ناونیشان: بەندەر فەیلی وەک ئەدەبێکی باڵا
ئامادەکردن: نەهرۆ ئیبراهیم
ڕەنگە هەر کەسێ دەست بداتە خوێندنەوەی ڕۆمانی بەندەر فەیلی ، بگەرێ بە دوای هەوڵ و تاقیکردنەوەیەکی جیاوازی نووسیندا . تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە ڕووی ئەدەبی و شێوازی نووسین و فۆرمدا .هەر کەسە و پێشبینییەکی هەیە وچاوەڕوانی یەکی هەیە. هەندێک لە نووسەر و هەندێک لەدەقی نووسینەکە . هەندێک پاڵپشت بە ناونیشانی ڕۆمانەکە و هەندێکیش پاڵپشت بەناسینی هێڵی گشتی جۆری نووسینی پێشتری نووسەر واتا ، ئەزموونی پێشووی نووسەر لە نووسیندا . جێی خۆیەتی ، لە سەرەتای نووسینەکەوە دان بەوەدا بنێین کە ئەم ڕۆمانە سحرێکی نوێی لە خۆدا هەڵگرتووە وبە تەلیسمی گەورەتر و قوورستر لەوانی دی ڕازاوەتەوە . بەندەر ئەو کاتەی وەک جەستەیەکی مادی سێری بکەین دەبێت بە مێژوویەک ، لەسەردەمانێک ڕووی داوە و لە تاوانێک زیاتر تێپەرنابێت ، کە ڕژێمێک لە سەروەختێک هەڵساوەپێی ، بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی مەجازی سەیری بکەین ، کۆمەڵێک هێما دەبینین وزیاتر لێی تێدەگەین . خۆ ئەگەر لە بۆتەی تاکێکدا بچووکی بکەینەوە ، هەر ئەوەندە دەنگی دەگات ، تا گوێی دەوروبەری خۆی هەراسان بکات ، یان دەبێت بە کلپەیەک و لە سنووری تەسکی یەک کەسیدا ون دەبێت یان لە سنووری خودی تاکی . بەڵام کاتێک وەک ناسنامەی کۆمەڵگەیەک یان گرووپێک خەمڵاندنمان بۆی کرد ، چەمکی مرۆڤایەتی وپەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوەو ڕەونەقی ئازارێکی قووڵی کۆمەڵگەیەک لە خۆ دەگرێ . ئای چەند زۆرن ئەو تاوانانەی هەر دەانەیەکیان دەبن بە دەیان ڕۆمان . بە گوزارشتم لە پێشدا کە ئاماژەم بۆ پێشبینی خوێنەر کردووە لەم ڕۆمانە ، من بە باشی دەزانم هەر لە دەستپێکەوە ، بێ ئەوەی باسێکی کوورتی ڕۆمانە کە بکەم خۆم وەسوی ڕێبازێکی ڕەخنەیی دوای هاوچەرخ بخشێنم و بیکەمە ڕێرۆشنکەرەوەی سەرەتای باسکردن و چونە ناوەوەی ئەم دونیایە .بەو هیوایەی لە نووسینەکانی داهاتودا لەژێر ڕۆشنایی چەند ڕێبازێکی تری ڕەخنەیی خوێندنەوە و ڕاڤەکانمان بەردەوامی هەبێت .پڕۆسەی مانابەخشین و پێشبینی من و دەیان خوێنەری تر بۆ ئەم ڕۆمانە بە مەبەستی زیاتر تێگەیشتن و دیاری کردنی بەهای ئەدەبی دەقەکە ولایەنە جوانی و پرشینگدرەکانی و لە هەمان کاتیشدا لایەنی کەمووکوڕیشی . دەبێت سکێج و هێڵکاری پتەوی هەبێت ، نەک سەوڵ لێدان بێ بە بێ هیچ ئاڕاستەیەکی دیاری کراوو . بە پێی ئەزموونی هەر یەک لە هانز یاوس و ڤۆڵڤگانگ ئیزەر کە دوو هزرەوانی ئەڵمانین و لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی و شیکاری دەقدا ناوو نیشانیان هەیە . پەیوەندییەکی تووند هەیە لەنێوان خوێنەر و دەقێکی ئەدەبی . هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ، ڕێبازێکیان پەرەپێدا ، بەسوود وەرگرتن لە چەند ڕێباز و نەهجێکی تر وەک قوتابخانەی شێوازی ودیاردەگەرایی . تیوری وەرگر تیورێکە ، چۆن ڕێژەیەک لە داهێنان دەداتە نووسەری دەق ، ئاوهاش برێک داهێنان دەداتە خوێنەر یان وەرگر . بەواتایەکی تر ئەم تیوری یە ، مافی بەشداریکردنی داهێنان وباڵابوونی کارێکی ئەدەبی یان هونەری دەبەخشێتە خوێنەر وەک ئەوەی خوێنەر بەشێک بێت لە پڕۆسەی کامڵ بوون و پێگەیاندنی کارە ئەدەبێکە و بەشێکی نەپساوەبێت لە نووسینەکە بۆ خۆی بە لێکدانەوە جۆراوجۆرەکان وبە تێگەیشتنە جیاوازەکانیان . ئەم تیورە ڕەخنەیی یە ی ئەدەب کە لە سەرەتای حەفتاکان لە زانکۆی کۆنستانسی ئەلمانی پەرەی پێدرا هەوڵێک بوو بەرانبەر بوونیاتگەرایی و بە ڕێبازێک ئەژمارکراوە کە ئەلتەرناتیڤی هەندێک نەهجی پێش بوونیاتگەرایی یان بۆ بەرانبەری هاتۆتە کییەوەو کاری نێوەند گەری گرتۆتە ئەستۆ لەنێوان بوونیاتگەری و ڕێبازە نوێکانیی پێش ئەو وەک دەروونی و کۆمەڵایەتی و مێژووی .چونکە خوێندنەوەی کاری ئەدەبی وهونەری بەگشتی لە دووڕوانگەوە ئەنجام ئەدرا ، ڕیزبەندی و چوارچێوەیی واتا لە سیاقی کام ئەدەبیدا یان لە ڕێی ڕیزبەند و نەسەقی چ جۆرە ئەدەبی یەکدا ، هەر کارێکی ئەدەبی نامەیەکە لە نووسەرەوە بۆ وەرگر کەواتە ، وەرگر دەبێت دەورو ڕەنگ و خوێندنەوەی خۆی هەبێت و هەر خوێندەوەیەکیش لە خوێندنەوەیەکی تر جیاواز ، . ئەم ڕێبازە چوار چەمکی سەرەکی هەیە ، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە لە کارێکی ئەدەبی بگەین و لەژێر چەتری ئەو تێگەیشتنانەدا وردکاری بکەین ، یەکەمیان تێگەیشتن لە ، ئاسۆی پێشبینییەکان ، مەودای جوانی ، پرکردنەوەی بۆشایییەکان ، خوێنەری ناوخنی یان خوێنەری شاراوە . ئەم چوار تێگەیشتنە و هەندێک تێگەیشتنی تر ، دەبنە پایەی جۆرێک لە ڕێبازی ڕەخنەیی ، کە دەتوانین لە ڕێیانەوە ڕاڤە یان خوێندنەوە بۆ دەقێکی ئەدەبی بکەین ، بەڵام مەرج نییە ، ڕەخنەگر یان ئەوەی خوێندنەوە بۆ دەقێک دەکات سەرجەم ، کۆنتێستەکان بەکار بهێنێ ، ئەو ئازادە کامیان هەڵدەبژێرێ یان سەرجەمیان تێکرا . ئاسۆی پێشبینی ، ئەم کۆنتسێبتە بەواتای ئەوە دێت ، کە خوێنەر پێش ئەوەی کارێکی ئەدەبێت بخوێنێتەوە ، لە خەیاڵی خۆیدا ئاسۆیەکی بۆ پێشبینی هەبووە ، کەواتە ئاسۆی پێشبینی ، بریتییە لە کۆمەڵێک پێشبینی و بیرۆکە و زانیاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری پێش ئەوەی کارێکی ئەدەبی بخوێنێتەوە .بەواتایەکی تر، خوێنەر کاتێک دەس دەداتە خوێندنەوەی کارێکی ئەدەبی ئاسۆیەکی پێشبینی لەگەڵ خۆی دەبات و لە ئەنجامی خوێندنەوەشدا بەرانبەر ئاسۆیەکی تر دەبێتەوە ، ئەویش ئاسۆی دەقەکەیە کە نووسەر لە کاتی نووسیندا دایناوە . بەرکەوتنی ئەم دوو ئاسۆیە شێوەیەک لە ئیبداع و داهێنان لەگەڵ خۆی دەهێنێت و دەمان بدات بۆ چەمکی دووەم ئەویش مەودای جوانی کارەکەیە . بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر ئەو چەمکە ، دەبێت جارێ لە قۆناغی یەکەم هەڵوێستە بکەین چونکە لە کاتی بەرکەوتنی ئەو دوو ئاسۆیە ئاسۆی پێشبینییەکانی خۆێنەر و ئاسۆی دەقەکە ، دوو گریمانەمان هەیە ، یەکەم ئەوەیە کە ئاسۆی پێشبینییەکان و ئاسۆی کارە ئەدەبی یەکە وەک یەک دەردەچن ، لەو کاتەدا نووسەر هیچ شتێکی نوێی لە نووسینەکەدا نەهێناوە بە واتایەکی تر ئەو کارە ئەدەبی یە ، کارێکی ئاسایی و باوە. بەڵام کاتێک ئاسۆی کارەکە لەگەڵ ئاسۆیی پێشبینییەکانت یەک ناگرێتەوە ، لێخشان و بەریەکتە ڕوو دەدات ، مەودایەک درووست دەبێت ئەو مەودایە، مەودای جوانی ئەدەبێکی باڵا پیشان دەدات ، ئەدەبێکی جوان و نەمر . ئەگەر تێکەڵی بکەم لەگەڵ بەندەر فەیلیدا ، ئاسۆی پێشبینی خوێنەری هەمیشە تێپەراندوە ، نەک لەبەر ئەوەی وێنەیەکی نامۆ پێشکەش دەکات یان زمانێکی نامۆ دێنێتە زمان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی وێنەیەکی ئاسایی بە جۆرێکی سحری پێشکەش دەکات ، گێڕانەوەیەکی ئاسایی بە وشەگەلێکی جاویدانە دەگۆرێتەوە . تەنانەت ئەو وێنەیە دەتوانیت لە ناوی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانی بیبینی تەوە . ناوگەلێک بە بیستنی هەر کامێکیان ، ئاسۆیەکی پێشبینی ترت لا درووست دەبێت و هێندە دەزانی کارەکە بە تەنیا یەو لە لای تۆ بووەتە کۆمەڵێکی بێ پسانەوە لە ئاسۆی پێشبینی کە هەردەم لەگەڵ دوو ئاسۆی تردا بەرانبەریان دەبێت ئاسۆی کارەکە بەگشتی و ئاسۆی هەر ڕووداوێک یان هەر کرداور و گوزارشتێکی کرداری بەلایەک . بۆ نموونە بەندەر وەک جەستە لە زیندانە ، وەک ناوو لە زیندانە وەک ڕوحیش لە زیندانە تۆچاوەڕوانی ئەوە دەکەی هەوڵ بدات بۆ ئازادی ، پڕۆسەیەکی گەورە لە مێشکی منی خوێنەر درووست دەبێت ، دەیان پلانی ئازاد بوون ، دەیان ڕێگەی تێکەڵ بە پەرچوو کە مرۆڤ تێیدا بێ تواناچاوەڕوانی دەستێکی غەیبی دەکات سەقەتی و نارێکی کاری مرۆڤەکان چاکبکاتەوە . وردترین بیرۆکە بۆ پرسیارێکی گەورە چۆن لەوێ ڕزگاری بکەم ، کەچی کە بەندەر ئەدوێ ، گۆمانت لادورست دەبێت کام لەم دوولایەنە ئازادن یان زیاتر ئازادن و کام لەم دوو لایەنە زیندانین یان زیاتر زیندانین . ئەوانەی لە کونجی ژوورێکی تاریکدان یان ئەوانەی لە دەرئەنجامی لۆکەیشنی پەیوەندییەک ناتوانن لە دیواری ئەو پەیوەندی یە دەرچنە دەرەوە. ئەم تەنیا دێوارەکان بەربەستیان گرتووە تا ئازاد بێت . ئەوەی بەرانبەری چەندین دیوار ، دیواری ترس ، دیواری ئینتما ، دیواری ئینسانییەت ، دیواری کارە قێزەوەندەکانی، دیواری بژێوی ماڵو منداڵی ، دیواری دادپەروەری ناخی خۆی . ئەم دوو دنیایە دوو وێنەی جیاواز نیشان دەدەن ، یەکێکیان هەرچەند زیندانە بەڵام ئازادە لە بنەڕەتدا و ئەوانی ترهەرچەند ئازادن بە کڵێشە ، زیندان لە بنەڕەتدا . لەوەوە ئاسۆی پێشبینی ڕووداوەکان دەگۆرێن بۆ ئەوەی بگەرێی بە دوای ئەگەری ئازادی بۆ ئەوانەی تر . لەوەبەدوا ئەرکت دەبێت بە کۆمەڵناسێک یان بە دەروونناسێک . ئاسۆیەکی تری خوێندەوە لەگەڵ گەورە بوونی بەندەر درووست دەبێت ئاخۆ کەی گەورە دەبێت و دەبێت بەچی ، ، لێرە ئاسۆیەکی تری کارەکە دێتە پێشمان بەرانبەر تەواوی ئەو گریمانانەی لە مێشکماندا بوونی هەیە بۆ گەورەبوونی بەندەر، دوارۆژی بەندەر و چارەنووسی بەندەر . دەکەوین بەسەر ویستی بەڕێوەبەری زیندان بۆ گۆڕینی بەندەر بە جەلادێک ، ویستێکە لەگەڵ نائیب تائی گەورە بووە لەو کاتەوە کە ترسی کوشتن و دورکەوتنەوە لە گرووپێک دەیهەژێنێ ، ویستێک پێش ئەوە هێناوێتە زمان مرۆڤ مەخلوقێکی بکوژەو هیچ شتێک تینوێتی ئێمە بۆ کوشتن ڕاناگرێت . هەر یەک لە ئێمە جگە لە هەندێک کەسی نزیکی خۆمان ، لامان گرنگ نییە کێ دەمرێت و کێ دەژی، ژیانی ئادەمیزادەکانی دی لە دیدی مرۆڤدا شتێکی لابەلایی و بێبایەخە ئەم ئاسۆیەی نووسەر ڕێک هەندێک تیوری دەروونناسی فرۆید دەهێنێتە زمان کە هەوڵی دۆزینەوەی غەریزەی ژیان و مردن لە ناخی مرۆڤدا دیاری دەکات . دەبێت بەختیار بەدووی میتۆدێکی تری دەروون زانی بگەرێ و بنەما وهێلکاری گۆڕینی هەڵسوکەوتی مرۆڤ نیشانبدات لە ڕێگەی ویستی بەجەلاد کردنی ، خودی بەندەر خۆی . بەندەر کە منداڵێکە وادانێ لێرە جەستە نییە تەنیا کۆمەڵێک هەستە، کۆمەڵێک دەرئەنجامە ، کۆمەڵێک داتایە . پڕۆسەی گۆڕانکاری لە پاکی یەکی تەواو ، بۆ ناپاکی یەکی تەواو ، لە فریشتەیەکەوە بۆ جەلادێک دەبێت پڕۆسەیەکی حەتمی بێت چونکە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایانە بکەیت ئەو دەرئەنجامەت دەدەنێ کە تۆ دەتەوێت . بەڵام ئاسۆیەکی تری ڕووداوەکان دیسان بەرلێککەوتن درووست دەکات لەگەڵ ئەم ئاسۆی پێشبینییە کە بە هیچ جۆرێک یەکناگرنەوە . بەندەر نەک نابێتە جەلاد بەڵکوو لە شێوەیەک لە قوربانی بوون ، خۆی درێژدەکاتەوە بۆ شێوەیەکی تری قوربانی بوون . ئازادی نووسەر لە درووستکردنی ئاسۆی هەر ڕووداوێک لەناو دەقەکەی خۆی ، چەند بەند بێت بە خەیاڵی خۆی ڕیشاڵێکیش هەیە پابەندی دەکات بەخۆیەوە ، ئەویش خوێنەرێکی شاراوەیە لە مێشک وهزری نووسەر خۆی ، ، ئەو کە بیرۆکەیەک لە مێشکیدا دەزرینگێتەوە ، دەینووسێ کاتێکیش دەینووسێ ، لەپر خوێنەرە شاراوەکە دێت و ڕاوبۆونی خۆی دەردەبرێ . هەر لە هەمان کاتی نووسینەوەکەدا ، کەسێکی شاراوە ، خوێنەرێکی شاراوە ، ڕاڤەی خۆی دەست پێ دەکات ، شیتاڵی هەستی و نەستی خۆی دادەرێژێتەوە . لێرەوە دەتوانین بڵێین ، من وەک خوێنەر دەبمە دووەم کەسی خوێنەر . من وەک کۆی خوێنەران کە دەقێک دەخوێنینەوە مەبەستمە . کەواتە ئەو دەقەی لەبەردەستمە ، خوێنەرێک پێش من گەڕاوە بە دوای بینییەوەی ماناو ڕێگە چارەی لۆژییکی بۆ ڕووداواکانی یان هەڵوێست و گوزارشتەکانی . ئەم کۆنتسێبتە گەر لێرە تەوزیفی کەم دەتوانم لە ناوی ڕۆمانەکەوە دەست پێبکەم کە بۆخۆی ، دەلالەتێکی سیمالاتسیۆنی هەیە و فرە خوێندنەوە هەڵدەگرێ . یەکێک لەوانە کەسایەتی ئەو منداڵە دەبێتە بەندەری ڕەوانەی ڕوحەکان بۆ دنیایەکی نادیار ، وێستگەی سەدان و هەزاران هەستی ئالۆزی مرۆڤەکان ، لەنگەرگەری هەزاران ویستی ناوەکی ئینسانەکان . لەگەڵ ئەوەش پنتێکی ناوەندی بۆ دوودنیا جیاواز لەیەکدی سەربەست و ژێردەست ، ئازاد وزیندان ، خراپ و چاک ، مرۆڤدۆست و دڕندە ، ، ، ، هتد ئەم هارمۆنی یەتە من لە ناوەکەیدا یان لەو ڕووداوانەدا کە لەخۆی دەگرێ ، بە شێوەیەک دەیبینم بە هیچ شێوەیەک لایەنگیری ناکات ، واتا ئەم نووسینە گەرانێکی هەمیشەیییە بۆ ڕێگەیەکی سێیەم بەدەر لە دوولایەن ، بەدەر لەوەی ڕەش بێت یان سپی بێت . زادەی ئەم هارمۆنێتە ، وەڵامی ورد بەکەس ناداتەوە ، ، بەکەس ناڵێ ئاخۆ بەندەر زیندانە یان ئازادە ، ئەو وەڵامێکی تر دەداتەوە ، بەکەس ناڵێ ئاخۆ بەندەر چەند قوربانی یە یان چەند قوربانی نییە ، ئەو هێلکاری یەکی تر دەداتە دەستەوە ، ، ئەو تەنانەت سەید هاشم کە بەڕێوەبەری بەشی لەسێدارەدانیشە ، وەک تاوانبار ئەژمارد ناکات . ئەوەی من لەم دەقەدا وەک خوێنەر هەستی پێدەکەم کە ڕەنگە لای من خالێکی پۆزەتیڤ نەبێت ئەوەیە ، کە نووسەر زۆر کەم بۆشایی هێشتۆتەوە تا خوێنەر خۆی پریکاتەوە . هەندێک دەڵێن ئەو کارە بەرەو کامڵ بوون دەروات کەواتە لایەنێکی نەگەتیڤ نییە لە نووسین دا . من دەڵێم کار نابێت کامڵ بێت ، یان نزیک لە کامڵ بوونیش بێتەوە ، بوونی بۆشایی نەک هەر تەندورستە ، بەڵکوو پێویستی یەکی هەر کارێکی ئەدەبیشە ، ئەمە ئەگەر لە بواری شیعر زیاتر هەستی پێ دەکرێت ، بەڵام ڕاستیشە بۆ هەموو بابەتە ئەدەبێکان . کاتێک بەختیار ورد کاری لەدایک بوون و گەورە بوونی بەندەر دەهێنێتە زمان ، بەجارسی یەکی بێ سنوورەوە ، بە هەوڵێکی پروکێنەری وەستان لەسەر خاڵ بەخاڵی لۆژیکدۆزینەوەی ڕووداوگەلێک ، منی خوێنەر تووشی بێزاربوون دەکەی . چونکە هەمیشە بەرلێکەوتنێک دەبینم لەگەڵ مێشکی خۆمدا بۆ بوونی حاڵەتێکی ئاسایی لە شوێنێکی نائاسایی ، ، هەمیشە هێلکاری کۆمەڵایەتی یان ڕۆشنبیری یان زانستی دەبینم لەگەڵ لۆژیکی حەبکەی دەقەکە ، پەرتەوازە دەبێت و هارمۆنییەت درووست ناکات. [1]