ناونیشان: ڕانانێکی کوورتی ڕۆمانی بەندەر فەیلیی بەختیار عەلی
ئامادەکردن: کامیل محەمەد قەرەداغی
ئێمەی ئەو وەچەیەی کە تەمەنمان لە دەوروبەری پەنجا ساڵیدایە و لە ئەم وڵاتەدا لەدایک بووین و ژیاوین چەند قۆناغێکی جیاجیای ناو ژیانی سەر خاکی وڵاتی ئێراقمان بینیوە، کە هەڵچوون و داچوونی زۆریان تێدابووە، بەڵام ڕایەڵی هاوبەشی ناو مێژووی تەواوی ئەو پەنجا ساڵەی ڕابوردووی تەمەنی ئێمە ئەوەیە، کە هێڵی ستەمکاریی فاشیستییانە هەمیشە بە دیوە زبر و دزێوەکەیدا بەردەوام بووە. ستەمێک کە ئەگەر لەدەرەوە سەیری بکەیت، بووە بە ناسنامەی وڵاتەکە و ئەگەر لەناویشەوە تیایدا بژیت، خۆت بە ئاسانی لێی تێدەگەیت، کە بۆچی ژیانکردن لە ناویدا بووە بە دۆزەخ.
وڵاتێک هەیە کۆی گشتیی داڕشتەکەی ئەوەیە کە بریتییە لە زیندانێکی گەورە، لە دیوی ناوەوەشیدا زیندانی وا تێدایە، کە مێژووەکەی بریتییە لە کۆی مێژووی وڵاتەکە، بۆیە ستەم و زیندان و کوشتن و ئەو شتانەی تر کە لە ناو زیندانەکاندا ڕوو دەدەن بوون بە ئەو پێناسانەی، کە ئیتر بۆهەمیشە و هەتاهەتایە ئەم وڵاتەیان پێ دەناسرێتەوە.
ئەو دابەشبوون و ناکۆکییانەی لەناو ئەم وڵاتەدا هەن، وادەکەن کە ڕوانینی جیاجیا لەبارەی مێژو و شەرعیەتی ئەو ڕووداواوانەوە درووست ببن، بۆیە ڕەنگە لە گێڕانەوەی مێژوودا کەسانێک هەبن کۆی زوخاوەکانی ئەو نەهامەتییانە بە سەروەری لە قەڵەم بدەن و بە باشییش باسی بکەن. وا پیشانی بدەن کە ئەوە حیکمەت و سەلیقە و تێگەشتنی سەرۆک و فەرماندەکان بووە ئەو جۆرە مامەڵەیەیان بە ڕەوا و دادپەروەرانە بینیوە، بۆیە بەهانەی کارپێکردن و پیادەکردنیان هەبووە. تا ئێستەش خەڵکی وەها هەن، کە پێیانوایە فرەجۆریی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە بە جۆرێکە، کە بە ستەم نەبێت بە هیچ زمانێکی تر ناتوانرێت سازان لەنێوانیاندا درووست بکرێت. بۆیە بەهانە بۆ هەموو ناڕەواییەک دەهێننەوە، کە دەرماف بە خەڵک (خەڵکانی تر) پیادە بکرێت. ئەم ڕەواییدانە بە ستەم و کوشتن و زەبر و زەنگ و خوێن حەڵاڵ کردنە مێژوویەکی قوورسی لەبارکردن نەهاتویان درووست کردووە، کە ڕەنگە بە دەیان ساڵی تریش گرێکانی ئاڵۆزییەکانی نەکرێنەوە.
ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ی کوردستان توانیی لە ناو زۆنگاوی لێڵ و پیسی ئەم وڵاتەدا، پێدەشتێکی بەهاریی گەش و جوان درووست بکات، کە بۆ ژیان لەبار و شیاو بێت و ئەگەر دەستی پێوەبگیردرێت، کەڵکی ئەوەی هەبێت ژیان گەشەی تیادابکات و هەندێک لە زمانی خوێن و کوشتن و زیندانیکردن دووربکەوینەوە، بەڵام پەرژینی دەوری پێدەشتەکەمان بە لەرزۆکی درووستکرا، زۆری نەخایاند و جارێکی تریش تێکەڵی زۆنگاوە لیخن و پڕ لە خوێن و کوشتارەکەمان کردەوە، لەوەدەچێت ئێمەش خۆشمان سرووشت و پێکهاتەمان وەهابێت، کە نەتوانین لە دەروەی ئەو فەوزاو مەرگدۆستییە ژیان بکەین، بۆیە بە ئاسانی و بە ویستی خۆمان ڕژاینەوە ناوی، چونکە لەوەدەچێت هەر شایەنی ئەوەبین، کە لەوێدا و لە ئەو کەشەدا بژیین.
لە ناو ئەم فەوزایەدا، کە هەموو شتێک بۆنی نائارامیی لێدێت، کارێکی ئەدەبیی زۆر جوان لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022 دا دەردەکەوێت و بە قووڵی و لە ئاستێکی ئەدەبییی زۆر بەرزدا کۆی ئەو فەوزا و کوشتار و نامافی و نائارامییەت بۆ کوورت دەکاتەوە لەسەر دەفری زێڕینی داڕشتنی بەرزی هونەری و ئەدەبی و پێشکەشت دەکات. دوا کاری ئەدەبیی بەختیارعەلی کە بریتییە لە ڕۆمانی (بەندەر فەیلی) لە تەونی ڕۆمانێکی شیریندا مێژووی بیست و سێ ساڵێکی ئەم وڵاتەت دەخاتە بەردەست، کە هێندەی سەدەیەک نائارامی و ستەم و زیندانیکردن و کوشتن و بڕین و یاریکردنی بە چارەنووسی مرۆڤەکان تێدایە. ئەم ڕۆمانە توانیویەتی ببێت بە ئێراقێکی ڕاستەقینە، تیایدا دەبینین کە مرۆڤ هەیە لە ناو زینداندا لەدایک دەبێت، لەوێدا گەورە دەبێت، لەوێدا دەژی. بۆیە هەر ناو زیندان دەناسێت، ئەگەر بیشیبەیتە دەرەوەی زیندانەکە دەبێت بە پێکانی خۆی بگەڕێتەوە ناوی، لەوێ ئامادەبکرێت بۆ ئەوەی دواجار ملی پێ بەرزبکرێتەوە بۆ بەر پەتەکە، یان ملی کەسانی تر بکات بە پەتدا. چونکە جگە لەوە شتێکی تری نەبینیوە و نایزانێت. لە ڕۆمانی بەندەر فەیلیدا هەموو کەس قوربانییە، وەک ئەوەی کە دەشێت هەموو کەسێکیش جەلاد بێت، کەس نییە ئازادبێت، بۆیە کە ئازادیش کرا ناتوانێت هەستی پێ بکات، یان زۆر بەپەلە دەیەوێت لێی ڕابکات.
لە ڕۆمانی بەندەر فەیلیدا، بەندەر کەسێکە لەبەر نەفرەتی ئەوەدایە، کە دایکی فەیلییە، ئەگەر فەیلیش بیت لە ئەم وڵاتەدا جێگەیەک نابێت بۆ تۆ تیایدا بژییت، یان دەبێت دەربکرێیت یان دەبێت بکوژرێیت، گریمانی شانسی سێیەمت نییە، لەبەرئەوەی تۆی فەیلی کوردیت و عەرب نییت، هەروەها شیعەیت و سووننە نیت، کە ئەمەش مایەی بێزاری و درووست کردنی مەترسییە بۆ دەستەڵاتێک کە خۆی وادەبینێت عەرەبە و سوننەیە و ڕاستییەکەشی هەروەهایە.
بەندەر فەیلی کوڕی ئەسرا فەیلییە، بەهۆی چارەنووسە خراپەکەی خۆیەوە ئەوکاتە لەدایک دەبێت، کە دایکی لە زینداندا لە سێدارە دەدرێت، کە دایکی دەخنکێت، ئەمیش بەردەبێتەوە بۆ سەر ئەو زەوییەی کە جگە لە زەویی ژوری لەسێدارەدانی مرۆڤەکان شوێنێکی تر نییە. نەفرەتی فەیلی بوون (واتە کوردبوون و شیعەبوون) تا مردن لە بەندەر فەیلی نابێتەوە.
ئەسرا کچێکی فەیلیی جوانە و لە بەغداا دەژی و خێزانەکەیان کاری بازرگانی دەکەن. نەقیب یاسریش پیاوی دەوڵەتە و لە دەزگای گرنگدا کاردەکات، چونکە خزمایەتیی لەگەڵ بنەماڵەی دەستەڵاتدارداهەیە و ئەم یاسرە حەز لە ئەسرا دەکات، بەڵام ژنیشی هەیە و ژنەکەشی (عەبیر) خزمی بنەماڵەی سەرۆکە، بۆیە، سەرباری ئەوەی کە نەقیب یاسر ئەسرا زەوت دەکات، دەشیخاتە زیندانەوە بۆ ئەوەی لەوێ لەسێدارەبدرێت. شانسی ئەوە دەدرێت بە ئەسرا شوو بە یاسر بکات، بەڵام ئەسرا هەرگیز نایەوێت ببێت بە بەشێک لەو ڕژێمەی کە ستەمکار و خوێن ڕژە و مافی ژیان بە کەس ڕەوا نابینێت، بە تایبەتییش کوردە فەیلییەکان. کە ئەسرا لەسێدارەدەدرێت عەبیر لە ڕێگەی دەستەڵاتەکەی خۆیەوە بەڕێوەبەرانی زیندانەکە ناچاردەکات، کە منداڵەکەشی لەناوبەرن. نەقیب یاسریش لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆیەوە ناچاریان دەکات، کە هەر لە ناو زیندانەکەدا بەخێوی بکەن و بیهێڵنەوە. بۆیە سەیدهاشمی کارمەندی بەشی سێدارە، کە کەسێکی فەرمانبەری پلەدووی ناو زندانەکەیە و ژنە چێشت لێنەرەکانی ناو زیندان و چەند کەسێکی دیکە دەست بە بەندەرەوە دەگرن و دەیهێڵنەوە و بە جلەکۆنەی منداڵی خۆیان و بە خۆراک و خواردنەکانی ناو زیندان گەورەی دەکەن و جگە لە ناوەوەی زیندان و ژوری لەسێدارەدان هیچ شوێنێکی تر نابینێت، هێشتا تەمەنی لە سێ چوارساڵیدایە، کە لەناو ژورەبچوک و ڕەشەکەی لەسێدارەداندا کورسییەکی بۆدادەنێن، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی کرداری لەسێدارەدانی حوکمدراوەکان ببینێت، پێیدەڵێن کە ئەوکەسانەی لەسێدارەدەدرێن کەسانی تاوانبارن، هەڵە و کاری خراپیان بەرانبەر بە دەوڵەت کردووە، بەڵام بەندەر نازانێت دەوڵەت چییە و ئەوەش مانای چییە، کە کاری خراپی بەرانبەر بکرێت.
لەڕاستیدا بەندەر دەرکەوتە و زادەی ناو زیندانێکی وڵاتێکە، کە کۆی وڵاتەکە خۆی زیندانێکی گەورەترە، کە شەڕ و کوشتار و لەسێدارەدان حوکمی دەکات. بۆیە ڕەهەندی پەیوەندییەکانیشی هەر ئەوەندەن کە دەتوانێت لە ناو زیندان و بەشی سێدارەدا پەیوەندی بە کارمەندەکانەوە بکات، کەواتە بەندەر بەناو فەیلییە، دەنا خۆی هیچ ناسنامەیەکی نییە. ئێمە دەزانین کە ناسنامە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا درووست دەبێت، بۆیە بە بوونی زمان و ئینتیما گەڵاڵە دەبێت، بەڵام جگە لە ئەوشوێنە سارد و ڕەش و پڕتاوانانە بەندەر پەیوەندیی بە هیچ شوێنێکی تری دنیاوە نییە، ئێمەش دەزانین، کە ئەم وەک چارەنووسی خۆی فڕێدراوەتە ئەوێوە، بۆیە نە زمانێکی دیاریکراو و نە ئایین و نە ناسنامە هیچیانی نییە. بەندەر لەگەڵ سەیدهاشمدا فێری زمانەکەی ئەودەبێت و لەگەڵ ئەو و کارمەندەکانی تردا قسەو مامەڵەی پێدەکات، چەندجارێک باسی ئایین دێتە پێشەوە بەڵام بەندەر ئایینیشی نییە، ناشزانێت کە بۆچی دەبێت مرۆڤ ئایینی هەبێت، ناسنامەی نەتەوەیی نییە وابەستەبێت پێیەوە، بەڵام هێندە دەزانێت کە پێیدەگوترێت فەیلی، تێش ناگات فەیلیبوون چییە.
ئەودەمەی کە مرۆڤ ئازاد بێت دەتوانێت قسەی لەسەر ئینتیما و ناسنامە و ئایینیی خۆی هەبێت. زۆرجار ئەوە دەبیستن، کە مرۆڤەکان ئایینی خۆیان دەگۆڕن و بۆ بەڵگەش دەڵێن، کە خۆیان ئازادن، یان دەیانەوێت ئازاد بن، بۆیە ئایین و ئازادی وەک دوو هاوکێشەی بەرانبەر بەیەکتری کار دەکەن، ئەگەرچی توانای پێکەوەهەڵکردنیشیان نییە، کەچی بەندەر هیچیانی نییە، بۆیە ئایین لەلای ئەو هیچ کێشەیەک نییە.
لە قۆناغێکدا دەستەی کارگێڕیی زیندانەکە دەچنە ئەو بڕوایەی کە ئیتر پێویستە هەندێک خوێندەواریی فێربکرێت، بەڵام ناشیانەوێت ئەوەندە خوێندەواربێت کە چاوی بکرێتەوە و بیرکاری و کیمیا و فیزیاش بخوێنێت، بەڵکوو دەیانەوێت هێندە شت فێرببێت، کە گەمژە دەرنەچیت. بۆیە لە ناو زیندانیکراوەکاندا بەدوای کەسانێکی وادا دەگەڕێن کە بەندەر فێری خوێندەواری بکات، پاداشتی ئیدارەکەش بۆئەوکەسانە کە فێری دەکەن ئەوەیە کە جێبەجێکردنی حوکمەکانیان دوادەخەن.
فوئاد شەبیب زیندانیکراوێکی چەپڕەوی خەڵکی شارۆچکەی موسەییەبە، هەندێک وانەی پێدەڵێت: بەڵام حەزی ئەوەشی تێدادەچێنێت کە دەبێت هەمیشە چاوی لەسەر دەستخستنی هەلێک بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵبێت و خۆی لە زیندان دەرباز بکات، چونکە لەدەرەوەی زیندان ژیان هەیە و بە جۆرێکی ترە. فێری دەکات، کە دەبێت هەوڵ بدات هەڵبێت و بچێت بۆ موسەیەب بۆلای ژنەکەی فوئاد خۆی، کە لەوێ کارمەندی شارەوانییە، هەوڵ بدات قەناعەت بە ژنەکەی بهێنێت، کە وەک منداڵی خۆی وەریبگرێت و بەخێوی بکات. بۆئەم مەبەستەش وشەیەکی نهێنیی دەداتێ، کە بیگەیەنێتەوە بە ژنەکەی خۆی، وشەکە بریتییە لە (مانگی شیراز) ئەمە سەرەتای شت فێربوونە لەلای بەندەر، بەڵام لەسەرئەوەی کە فوئاد ئەمی فێری ئەوەکردووە هەوڵی هەڵاتن بدات، بڕیاری لەسێدارەدانەکەی پێش دەخەن و زوو هەڵیدەواسن.
لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بەندەر دەخرێتە بەردەستی چەند کەسێکی جیاجیا بۆ ئەوەی هەریەکە و شتێکی فێربکات، بۆ نموونە فێری چاککردنەوەی ڕادیۆ و کاتژمێری دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی بگات بە هیچیان، فێری شەترەنجی دکەن بەبێ ئەوەی شەترەنجی بینیبێت، فێری خۆشنووسیی دەکەن، بەبێ ئەوەی کە پیت بناسێت، بەڵام دوواییش دەبێت بە خۆشنووسێکی ناودار. ژنێکی زیندانی فێری گرنگیی بوونی پەیوەندیی جەستەیی نێوانی پیاو و ژنی دەکات و چەندجارێک هەموو لەشی خۆیی بەڕووتی پیشان دەدات و ئەندامەکانیشی پێ دەناسێنێت.
بەندەر دوو جار هەوڵی ڕاکردن لە زیندان دەدات، جارێک لەسەر پێشنیارەکەی فوئاد شەبیب و جارێکیش بەخواستی خۆی لەبەرئەوەی کە دەیەوێت لەدەرەوە بگاتەوە بە کچێک کە لە زینداندا ناسیویەتی ناوی نەدا زەرغام بوەستانی یە بە لێخۆشبوونی گشتی ئازادبووە و بەندەریش دەیەوێت بگات بە دەرەوە و پێی بگاتەوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات، (واتە دەکەوێتە داوی وەهمێکی خۆشەویستییەوە) بەڵام لە هەردوو جارەکەدا هەر دەگیرێت و دەگەڕێندرێتەوە ناو زیندان، وەک ئەوەی کە هەر بۆ ناو زیندان خولقابێت و لەدەرەوەی تەلبەندەکانی زیندانەوە شوێنێک بۆئەو بوونی نەبێت.
ساڵانی نێوانی 1982 تا 2003 بەم شێوەیە بەسەر بەندەردا تێپەڕ دەبن. لە ساڵی 2003 دا کە هێزە ئەمریکییەکان دەست بەسەر بەغداا دەگرن و هەموو زیندانەکان بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەڕوخێندرێن، ڕۆژێک چەند سەربازێکی ئەمریکی لەناو تەپوتۆز و پاشماوەی ڕوخاوی زیندانەکەدا بەندەر دەدۆزنەوە، هەندێک فریاگوزاریی سەرەتایی بۆدەکەن و دەیبەنەلای خۆیان، کە لەچیرۆکەکەی تێدەگەن ئەمانیش لەبریی ئازادکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەو تەمەنەی کە بە زایە لەدەستی چووە دەستی بەسەردادەگرن بۆ ئەوەی وەک بابەتێکی ڕاگەیاندن سوودی لێ وەربگرن، بەرگ و جێگەی مانەوە و خواردنی بۆ دابین دەکەن، بەڵام دەشیکەن بەدیلی مەکینەی ڕاگەیاندنەکەی خۆیان، تا ئەو ئاستەی کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت مافی دەرکەوتن و دیدارەکانی بەندەر دەکڕێتەوە و ئیتر ئەوان مامەڵە بە لێدوان و دەرکەوتنەکانییەوە دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەو کارە هیچ داهاتێک بخاتە دەستی بەندەرەوە، تا ئەو جموجوڵانەی ڕاگەیاندن داهات و پارەی تێدابێت ئەو کۆمپانیایە دەیخوات، کە تیایدا نەما، ئەمجا فڕێ دەدرێتەوە سەر شەقام و لەو نێوەندەشدا تووشی نەخۆشییەکی سەخت دەبێت کە توانای ئیدارەدانی خۆیی نامێنێت و دەبێت بە بەردەوامی ئامێری هەناسەدانی دەستکردی پێوەبێت. بۆیە دکتۆرێکی فەیلیی ناودار کە ناوی (خالق) ە دەیگرێتەخۆی، لەبەرئەوەی فەیلییە، لە ناو نۆڕینگەکەیدا کە لە نهۆمی سەرەوەی بینایەکدایە شوێنێکی مانەوەی بۆ دابین دەکات بۆ ئەوەی لەوێوە و لە ئەو دوری و بەرزییەوە بڕوانێتە خەڵک و ژیانی ناو شەقامەکان، چونکە خۆی توانای چونە ناو خەڵکی نییە.
پەیامی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، کە پێمان دەڵێت کە چارەنووسی ئەو وڵاتەی ناوی ئێراقە مەحکومە بە جۆرێک لە فاشیزمی ئەبەدی. گۆڕانکارییەکان لەبەرانبەر ئەم حوکمەدا کارێکی ئەوتۆیان پێ ناکرێت، شەڕی ساڵی 2003 کە کۆتایی بە دەستەڵاتێکی دڕندە و سەرسەختی شەڕخواز و شەڕەنگێز هێنا، زۆر بوونیادی سیاسی و ئابووریی تێکشکاندا، کەچی هیچ شتێکی لە ناسنامە فاشیستییەکە نەگۆڕی، ستەم و زیندان و کوشتن و سەرکوت وەک خۆیان مانەوە، یان دیسانەوە درووست بوونەوە، لەبەرئەوە ئەم وڵاتە لەگەڵ ئازادیدا کاری ناڕوات، کەس ناتوانێت تیایدا ئازاد بێت، مەگەر تەنیا ئەوانەی کە بەجێیدەهێڵن و جاربەجار لە بۆنەکاندا سەردانی دەکەنەوە بۆ ئەوەی چەپکە گوڵێک لەبەر لێواری پەنجەرەی بیرەوەرییەکانی خۆیاندا دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ جیهانێکی تر کە تازە هەڵیانبژاردوە و تیایدا بوون بە پەنابەر.
ڕۆمانەکە زۆر جوانە، مایەی خۆشحاڵی و شانازییە، کە ئەم ڕۆمانە کوردییە. زەین و خەیاڵ و دەست و پەنجەی کوردێک نووسیویەتی، کە چەند هەنگاوێکی باش لەسەر ئەو ڕێگەیە چووەتە پێشەوە کە وەک نووسەرێکی جیهانی ڕێزی لێ بگیردرێت.
لە چەند لاپەڕەی یەکەمی دەست پێکدا جاربەجار هەندێک لاوازیی زمانی دەربڕین و ئامانج نەپێکان لە گوتندا دەبیندرێت، بەڵام دووای ئەو چەند لاپەڕەیە دەچینەوە سەر ئەو ڕیتم و سەلیقەی دەربڕینەی کە لەلای ئەم نووسەرە پێی ئاشناین و زمانی گوتن بەباشی دەپژێتەوە. گۆڕانکارییەکی تریش لە ئەم کارەدا کراوە، کە شایانی ئاماژەپێدانە و بریتییە لە کوورتکردنەوەی تێکستی ڕۆمانەکە. ئێستە سەردەمەکە گۆڕاوە، ئەستەمە ئەوەندە کات هەبێت مرۆڤ بتوانێت دابنیشێت ڕۆمانێکی درێژی وەک (پیاوی نیازەباشەکان) ی (جول ڕۆمین) ی فرەنسی بخوێنێتەوە، کە دوو ملیۆن و حەفتاهەزار وشەیە، یان ڕۆمانی (ئەرتامین) ی (جۆرج سکۆدێری و مادلین سکۆدێری) بخوێنێتەوە، کە 13100 لاپەڕەیە. دووایین ڕۆمانەکانی کاک بەختیار (دەریاس و لاشەکان) قەبارەکەی زۆر باش بوو، بەڵام کەشتیی فریشتەکان و غەزەلنووس و باخەکانی خەیاڵ و داگیرکردنی تاریکی زۆر درێژن، ئەو درێژکردنەوەیە ڕەنگە بشێت ببێت بە نیشانەیەک بۆ شکانەوەی دەستەڵاتی نووسەر بەسەر دەق و دەربڕیندا، بەڵام خوێنەریش ماندوو دەکات. دەمەوێت ددان بەوەدا بنێم، کە یەکێک لە ئەو ڕۆمانانەی ناویان هات سێ جار گەڕاومەتەوە بۆ خوێندنەوەی نەمتوانیوە تەواوی بکەم، تەنیا هۆکارەکەشی دڕیژیی دەقەکەیەتی، نەک شتی تر. [1]