ناونیشان: 21 وانە بۆ سەدەی 21
ئامادەکردن: ئاوێنە
مرۆڤەکان لەسەدەی 21دا هەوڵئەدەن جێی پەروەردگار بگرنەوەو بەسەر مەرگ و پیریدا زاڵ بن، مرۆڤ هەوڵدەدات ئاژەڵ و پەلەوەر، میوەو گیاکان و تەنانەت مرۆڤەکانیش بەپێی حەزو ئارەزووی خۆی بەرهەمبهێنێت.
ئەمە بەشێکە لەروانینی یۆڤال نوح هراری بیرمەندی ناوداری ئیسرائیلی و جیهان، کە پەڕتووک و بۆچونەکانی لەلایەن گەورە کاربەدەست و ملیاردێر و بزنسمانەکانی دنیاوە ستایش دەکرێت.
یۆڤال پێشبینی دەکات لەدو سەدەی داهاتوودا مرۆڤ توانای ئەوەی هەبێت بەئەندازەیەک خۆی نوێبکاتەوە و داهێنانی زانستی بکات کە توانای دەستکاریکردنی بایلۆجی مرۆڤیشی هەبێت، بەسەرنجدان لەوەی مرۆڤ شێلگیرانە بەدوای نەمریی و مانەوەی بەگەنجێتی و بەرەنگاربوونەوەی پیریەتی-دا دەگەڕێت. ئەو پێشبینی دەکات لەدوو دەیەی داهاتوودا ئەم خەونەی مرۆڤ ببێتە واقیعێکی بەردەست و دەڵێت بەڵام ڕەنگە دەرمانە نوێکانی درێژکردنەوەی تەمەن و تەکنیکە پێشکەوتووەکانی تری جینات و مانەوە بەگەنجێتی و دەستکاریکردنی بایلۆژی هەرزان نەبێ و دەستی هەموو کەسێک نەکەوێ. لەبەرئەوە کۆمەڵگەی مرۆڤ لەسەدەی 21دا مومکینە نایەکسانترین کۆمەڵگە بێت بەدرێژایی مێژوو. بۆ یەکەمینجار نایەکسانی ئابووری دەبێت بەنایەکسانی بایۆلۆژی. بۆ یەکەمجار بەدرێژایی مێژوو چینی دەوڵەمەند نەک تەنیا لەئەودوای جۆری مرۆڤ دەوڵەمەندتر دەبێت، بەڵکوو تەمەنی درێژتر و زۆر بەگوڕتر و بەهێزتر دەبێت.
21 وانە بۆ سەدەی 21، سێیەمین پەڕتووکی یۆڤال نوح هرارییە، کە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە گەورەو هەنوکەییەکانی جیهان و ئەم هەسارەیەی تیا دەژین. دو پەڕتووکی پێشتری یۆڤال مرۆڤی ژیر کە لەرابردووی مرۆڤی دەکۆڵییەوەو پەڕتووکی مرۆڤی خودائاسا کە لەئاییندەی مرۆڤ و جیهان دەکۆڵێتەوە، پڕ فرۆشترین دوو پەڕتووکی جیهان بوون، ئەو بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێت کە پرسیاری مرۆڤی ئەم سەردەمەن.
1
یۆڤال لەم پەڕتووکەیدا 21 وانە بۆ سەدەی 21 بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێت: ئێستا چ گۆڕانکارییەک لەدنیادا ڕودەدات و مانای قوڵی ئەم ڕووداوانە چینە؟ گەورەترین تەنگەژەو گرنگترین بژاردەکانی ئەمڕۆی بەردەممان چین؟ پێویستە سەرنجمان لەسەر چی بێت؟ پێویستە چ شتێک فێری منداڵەکانمان بکەین؟ دەبێ نیگەرانی چی بین؟ دەبێت چۆن خۆمان بۆ ئاییندەیەکی جیاواز لەم جیهانەی کە ئێستا تیا دەژین ئامادە بکەین؟ لەکاتێکدا کە چیرۆکە کۆنەکانی کۆمۆنیزم و فاشیزم و لیبڕاڵیزم هەرەسیانهێناوەو تا ئێستا چیرۆکیچکی نوێ بۆ جێگرتنەوەیان پەیدا نەبووە، ئێمە سەر بەکام شوناسین و پێویستە چ کارێک لەژیانمدا ئەنجام بدەین؟ پێویستمان بە چ کارامەییەکە؟ ئێستا چ شارستانییەک جیهانی داگیر کردووە شارستانی ڕۆژاوا یاخود چین یان ئیسلام؟
وەک بەتایتڵی پەڕتووکەکەدا دیارە 21 وانە لەخۆدەگرێت، ئەم 21 وانەیە وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکی جیاوازە، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم وانانە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە کە بەڕاستی لە جیهانی ئەمڕۆی ئێمەدا خەریکە چی ڕووبدات؟ لەوەش گرنگتر مانای ئەم ڕووداوانە چییە؟
یۆڤال ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەی تەکنیک و تەکنەلۆجیاو بیۆتەکنەلۆژیا و تەکنەلۆیای زانیاری گەورەترین تەنگەژەن کە مرۆڤ تا ئێستا ڕووبەڕووی بوبێتەوە، کە بەیەکانگیرییان لەگەڵا تەنگەژەی سیاسی هەڕەشە لەبەهاکانی ئازادی و یەکسانی دەکەن.
لەم دنیا ئاڵۆزەدا کە هەر ساتە لەنێو هەزاران زانیاریی جۆراوجۆردا نغرۆ دەبین، چی بکەین بۆ ئەوەی درک بەڕاستی بکەین و نەبینە قوربانی ڕیکلام و هەواڵە ساختەکان.
2
یۆڤال ئاماژە بەوە دەکات کە پاش سەدەیەکی پڕ لەگۆڕانکاریی بێ بڕانەوە، ئێمە لە بەردەم جیهانێکی مۆدرێنی جیاوازداین، ئەگەر لەسەدەکانی ڕابردودا شۆڕشی پیشەسازی بوبێتە هۆی زاڵکردن و باڵادەستی مەغزو بەسەر هێزی جەستەدا و ئامێرە پیشەسازییەکان بە جەستە وێرا بن، بەڵام نەیانتوانیوە مەغزو مێشکی ببەزێنن. لەسایەی شۆڕشی پیشەسازیدا زۆرێک لەکارە دەستییەکان لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵیدا گۆڕان، ئیتر ئەوە ئامێرەکان بوون کە دەیانکرد نەک هێزی جەستەیی کرێکار، هاوکات چەندین پیشەی نوێ سەریانهەڵدا کە پێویستیان بەکارامەیی و شارەزایی و زانست و مەعریفەی مرۆیی بوو، بەڵام لەسەدەی 21دا بەهۆی پێشکەوتنی ئامڕازەکانی تەکنەلۆجیاو زیرەکی دەستکردەوە، ئیتر داهێنانەکان توانای ئەنجامدانی ئەم ئەرکە زانستی و مەعریفیییە مرۆڤیانەشیان هەیە، کە لەسەردەمی پیشەسازیدا بەمرۆڤ ئەنجام دەدران.
داهێنانە نوێکان هەموو ئەو هاوکێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە، ئەگەر مرۆڤ لەبژاردەکانی بەردەمیدا توانای شیکاری هەڵەو ڕاستی هەبوبێت بەشیچوەیەکی ڕێژەیی، ئێستا زیرەکی دەستکرد توانای باڵادەستی ڕەهای هەیە لەو پیشانەی کە وادەزانرا پێویستیان بەمەعریفەو کارامەیی و هەستی مرۆڤە. تەنانەت کارەکانی وەک پارێزەری و دادوەری لەکێشەکانی دادگا و یان بەڕێوەبردنی دامەزاروە داراییەکانیشدا، داهێنانە نوێکان بەوپەڕی وردییەوە کارەکەیان بەپشت بەستن بەهاوکێشەی ماتماتیکیی ئەنجام ئەدەن، کۆمپیوتەر توانای ئەنجامدانی زۆربەی هەرە زۆری ئەو پیشانەی هەیە بەبێ ئەوەی بچوکترین هەڵە بکات.
یۆڤال باس لەوە دەکات کە ئیتر ئامێرە دیجیتاڵییەکان و داهێنانە نوێکان لە بواری زیرەکی دەستکرددا توانای وەرگرتنی زۆرێک لەکارو ئەرکانەیان هەیە کە پێشتر پێویستییان بەمرۆڤ بوو، لەبەرئەوە هیچ پیشەیەک ناتوانێت خۆی لەگۆڕانکاریی بەدوور بگرێت.
3
بەڵام یۆڤال ئاماژە بەخاڵێکی سەرنجڕاکێش دەکات، کە پێیوایە لەسایەی شۆڕشی پیشەسازییدا مرۆڤ ژیرتر بوو تا سەردەمی دیجیتال و ئینتەرنێت. ئەو دەڵێت سیستەمی دیموکراسی وا لێکدەدرایەوە کە مرۆڤی ژیر ئەنجامی دەدات و کۆمەڵگە لیبڕاڵییەکان متمانەیان بەوە بوو کە خەڵکی توانای بیرکردنەوەی باش و هەڵسوکەوت کردنیان بەشێوەیەکی ئاقڵانە هەیە و سەرچاوە زانیاریان پەڕتووک بوو، بەڵام بەپێچەوانەی ئەم پرەنسیپەوە ڕووداوەکانی سەدەی 21 سەلماندویانە کە متمانە کردن بەتوانای بیرکردنەوە و بڕیاردانی گەلان بەشێوەیەکی ئاقڵانە هەڵەیە. لەبەرئەوەی لەنەزانییەکی تەواودا سەبارەت بەجیهان دەژی، کەچی لەگەڵا ئەوەشدا باوەڕی تەواویان بەوەیە کە زۆر لەباوباپیرانیان هۆشیارترو زیرەکترن! بۆیە زۆربەی کات مرۆڤی ئەم سەردەمە دەبێتە قوربانیی ئەوەی پێیدەڵێن وەهمی مەعریفی.
یۆڤال دەرباری وەهمی مەعریفی دەڵێت مرۆڤی ئێستا وادەزانن کە زانیارییەکی زۆریان هەیە بەراورد بەوانەی پێشوو، لەبەرئەوە شکست دەهێنن لەتێگەیشتن لەو ڕووداوانەی لەدەوروبەریاندا ڕوودەدات، کەسانێک دەبینی کە هیچ لەژینگە و کەشوهەوا نازانن، بەڵام بەم ڕۆژگارە باسی ژینگەو پیسبوونی ژینگە دەکەن، یان ئەو چاودێرو سیاسەتمەدارانەی شیکاریی بۆ هەموو ڕووداوەکانی سەرتاسەری جیهان دەکەن، بەڵام دەیانبینی توانای دیاریکردنی شوێنی ئەو ڕووداوانەیان نییە لەسەر نەخشە! بۆیە مرۆڤی سەدەی 21 مرۆڤێکی هەرچی زیاتر نەزان و ناهۆشیارترە دەربارەی ئەوەی لە جیهانی دەوروبەری ڕودەدەن.
4
یۆڤال ئەوە ڕوندەکاتەوە کە سیستەمی پەروەردە بەدرێژایی سەدەکان لەسەر بنەمای ئەوە بنیاتنرابوو قوتابی فێری زۆرترین زانیاری بکات دەربارەی ئەو زانستەی مرۆڤ پێیگەیشتووە تا سەدەی نۆزدە، لەبەرئەوەی مەعریفەو زانیاری کاڵایەکی زۆر دەگمەن بوو، ڕۆژنامەو پەڕتووکخانەو تەلەڤزیۆن و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک نەبوون.
لەو سەردەمەدا دامەزراندنی قوتابخانە و سیستەمی فێردنی هاوچەرخ و پەروەردەی نوێ، گواستنەوەیەکی نەوعی گرنگ بوو لەزانیارییە بنەڕەتییەکانی وەک جوگرافیا و مێژوو، بایلۆجیا و بیرکاری و زمان، بەڵام لەسەدەی 21دا ئیتر ئەم سیتسەمە هیچ ئیزافەیەکی نوێ ناکات بۆ کارامەیی و بەکەڵکی پاشەڕۆژی خوێندکار نایەت، لەبەرئەوەی ئێمە نغرۆ بووین لەو زانیاریانەی کە لە هەموو چرکەیەکدا پێماندەگات لە ڕێگەی چەندین کەناڵا و سەرچاوەی وەک ئینتەرنێت و مۆبایل و تەلەڤزیۆن.
ئێستا هەموو مرۆڤێک مۆبایلی زیرەکی پێیەو دەستی بەهەموو زانیارییەک بەخێرایی و ئاسانی دەگات، چیت بوێت بەزیایەوە لە ڕێگەی ویکپیدیا و یوتوپەوە دەستت دەکەوێ و لە ماڵیشەوە دەتوانی بخوێنی و بڕوانامە بەدەستبهێنیت لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.
یۆڤال جەغت لەوە دەکات کە ئێستا ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەوام مرۆڤدا دەگمەنیی زانیاری نییە، بەڵکوو زۆری زانیاریی و پشکنینییەتی کە کامیان ڕاستە و کامیان ساختەیە؟ لەبەرئەوەی ڕوبەڕوی ژمارەیەکی زۆر لەزانیاری ساختە دەبینەوە.
ئەرکی خوێندکارو قوتابی لەسەدەی 21دا فێرکردنی زانیاری نییە، بەڵکوو ڕاهێنیانە لەسەر ئەو زانیارییە زۆرانەی ڕۆژانە ڕوبەروی دەبنەوە، تا توانای جیاکردنەوەی زانیاری ڕاست و بەسوودیان لەزانیاری ساختەو بێکەڵک هەبێت.
بەڵام لە هەمانکاتدا ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەدەی 21دا جیاکردنەوەی ڕاستی لەساختە کارێکی زۆر قوورسە، لەبەرئەوە سیستەمی قوتابخانەی سەدەی 21 پێویستی بەگواستنەوەیەکی نەوعییە لە ڕێگەی کەمترین زانیارییەوە پێیان و زۆرترین توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
5
یۆڤال سەبارەت بەهێزی لەنەبڕان نەهاتوی دۆلار ئاماژە بەخاڵێکی سەرنجڕاکێش دەکات، ئەو دەڵێت کاتێک کە داعش بەشێکی فراوانی لەخاکی سووریا و ئێراق داگیر کرد، هەزاران کەسیان کوشت و شوێنە مێژووییەکانیان وێران کرد و پەیکەرەکانیان شکان و بەشێوەیەکی سیستەماتیک هێماکانی ڕژێمەکانی پێشتر و پێگەی کلتوری ڕۆژاوایان کاول کرد. بەڵام کاتێک چەکدارانی داعش دەچونە بانکەکانەوەو گەنجینەی پڕ لەدۆلاری ئەمەریکییان دەدۆزییەوە، کە سیمای سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ئەو دروشمانەیان بە زمانی ئینگلیزی لەسەر نەخشێنراوە ستایشی ئامانجە ئایینی و سیاسییەکانی ئەمەریکا دەکەن، ئەم هێمایانەی ئیمپریالیزمی ئەمەریکایان نەدەسووتان. لەبەرئەوەی دراوی دۆلار لەلایەن هەموو ئایین و سیاسەتمەدارانی سەرتاسەری جیهانەوە جێی ڕێزو ستایشە.
دەشڵێت متمانەکردن بەدۆلار و بەدانایی بانکی ناوەندی فیدراڵ ئەوەندە تۆکمەو بەهێزە کە تەنانەت توندڕەوانی ئیسلامی، مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکانی مەکسیک و ستەمکارانی کۆریای باکوور لەخاڵی ستایش کردنیدا هاوبەشن.
6
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەرەتای سەدەی 21ەوە دیاردەی کۆچ لەپێناو ژیانێکی ئابڕومەندانە، ئەوروپای هەراسان کرد و وڵاتانی لە بەردەم دووڕیانی دەرکردنی ئەو کۆچبەرانە یان باوەش بۆ کردنەوەیان ڕاگرت و باوەڕی سیاسی و شوناسی نیشتمانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپای لەمەحەک دا، کۆچی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا بۆ ئەوروپا مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە لەنێو ئەوروپییەکاندا دەربارەی لێبوردەیی و شوناس، ڕاسترەوەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت کۆچبەرە نوێکان واز لەشوناسە کلتوری و دابوونەریتە کۆمەڵایەتییە کۆنەکانیان بهێنن و لە جیهانببینی ئایینی و باڵادەستی نێرینەیی دوورکەونەوەو بەتەواوی تێکەڵا بەکۆمەڵگە لیبڕاڵییە ئەوروپییەکان بن، بەشێکیش پێیانوایە کە ئەوروپا هەر خۆی فرە شوناسەو ناکرێ داوا لەکۆچبەرانی موسڵمان بکرێت ببن بەکریستیان، کە زۆربەی گەلانی پێشکەوتووی ئەوروپا خۆیان مومارەسەی پەرستشە ئایینییەکانی کریستیانەت ناکەن.
ئەم مشتومڕە نەزۆکە دەربارەی کۆچی دانیشتووان، سەرەنجام دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی ئابوورییە بەهێزەکانی جیهان وەک یەکیتی ئەوروپا و بەریتانیا.
6
هراری تەمەنی46 ساڵە، مامۆستای زانکۆی عبرییە لەئورشەلیمی ئیسرائیل.
پەڕتووکی 21 وانە بۆ سەدەی 21 کێشەکانی سەردەمی ئێستای بەڕوونی لێکداوەتەوەو لەبەرئەوە خوێندنەوەی پێویستە.
پرسیاری هراری کە خاوەنی بڕوانامەی مێژووە لە زانکۆی ئەکسفۆرد و دو پەڕتووکەکەی پێشووی بە 50 ملیۆن دانە فرۆشراون. [1]