ناونیشانی بابەت: 14ی تەمموزی 1958: شۆڕش بو یان کودەتا؟
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
ڕەجەب عەبدولمەجید کە دوربینترین نەخشەکێشی شۆڕش بو، دەیوت: کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت، د.کەمال مەزهەر لەپێشەکی پەڕتووکی شۆڕشی (14/تەموز/1958) لە ئێراق وادەڵێت.
64 ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی ئێراق بەبیستنی هەواڵی ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری بەخەبەرهاتن. پەڕتووکی شۆڕشی (14ی تەمموزی 1958 لە ئێراق) لە نووسینی مافناس عەبدولقادر ساڵح، ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژگارە لەدوتوێی (250) لاپەڕەدا دەگێڕێتەوە. ئەم پەڕتووکە لەبڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری.
ئەم پەڕتووکە لەدو بەش پێکدێت، لەبەشی یەکەمدا باسی کوورتەیەک لەمێژوی ئێراق و گرنگترین گۆڕانکارییەکانی پێش شۆڕشی چواردەی تەمموزو مێژوی ئەفسەرانی ئازادیخواز دەکات، لەبەشی دوەمیشدا گرنگترین دەرهاویشتەکانی شۆڕشەکە توێژینەوەی لەبارەوە کراوە، کە زیاتر باس لەدەرهاویشتە سلبیەکان کراوە.
=KTML_Bold=ڕەجەب و دەوڵەتی کوردی=KTML_End=
مێژونووسی ناسراوی کورد د.کەمال مەزهەر، لەپێشەکی ئەم پەڕتووکەدا نووسیویەتی: ئایا ڕژێمی پاشایەتی وا گەندەڵ بوبو تا لەناوبردنی ببێتە ئەرکێکی مێژویی ڕەوا؟ ئەگەروایە چی وای لە زۆرینەی دەستەبژێری وڵات کردووە خەون بەوەوە ببینن ڕەوڕەوەی مێژو بگەڕێتەوە بەرەبەیانی (#13-07-1958#) ؟
لەبارەی کارەکتەرەکانی شۆڕشەکەوە، مەزهەر دەڵێت ڕەجەب عەبدولمەجید کە دوربینترین نەخشەکێشی شۆڕش بو، لەوە پەشیمان بو کە بۆ بەرپابوونی شۆڕش کردی، ئەوم لەنزیکەوە دەناسی و ئەو قسەیەم لەخۆی بیستوە، هەروەها لەخۆیم بیستوە کە دەیوت: کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت. دەربارەی عەبدولکەریم قاسمیش دەڵێت: پیاوێکی نیشتمانپەروەرو خاوێن و دڵساف و ساویلکە بو، بۆ هەموو کارێک دەستی دەدا پەت پەتێن و فێڵ و فەرەجی سیاسەت نەبێت.
=KTML_Bold=لەقاهیرەوە بۆ بەغدا=KTML_End=
نووسەر، بەپشت بەستن بەچەندین سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکات بیرۆکەی دامەزراندنی ئەفسەرانی ئازادیخواز کە سەرکردایەتی شۆڕشەکەیان کرد، بیرۆکەی ڕائیدی ئەندازیار ڕەفعەت حاج سری بوە. سری لە ئەیلولی (1952) بۆ یەکەمینجار دەستپێشخەری بیرۆکەی دامەزراندنی ئەفسەرانی ئازادیخواز بۆ هاوڕێی خۆشەویستی موقەدەمی ئەندازیار ڕەجەب عەبدولمەجید دەخاتەڕو، ئەمەش لەژێر کاریگەریی ئەفسەرانی ئازادیخوازی میسر کە لە (#22-07-1952#) شۆڕشیان لە میسر ئەنجام دابو.
هەروەها دەڵێت: سری ڕێگەی خۆشکرد بۆ درووستکردنی ڕێکخستنێکی پتە و لەسوپادا، کە ئەنجامەکەی لەو ڕێکخستنە بەهێزەدا خۆی بینییەوە کە بەسەرکردایەتی قاسم لە (1957) پێکهات.
لیژنەی باڵای ئەفسەرانی ئازادیخواز لەچواردە ئەفسەر پێکدەهاتن، هەموویان لەدایکبوی بەغدا بوون تەنیا سێ کەسیان نەبێت، باری داراییان لەیەک نزیکبو، هیچ یەکیان ماڵی نیشتەجێبوونی خۆیان نەبو، تەنیا عەقید ڕوکن ناجی تالیب نەبێت کە باوکی خاوەن زەویوزار بووە، هەموویان سوننی مەزەب بوون جگە لەناجی تالیب و موحسین حسێن حەبیب نەبێت کە شیعە بوون، قاسمیش دایکی شیعە بو، بەڵام هیچ کات لەژیانیدا شتێکی نەکردووە بەلای ئەوەدا بشکێتەوە شیعە بێت. یەکێک لەئەندامە کاراکانی لیژنەی باڵاش بەرەگەز کورد بووە، ئەویش عەقید ڕوکن محێدین عەبدولحەمید بووە و سەرۆکی کوتلەی ڕێکخستنی بەغدا بوە.
گرنگترین بنەماکانی کارکردنی لیژنەی باڵا بریتی بوون لە: لەکۆبوونەوەکاندا نووسین بەهەمو شێوەیەک قەدەغەیە، لەکاتی تەلەفۆنکردندا وشەی ڕەمز بەکاربهێنرێت، لایەنگیری نەکردن بەلای هیچ پارت و بیروباوەڕێکی سیاسیدا، لیژنەکە کەسی ڕانەسپاردبو پەیوەندی بەوڵاتانی دەرەکیەوە بکات، ئاماژەیان بەکوشتنی مەلیک فەیسەڵ یان لێپرسینەوەی نەکردبو، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی بریتی بو لەدەستگیرکرن و دادگایکردنی نووری سەعیدو عەبدولئیلا.
=KTML_Bold=دوانەی عارف و قاسم=KTML_End=
زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی باڵای ئەفسەرانی ئازادیخواز، لەسەرەتاوە وەرگرتنی عەبدولسەلام عارفیان ڕەتکردۆتەوە، ئەوەش بەهۆی هەڵچونی بەردەوامی و متمانە نەبوون پێی، بەڵام قاسم بەرپرسیارییەتی دەخاتە گەردنی خۆیەوە و لەحوزەیرانی (1957) بەئەندام وەردەگیرێت.
نووسەر، ڕایدەگەیەنێت پلانی شۆڕش نەخراوەتە بەردەستی لیژنەی باڵا تا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵکوو لەلایەن قاسم و عارف و دەراجیەوە داڕێژراوە. بۆ ڕاستاندنی ئەم وتەیەش وتەیەکی عارف لە بەردەم دادگای باڵای سەربازیدا لە ڕۆژی (#31-12-1958#) دەهێنێتەوە، کە وتبوی: زەعیم قاسم پێیوتم با لەگەڵیاندا بۆ هەندێک قسە و باس لوتف بنوێنین، بەڵام لە بواری کاری یەکلاکەرەوەدا با لەنێوان هەردوکماندا بێت.
=KTML_Bold=شۆڕش یان کودەتا؟=KTML_End=
دوای ناساندنی شۆڕش و کودەتاو خستنەڕوی ئەنجامەکانی شۆڕشی چواردەی تەمموز، نووسەر دەڵێت: ئەوەی لە (14/تەموز) ڕویدا دو کودەتا بو، یەکەمیان بەسەر لیژنەی باڵادا کرا و لەناو نەخشەی شۆڕشدا هەڵیوەشاندەوە، دوەمیان بو بەمایەی هەڵوەشانەوەی سیستمی پاشایەتی لە ئێراقدا.... لەڕاستیدا ئەوەی ڕویدا کودەتایەکی سەربازی بو نەک شۆڕش، ئەم کودەتایەش کۆمەڵێک ئەفسەر پێی هەستان و پاش ڕاگەیاندنی شۆڕش خەڵکی لەدەوری کۆبوونەوە و لەگەڵیدا تێکەڵ بوون و پشتگیریان لێکرد و بەتەواوی سەریانخست.
قاسم و (55) نازناو!
نووسەر باس لەوە دەکات پاش سێ مانگ لەشۆڕش، شیوعیەکان نازناوی تاکە پێشەوایان لەقاسم نا، لەکاتێکدا قاسم لەوکاتەدا هێندە متمانەی بەخۆی نەبو تاوەک دەسەڵاتێک حوکم بکات. هەروەها دەڵێت بە تێپەڕبوونی ڕۆژو مانگیش هۆکارەکانی پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندن زیاتر وەسفی قاسمیان دەکرد، تا ئەوەی (55) نازناوی بۆ دانرا لەعیملاقی تەمموزەوە هەتا سەرکردەی دنیایەکی نوێ.
بەبڕوای نووسەر، هەموو ئەو نازناوانە هێما بوون بۆ سەرهەڵدانی مەسەلەی شەخسپەرستی، دواتریش ئەو کارە بوەتە سیمای گەلی ئێراقی و پێیدەناسرێتەوە، کە هەر خۆیان دیکتاتۆر درووستدەکەن و پاشان دەیڕوخێنن. لەوبارەیەوە دەڵێت هەر بۆیە دەبینین دیکتاتۆرێک دەڕوات و یەکێکی تر دێتە جێگەی. قاسمیش لەبەرئەوەی سایکۆلۆجیەتێکی نەرجسی هەبو، ئەم بارەی قۆرغکرد بۆ زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی و پیادەکردنی حوکمی تاکڕەوی لە ئێراقدا. [1]