ناونیشانی بابەت: بودجەی سێ ساڵە: بەشی یەکەم
ئامادەکردن: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
“بەشی یەکەم: سەرەتای کۆتایێکی نوێ”
بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجەی 2023ی ئێراق تەرخانکراوە بۆ ساڵێک، نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. پەسندکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە لە شەوى 11ی حوزەیرانەوە تاوەکوو بەرەبەیانی 12ى حوزەیران ئەو ماددانەى کە مابوون و چوار ڕۆژ بوو گفتوگۆیدان لەسەر دەکرا دەنگیان لەسەردرا و پەسندکران، هاوکات چەند ماددەیەکى تریش بۆ پڕۆژە یاسای بودجە زیادکران. ئەمە یەکەم جارە لەدواى ساڵى 2021ەوە پەڕڵەمانى ئێراق بودجەى گشتى پەسەند دەکات. لە دواتردا پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى ڕەوانەى سەرۆککۆمار دەکرێت بە مەبەستى پەسندکردنى و ناردنى بۆ ڕۆژنامەى وەقائیعى ئێراقى بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بۆ یەکەمجارە لە یاساى بودجەى گشتیی ئێراقدا ئەوە بچەسپێندرێت کە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان ڕادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى ئێراق “سۆمۆ” بکرێت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوتى هەرێمى کوردستان بکەوێتە ئەستۆى حکوومەتى فیدراڵى.
=KTML_Bold=“پیلانی لاوازکردنی پێگەی هەرێم”=KTML_End=
بودجەی 2023ی ئێراق لەپاڵ ڕەهەندی ئابووری و دارایی، چەندین لایەنی سیاسی، بەڕێوەبردن و کارگێڕی هەروەها ئاساییشی لەخۆگرتووە. چاوەڕوان دەکرێت لەلایەنی وزەی سرووشتییەوە دابەشبوونی هەرێمی لێ بکەوێتەوە، لە داڕشتنی بڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەدا ڕاوێژکارە ئێرانییەکان کاریگەریی زۆریان هەبوو، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئێرانییەکان زۆر بە ستراتیجی و بەرنامە لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی توانیویانە هەژموونی خۆیان بەسەر ئێراقدا بسەپێنن. ئەم جارە لە ڕێگەی پڕۆژە یاسای بودجەوە کاریان بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان کرد، کە هەمیشە هەندێک لایەنی نێوخۆیی پاڵپشتی جێبەکردنی ئەو جۆرە پیلانانەن بۆ پەرتەوازەکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، کە هەموو ئەمانەش مەبەستی ئاشکرایە بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان.
تێپەڕاندنی بڕگەکانی بودجە بەو شێوەیە نەبوون کە حکومەتی هەرێم پلانی بۆ داڕشتبوون، لە زۆر بواردا بەغدا و لایەنە شیعەکان مەرجەکەنیان بەسەر ھەرێمدا چەسپاند، تەنانەت هەندێک مەرج لەنێو بڕگەکانی بودجەدا ھەن کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت دژی ھەرێم بەکاربھێندرێن. لێرەدا ئەوەی زۆر جێگای مەترسییە خاڵەکانی تری ڕێککەوتنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە کە لایەنە شیعەکان بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ ھەرێمدا بکەن، ھەرچەندە ئاشکرایە لایەنە شیعەکان پابەندی ھیچ ڕێککەوتنێکی زارەکی یان نووسراو نابن و ڕێککەوتنەکان وەکوو کەرستەیەک بۆ بەھێزکردنی پێگەکانیان و لاوازکردنی بەرانبەرەکانیان بەکاردەهێنن. ئەوەی جێگای داخە لە دانوەستاندنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرپرسان بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانیان ھەڵدەخەڵەتێن کە ئەمەش لە کاتێکدایە ئەوان پابەندی هیچ بەڵێن و ڕێککەوتنێک نابن. ئەوەی لە ماوەی پڕۆسەی پەسەندکردنی بودجە بەدیکرا ئەوەیە، کە ئەوان زۆر بە بەرنامە کار بۆ لێدان لە کیانی ھەرێم، تەنانەت ھەڵوەشاندنی قەوارەی سیاسی ھەرێم دەکەن.
پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵەی ئێراق ئەوەی نیشاندا، کە بە پیلانی لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە ڕێگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکان و نەگەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو لە ڕابردوودا لەلایەن چەند لایەنێکی نێوخۆیی بە پاڵپشتی هێزە دەرەکی و هەرێمییەکان پیلانی بۆ داڕێژراوە. ئاشکرایە کە ئەو لایەنانەی لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ڕادەستکردنی 51٪ی خاکی هەرێم بوون، هەمان ئەو لایەنان کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەن شۆڤێنییەکان لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پارێزگایەکانی هەرێم بکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەروەری هەرێم و حکومەتەکەی. پیلانی لاوازکردنی هەرێم لە ڕێگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکان لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن عەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو خرایەڕوو، کە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی لە 17٪ەوە کەم کردووە بۆ 12.67٪، هەروەها پیلانیان وابوو کە بۆ ناردنی بەشە بودجە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکاندا بکەن نەوەک حکومەتی هەرێم. ئاشکرایە کە ئەو پیلانە لەلایەن هەمان ئەو لایەنانە لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە پێشنیارکراوە، کە لەبەرانبەر ڕادەستکردنی 51٪ی خاکی هەرێم، بەغدا بەشە بودجەی هەرێم لە ڕێگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکان دەنێرێت.
=KTML_Bold=“سەرەتای کۆتایێکی نوێ”=KTML_End=
بەداخەوە لەلایەنی یاری سیاسی و دیبلۆماسییەوە ھەرێم پلان و بەرنامەی ستراتیجی و چاکی نییە. دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا ھەرێم ھێڵە سوورەکانی دیاربکات کە بە ھیچ شێوەیەک کەس بۆی نەبێت بیانبەزێنێت یانیش سازشیان لەسەربکات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت پلان و بەرنامەی ئەی، بی و سی (A، B and C) ھەبێت، بەتایبەت لە کاتێکدا لایەنە شیعییەکان کاریگەریان بەسەر ڕێککەوتنەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتەکەی سوودانیدا ھەبێت. ھەرێم پلانی ستراتیجی و وردی کراوەی نەبوو بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات. ھەموو ئەو بڕگانەی دواتر لە دۆخی لەناکاو بەپەلە نووسران. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، کە ھەرێم بۆ داڕشتنی ھەر بڕگەیەک پێویستە چاوەڕێی دوو یان سێ سیناریۆ ببێت، کە پێویستە دەکات هەمیشە ئەگەری گۆڕانکاری لەو بڕگانە پڕۆژەی یاسای بودجە بە کراوەیی بهێڵێتەوە بۆ ئامادەسازی بۆ هەر جۆرە دۆخێک کە دەبنە هۆکاری زیان پێگەیاندن بە بەرژەوەندییە نیشتمانی و گشتییەکانی هاونیشتمانییان هەرێم. ئەوکاتە ھەرێم دەتوانێت پلانی بی و سی (B and C) بۆ هەر بڕگەیەک هەبێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ھەر گۆڕانکارییەک نەکەوێتە شڵەژان و دواتر ھەندێک شت بەسەریاندا تێبپەڕن، کە بەداخەوە هەموو ئەمانە لە نێردە کوردییەکان بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی لە بەغدا نەبیندران.
ھەندێک لەلایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی ڕۆڵێکی خراپی ھەبووە لەوەی لایەنە شیعییەکان ھان بدات بۆ دژایەتی کردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم و ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا. لەم ڕووەوە سیاسەتەکانی یەکێتی تەواو دژ بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەرێم بووە، بەتایبەتی ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ “عەسایبی ئەھلی ماف” و چەند لایەنێکی تری شۆڤێنی بووە ھۆی لەناوبردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و حکومەتەکەی سوودانی. ھەر لە سەرەتای یاریەکەدا ئاشکرا بوو لەبەرانبەر سازشکردنی یەکێتی لەسەر زۆر پرس و مافی پەیوەست بە ھەرێم، بەڵێنیان بە یەکێتی دابوو لە پرسی مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ #سلێمانی# و تێپەڕاندنی بودجە یارمەتیان دەدەن و ئەو بڕگەیە لەسەر داخوازی یەکێتی دەچەسپێنن. زۆربەی بەندەکانی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا ھات و ئەندامەکانی یەکێتی واژۆیان لەسەر کرد لەوانەش پرسی دابڕینی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی #کەرکووک# و موسڵ، پرسی دەروازە سنوورییەکان، نەوتی ھەرێم لەنێوخۆ بەکاربھێندرێت، هەروەها پرسی دەرھێنانی هەژماری بانکی لە دەستی ھەرێم. گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو خاڵانە لە بودجەدا پەسەند کرابان ئیتر شتێک نەدەما بەناوی ھەرێم، بەڵام پێداگیری زۆری پارتی و ھەندێک لە فراکسیۆنی تری کوردی تواندرا بەشێک لەو خاڵانە لاببردرێن، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی تێدا نییە ئەو پیلانەی یەکێتی و عەسایبی ئەهلی ماف بە پاڵپشتی ئێران وایکرد ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا بکرێت.
شایەنی باسە وەک ئاماژەیەک بە لاوازکردنی پێگەی ھەرێم لایەنی شیعییەکان بەتایبەت ھاوپەیمانەکانی یەکێتی لە گرووپە میلیشیاکان لە ڕاگەیاندنەکانی ‘عەھد’ بە مانشێتێکی گەورە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو بودجەیە سەرەتایەکە بۆ کۆتاییھێنان بە ئارەزوو و خواستەکانی کوردستان (الإطار الشیعی یمرر الموازنة الثلاثیة… انتصار لحقوق العراقیین و “نهایة” لأطماع کردستان)
=KTML_Bold=“ماددەی 13 و 14ی بودجەی سێ ساڵە”=KTML_End=
ئەو دوو ماددەیەی، کە زۆر جێگای مشتومڕ بوون لە پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵی ئێراق، کە پەیوەست بوون بە هەرێم و ڕێککەوتنەکەی نێوان #هەولێر# و بەغدا، هەر دوو ماددەی 13 و 14 بوون، لێرەدا ئاماژە بە هەردوو ماددە و بڕگە و خاڵەکانیان دەکەین.
=KTML_Bold=ماددەی 13:=KTML_End=
ماددەی 13 لە پڕۆژە یاسای بودجە، کە تایبەتە بە هەرێم لە دوای گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە پەسندکرا:-
=KTML_Bold=بڕگەی یەکەم:=KTML_End=
پاکتاوی حساباتی ساڵەکانی 2004 بۆ 2022 لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.
=KTML_Bold=بڕگەی دووەم:=KTML_End=
ا. حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی سۆمۆ یانیش بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی، داهاتەکەشی وەکوو داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەکرێت.
ب. حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە ناردنی داهاتی وزە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی.
ج. حکومەتی ناوەند پابەندبێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
د. حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بانکی بازرگانی ئێراقی بە قیستی مانگانە، کە لە لای بانکە حکومی و تایبەتەکانەوە هەیە بە قیستی مانگانە لەلایەن #وەزارەتی دارایی#ەوە لەم ساڵەوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ.
لە ماددەی 13ی بودجە ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ا’ خاڵێکی هەرە مەترسیدارە، کە بەسەر لایەنە کوردییەکان تێپەڕیوە، کە مەترسی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بودجە و سەرچاوەکانی وزە و داهاتی هەرێم.
لە مادەی 13ی ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ا’ هاتووە کە دەبێ هەرێم ڕۆژانە ‘400 هەزار بەرمیل’ نەوتی بەرهەم هێندراوی ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە دەکەونە سەرسنووری ناوخۆیی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکات بە مەبەستی هەناردە و فرۆشتنی یانیش ڕادەستی وەزارەتی نەوتی ئێراقی بکات بە مەبەستی ساغ کردنەوەی لە ناوخۆدا.
مەترسییە گەورەکە ئەوەیە، کە لە مادەی 13 ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ا’ هاتووە: دەبێت نەوتە ڕادەستکراوەکەی هەرێم ڕۆژانە کەمتر نەبێت لە ‘400 هەزار بەرمیل’ و دەبێت ئەو ڕێژە نەوتە لە سەرسنووری کێڵگە نەوتییەکانی ناوخۆیی هەرێم بێت، بەم شێوەیە کێڵگە نەوتییەکانی ‘موسڵ و کەرکووک’ ناگرێتەوە کە ئێستا لەدەست هەرێمن، وەک کێڵگەکانی خورمەڵە، کۆرمۆر، سەفیە، عەین زالە و بەعشیقە، چونکە لەدەرەوەی سنووری هەرێمن هەروەها لەژێر دەستی ‘کۆمپانیای نەوتی باکوور’ن.
لە ڕابردوودا ئەم پرسە لە ‘مادەی 14ی بڕگەی دەیەم-ی هەموارکراوی لیژنەی دارایی پەڕڵەمانی ئێراق بوو، هەرچەندە ئەو بڕگەیە لادرا بەڵام بەهۆی ناکۆکی ناوخۆی لایەنەکانی هەرێمەوە بە بڕگەکانی پارێزگایە ناڕازییەکان و بڕگەکانی پەیوەست بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوت لایەنە شۆڤێنییەکان لە بەغدا هەمان پرسیان لە مادەی 13 ‘بڕگەی دووەم، خاڵی 1’ جێگیرکرد.
لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو مادەیە وەک خۆی لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت و داراییەوە مەترسی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم درووست دەبێت، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، چونکە لە بودجە لە هەمان مادەی 13 بڕگەی دووەم، خاڵی ها’ هاتووە کە لە دوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵە و خاڵەکانی سەرەوە وەزارەتی دارایی ئێراق پابەند دەبێت کە بودجەی هەرێم بنێرێت. ئەگەریش پابەندی دەقەکە ببێت یان ئێراق بیەوێت بڕگەکە بە تووندی جێبەجێ بکات وەک خۆی، ئەوا هەرێم ناتوانێت کێڵگەکانی وزەی دەرەوەی سنووری خۆی بەکاربهێنێت و بە تەواوی سەرچاوەکانی وزەی نەوت و غاز، هەروەها کارەباش لەدەستدەدات و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا.
=KTML_Bold=ماددەی 14:=KTML_End=
ماددەی 14 لە پڕۆژە یاسای بودجە، لە دوای گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە پەسندکرا:-
=KTML_Bold=بڕگەی یەکەم:-=KTML_End=
ا. داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ دەرەوە و فرۆشراو لەنێوخۆدا، ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە یەک هەژماری بانکی کە وەزارەتی دارایی ئێراق لە بانکى ناوەندى دەیکاتەوە، هەڵدەگیرێن، کە لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەستدێن بەبێ هیچ لێبڕینێک، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکان دادەخرێن.
ب. وەزارەتى دارایی ئێراق شایستە داراییەکانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەدات و لە هەژماری بانکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بانکێکى باوەڕپێکراوە وە لەلایەن بانکى ناوەندى ئێراقەوە دەکرێتەوە، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان یان ئەو کەسەى کە سەرپشکی دەکات، دەسەڵاتى خەرجکردنى پارەکەى دەبێت کە لەژێر چاودێریى حکوومەتى فیدراڵى و دیوانى چاودێریى دارایی ئێراق دەبێت.
=KTML_Bold=بڕگەی دووەم:-=KTML_End=
دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى نەوت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە هەردوو هەژمارە بانکییەکەدا دەکەن و چاودێریی دەکەن، ئەگەر نەتوانرا ئەوە بکرێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى وردبینیى نێودەوڵەتى دەکرێت بەدەر لە ڕێنمایی و ڕێکارەکانی گرێبەستکردن بۆ چاودێریکردنی جووڵەی هەژمارەکە و مافی ئەوەى دەبێت وردەکاریى گواستنەوە و گرێبەستەکان و وردەکارییەکانی دیکەی پەیوەندیداری دەبێت، لەگەڵ شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکانیان لەگەڵدا کراوە، وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ژمێرەى مانگانە ڕادەستى دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى بکات بۆ ئەوەى بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی ئێراقی بۆ ئەوەی بیخاتە نێو هەژمارەکانی دەوڵەتەوە.
=KTML_Bold=بڕگەی سێیەم:-=KTML_End=
هەردوو هەژماری ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی یەکەم بەتەواوی هاتوو و دەرچووەکانییەوە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وردبینییەوە وردبینینی دەکرێت، ڕاپۆرتی خولی لەوبارەیەوەشەوە دەداتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=بڕگەی چوارەم:-=KTML_End=
خشتەى داتای دارایی نیوەساڵ و ساڵانە بە واژۆى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکوومەتى هەرێمى کوردسان و چاودێریى هەژمارەکان (کۆمپانیای وردبینیی نێودەوڵەتی) پێشکێش دەکرێت و وێنەی دەدرێتە وەزارەتی دارایی ئێراق.
=KTML_Bold=بڕگەی پێنجەم:-=KTML_End=
لیژنەیەکى هاوبەش لە هەردوولا بۆ پێداچوونەوەی گشتگیر بە قۆناخەکانى ڕابردوو پێکدەهێنرێت، کە تایبەتن بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى نێوان وەزارەتى نەوت و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بۆ دەرچوون بە تێڕوانینێکى هاوتاى دەستوور کە مایەى جێبەجێکردن بێت بۆ ئەوەى قۆناخى ڕابردوو پاکتاو بکرێت.
=KTML_Bold=بڕگەی شەشەم:-=KTML_End=
بڕگەکانى یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمى مادەى 14 جێبەجێ دەکرێت لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم یاسایە تاوەکوو ئەوکاتەى یاسای نەوت و گاز دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
=KTML_Bold=بڕگەی حەوتەم:-=KTML_End=
لەکاتی هەر ناکۆکییەک لەنێوان هەردوو حکوومەتى فیدراڵ و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ماف و پابەندبوون و ڕێکارەکانی هاتوو لەم یاسایەدا، لیژنەکى هاوبەش لەنێوانیان پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو ناکۆکییانە و بەرزکردنەوەى ڕاسپاردەکانی بۆ پەڕڵەمان لە ماوەی 30 ڕۆژدا، بۆ ئەوەى بڕیارى پێویست لەبارەیەوە بدرێت.
=KTML_Bold=بڕگەی هەشتەم:-=KTML_End=
ا. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا
ب. بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییە، ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ‘خاڵی 1’ لەنێویاندا پارەدارکردن.
لەڕاستیدا یەکێتی ھەموو جۆرە سازشێکی لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی هاونیشتمانییانی هەرێم کرد بۆ لایەنە شیعییەکان، تەنیا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بکریت، بەڵام لە “ماددەی 14، بڕگەی هەشتەم” بەو شێوەیە نەبوو کە یەکێتی ئارەزووی دەکرد، یەکێتی زۆر بەتایبەتی ھەوڵیدا ئەو بڕگەیە بەو شێوەیە بێت کە پارێزگایەکانی ھەرێم مافی ئەوەیان ھەیە ڕاستەوخۆی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن، بەڵام دووبارە لەمەدا سەرکەوتوو نەبوون. لەبیرمان نەچێت ئەگەر مەبەستی یەکێتی تەنیا ئەوە بووایە کە دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بودجە دابەشبکرێت یان مووچەی فەرمانبەران بدرێت، ئەوا لە ‘بڕگەی حەوتەم، خاڵی ا’دا ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی ھەرێم پابەند کراوە بەوەی پێشینەی خەرجکردنی بودجەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت، بەڵام یەکێتی لە ‘بڕگەی هەشتەم، خاڵی ب’ مەبەستێکی تری ھەبووە. چاوەڕوان دەکرێت، کە لە کاتی پڕۆسەی دابەشکردنی بودجەشدا یەکێتی داوا لە حکومەتی سوودانی بکات بۆ ئەوەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکانی هەرێمدا بکات، بەڵام جارێکی تریش سەختە ئەمە ڕووبدات. [1]