تەرمەوان -نهێنیی زمان و هونەری گێڕانەوە
ئامادەکردن: زانیار محەمەد
گەر هێندە گەوج بوویت ڕۆمانت نووسی، هێندە گەوج مەبە وای بنووسیت، بگێڕرێتەوە.
میلان کۆندێرا
1
ڕەفەی پەرتووکخانە بە بەرگی درەوشاوە و ڕەنگینی ڕۆمان دەڕازێنرێنەوە. نیگەرانی و گومان و شەکەتی درووست ناکەن، بەڵکوو چێژ و خۆشی و تەزوو بە خوێنەر دەدەن. خواستیان لەسەرە و سەرگەرمی بۆ هەمووان دەهێنن. یەکشێوەیی و هاوکڵێشەیی، بەسەر زمان و ناونیشان و ناوەرۆک، بگرە بەرگیشیاندا زاڵ دەبێت. لەبەر ڕوونی و ڕووکەشییان، لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.
کاتێک «عەوام-پەسەندی» کایەکان دەگرێتەوە، قووڵایی دەکشێتەوە و گۆڕەپان بە دەستەوە دەدات. هاوشێوەیی و ڕاستەوخۆیی بەسەر ڕۆماندا زاڵ دەبن. (هەڵبەت عەوام-پەسەندی لای ئێمە، جیاوازە لەوەی خۆراوا، کە ژیژەک نموونەی لە چەشنی فیلمی هیچکۆکی پێ دەهێنێتەوە) . هەرچەندە لە دنیای نووسین و ڕۆشنبیریی کوردی، ژمارەی ڕۆمان ڕوو لە هەڵکشان بێت، مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ نییە، ئەگەر لەسەر بنەمای ڕاستەوخۆیی و سادەگۆیی نەنووسرێن.
ئەو کاتەی بۆ ڕازی جەماوەر سازش لە قووڵایی دەکرێت، کاتێک لەسەر حیسابی داهێنان و جدییەت، زمانی لاواز و سادە، هەروەها گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ برە و پەیدا دەکەن، سەرسام نابین بە تەشەنەی پێداهەڵوتن و ڕووپامایی و زیادبوونی ڕۆمان و بنووسانیان.
2
«تەرمەوان» نوێترین ڕۆمانی کاروان عومەر کاکەسوورە. سەرەکیترین و گرنگترین خەسڵەت، فرەدەنگییەتی. لەنێو ئەم ڕۆمانەدا فرەدەنگی درووستکەری ئاڵۆزی و فرەڕەهەندییە. کردنەوەی ئاسۆ و ئاڕاستەی نوێ و بەردەوامی بەردەم گێڕانەوەیە. پتر لە ئاستێکی چیرۆک، زیاد لە کەسایەتی و ڕوانینی کارەکتەر، لە زیاد لە ئاستێکی زماندا مانیفێست دەبێت. واقیع لە بەردەم گومان و ناڕەزایی و پێداچوونەوەی بەردەوام دەمێنێتەوە.
ئەگەر پێکهێنەر (یان بە زمانی ئەکادیمی) ڕەگەزی ڕۆمان بریتی بن لە (چیرۆک و زمان و کات و شوێن و کارەکتەر و چیرۆکخوان و تەکنیکی گێڕانەوە) ، ئەوا ڕۆمانی «تەرمەوان» لە هەموو ئەم بوارانە و لە زیاد لە ئاستێک داهێنەرانەیە.
«تەرمەوان» لە پێنج بەشى جیاواز و پاشکۆیەک بە ناوی «هاوتەختەکان، هاوکەلاوەکان، هاوگڕەکان، هاوشۆڕشەکان، هاوتەرمەکان، هاوقاوغەکان» پێک دێت. تێیدا زیندان و حیزب، شۆڕش و شار، جەستە و ماڵ، ئیسلامی سیاسی و مەرگ، هەڵبەست و هونەر و مۆسیقا، خۆکوشتن و کەرنەڤاڵی جەماوەری، تەوەری کراوە پێک دەهێنن.
لەم ڕۆمانەدا بیرکردنەوە هاوشانی یادەوەری، بە ناخی کارەکتەردا ڕۆ دەچن. جوڵە و چالاکی بەرهەم دەهێنن. ترازان ڕوو دەدات. نوێبوونەوە بە زمان و چیرۆک و خودی کارەکتەر دەدات. کارەکتەر لە شکستدا دەژی. حەقیقەتی مانەوەی، پەیوەندیی بە بەردەوامیی شکستەوەیە.
زەمەنی جیاواز، هەڵسوکەوتی کتوپڕ، یادەوەریی شێواو، خەیاڵی فراوان، ترس و دوودڵی، زمانی چڕ و تۆکمە، هەندێکجاریش تەتەڵە و وڕێنە خەسڵەتی کارەکتەرن. ئامادەگیی مێژوو سەرتاپاگیر نییە، گێڕانەوە سنووردار بکات، بەڵکوو مێژوو دەبێتە ژیاننامەی گریمانەیی و خەیاڵیی کارەکتەر، کە بە کێشەی گەورەوە ڕوو لە دنیا دەکات.
مەنەلۆگ و دەنگی جیاواز، ناڕێکی و نالۆژیکی، گفتوگۆ ناوەکی دەکەنەوە. خەیاڵ دەیانخاتە سەر ڕیتمی گێڕانەوە. دەنگی چەپێنراو و فەرامۆشکراو لە خۆ دەگرن.
زمانی ڕۆمان بە ڕووی گوزارشت و گێڕانەوە و قووڵاییدا کراوەیە. تەنگژەی دەروونی و نهێنیی نەستی کارەکتەر پیشان دەدات. کارەکتەر کۆنکرێتی و ڕۆبۆت نییە، تا بە یەک شێوە و ڕیتم و زمان و چالاکی دەربکەوێت و بێکێشە بنوێنێت. بگرە دەکەوێتە دۆخێکەوە، ناتوانێت هیچ بڵێت. هەندێکجار هیچیشی بە بیر نایەتەوە.
تەرم و شار، ترس لە ئازادی، مەل و فڕین، چاودێریی دەسەڵات لەسەر ژیانی کەسی، ڕەوتی ڕووداو ئاڕاستە دەکەن. دیمەنی خەمناک و گفتوگۆی قووڵی نێوان کارەکتەر دەسازێنن. ڕۆمانەکە پرسیار لەبارەی مەرگ و خوێن، گۆرانی و مێژووی شار، درووشمی شۆڕش و لایەنگرانی، بێدەنگی و گۆڕستان دەکات.
لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا هاتووە «من دەڵێم کاتێ خۆت دەکوژیت، کە بەشێکی ئەوانی دیکەت لە لایە. بە نەمانی تۆ، ئەو بەشەی ئەوانیش دەسڕێتەوە. بە مانایەکی دی، کەسانی دابڕاو لە خەڵک پەنا بۆ خۆکوشتن نابەن، مادام هیچ بەشێکی ئەوانەی تریان لە لا نییه».
3
لە خوارەوە هەندێک خەسڵەتی پێکهێنەری ڕۆمانی «تەرمەوان» دەخەمە ڕوو:
یەکەم: جیاوازیی سەرەکیی ئەم ڕۆمانە لە زمانیدایە. کە نوێ و قووڵ و ناتەقلیدییە. دابڕان لەگەڵ زمانی ڕۆژانە و باو درووست دەکات و ڕووبەری دەپارێزێت.
دووەم: چەندان فۆرم و تەکنیکی نوێ و ئاڵۆز و جیاواز بۆ گێڕانەوە بە گەڕ دەخات.
سێیەم: کڵێشەی باوی «سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی» تێدەپەڕێنێت. کارەکتەر یان چیرۆک، دەشێت لە ناوەڕاست دەست پێ بکات. بۆ کۆتایی بگەڕێتەوە و سەرەتایشی نەبێت. ڕەنگیشە لە کۆتایی بۆ سەرەتا بگەڕێتەوە، ناوەڕاست و کۆتایی ون و نادیار بن.
چوارەم: لە گێڕانەوەی ئەدەیبی باو «چیرۆکخوانی تاکدەنگی هەمووشتزان» چیرۆک دەگێڕێتەوە. لای کاروان گێڕانەوە بۆ چەندان ئاستی جیاواز و دەنگی پەراوێزی دابەش دەبن و فرەدەنگی ساز دەکەن. هەندێکجار گێڕەرەوە دەسەڵات لە دەست دەدات و لەگەڵ خوێنەر بە دوای ڕووداودا دەچێت.
پێنجەم: ئەو کاتەی گرافۆمانیا (حەزی نووسینی ڕووکەش و سادە) دنیای نووسین و ڕۆشنبیریی کوردی دەگرێتەوە، کاروان بە شێوازی داهێنەرانە، داکۆکی لە قووڵایی و سادە نە-نووسین دەکات. ڕادەستی خواستی میدیا و سۆشیال میدیا بۆ ئاسانی و ڕوونی نابێت. سازش لەسەر ئاڵۆزی و نائاساییبوون ناکات. بگرە بە کارکردن و هەڵکۆڵین و مانەوە لە قووڵایی، ڕووبەڕووی تەوژمی «بەناوودەنگی» و پڕفرۆشیی بازاڕ دەبێتەوە.
شەشەم: کات و شوێن لە ڕۆمانی «تەرمەوان»دا ناتەقلیدین. تێکشکاون و لە گۆڕاندان. لۆژیکی باو لە دەست دەدەن و لە جوڵە و بزوات و ترازانی بەردەوامدان.
حەوتەم: کارەکتەر پۆزەتیڤ و یەکانگیر نییە. دوودڵە و شتی لە یاد دەچێتەوە. زمانی تەتەڵە دەکات، ناخی پڕ لە ناکۆکی و شەڕی گەورەیە لەگەڵ دنیای دەرەوە. ناوەوەی پڕ لە دژیەکییە لەگەڵ خۆی.
هەشتەم: ناونیشان و ناوی کارەکتەر، نوێ و نائاسایین. بگرە هەندێکجار بێواتایشن. جاری وا هەیە ناو لە تەنیا یەک پیت پێک دێن.
نۆیەم: گەڕانەوەی بۆ مێژوو، زنجیرەیی و بازنەیی نییە. نایەکانگیر و پچڕپچڕە. ئەو توێژەی مێژوو هەڵدەداتەوه، کە مێژووی زاڵ و باو بە فەرامۆشیی سپاردووە.
دەیەم: ڕۆمانی «تەرمەوان» بەرانبەر بە سیاسەت بێلایەن و پاکیزە نییە. سیاسەت و هەرەسی سیاسی، کێشەی بەردەوامییەتی. بە زمانی ڕاستەوخۆ کاری تێدا ناکات، بگرە سیاسەت وەک بواری دیکە دەبێتەوە بە بەشى نالۆژیکی و نائاسایی لە فەزای ڕۆماندا. دەتوانین بڵێین هەر ئەوەی بە زمانی ناڕاستەوخۆ کار لەسەر سیاسەت دەکات، دەیکاتە سیاسیترین تێکست. هەڵبەت مەبەست لە گێڕانەوە و ڕوانینی تەقلیدی و مێژوویی بۆ سیاسەت نییە.
یازدە: بە نزیکەیی زۆرێک لە ڕۆمانەکانی دیکەیشی، ئاماژە بە مەترسیی ئامادەیی ئایین و ئیسلامی سیاسی و گەڕانەوەی تەوژمی سەلەفییەت دەدات. هەروەک «یادەوەریی بوکەڵەکان» و «ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟» و «کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان» و «کازینۆی منداڵان» و «ماڵی نانی» و «تەرمەوان»یش. لە هەر یەکێکیان هێما و ئاماژە و چیرۆکی دەرکەوتنی سەلەفییەت و ئیسلامی سیاسی، بە فۆرمی جیاواز کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداو پیشان دەدرێن.
دوازدە: چیدی پێوەری «هۆ و ئەنجام» کار ناکەن. ئەو هاوکێشەیە هەڵدەوەشێتەوە. دەشێت ئەنجام، بە بێ ئامادەیی ناوەندیی هۆکار، بوونی هەبێت. ڕەنگیشە کارەکتەر، بە چەندان ئەنجامی دوور و جیاواز لە یەکدی بگات.
سیازدە: ناوەرۆکی ڕۆمان بریتییە لە کێشەی ناوەکیی کارەکتەر لەگەڵ دەرەوە. هەروەها نیگەرانی و ترسی بەرانبەر بە جەماوەر. ئەو کاتەی خرۆشانی گەورە و جەماوەری لە شەقام ڕوو دەدات، کارەکتەر ناخرۆشێت. ئەو کاتەیشی دوودڵی لە ناخیدا قوڵپ دەدات و دەهەژێت، جەماوەر و شار هێمن و هێورن. هەروەها خوێن و کوشتن چارەنووسی خەمناکی ئەون.
کارەکتەر لە نێوان ئێستا و ڕابوردوو دێتەوە و بزر دەبێت. چیدی ڕابوردوو ئەوە نییە کە تێ دەپەڕێت. داهاتووش ئەوە نییە کە بەڕێوەیە. ڕابوردوو و داهاتوو لە هەنووکەی ئەودان. بۆیە شەکەتی ناخی خۆیەتی.
چواردە: لە ڕۆمانی «تەرمەوان»دا کارەکتەر لە بەردەم یاخیبوونی هەمیشەییدایە. ئەوەیش کردەیەکی دەرەکی نییە، بگرە درک و ڕووداوی ناوەکییەتی. ئەگەر لەسەر شەقام بەرپابوونی شۆڕش دەبینرێت، لە ناخی ئەودا یاخیبوون ڕوو دەدات. لێرەوە جیاوازیی شۆڕش و یاخیبوون دەر دەکەوێت. شۆڕش جەماوەری و ڕواڵەتییە، یاخیبوون تاکێتی و قووڵاییە. یاخیبوون ویستی ژیاندۆستیی ناوەوەی کارەکتەرە، دژی بێهودەیی دەرەوە. [1]