ناونیشانی بابەت: چەند سەرنجێک دەربارەی پەرتووکی لێتدەپرسن حزب چییە؟
ئامادەکردن: گەنجۆ ژیندا
پەرتووکی لێتدەپرسن حزب چییە لە نووسینی حەمەزیاد مەولودم خوێندەوە، کە 313 لاپەڕەی قەوارە مامناوەندە. سەرەتا دەست خۆشی لە نووسەر دەکەم کە خۆی ماندوو کردووە و زۆر سەرچاوەی بەکارهێناوە و هەوڵیداوە پرسی حزب لە زۆر ڕووەوە ڕوون بکاتەوە. بێگومان لە پەڕتووکخانەی کوردی ئەم جۆرە پەرتووکانە کەمە کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی نووسرابێ. لەگەڵ ئەوەی کارێکی باش کراوە، بەڵام دەکرا باشتریش بکرێ و زیاتر و باشتر ڕوونکردنەوە بدرێت، بۆ ئەمەش دەتوانم هەندێک سەرنج و تێبینی خۆمی لەسەر بدەم:
بەگشتی پەرتووکە زۆرتر لایەنی تیۆڕی لەپێشە و نموونەکانیشی زۆرتر لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانن، دەکرا لەگەڵ لایەنی تیۆری دەبوو لەلایەنی جێبەجێکردنیشی نموونەی زیاتر لەلایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیف هەبووایە.
نموونەکان زیاتر سنووردارن بە پەدەکە و یەنەکە، ئەویش زیاتر نموونەی پۆزەتیڤ وەرگیراوە، واتا زمانی ڕەخنە لەم پەرتووکە کەمە، دەبوا بەگوێرەی ئەو پێوانە و پرەنسیپانەی کە لەپەرتووکەکە نووسراون لەبەرچی لەلایەنی جێبەجێکردن نەکەوتوونەتە بواری کرداریەوە.
نووسەر زیاتر لە دەوری تیۆری لیبڕاڵیزم و مۆدێلی حیزبی لیبڕاڵ دەسوڕێتەوە، کە دەکرا ئەو مەودایە تێپەڕێنێ، چونکە ئەوەش سەلماوە کە حیزبی لیبڕالیستەکانیش نەیاتوانیوە ببنە وەڵامدەرەوەی پرسەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت لە باشووری کوردستان کە هەژموونی بیر و چەمک و شێوازی حیزبگەرایەتی لیبڕاڵیست هەیە، هەتا حیزبە ئیسلامی و نەتەوەیەکانیش بە مۆدێل و شیوازی لیبڕاڵیستی خۆیان بەڕێکخستن کردووە، نموونە یەنەکە لە ساڵی 1993 بەدواوە بە پەیڕە و پڕۆگرامی حیزبێکی لیبڕالیست بەڕێوە دەچێت، بەهەمانشێوە پەدەکەش حیزبێکی لیبڕالیستی کۆنەپارێزە، تا دەگاتە #حسک# و زەحمەتکێشان و لایەنە ئیسلامییەکان. دەبێ لەبیر نەکەین حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانیش بەشێکن لە بیر و چەمکی لیبڕالیزم. بۆیە لەوبارەیەوە ئاخۆ بۆچی نەبوونەتە وەڵامدەرەوە، پێویست بوو ڕاوەستەی لەسەر بکرێت، لەلایەکیتر ئایا هەمان ئەو بیرە لیبڕالیست و نیۆلیبڕاڵیستییەیی هەیە دەتوانێ بۆ داهاتوو چۆن بەڕێکخستن بکرێ، ئایا ئەو بێ هیوایی هەیە پەیوەست نییە بەوشێوازە حیزبیەیی لە باشووری کوردستان هەیە؟
لەم پەرتووکەدا ژن هەبوونی نییە، سەدەی بیست و یەک کە بەسەدەی ژن بەناودەکرێت، بەڵام لەم پەرتووکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی ژن نەکراوە، ئایا لەبەرچی نووسەر ژنی نەبینیوە، ئایا حیزبایەتی تەنیا مافی پیاوە، یان نووسەر سیاسەتکردن تەنیا بەمافی پیاوان دەزانێت، بۆیە پێویست بوو بەتایبەت ڕاوەستە لەسەر ڕۆڵی ژن لە خەباتی سیاسی دا بکرابوایە، ئەوەش پێویست بوو ئاماژەی پێبدرابوایە کە مۆدێلی حیزبایەتی پیاوسالار لەدەرەوەی کارەسات هیچیتر بەدوای خۆیدا ناهێنێت. بەهەمان شێوە ڕۆڵی گەنجانیش باس نەکراوە، بۆیە ئەو شێوازە سیاسەتە پیرسالاریەیی کە لە باشووری کوردستان هەیە، بەتایبەتیش لە پەدەکە و یەنەکە و تا مردن دەستبەرداری سەرۆکایەتی حیزبەکانیان نابن، ئایا ئەوە نەبووەتە هۆکار کەوا دەیان هەزار لە گەنجان لە وڵات کۆچ بکەن و لە دەریاکان بەخنکێن و لە بەستەڵەکەکان ڕەق ببنەوە.
کێشەیەکیتر کە وەک کێشەی سەدەی بیست و یەک بەناو دەکرێت، ئەویش کێشەی ئیکۆلۆژیە، کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە، نموونە کێشەی فرەوان بوونی کونی ئۆزۆن، نەخۆشی کۆڕۆنا و نەخۆشییە هەمیشەییەکانی وەک شێرپەنجە، ئایدز تا دەگاتە خۆڵبارین، ئایا حیزبێک کە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئیکۆلۆژی نەبێ ئایا ئەمڕۆ دەتوانێ وەڵام دەرەوەی کێشەکانی کۆمەڵگەبێ؟
شێوازی حیزبی بنەماڵەگەری باس نەکراوە کە پێویستە ڕاوەستەی لەسەر بکرابوایە، ئەوەی ڕەخنەی هەرە زۆری لەسەر لە باشووری کوردستان ئەویش حیزبایەتی بۆ ماوەیە، ئەمەش لەگەڵ هیچ پێوەرێکی حیزبایەتی کۆن و نوێ نایەتەوە، نموونە حیزبی کۆنەپارێزەکانی جیهان هیچیان بنەماڵەی نین، ئەگەر هەیە نووسەر دەکرێ نموونەمان بۆ بێنێتەوە، ئەگەرنا شێوازی حیزبایەتی بنەماڵەی چ کارەساتێک بەدوای خۆیدا دێنێ، لێرە تەنیا پەدەکە و یەنەکە دوو حیزبی بنەماڵەیی نیین، بەڵکوو حسک و کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و #بزووتنەوەی گۆڕان# بنەماڵەین و نەخۆشی بنەماڵەگەریش ڕێگرە لە بەردەم پێشکەوتنیان. نموونەی ئەو جۆرە لە حیزبایەتی ئایا لە جیهان بینراوە؟ دەسەڵات و دەوڵەتی بنەماڵەگەر هەیە، بەڵام حیزبایەتی بنەماڵەگەر ئەمەیان زۆر شازە.
نووسەر لە شوێنێک دانی بەوە داناوە کە حیزبی سیاسی نابێ هێزی چەکداری هەبێ، ئەوەیان باشە، بەڵام سەبارەت بە و پاکتاوە جەستەیانەی ناوخۆی حیزبەکان و دەرەوەیان کە لە ڕێگای دەزگا هەواڵگریەکانی پاراستن و زانیاری جێبەجێکراون ئایا لەوبارەیەوە نووسەر چی دەڵێت: نموونە پەدەکە بەدرێژای ساڵانی 1960 تاکوو ئێستا لەلایەک پاکتاوی جەستەی لەناو حیزبەکەی دەکات لەلایەکیتریش لەناو لایەنە سیاسی و کەسایەتییە نەتەوەیاکانی پارچەکانی تری کوردستان دەکات، نموونە یەکەم ڕاونانی ناوخۆی پەدەکە کە بە ڕاونانی ئیبراهیم ئەحمەد و ج.تاڵەبانی دەستی پێ کرد، هەر لەو کاتانەشدا واتا لە 15ی ئایاری 1968 سلێمان موعینی و هاوڕێیانی پاکتاوی جەستیان کراوە... تا ڕۆژی ئەمڕۆش ئەوە بەردەوامە، ئایا ئەو شێوازە لە کاری حیزبی لە چ خانەیەک جیدەگرێت. بەهەمان شێوە پاکتاوی جەستەیی ڕۆژنامەنووس و کەسایەتی نیشتمانییەکان. بۆیە بەتەنیا نابێ حیزب هێزی چەکداری هەبێ بەش ناکات، لەگەڵ ئەوەش پێویست بوو ڕاوەستە لەسەر زیانەکانی و ئەو دۆخەی کە لە کوردستانی ئافڕاندووە.
لایەنێکیتریش لە حیزبایەتی پێویست بوو لای لەسەر کرابوایەوە ئەویش پەیوەندی حیزبە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەوڵەتان، ئایا پێویستە لەسەر چ بنەمایەک بێ، ئەو شێوازەی کە پارتەکانی باشوور بەڕێوەدەبن دەکەوێتە چ خانەیەک؟ بەتایبەت ئەو وابەستەیی پەدەکە لە ڕابردوو لەگەڵ ئێران و ئێستاش لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ڕاکێشانی دەستی داگیرکەر بۆ ناو خاکی خۆت، ئایا نموونەیەکیتر بەوشێوەیە لە جیهان هەیە، ئەگەر هەیە پێمان بناسێنە؟
نووسەر لەسەر زۆرێک لە شێوازی حیزبایەتی جیهانی ڕۆژاوای و تائاستێکیش لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕاوەستەی کردووە، بەڵام حیزبە کوردییەکانی وەک یەکتر بەنموونە نەهێناوەتەوە، نموونە نوێترین شێوازی حیزبایەتی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارتی دیموکراتی گەلانە #هەدەپە# کە خاوەن شەش ملیۆن دەنگە لە پەڕڵەمانی تورکیا و نزیکەی 10هەزار ئەندامی لە زیندانە لەگەڵ هاوسەرۆکانی ڕابردووی، بەڵام بەهەموو هێزی خۆی بەردەوام دەکات. پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە کە شێوازێکی نوێیە لە حیزبایەتی و لە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرانی و مۆدێلێکی دیموکراتییە بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژاوای کوردستان، بەڵام نووسەر هیچ ئاماژەی پێنەداوە، پێویست بوو زیاترین نموونە لەو حیزبە دیموکرات و جەماوەریان بەهێنرابوونایەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی باشوور لەو دۆخە بێ هیوایە ڕزگاری ببوایە.
لەلایەکیتر لە حیزبایەتی لەسەردەمی شۆڕش و تێکۆشاندا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا #پەکەکە# نموونەیەکی هەرە بەهێزە کە هەموو پێوانە و پرەنسیپە حیزبی و سیاسییەکانی جێبەجێدەکات تا ئێستا 11 کۆنگرەی بەستووە، بەتایبەت ماوەی 20 ساڵە لەو دۆخەیەدا گۆڕانکاری لە ستراتیژ و پارادایمی فکری سیاسی کردووە. نەدیتنی بۆ خۆی کەموکووڕیەکی گەورەیە.
هەمانکات جاری یەکەمە لە جیهان و لە کوردستان حیزبی ژنان هەیە بۆ ماوەی 23 ساڵە خەبات و تێکۆشان دەکات لە سەخترین بارودۆخی شۆڕشدا، کە ئێستا بەناوی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان پاژک بەردەوامە لەتێکۆشان، بۆیە پێویستە وەک نموونەیەکی تێکۆشانی ئازادی ژنان ببینرابوایە.
سەبارەت بە خاڵی هەموو حیزبەکان بۆ دەسەڵات خەبات دەکەن، ئەمەشیان بیرێکی دەسەڵات خوازی دەوڵەت - نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریە، لەبنەمادا حیزب پێشڕەوایەتی بۆ کۆمەڵگە دەکات، مەرج نییە کە هەموو حیزبێک کار بکات بۆچوونە دەسەڵات، بەڵکوو پێویستە هەموو حیزبێک لە گۆڕان و وەرچەرخانی کۆمەڵگەدا بە کاریگەربێ، پێویست بوو دەکرێ لە بەڕێوەبەرایەتیش شوێن بگرێ پێویست نەبوو دەکرێ تەنیا ئەرکەکانی ڕێکخستن و پەرەوەردەکردن و هۆشیار کردنەوەی کۆمەلگە جێبەجێ بکات.
لە بەڕێوەبردنی حیزبی سیاسی و کۆمەڵگەشدا پێویستە ئەو تاکڕەویەیی هەیە تێپەڕێنرێ، حیزبایەتی تەنا موڵکی پیاوان نەبێ، هەمانکات سەرۆک و سکرتێر و ڕابەر و ئەمیر تەنیا پیاو نەبن، بۆیە گرنگە سیستەمی هاوسەرۆکی بکەوێتە ناو پرۆسیسی بەڕێوەبردنی حیزبی سیاسی و دامودەزگاکانی تری کۆمەڵگەش. لەوبارەیەوە یەنەکە ئەزموونێکی دوو سەرۆکی کرد نەک هاوسەرۆکی، بۆیە ناکرێ لەبەر ئەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ناو بەڕێوەبردنی یەنەکە بڵێین سیستەمی هاوسەرۆکی سەرکەوتوو نییە، پێچەوانە ئەمڕۆ تەڤگەری ئاپۆچی لەچوارپارچەی کوردستان بەسیستەمی هاوسەرۆکی بەڕێوە دەچێ و باشترین ئەنجامیش هەیە، بۆچی چونکە شەڕ لەبەرانبەر سیستەمی تاکڕەوی پیاوسالاری هەیە.
لەبەشی شەشەم سەبارەت بەپرسی ئایدیۆلۆژی، وەک سەرەنج هیچ حیزبێک بەبێ ئایدیۆلۆژی نییە و نابێ، ئەو قسەیی کە دەڵێن بێ ئایدیۆلۆژین ئەوە بۆخی ئایدیۆلۆژیایە، بۆیە وەک سەرەتاش باسم کردووە سیستەمی مۆدێرنییەتی سەرمایەداری بە ڕێبازی سیاسی لیبڕالیست هەژموونی ئایدیۆلۆژی خۆی بەسەر حیزبی سیاسی سەپاندووە، بەتایبەت دوای ڕووخانی سۆڤیەت، حیزبە ناسیۆنالیست و کۆنەپارێز و سۆسیال دیموکرات و لیبڕاڵ دیموکرات، هەر هەموویان لەلایەنی ئایدیۆلۆژی لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیایی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارین، ئەگەر ئەوە نبینرێت ئەوکات وا دەزانرێت کە سەردەمی ئایدیۆلۆژیاکان بەسەر چووە، ئەمەش هەڵە گەورەکەیە.
لە کۆتایدا دووبارە بەهیوا کاری زیاتر و خۆماندوکردنی زیاتر بۆ خزمەت کردنی کۆمەڵگە. [1]