ناونیشانی بابەت: هەڵبژاردنی زمان لەکن یاشار کەمال
ناوی نووسەر: بێژان ماتوور
وەرگێڕان لە تورکییەوە: بەکر شوانی (2013)
تۆ کوردیت، لەبەرچی بە کوردی نانووسیت؟ چەندین جار لە شوێنی جۆراوجۆر ئەم پرسیارەم لێ کراوە. چەند سەیرە، یەکێک لەوانەی لەم ڕۆژانەدا ئەم پرسیارەی لێم کرد، یاشار کەمال بوو! وەک دەزانرێت، ئەو خۆیشی یەکێکە لەوانەی بەردەوام هەمان پرسیاریان ئاڕاستە دەکرێت.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە میانەی کۆنفرانسێکدا بە ناونیشانی ئیستانبوڵ... خاڵی ئاوێتەبوونی کولتوورەکان کە کۆنسوڵخانەی سوید سازی کردبوو، یاشار کەمال بە هەڵوێستی هەمیشە پڕ لە جۆشی خۆیەوە گلەیی لێم کرد و وتی: کچی کورد، زۆر لێت تووڕەم.. تۆ کوردیت، بۆچی شیعرەکانت بە کوردی نانووسیت؟ منیش بەڕاستی و بە مەراقێکی بەدەربەستەوە لە وەڵامدا لێم پرسی: یاشار بەگ، ئەدی بۆچی ئێوە ڕۆمانەکانی خۆتان بە زمانی کوردی نانووسن؟
ئەو کاتە مامۆستای گەورە وەڵامی ئەم پرسیارەی منی نەدایەوە، تەنیا زەردەخەنەیەکی بۆم کرد. هەفتەی ڕابردوو دیسان بابەتی بۆچی یاشار کەمال بە کوردی نانووسێت؟ کەوتەوە ڕۆژەڤ. دۆگان پەرەنچیک (مافناس و سیاسەتمەدار ... وەرگێڕ) لە پرسەیەکدا یاشار کەمال دەبینێت و شتێکی لەم بابەتەی پێ دەڵێت: لە هەموو شوێنێک دەڵێیت کوردم، کەچی ڕۆمانەکانت بە تورکی دەنووسیت. کەواتە تۆ ڕۆماننووسێکی تورکیت نەک کورد. ئەگەر مەیلیشت لێ بێت، هەر ناتوانیت بە کوردی ڕۆمان بنووسیت. پێ دەچێت یاشار کەمال بەم قسانە تەنگاو بووبێت، بۆیە لە وەڵامدا دەڵێت: هەفتەیەک خۆم سەرقاڵ بکەم، ڕۆمانێکی کوردی دەنووسم.
زۆر گرنگە بپرسین ئایا نووسەرانی جووت زمانی وەک یاشار کەمال کام زمان لەبەرچی هەڵدەبژێرن؟ ئەم پرسیارە بەشێوەیەکی گشتی لە کەسانێکەوە دێت کە فڕیان بەسەر زمانەوە نییە و نازانن کاری ئەدەبی چییە، بۆیە وەڵامەکان بەزۆری دەکەونە قاڵبی سیاسی یاخۆ ناڕەزایی دەربڕینەوە و بابەتەکە بەزوویی فەرامۆش دەکرێت.
ئەگەر تەنیا لە ڕووی گفتوگۆی ئەدەبییەوە بۆ بابەتەکە بڕوانین، ئەو نووسەرەی خۆی وەک کورد دەناسێنێت و بە زمانی دایک نانووسێت، دەبینین نووسینەکانی بە زمانی دووەم، واتە بە تورکی، چ بۆ ئەدەب و چ بۆ کۆمەڵگە ئەزموونێکی زۆر گرنگە. پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە زۆربەی ئەدیب و نووسەرە گەورەکان، ئەوانەی زمانی دایکیان خستووەتە لاوە -هەندێک جار بەناچاری- و دواتر زمانێکی تر فێربوون و بەرهەمیان پێ نووسیوە، کارەکانیان لێوانلێوە لە هەستیاری و ناسکیی بێ وێنە. کوردبوونی یاشار کەمال لەم ڕووەوە زۆر گرنگە. بێگومان لە دەستدانی زمانی دایک و دانانی پێوەندی لەنێوان زمان و ڕەوشی هەبوودا کارەساتێکە پێویستە هەموو نووسەرێک پرسەی بۆ بگێڕێت، هەر پەسەندکردنی لە دەستدانی زمانیشە کە بووە بەهۆی ئافڕاندنی بەرهەمی ئەدەبیی ناوازە. دەمەوێت بڵێم: لە دەستدانی زمانی دایک، بێ هیچ گومانێک ئەو زمانی دووەمە دەوڵەمەند دەکات کە نووسەر پێی دەنووسێت، چونکە ئەو پرسەیەی کە نووسەر بۆ زمانی ونبووی خۆی دەیگێڕێت، هەست و دەنگی لەدوا بەجێ دەمێنێت و ئەمەش لە قوڵاییی کارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.
نازانم یاشار کەمال تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتی بەسەر زمانی کوردیدا دەشکێت، لێشم ڕوون نییە، وەک خۆی گوتوویەتی، داخۆ دەتوانێت ڕۆمانی کوردی بنووسێت یاخۆ نا، بەڵام زۆر بەپەرۆشەوە خوازیارم لە خۆیم ببیستایە داخۆ چی دەڵێت سەبارەت بە ئەو دەنگ و هەستانەی کە لە هەستیی ناسکی کوردانەی خۆیەوە بۆ ناو ئەدەبی تورکیی گواستووەتەوە؟
وەڵامی من بۆ پرسیاری بۆچی بە کوردی نانووسیت؟، لە ڕابردوودا چۆن بووە، ئێستاش هەر وایە. بە کوردی نانووسم، چونکە ئەو کوردییەی من دەیزانم، دەست نادات بۆ ئەوەی بیکەم بە بناغە بۆ نووسینی شیعری هاوچەرخ. کوردییەکی قەڵس و سنووردار دەزانم کە تەنیا بەشی ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەم دەکات. بەواتەیەکی تر، من ناکەومە خانەی شاعیرانی جووت زمانەوە. بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە پەردەپۆش ناکات کە شیعرەکانی من لە قوڵایی ناخەوە پێوەندییان بە کوردبوونمەوە هەیە. بێگومان کوردبوونم لە کۆکی ئەو ئەزموونەدایە کە دنیای نووسینی منی ئافڕاندووە، بەڵام لەبەرئەوەی بە وشەی تورکی شیعرم بۆ دێت، بە تورکی دەنووسم، بە تورکی بیر دەکەمەوە و بە تورکیش خەون دەبینم. سەرچاوەی ئەو هێمایانەی کەرەتەی ئەدەب، بەتایبەتی کەرەستەی شیعر پێک دەهێنێت، هەمان سەرچاوەی خەونەکانە، بۆیە بەهەمان ئەو زمانەی خەونی پێ دەبینین، دەتوانین بەرهەمی ئەدەبی بئافرێنین. ئای چەندم پێ خۆشە بزانم یاشار کەمال بە چ زمانێک خەون دەبینێت!
بە بۆچوونی من، کارەکتەری نووسین، لە شوێنی لە دایکبوونمان، ئەو شوێنەی هەست دەکەین زێدی ئێمەیە و لەو ئەزموونانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە سۆنگەی سۆزمانەوە بۆ ئەو شوێنە کۆمان کردووەنەتەوە. زۆر گرنگە بزانین سەرجەم ئەو دەنگانەی لە سەرەتای ژیاندا لە بیروەریماندا چەسپیون، گەمەکانی سەردەمی منداڵی، لاواندنەوە، هاوار و ناڵە و تەنانەت گشت ئەو شتانەی ڕەنگ و ترسانەکانی ژیانی مرۆڤ پێک دەهێنن، بە چ زمانێک بوون؟ بەڕای من گشت ئەمانە بەسەریەکەوە وشە و ڕستەکانی هەستی ناو نووسین دەستنیشان دەکەن. نووسەر بەهەر زمانێک بنووسێت، لەبەرئەو هۆیانەی کە لەسەرەوە باسم کردن، ڕەچەڵەکی خۆی و هەستی ئەو شوێنەی لێی دەژی، لە نووسینەکانیشیدا ڕەنگ دەداتەوە. بەکوورتی دەمەوێت بڵێم: ئەوەی ئەدەبی یاشار کەمالی جیاکردووەتەوە و تایبەتمەندیی پێ بەخشیوە، هەستکردنێتی بە کوردبوونی خۆی. ئەگەر یاشار کەمال خۆی بە کورد نەزانیبایە، ئەوا جنۆکەی ناو ڕۆمانەکانی، کە شتێکی دوور و نامۆ، بەڵام ئەفسووناوییە لەکن خوێنەران، لە ئاستی پێویستدا نەدەبوو، یاخۆ هەر نەدەبوو.
ئێستا با بێینە سەر ئەو ڕستەیەی کە یاشار کەمال بە ناڕەزایی دەربڕینەوە وەک وەڵام بۆ ڕەهەندی سیاسیی پرسیارەکە دەری دەبڕێت و دەڵێت: هەفتەیەک خۆم سەرقاڵ بکەم، ڕۆمانێکی کوردی دەنووسم.؛ پێویستە بزانین کاری ئەدەبی دواجار هەوڵێکی مرۆڤە بۆ دۆزینەوەی خۆی لەبەرانبەر گەردووندا، بۆیە نووسەر ناچارە بە دەوروبەرەوە پەیوەست بێت، کەوابوو پێداویستیی سرووشت بوار بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە، واتە کاتێک نووسەرێک دەڵێت من دەتوانم بەم زمانە بنووسم، بەڵام ئەو زمانەی ترم لەکن پەسەندترە، ئەمە ناکەوێتە خانەی هەڵبژاردنێکی ڕاستبینانەوە، بگرە دەکرێت بڵێین زیاتر هەڵبژاردنێکی هزرییە، چونکە ئەدەب بە گوشاری زمان خۆی دەسەپێنێت. ئەگەر نووسەرێک لە دۆخێکدا بێت بتوانێت بە زمانی دایک بنووسێت، بەڵام پێی نەنووسێت، ئەمە نیشانەیە بۆ ئەوەی دەنگی ناو ئەو زمانە لەکن وی بەشی نووسین ناکات. ئەمەش بەم واتەیە دێت؛ هەڵڕشتنی هەستی هەناو بەو زمانە، ناگاتە ئەو ئاستەی کە نووسەر خۆی ئارەزووی دەکات. با نموونەیەک لە شیعرەوە بهێنینەوە؛ شیعر، لەبەرئەوەی لە قسەی سادەوە نزیکە، بە چ وشەگەلێک بێت، ناچارە هەروا لە دایک ببێت. وەک سۆفییەکان ناڵێم شاعیر ئامرازە، بەڵام شاعیر نا، شیعر خۆی بڕیار دەدات بە چ زمانێک لە دایک دەبێت! ڕۆماننووسێکی وەک یاشار کەمال کە داستان دەنووسێت و وشە و ڕستە و دەبڕینەکانی وەک تاقگە بەسەریدا دەڕێژن، من پێم وا نییە بەدوای هەڵبژاردنی زمانەوە بێت بۆ تۆمارکردنی وشەکانی. زمان دوای ئەوەی ڕسکا و لە دایک بوو، ئیدی نووسەر -با ئەو نووسەرە یاشارڤکەمالیش بێت- ناتوانێت تەگەرە بخاتە بەردەم لە دایکبوونی. یاشار کەمال ئیلهامی ڕۆمانەکانی بە زمانی تورکی بۆ دێت، بۆیە هەر بەو زمانەش دەیاننووسێت. بەڵام وەک لە سەریشەوە ئاماژەم پێ دا، هیچ قسەم لەسەر ئەوە نییە هەستی خۆ بە کوردزانین لە پشت ئەو زمانەوەیە کە ئەو ڕۆمانەکانی خۆی پێ دەنووسێت. پێویستیش ناکات ناسنامەی ئەدەبیمان تێکەڵ بە ناسنامەی سیاسی و نەژادیمان بکەین. یاشار کەمال بەتەواوی ئەزموون و کارەکانی خۆیەوە مرۆڤێکی کوردە. تەنانەت ئەگەر ڕۆمانی کوردیشی پێ نەنووسرێت، کە بەشایەنی ئەوەی نازانێت هەفتەیەک کاتی بۆ تەرخان بکات، هەر کوردە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەزموونەکانی بەدەستهێنراو لە کوردبوونییەوە و هەست و دەنگەکانی وی بە تورکی بخوێنینەوە و سوپاسبژێر بین.
بێژان ماتوور:
ساڵی 1968 لە خێزانێکی کوردی عەلەویی لە گوندی مەقسوودئوشاغی سەربە شارۆچکەی پازارجیک لە پارێزگای ماراش لە دایک بووە. قۆناغی سەرەتاییی لە هەمان گوند خوێندووە. ئەو ساڵانە بووە بە بینەری ناکۆکی نێوان عەلەوی و سونەکان کە بە کۆمەڵکوژیی ماراش ناودەبرێت. قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەییی لە غازی عەنتەب خوێندووە. دواتر کۆلێژی مافی سەر بە زانکۆی ئەنقەرەی تەواوکردووە. بەهۆی ناسنامەی کوردایەتی و ئەندامێتی لە ڕێکخراودا، لە ساڵانی خوێندنی زانکۆدا دادگایی کراوە، ساڵێکی لە زینداندا بەسەر بردووە و دواتر ئازاد کراوە. ساڵی 1996 یەکەم دیوانی شیعری خۆی بەناوی هەوارەکانی پڕ لە باوە بڵاوکردەوە. ئەم دیوانە ئەگەرچی بە زمانی تورکی نووسراوە، بەڵام لە تورکیا وەک دیارترین نموونەی شیعری هەڵقوڵاو لە سۆزی کوردییەوە پەسەند کرا. پاشان هەرسێ دیوانی با خوا پیتەکانم نەبینێت و لە بیابانی ئەودا و ئەو کوڕان بەر ئەفسوونی مانگ کەوتووی بەچاپ گەیاند. دیوانەکانی وەرگێڕاونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی. چەندین هۆنراوەشی بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئیسپانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکاندا بڵاو کراونەتەوە. ساڵی 2002 پاش بڵاوبوونەوەی دوایین دیوانی، بێژان ماتوور ماوەیەک وازی لە شیعر هێنا و دەستی کرد بە نووسینی وتار و لێکۆڵینەوە. لە نووسین و وتارەکانیدا بە زمانێکی زیاتر ئەدەبی سەرنج ڕادەکێشێت بۆ سەر شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیادا. هەندێک گرووپی توندەڕەو و گۆشەگیربووی کورد و تورک نەبێت، گشت لایەن و ناوەندەکان بە بایەخەوە پێشوازی لە نووسینەکانی ئەو دەکەن. بێژان ماتوور، پاش دابڕانێکی پێنج ساڵە، دیسان گەڕایەوە بۆ جیهانی شیعر. لە ساڵی 2008دا پێنجەمین دیوانی خۆی بەناوی جێهێشتنم لەلایەن ئیبراهیمەوە بە چاپ گەیاند. وەقفی کولتوور و هونەری ئامەد - DKSV، لەسەر دەستی ئەم دامەزراوە و خۆی سەرۆکایەتیی دەکات. بێژان ماتوور بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی وەقف لەنێوان هەردوو شاری ئیستانبوڵ و ئامەددا، کە خۆی بە دوو شاری پڕ لە واتەیان دادەنێت، لە هاتوچۆی بەردەوامدایە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی زەمانی تورکی، 04-11-2006
[1]