لەژێر سەرپەرشتی یەکێتی ناوەندی بالەی ئێراق هەردوو تیمی پێشکەوتوانی کوڕان و کچانی هەڵبژاردەی ئێراق لە شاری سلێمانی و لەنێو هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە و لە شارۆچکەی دەربەندیخان و لە هۆڵی یانەی ئەو شارۆچکەیە دوو کەمپی مەشقی ئامادەکاریان بۆ بەشداری لەپاڵەوانێتی یارییەکانی وڵاتانی عەرەب ڕێک خستووە.
ئەمە و بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی هەڵبژاردەکان شاندێکی یەکێتی ناوەندی بالەی ئێراق بە سەرۆکایەتی د. ئازاد حەسەن قادر جێگری یەکەمی سەرۆک و ئەحمەد عەبدول کەریم، بەشار عەلی، عەلی عەبد کازم، مەناف خەلیل، ئەندامانی یەکێتی ناوبراو، عەلی داخل، لێپرسراوی دارایی مەشقە ئامادەکارییەکانی هەردوو هەڵبژاردەیان لە شارۆچکەی دەربەندیخان بۆ ئاستی پێشکەوتوانی کوڕان و لەنێو هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی هەڵبژاردەی کچان یان بەسەر کردەوە.
پاشان شاندەکە بە مەبەستی سوپاسکردنی یانەی وەرزشی پێشمەرگە سەردانی یانەیان کردوو لەلایەن بەڕێز حاکم مەحمود ئەحمەد موراد جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە و مامۆستا شێرزاد محەمەد حەسەنی سکرتێری یانە و خاتوو کەلسوم محەمەد و زرنگ سەڵاح ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانە و ئەسعەد ئیسماعیل سەرپەرشتیاری گشتی بەشی شەتڕەنج پێشوازی کران.
لەو میواندارییەدا و سەرەتا ، بەڕێز جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە وێڕایی بەخێرهێنان لە شاندی یەکێتی ناوەندی بالەی ئێراق بە سەرۆکایەتی د. ئازاد و ئەندامانی یەکێتییەکە ستایشی کردن لە کردنەوەی ئەو کەمپە ئامادەکاریانە بۆ هەڵبژاردەکانی کوڕان و کچان کە لە ئێستادا 2023 ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتییە دەرەکییەکان دەکەن و ڕاشی گەیاند کە یانەی پێشمەرگە تەواوی پاڵپشتی لە هەردوو هەڵبژاردە دەکات و سەرکەوتنی ئەوان دەبێتە سەرکەوتنی ئێمە وەک وەرزشکارانی کوردستان و ئێراق بە گشتی چونکە پێکهاتەی هەردوو هەڵبژاردە بە یاریزانەکانی کوردستان تۆکمە کراون و بەهێزتر دەبن.
پاشان د ، ئازاد جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی ناوبراو سوپاسی یەکێتییەکەی گەیاندە یانەی وەرزشی پێشمەرگە کە هاوکاری تەواوی چالاکییەکانی یەکێتی بالەی ئێراقە و ئاماژەی بەوەشکرد کە یانەی وەرزشی پێشمەرگە تەواوی کار ئاسانی بۆ ئێمە کردووە و بە ئامادە نەبوونی ئێمە وەک ئەندامانی یەکێتی بالەی ئێراق بەڕێز حاکم مەحمود ئەحمەد ئەو کەلێنەشی پڕ کردۆتەوە و بەردەوام سەردانی یەکە مەشقی و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی کچانی کردووە هەر بۆیە سوپاسی بێپایانمان هەیە بۆیان.
بەڕێزیان درێژەی بە وتەکانی داو وتی ، ئەولەویەتی کارەکانی یەکێتی بالەی ئێراق بەهێز بوونی هەڵبژاردەکانە و ئەوەش بە تەنیا بە ئێمە ناکرێت بەڵکوو یانەکان دەبێت هاوکاربن و هەوڵی تەواو بدەن یاریزانی بە ئەزموون و لاو پێبگەیەنن و بیخەنە نێو گۆڕەپانی یارییەکەوە.
لە کۆتایی ئەو سەردانەی میوانان جەخت کرایەوە کە یەک دەست هەوڵەکان چڕ دەکەنەوە تا خول و پاڵەوانێتییە دەرەکییەکان بهێننرێتە خاکی نیشتمان و بینەران و هەوادارانی ئەو یارییە کە وێنای ناکرێت بێ بەش نەبن لە چێژی یارییە بەهێزەکان .[1]