ناونیشانی بابەت: نەوەستان لەکەناردا
ڕانانی: بەکر ئەحمەد
ناوی پەڕتووک: کۆمۆنیزمی نوێ، لیکۆلینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم
نووسەر: ئاسۆ کەمال
لە یادکردنەوەی مەراسیمەکانی یەکی ئایاری شاری یۆتۆبۆری سویددا، گۆڕەپانی یان تۆرێت، جیگایەکی تایبەتی هەیە. بەشێک لەو چەپەی کە لە باری فکرییەوە خۆی لە سوشیال دیموکراتی جیاکردۆتەوە، لەگەڵ چەپی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گۆشە جیاوازەکانی دیکەی دنیادا، بە خۆیان و مێز و میکرۆفۆن و چادرەکانیانەوە شوێنێکی هەمیشەییان لەم گۆڕەپانەدا داگیرکردووە.
لە کاتی بەڕێکەوتنی ڕیزی خۆپیشاندانەکاندا، زۆربەی زۆری لایەنگرانی ئەم ڕێکخراوانە، لە پاش پێچانەوەی مێز و چادرەکانیان، لە سوچێکی شەقامەکەدا دەوەستان و سەیری ڕێپێوانی سەندیکالیست و حزبەکانی دیکەیان دەکرد. بۆچی کەس تێکەڵ بەم خۆپێشاندانانە نەدەبوو: نەچوونە ژێرپەرچەمی بزووتنەوەی تر وپاراستنی بێگەردی ئایدئۆلۆژی گرووپی خۆ، لەسەر هەموو شتێکی ترەوە بوو. ئەمڕۆ زۆر کەس دەتوانێ ئەم ڕوونکردنەوە یەکدێڕییە بە بێ هیچ دوودڵییەک بخاتە سەر کاغەز.
یەکێک لەو دیمەنانەی کە لە پەیوەند بەم مەراسیمانەی یەکی ئایاری ئەم گۆڕەپانەدایە و لە یادەووەری من و بەشێکی زۆری هاوڕیکانمدایە لە شاری یۆتۆبۆری، دیمەنی دوو پیرەمێردی هەشتا ساڵەیە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە پشت مێزێکی بچکۆلە و میکرۆفۆنێکی دەستییەوە، ئەو بەیاننامە گڕدارانەیان دەخوێندەوە کە دژی سەرمایەداری بوون لە ڕۆژی یەکی ئایاردا.
ترسی گەورەی بەشێک لەو هاوڕێ قۆشمەچییانەی خۆشمان ئەوە بوو کە مەترسی دڵوەستانی یەکێک لە پیرەمێردەکان هەمیشە لە ئارادابوو کاتێک بەیاننامەکەی خۆیان بە تووندی دەخوێندەوە. سەیر ئەوە بوو، دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی بەیاننامەکە، مێزو کورسییەکەیان دەپێچایەوە و دەڕۆیشتن. لە دوای سێ یادکردنەوەی یەکی ئایاردا ، هەواڵێک لە ئامادەبوونی ئەوان نەما. دەکرێ کۆچی دواییان کردبێ و یان نەخۆشکەوتبێتن. یان هیوادارم کەسێک هۆکاری ونبوونی ئەم پیرەمێردە سەرسەختانەی بە جۆرێکی تر لابێت و لە ڕوونکردنەوەی سیناریۆ ڕەشەکانی من باشتر بێت.
ئایا ئامادەیی چەپ لە ئێراق و کوردستاندا لەمڕۆدا نزیکایەتییەکی هەیە بە دۆخی ئەم دوو کۆمۆنیستە سویدیەوەی کە خۆشیان لەبیریان چووبووەوە بۆچی ڕێکخراوێکیان هەیە و چ کاریگەرییەکیان لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا هەبووە کە بە جیا لە ئیسپات وجودێکی ڕۆتینیانە لە یەکی ئایارو هەندێک بۆنەی تردا، بۆیان گرنگ نییە بزانن لە کوێی ڕووداوەکاندا ڕاوەستاوون.؟
ئایا چەپ لەمڕۆی کوردستان و ئێراقدا بە شوێن پاراستنی دەرودووکانێکەوە نییە کە ڕۆژگارێک درووستکراوە و لەمڕۆدا وەک شوناسێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەندامەکانی سەیری دەکرێت و هیچ جێگایەکی لە ئیعرابی سیاسی کۆمەلگادا نییە؟
وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە کە چەپ لە ئێراق و کوردستاندا بە جیا لە ئیسپات وجودێکی ڕۆتینیانە لە هەندێک موناسەبات و بەیاننامەڕەشکردنەوەدا ڕۆڵێکی دیکەی نییە، بە مانای بروابوون بەوەی کە گرفتێک لە ئارادایەو دەکرێ بە شوێن وەڵامەوە بیت.
پێتوایە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و ئەم چالاکییانەی کە ڕۆتینی ئەنجامدەدرێت بەشێک لە کاروچالاکی گرووپی خۆیە، دەکرێ سەدان ساڵی دیکە بەردەوام بێت و لە باشترین حاڵەتیشدا دەکرێ وەک چیرۆکی ونبوونی پێرەمێردەکانی گۆڕەپانی یان تۆرییەتی یۆتۆبۆری کۆتایی پێ بێت.
بەڵام بۆ ئاسۆ کەماڵ، نووسەری پەڕتووکی (کۆمۆنیزمی نوێ) ، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حیزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم، وەڵام بە پرسیارەکانی سەرەوە کە چەپ لە ئەزمەدایە و دەکرێ گەران بەشوێن ڕێگاچارە جۆراوجۆرەکاندا ، کۆششیکی گرنگ بێت، دەبێتە پەڕتووکێکی قەوارە 400 پەرەیی و بە بەکارهێنانی سەدان سەرچاوەی کلاسیکی مارکسیستی کۆن و تازە بە شوێن سۆراغی ئەم پرسیارەوەیە: پاسیڤیزمی چەپ و بیرۆکەی نوێ سەبارەت حزب و ڕێکخراوبوونی کریکاری تا وەڵامێک بەو کێشانەی ڕووبەڕووی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆمیستیی بوونەتەوە بدرێتەوە
یان بە مانایەکی تر: چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین و پەیوەندی نێوان کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و حزب و پڕۆسەی مێژوویی شکڵگرتنی حزب وەک ستراکتۆری چینی کریکار بناسین.
بۆ ئاسۆ کەماڵ ، بەشێکی گەورە لە پرسیاری ئەم ئەزمەیەی کە درێژەی هەیە، لە تێروانینی ئەم بزووتنەوەدایە بۆ حزب و پەیوەندی نێوان حزب و چیندا خۆی دەردەخات . بە تایبەت لە ڕێکخستنی کریکاراندا.
پەڕتووکی کۆمۆنیزمی نوێ، گەرانێکی قوڵی ڕەخنەگرانەیە بە مێژووی سوشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست دا و ئاوڕدانەوەیەکی چاوتیژانەیە بە پڕۆسەی پەیوەندی نێوان کار و خەباتی چینی کریکار و درووستکردنی ڕێکخراو و ئەحزابی سیاسیدا. ڕاوەستانێکی بە ئاگاهانەیە لەبەرانبەر تاقیکردنەوەکانی چینی کرێکاردا لە سۆڤێت دا و دەرخستنی گۆشەنیگای تازەترە لە پەیوەند بەو جەدەلە سیاسییە هەمیشەییەی کە شکستی شۆڕش لە ئۆکتۆبەری ڕووسیادا درووستی دەکات.
بەشێکی گرنگی ئەو ڕەخنانەی لە تاقیکردنەوەی مۆدێلی سۆڤێتی کە لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا گیراون لەسەر ئامادەیی بیرۆکراتیزمە لە دەسەڵاتی سیاسی بەلشەفییەکاندا، ئاسۆ کەمال لە پەڕتووکی کۆمۆنیزمی نوێدا، جەدەلی بیرۆکراتیزم و سەرنجدان لێی لە ئاستێکی باڵاتری سیاسی و تێگەیشتنێکی ڕادیکاڵانەتردا باس دەکات کە جێگای بەرزنرخاندنە.
بە بڕوای من، ناونیشانی پەڕتووکەکە: لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم ، خوێنەر دەخاتە سەر خەیاڵی وەڵامدانەوەیەکی فراوان بەم گرفتانە لە ئاست جوگرافیایایەکی گەورەی نێونەتەوایەتیدا. وەک ئەوەی کە گرفتی پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکار بەو مۆدێلەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتەکانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بە زەقی هەستی پێدەکرێ هەمان گرفت بێت لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری ئەوروپادا. یان وەک ئەوەی لەکەناردابوونی چەپ لە ئەوروپادا هەمان دەردێک بێت کە لە ئێراقدا چەپ بە دەستییەوە گیری خواردووە. ئەم تێروانینە کێشمان دەکاتە ناو ئەو پرسیارەی کە ئایا چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکە کوێیە؟ ئەوەی کە دەبێ سنوورداربکرێت و تیشکێکی گەورەی نەخرێتە سەر کامەیە. ئەمە دەکرێ ئەو تێبینیە بێت کە لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستیدا دەبێ لە بەرچاو بگیرێ. بە تایبەت لە کاتێکدا کە بەشێکی گەورەی لێکۆڵینەوەکە لە تاقیکردنەوەی کۆمۆنیستەکانی کوردستان و ئێراقە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی حزب و ڕیکخستنی کریکاریدا.
ئاسۆ کەمال، خۆی ئەکتیڤیستێکی سیاسیە کە دەست بە داوێنی لێکۆڵینەوەی زانستییەوە دەگرێت تا وەڵام بەو پرسیارانە بداتەوە کە بزووتنەوەکەی ئەوی لە چەقبەستنێکی هەمیشەیدا ڕاگرتووە ، هەر بۆیەش لە هەندێک جیگای لێکۆلێنەوەکەدادەنگی منی لێکۆڵەرەوە دەدرێتە دەست دەنگی منی ئەکتیڤیست و ئەو ئۆبژێکتیڤیتییە زانستییەی لە ڕەچاوکردنی نووسینی زانستیدا دەبێ ڕەچاو بکرێت کاڵ دەبێتەوە. ئەم نموونە کوورتەی خوارەوە دەکرێ لە هەندێک شوێنی دیکەی نووسینەکەدا ببینرێت: چ تێگەیشتنێک لە حزب ، ئێمەی کردۆتە بتێک کە پاسیڤانە لە پەراوێزی کۆمەلگادا قەرارمان گرتووە؟ بۆ ئەمە پێویست بوو حزب لەو بتە چەقبەستووە لە تێگەیشتنی خۆماندا ڕزگاربکەین
خالێکی دیکە کە دەکرێ جێگای سەرنج بێت ئەوەیە کە گەڕانەوەی چەپە بۆ کلاسیکیاتە گرنگەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس لە پەیوەند بە پرسیارەکانی ڕێکخستن و حزبایەتیدا لە زەمەنی گلۆبازیزەیشن و سەرمایەداری ئەمڕۆدا. بە تایبەت لەکاتێکدا تیۆریەکانی ئیدارە و بەڕیوەبردن لە ئاستە زانستییەکەیدا و لە ناو جومگە گرنگەکانی زانستە جۆراوجۆرەکاندا ، سەدان مۆدێلی ڕێکخستنمان پێشکەشدەکات کە دەکرێ لە پەیوەند بە پرسیارەکانی ڕێکخستندا کەڵکی لێوەربگیرێت. ئایا بەێوەبردنی مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و تۆیۆتا لە بازاڕێکی گڵۆباڵدا و بەو هەموو کەرت و لق وپۆپانەویە دەکڕی جێگای سەرنج بێت. تاقیکردنەوەی گەریلاکانی چیاپاس لە مەکسیک و بەکارهێنانی ئەو فرسەتانەی نیتوۆرکەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداری نموونەیەکی سادەیە.
بە بڕوای من پەڕتووکی کۆمۆنیزمی نوێ شایەنی خوێندنەوەیەکی قوڵترە، نەک هەر بۆ کەسانێک کە بە شووێن پرسیارەکانی سیاسەت و ڕێکخستنی سۆشیالیستییەوەن، بەڵکوو زانیاریەکانی ناو پەڕتووکەکە گەڵێک گرنگن و کەسانێک کە بەشوێن تێروانێکی مەتریالیستانەی ئەمڕۆییەوەن بۆ بەشێکی گرنگی ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدە و بێست کە تا ئیستاش کاریگەریی ڕۆژانەیان لەسەر ڕووداوەکانی ئێراق و کوردستان هەیە ، دەکرێ خوێندنەوەیەکی زۆر بەسوود بێت.
بەڵام خاڵێک کە ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێت ئەوەیە کە بۆچی پەڕتووکخانەی کوردی لەئاستی ئیلیتە کولتورییەکەیدا نووزەیەکی لێدەرنایەت بۆ ئاوڕدانەوە لە کارێک کە بەڕاستی شایەنی ئەوەیە لەبەرانبەریدا ڕابوەستیت. من بە جیا لە کولتوری ئاوڕدانەوە لە بەرهەمی دۆست و هاوڕی نزیکەکانی خۆ لە بازنەی مەدح و سەنایەکی یەکترگەورەکردندا و ڕەنگە ئایدۆلۆژیەکانی کە دەکرێ ئەم پەڕتووکەی پێ مۆربکرێت هیچ هۆکارێکی دیکە نابینمەوە.
بەڵام بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەشێکی گەورەی ڕەخنەکانی ئەم پەڕتووکە ئاڕاستەی ئەوانە ، مەبەست لە حزب و گرووپە جیاوازەکانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە لە ئێراق و ئێراندا، بێدەنگییەکە سەد هێندەی تر کوشندەترە.
بەڵام بەرلەوەی ئینسان جێگایەکی گەورە یان ىچووک بۆ ئەم بێدەنگییەی چەپ تەرخان بکات لەبەرانبەر ئەم پەڕتووکەدا کە بەشێکی گەورەی ڕەخنەکە ڕووی دەمی لەوانە، هەستدەکرێت ئەو دۆخەی لە ناو چەپی باشووری کوردستاندا و ئێراندا دەگوزەرێ وەک ئەزمەیەک سەیر ناکرێت و ئینسان ڕازییە بە درێژەپێدانی ئەو ڕەوتەی کە لە کۆتایی هەشتاکانەوە گرتوویەتە بەری و لە باشترین حاڵەتەکانیدا، حزبی کردۆتە چەترێک کە لە پرسی مردنی کادر و ئەندامەکانییدا یان یادەوەرییە کرێکاری و حزبیە نێونەتەوایەتییەکاندا وەک یادەوەرییەکی جاویدان، وەک نووەستالژیایەک بە دەوریدا کۆببنەوە. دۆخێک کە لە ڕەوتەکانی دیکەی ناو چەپی ئێراقدا بە زەقی دیارە و ئەو چەپە نوێیەی کە بڕیاربوو بە ڕەخنە لەم ترادیسیۆنە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە سنوورەکانی خۆی ڕابگەێنێ، لە ئێستایدا لە ناو هەمان کولتور و ترادیسیۆنی هێزیکی سیاسی سونەتیدا بە تەواوەتی گیریکردووە و بە لەکەناردابوونی خۆی ڕازییە. [1]