەروەها زنجیرەیەک گردبوونەوەی تووندوتیژی کرێکارانی بێکار لە ڕۆژی ئایار لە کلیڤلاند بووە هۆی ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا گرۆڤەر کلیڤلاند پڕۆژە یاسایەک پێشنیار بکات کە ڕۆژی کرێکاران بکاتە پشووی گشتی نیشتمانی. پڕۆژە یاساکە کە بەشێکی بۆ لادانی سەرنجەکان لە ڕۆژی ئایار (ئاهەنگێکی نافەرمی کە ڕەگ و ڕیشەی لە بزووتنەوە سۆسیالیستییەکاندایە) داڕێژرابوو، لە مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا واژۆ کرا و بوو بە یاسا.
بە تێپەڕبوونی ساڵ، بە تایبەتی لەگەڵ کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی سەندیکاکان، گرنگی ڕۆژی کرێکاران لە ئەمریکادا گۆڕا. بۆ زۆر کەس بوو بە ئاهەنگێکی کۆتایی هاوین و کۆتایی هەفتەیەکی درێژ بۆ کۆبوونەوەی خێزانی. لە هەمان کاتدا ئەو ڕۆژە بەردەوام یادکراوەتەوە بە نمایش و وتار و هەروەها گردبوونەوە سیاسییەکان، ئەو ڕۆژە هەندێک جار وادەی دەستپێکردنی فەرمی هەڵمەتە سیاسییە نیشتمانییەکانە.
لە کەنەدا یەکەم ڕێپێوانی کرێکاران لە ساڵی 1872 لە ئۆتاوا و تۆرۆنتۆ بەڕێوەچوو و دواتر لەو ساڵەدا یاسای نایاساییکردنی سەندیکاکانی کرێکاران هەڵوەشایەوە. مەکگوایەر لە ساڵی 1882دا بانگهێشت کرا بۆ قسەکردن لە ئاهەنگەکەدا، لە ساڵی 1894 پەڕڵەمان بە فەرمی جەژنەکەی لە کەنەدا ناساند. زۆربەی وڵاتانی دیکە لە ڕۆژی ئایار (1ی ئایار) ڕێز لە کرێکاران دەگرن. ئەو ڕۆژە لە وڵاتانی کۆمیوونیستدا جەژنێکی گەورە بووەوە و لەو شوێنانەی کە پارتە سیاسییە چەپەکان و بزووتنەوە کرێکارییەکان کاریگەریی بەرچاویان هەیە بەردەوام گرنگی پێدەدرێت. [1]