ناونیشانی بابەت: تێگەیشتن لە تەڵاق
ئامادەکردن: نەجات نووری
'الطَّلَاقُ مَرَّتَانِ ۖ فَإِمْسَاکٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ ۗ وَلَا يَحِلُّ لَکُمْ أَنْ تَأْخُذُوا مِمَّا آتَيْتُمُوهُنَّ شَيْئًا إِلَّا أَنْ يَخَافَا أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ ۖ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا فِيمَا افْتَدَتْ بِهِ ۗ تِلْکَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا ۚ وَمَنْ يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَأُولَٰئِکَ هُمُ الظَّالِمُونَ (229سورة البقرة) '
229) تەڵاقی ژن دوو کەڕەتە، ئەوسا یان ڕاگرتنی باش و خوداپەسند، یان بەخۆشی و بێ هەرا، دەس لێک بەردانە. لەو ماڵەی کە پێتان داون ڕەوا نییە هیچیان لێ وەربگرنەوە؛ مەگین ترسیان لەوە هەبێ کە نەتوانن سنووری فەرمانی خودا بپارێزن. ئەگەر ترستان لەوە هەبوو کە هەردووکیان سنووری خودا ناپارێزن، هیچ گوناهی تێدا نییە ژنەکە خۆی بکڕێتەوە. ئەمانەن سنووری خودا، لە سنووری خودا دەرمەچن؛ ئەوکەسانەی لە سنووری خودا دەردەچن ئەوانەن کە غەدرێ دەکەن.
سورة البقرة 230
فَإِن طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُۥ مِنۢ بَعۡدُ حَتَّىٰ تَنکِحَ زَوۡجاً غَيۡرَهُۥۗ فَإِن طَلَّقَهَا فَلَا جُنَاحَ عَلَيۡهِمَآ أَن يَتَرَاجَعَآ إِن ظَنَّآ أَن يُقِيمَا حُدُودَ ٱللَّهِۗ وَتِلۡکَ حُدُودُ ٱللَّهِ يُبَيِّنُهَا لِقَوۡمٖ يَعۡلَمُونَ
230) ئەگەر لە پاش ئەم دوو جارەش تەڵاقی دا، ژنەکەی بۆحەڵال نییە تا ژنەکە دەچێ مێردێکی تر دەکا؛ ئەگەر لەو مێردەی کردووشیە تەڵاق درا، ئەوساکە هیچ گوناهێکیان لەسەر نییە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر؛ بەو مەرجە کە وابزانن هەر دووکیان بە تەرزێ ڕەوا - وەک خودا فەرمانی داوە - وێک هەڵدەکەن. ئەمانە سنووری خودان، ڕوونیان دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانە وا حاڵی دەبن.
(هاوسەر گیری و تەڵاق) پەڕتووکێکی زانای گەورەی کورد (پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی) یە، ئەم پەڕتووکە لە دووبەشدا لە کۆی 360 لاپەڕەدا، بەوردی و بە ئایەت و بە سەرچاوەکانی یاسا لە ڕێگەی چەندین ئایەت و بەندەکاتی یاسای تەڵاقەوە، تیشکدەخاتە سەر ئەو گرفتەی کە لەنێوان ژن و پیاودا پێی دەوترێت تەڵاق، پەڕتووکەکە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی کە بیانەوێت لە تەڵاق و شێوە و ماناکانی تێبگەن، بۆ هەر بەشێک لەم پەڕتووکە خوێنەران دەتوانن بە قووڵی لە مافی ژن و پیاو هەم بۆ هاوسەرگیری و هەم بۆ جیابوونەوە و بەیەک گەیشتنەوە دوای سوێند خوارلادنی تەڵاق بەباشی لە سەرچاوەکان تێبگەن. وردی ئەم پەڕتووکە لەوەدایە کە لەدەرەوەی ئایەتەکان و یاسا هەچ شتێکی تر دەربارەی تەڵاق لەنێوان ژن و پیاودا بوترێت لەلایەن کەسانی ئایینییەوە بەتاڵە و دەبێتە بازرگانی بە ئایین و مافی کەسانی ترەوە. بە دەیان فەرمودە و بە دەیان بەڵگە لە سەردەمە جیاجیاکاندا زەڵمی دەست دەبات بۆ بابەتی تەڵاق و هۆکارەکانی، دێت لە ناو ئایین و دادگا و قسەی زانایاندا گرفتی تەڵاق دەخاتە ڕوو، بەمە پەڕتووکەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ گەیشتن بە مافی جیابوونەوە و پێکگەیشتنەوە دوای سوێندخواردنی تەڵاق لەلایەن پیاوەوە. دەروازەی سێیەمی ئەم پەڕتووکە تەرخانکراوە بۆ شێوازی تەڵاقدان کە خۆی لە چەندین نموونە و وێنەی گرنگدا خستویەتی ڕوو، ئەم بەشە وادەکات کە خوێنەران زۆر بەوردی درکبکەن کە تەڵاق لە چ کات و لە چ شوێنێکدا دەبێتە گرفت... بەمەش پەڕتووکە دەبێتە یەکێک لەو پەڕتووکانەی کە زۆرکەس دەتوانن بە خوێندنەوەی بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ لایەک و هیچ دادگاو کەسانی ئایینی ببەن زۆرباش لە ماناکانی تەڵاق تێبگەن.
مستەفا زەڵمی وەکوو زانایەکی گەورەی کورد کە لە هەموو کەس زیاتر لە ئایین و سەرچاوەکانی ئایین تێگەیشت بوو، تێگەیشتنی ئەو بۆ ئایین لە ڕوی فیکرێکی کراوە و ڕۆشنگەریەوە بوو، دەیویست ئایین لە دەست دەیان مەلای کۆلکە خوێندەوار ڕزگاربکات، دەیویست ئیتر ئایین نەبێتە بابەتی پارەپەیداکردن و ماڵوێرانی بۆ خێزان و کۆمەڵگە لەڕووی تەڵاقەوە، ئەم پەڕتووکەی دەبێتە حیکمەتی گەورەی ئەو کە ویستوویەتی ناوەرۆکێ ئایین وەکوو خۆی بۆ کۆمەڵگە لە ڕووی تەڵاقەوە بخاتە ڕوو تا ئیتر دەیان مەلای کورد نەتوانن تەڵاق بکەنە هۆکاری بژێوی خۆیان و تەڵاق بە پارە و سەرانە چاکبکەوە، دیوە ڕووناکەی بیری زەڵمی کە خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا دەیگێڕێتەوە، هۆکاری دانانی ئەم پەڕتووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەفتاری نائایینی ئەو مەلایانەی کە لە مزگەوتەکانی کوردستاندا کارگەی چاککردنەوەی تەڵاقیان دانابوو، ببوونە هۆکاری سەرگەردانی دەیان خێزان بەهۆی سەرانە و پارە وەرگرتنەوە بۆ چاککردنەوەی تەڵاقی نێوان ژن و پیاو، هۆکاربوون بۆ خۆژیاندن لەسەر ژیانی دەیان کەس کە بە هەڵە تەڵاقیان خواردووە.
بە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە زۆرباش تێدەگەین کە ئایین زۆرکات لەسەر دەستی کەسانی نەخوێندەوار و نا ڕۆشنبیری پیاوانی ئایینی کوردا چ بەڵایەکیان بەسەر ماڵ و ژیانی کەسانی نەدار و داماودا هێناوە. تێنەگەیشتن لەئایین لەلایەن دەیان مەلای کوردەوە دوای گەیشتنی ئیسلام بۆ کوردستان ڕێگای هەڵدێڕێکی گەورەیان لە بەردەم خۆیان و خەڵکانی تریشدا کردۆتەوە، زۆری ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە ماڵوێرانی بۆ دەیان خێزان لە ناو کۆمەڵگەی کوردا لەڕووی ئایینییەوە بۆ تەڵاق و بابەتی زەکات و حەج و سەرفترە و چەندین بابەتی تر، هۆکارەکەی بەشێک لە مەلا کوردەکان خۆیان بوون، ئەم مەلایانە لە ناوەرۆکدا کەسانی ئایین پەروەر و ئیماندار نەبوون، کەسانێکبوون ئایینیان قۆستۆتەوە بۆ بژێوی خۆیان و گەمەکردن بە ئایتەکان و هەڵخەڵەتاندنی کەسانی نەدار و نەخوێندەوار، بڕگە و سەرچاوەکانی ئایینیان وەکوو خۆیان بۆ خەڵکی نەخستەڕوو، چۆنیان ویستبێت ئاوا دەقەکانی قورئانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە، پێوەی بوونەتە کەسانێک کە لە چەندین ڕووە قازانجی گەورەیان دەستکەوتووە، لە بێئاگای کەسانی ناو کۆمەڵگەوە بە دەیان مەلای کورد سوودیان لە دەقە قورئانیەکان وەرگرتووە و بێ بەزەیانە گیرفانی کەسانی نەخوێندەواری ڕەش و ڕووتیان هەڵتەکاندووە...
سوورد وەرگرتن لە ئایین لەناو کۆمەڵگەی کوردا لە کۆنەوە تاکوئێستاش لەسەردەستی دەیان مەلاو سیاسی ئیسلامیدا لە برەودایە، ئەم تاقمانە لە هەموو ڕۆژگارەکاندا هۆکارن بۆ گەمەکردن بە دەقە قورئانیەکان و چۆنیان ویست ئاوا بۆ ژیان و گیرفان و خێزانی خۆیان بەکاری دەهێنن و بەکاریشیان هێناوە و هیچ شەرم لە خودا و خەڵکیش ناکەن، لەپای هەموو ڕەخنەیەکیش نەزانانە دێنەدەنگ و وەها خۆیان نیشان دەدەن کە ئەوان لەدەرەوەی دەقە قورئانینەکان هیچی نەخوازراویان نەکردووە، لە کاتێکدا کە ئەمانە بە ڕۆژی ڕووناک بە ئایین و دەقە قورئانیەکانەوە خەریکی بازرگانی و سیاسەت و خەڵک فریودانن. ئەم تێنەگەیشتنە لە ئایین خۆی لە خۆیدا هۆکارەکەی خەڵک خۆیانن، خەڵکانی خوێندەوار دەبێت خۆیان پشت بە بیر و خوێندنەوەی خۆیان بۆ دەقەکان و ماناکانی ببەستن، نەک ڕووبکەنە لای کەسانێک کە چۆنیان ویست ئاوا مانا بە بەری ئایەت و فەرموودەکاندا بکەن، هۆکاری ئەم گەمەکردنە بە دەقەوە لەلایەن زۆر لە کەسانی سیاسی و مەلای کوردەوە لەناو کوردا زیاتر بۆ خەڵک خۆیان دەگەڕێتەوە، ڕوانییە کەسانی خوێندەوار پەنا بۆ کەسانێک ببەن تا ئەم ئایەت و ئەو فەرموودەیان بۆ لێکبداتەوە، لە هەموو ڕۆژگارێکدا ئایین لەسەر دەستی کەسانی مشەخۆری ئایینیدا بۆ ئێمەی کورد هۆکاربووە بۆ سەرهەڵدانی دەیان گرفت و بێئاگایی و داڕمان.
خوێندنەوەی ئایین پێویستی بە عەقڵە، لەدەرەوەی ژیری ئایین هۆکارە بۆ خەڵک فریودان و نانەوەی دەیان ئاژاوە و دووبەرەکی، زۆرن ئەو گرووپ و دەستە و کۆمەڵە سیاسیانەی کە لەژێر ناوی ئاییندا کەوتوونەتە دژایەتی کردن و تەخوێنکردنی یەکتری و یەکتری بە ئایەت و فەرموودە بەرەو دۆزەخ دەبەن، ئەم ناعەقڵانیە بۆ ئایین وایکردووە کە دەیان مشەخۆری بەناو ئیماندار ماڵی خەڵک و خێزانی خەڵک و کۆمەڵگە وێرابکەن. [1]