ناونیشانی بابەت: ڕیشە مێژوویی و فکرییەکانی سەلەفیزم
سەلەفیزم وەک ئایدیای سەرەکیی هەموو گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لەئێستادا زۆرترین قسە و باسی لێوەدەکرێت، پەڕتووکێکی نوێش لەو بارەیەوە لە مێژوو سەرچاوە فکرییەکانی سەلەفیزم دەکۆڵێتەوە.
پەڕتووکی جارێکی تر دەربارەی سەلەفیزم چەند وتارێکە دەربارەی ڕیشە مێژویی و فکرییەکانی سەلەفیزم و ئێستای ئەو ئاڕاستە دینییە. ئارام مەحمود وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی.
لەوتاری یەکەمدا باس لەریشەی مێژوی سیاسیی و لایەنی فیکریی تەکفیری کراوە و لەلایەن مەهدی خلجی نووسراوە. خلجی سەید قوتب بەمامۆستای باسی تەکفیری لەسەدەم بیستەم ناودەبات و دەنووسێت سەید قوتب خۆی لەئەندێشەی میانڕەوانەوە بەرەو ئەندێشەی توندڕەوی هەنگاوی ناو زۆربەی ئیسلامگەراکانیش کە لەتوندڕەوەییەوە دوربوون، بەخوێندەوەی نووسینەکانی ئەو و کاریگەریی لەسەریان، ڕویان لەتوندڕەویی کرد.
لەوتارەکەدا باس لەریکخراوی ئیخوان موسلیمین کراوە و تیرۆرکردنی حەسەن بەننا لە ساڵی 1949دا بەشۆکێکی گەورە بۆ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە گوزارشتی لێ کراوە.
مەهدی خلجی پێی وایە کە ئایدیای تەکفیر لەسێ ڕەگەزی بنچینەیی پێکدێت، دەسەڵاتداریی خودا، نەزانینی جیهان و جیهانیبوونی ئیسلام هەروەها جیهاد.
لەبارەی بۆچونی سەید قوتبیشەوە دەڵێت سەید قوتب تیۆرێکی دانا بۆ پێویستی تەکفیر وەک شێوازێکی سیاسیی. تا لە ساڵی 1964 کە لەبەندیخانەدا بوو؛ بەرهەمێکی نووسی و بووە سەرمایەی ئایدۆلۆژی ئیخوان موسلیمین.
کاتێک سەید قوتب ساڵی 1964 لەبەندیخانە ئازاد کرا، گرنگیی بەپەروەردەکردنی کادر دەدا، بەڵام پێش ئەوەی هیچ ئەنجامێک بەدەستبێنێت، بە فەرمانی جەمال عەبدولناسر لەسێدارەدرا.
لەوتارەکەدا باس لەبۆچونێکی عومەر عەبدولرەحمانی ڕابەری گرووپی جیهادی الجماعە الاسلامیە کراوە لەبارەی دیموکراسیەوە، ئەو پێی وایە کەدیموکراسی دەیەوێت ئیسلام بەئایدۆلۆژیاکانی تر بەراورد بکات، ئەمەش لەکاتێکدا کە ئیسلام بەرزتر لەسەرجەم ئایین و ئایدۆلۆژیاکانە. یاسادانان تەنیا مافی پەروەردگارە و بەبوونی شەریعەت هیچ دامەزراوەیەکی تر مافی یاسادانانی نییە.
یەکەم مامۆستای جیهادییەکانی سەدەی بیستەم، ئەبو عەلا مەودودی هیندستانی بووە، سەید قوتبیش زۆربەی باسەکانی خۆی لەمەودودییەوە وەرگرتووە.
لەوتارێکی دیکەی ناو پەڕتووکەکەدا کەلەژێر ناونیشانی سەلەفیستەکان کێن و پەیامیان چییە؟ یونس پارسا بناب نووسیویەتی، باس لەبنەما و ڕیشەی سەلەفییەکان دەکات و دەنووسێت پێشینەی دەرکەوتن و گەشەی ئەم ئەندێشە سیاسییە و بزووتنەوە سەرچاوەگرتووەکان لێیەوە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دوەمی سەدەی 19 لەنیمچەدورگەی عەرەبستان و نیمچەدورگەی هیندستان.
پارسا بناب سەلەفییەکان دەکات بەسێ بەشی سەرەکییەوە. یەکەم: سەلەفییە تەکفیرییەکان، کە ڕێبەری سەرەکیی و دامەزرێنەرەکەیان محەمەد بن عەبدول وەهایە، لەڕوی مێژوییەوە کۆنترین سەلەفیی قوتابخانەی وەهابییە تەکفیرییەکانی نمیچەدورگەی عەرەبییە. تەکفیرییەکان پەیڕەوانی سەرجەم ئایین و مەزهەبەکان، لەوانە سەرجەم مسوڵمان و بەتایبەت شیعە بەبێگانە لەخۆیان دادەنێن و بەکافر ناویان دەبەن و خوێنیان بەحەڵاڵ دەزانن.
دوەم: سەلەفییەدیوبەندییەکان، ئەم جووڵانەوەیە و گرووپەجیاوازەکانی 150 ساڵ بەر لەئێستا لەژێر کاریگەریی ئەندێشە سیاسیی و بوونیادگەراییانەی (شا نیعمەتوڵڵا دەهلەوی) درووست بوە.
گرووپە توندڕەوەکانی جوندوڵڵاو لەشکری سەحابە لەبەلوچستانی پاکستان و ئێران پەیڕەوانی سەلەفیی دیوبەندین. ناوەندی چالاکیی ئەو جۆرە سەلەفییانەش ناوچەی بەرفراوانی باشووری ئاسیاو کەنارەکانی زەریای هیندی و بەلوچستان و سیستانی ئێرانە.
جۆری سێیەم و کۆتاییش لەسەلەفیی، سەلەفییە میانڕەوەکانە، کەئەمڕۆ لەژێر ناوی ئیخوان موسلمین دەسەڵاتی سیاسییان لەرێگەی پارتە ئیسلامییەکانی (دادو گەشەپێدان و نوورو نەهزە) لە وڵاتانی تورکیاو تونس و یەمەن و بەشێک لەدەسەڵاتی سیاسییان لەقەتەرو ئوردون و بەحرەین و ئیماراتی عەرەبی و عومان و کوەیت لەدەستدایە.
لەبەشێکی دیکەی وتارەکەی یونس پارسا بناب-دا، ناوی گرووپ و لقە جیاوازەکانی قاعیدەریزکراون و خودی ڕێکخراوەکەش وەک تێکەڵەیەک لەلایەنگرانی سەید قوتب و ئوسامە بن لادن ناوبراوە.
ئەو نووسەرە پێی وایە کەهەمو سەلەفییەک ئەندامی ئیخوان موسلمین یان تاڵیبان یان قاعیدە نییە، بەڵام هەموو ئیخوانی یان قاعیدەیەک، سەلەفییە.
لەوتارەکانی دیکەی پەڕتووکەکەدا، وردتر ڕیشە مێژویی و فیکرییەکانی سەلەفییەکان و ڕابەرەکەیان محەمەد بن عەبدولوەهاب و ژیان و پەڕتووک و بیروبۆچۆنەکانی باس کراوە.
هەروەها باس لەزانای مەزهەبی حەنبەلی ئیبن تەیمیە کراوە. باس لەجیاوازی نێوان ئیبن تەیمیە و ئیبن عەبدولوەهاب کراوە لەڕوی هەلومەرجی جوگرافی و جیاوازی دەسەڵاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، هەروەها جیاوازی تێگەیشتنی ئەوان بۆ چەند چەمکێکی وەک بێباوەڕی و هاوڵدان بۆ خوداو جیهاد.
لەبەشێکی دیکەشدا باس لەوەهابییەت و پێشینەی ئەندێشەی ئەو مەزهەبەی سوننە دەکات و خەوارج، ئیبن بەتە، بربهاری، ئیبن تەیمیە هەروەها محەمەد بن عەبدولوەهاب وەک پێشینەی ئەندێشەی ئەو مەزهەبە دەستنیشان کراون. [1]