وەختی هەنار شینان، خەنی لە مەشک ژینان
لە ناوچەی #خۆشناوەتی# دا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (وەختی هەنار شینان، خەنی لە مەشک ژینان) ، بۆ ئەو ئیدیۆمە #محەمەد جەمال توتمەیی# نووسەر و کەلتوورناسێکی خۆشناوەتی یە لە ئەکاونتی خۆی نووسیوویەتی: (پاشی هەنگینێ پەلکێ هەناران بەروە شینیێ ئەڕوا، ئێجا ماست زۆرەبی و نزانن چ لێبکەن، لۆیێ ئەیکەنە دۆ، مەشکانە ژینن، لەو وەختیش ئەوانەی مەشکێ ژینن، ئەبەکەیفن، ڕوون و کەرەی لێ جوداکەنۆ، هەندەکیشەکەنە پەنیرو شیرێژ) ، ئەوە درووستە بەڵام وەختی هەنار شینان ئەو کاتەیە کە مەڕ شیری زۆر دەبێت، چونکە وشەی (شین) واتە: چەکەرە و چرۆ کردن دوای ئەوەی هەنار لە پایز و گەڵاڕێزاندا گەڵای وەریووە، لە کۆتایی ڕەشەمە و سەرەتایی نەورۆز و خاکەڵێوە دەست دەکاتەوە بەچەکەرە و شینبوونەوە، لەو کاتەش گژوگیا زۆر دەبێت و کورد وتەنی: گژوگیا ڕێ دەدرێت (ئیزن) بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زوو گەش و نما دەکات (یەک ڕۆژەی پێ بە دوو ڕۆژە دەبێت) ، مەڕیش لە مانگی ڕێبەندان زاوە و ئێستا بەرخەکەی هەراشە و لە مەڕەکەی بەرنادەن و لەشیرێ کراوەتەوە، بەهۆی زۆری لەوەڕەوە مەڕ شیری زۆر دەبێت و بێرییەکان لە ماوەی شە و و ڕۆژێکدا دوو جاریان لە بێر دەدەن و دەیاندۆشن، ڕانەمەڕیش لە شەوبەکێو و شەوین و شەولەوەڕە لە کەژ و کێو و هەردان، بۆ ئەمە وتراوە: #ماستی بوارێ، ئاوی ڕووبارێ# ، بێرییەکان ستڵ و مەنجەڵەکانیان پڕ دەکەن لەشیری دۆشرای مەڕەکان و لەبەر زۆری شیروبەرهەمەکانی نازانن چی لێ بکەن، بۆیە لەمەشکەی دەدەن وتراوە: #ئادار مەشکە لەدار، لێرە یان لە شنگار# یان #ئادارە، مەشکە لەدارە# ئەو شیر زۆرییەی مەڕان تاوەکوو گۆتایی مانگی گوڵان بەردەوام دەبێت، لە ناوچە دەشتاییەکانی #هەولێر# و #کۆیە# و #قەراج# و #کەندێناوە# بۆ ئەمە وتراوە: #وەختی نیسان سۆران خۆزگەم بە مەڕ زۆران# هاوشێوەی وەختی هەنار شینان، خەنی لە مەشکە ژینان.[1]