ڕێکەوتی #01-07-2023#، تەندەری گواستنەوەی نەفتای کێڵگەی کۆرمۆر درایە کۆمپانیای قەیوان و کۆمپانیای ساوس کوردستان کۆتایی بەکارەکانی هێنا بۆ گواستنەوەی نەفتای کێڵگەکە، بەڵام تا ئێستاش کۆمپانیای ساوس کوردستان بەردەوامە لە گواستنەوەی غازی LPG ی کێڵگەکە.
پێشتر هەر شەش مانگ جارێک لە ڕێگای وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە تەندەرین بۆ گواستنەوەی نەفتای کێڵگەکە دەکرا، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی و گرفتی یەکێتی لە دوای ڕووداوەکانی 8ی تەمووزی 2021 لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان ڕێگربوو لە پڕۆسەی تەندەرکردن.
لە ماوەی ڕابردوو کۆمپانیای قەیوان بەشێکی پڕۆژەکانی وەستاو سەرمایەدارێک کە پێشتر یەکێک بوو لە بەڕێوەبەرانی قەیوان گرووپ جیابووەوە و بەپشتیووانی یەکێتی چەندین پڕۆژەی گەورەی پێدرا و قەیوان گرووپ قوورسایی پڕۆژەکانی بۆ #هەولێر# گواستەوە و ئیدارەی #سلێمانی# ئامادەنەبوون هیچ شایستەیەکی دارایی بۆ گەورەترین پڕۆژەی کۆمپانیاکە کە ڕێگای 100 مەتری سلێمانییە خەرج بکەن.
پێدانی تەندەری گواستنەوەی نەفتا بە قەیوان گرووپ ئاماژەیە بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی و گێڕانەوەی قوورسای کارکردنییەتی بۆ زۆنی سەوز.
تا ڕۆژی 25ی ئازاری ڕابردوو، کە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا نەفتای کۆرمۆر بۆ وێستگەی پەمپی خوڕمەڵە دەگوازرایەوە و تێکەڵ بە نەوتی هەناردەکراوی هەرێم دەکرا بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی نەوتەکە.
لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، نەفتای کێڵگەی کۆرمۆر بەشێکی کەمی لە ناوخۆ ساغ دەکرێتەوە و دەفرۆشرێت و بەنزینی لێ درووست دەکرێت. بەشی زۆری ڕەوانەی بەندەر ئیمامی وڵاتی ئێران دەکرێت و دەفرۆشرێت.
نزیکەی 870 تانکەر، لە هێڵی گواستنەوەی نەفتای کێڵگەی کۆرمۆر لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کاردەکەن و ڕۆژانە بەرهەمی کێڵگەکە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەفتایە کە دەکاتە نزیکەی 85 تانکەر. [1]