ناونیشانی بابەت: ناکۆکی بنەماڵەیی سەرکردەکانی کورد و زاڵبوونی تورک و ئێرانی
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
عادیلە خانم (دانیشتوو لەناوەڕاستدا) لە ھەڵەبجە - کۆبوونەوەی لەگەڵ ماژۆر سوان (Major Soane) ساڵی 1919
کاربەدەستێکی ئینگلیز پێیوایە کورد بێجگە لەقودرەت لەهیچ شتێک ناگا، ڕاشیدەگەیەنێت هەر حکومەتێکی ئێراقی کە بیەوێ ڕێز لەخۆی بگرێ، پێویستە حیساب بۆ ئەوە بکا کە نابێ بەهیچ جۆرێک #کەرکووک# لەسەر کوردستان حیساب بکرێ. مێژونووسێکی کوردیش دەڵێت: کوردەکان پێیانوایە ئەگەر بیر لەدواڕۆژی خۆیان بکەنەوە ترسنۆک دەبن، بۆیە هەرگیز بیر لە دواڕۆژیان ناکەنەوە.
پەڕتووکی کوردستان و ستراتیژیی دەوڵەتان، لە نووسینی حسێن مەدەنی، سێ بەرگە و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات لە ساڵی (2014) لە #هەولێر# چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە گێڕانەوەی سەرگوزەشتەی بەئاکام نەگەیشتنی جووڵانەوە و بزاڤە چەکدارییەکانی کوردە لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابردودا، کە بەبڕوای نووسەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی دەوڵەتانی زلهێزی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە و ناکۆکی ناوخۆیی کوردان و جوگرافیای کوردستان، لەمپەڕی سەرەکی بەردەم درووستبوونی قەوارەی سەربەخۆی کوردیی بوون.
کوردستان.. سێیەم وڵاتی جیهان
بەرگی یەکەمی پەڕتووکەکە لەشەش بەش پێکهاتووە و تایبەتە بەباسکردنی ڕێژەی دانیشتووان و مێژوی کورد و کورد لەسەدەکانی شانزە و نۆزدە و دو دەیەی سەدەی بیستەم و شۆڕشی ناسیۆنالیستی لەسێ پارچەی کوردستاندا. نووسەر بۆ نووسینی ئەم پەڕتووکەی پشتی بەزیاتر لە (170) سەرچاوەی کوردی و فارسی لە پەڕتووک و ڕۆژنامە و گۆڤار بەستوە.
لەبارەی ناوی کوردستانەوە، نووسەر ئاماژە بەوەدەکات بۆ یەکەمجار سوڵتان سەرنجەری سەلجوقی بەشێکی لەئەیالەتی جیبال (کرمانشانیشی دەگرتەوە) جوێ کردەوە و ناوی نا کوردستان. هەروەها دەڵێت تا سەدەی حەوتەمی کۆچی هیچ جوگرافیزانێکی ئێرانی و عەرەب لە پەڕتووک و نووسراوەکانیاندا ناوی کوردستانیان نەبردبو، (حەمەدوڵا مستەوفی 740 کۆچی) بۆ یەکەمجار لە پەڕتووکەکەیدا بەناوی نزهە القلوب ناوی کوردستانی هێناوە و سنووری وڵاتەکەشی دیاریکردووە.
دەربارەی ڕوبەری خاکی کوردستان، نووسەر ئاشکرای دەکات لەکۆی (194) وڵات کە ئەندامی ڕەسمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ڕوبەری کوردستان لەهی (164) وڵات زیاترە و لەڕیزی سێیەمین وڵاتی جیهان دەوەستێ. هەروەها دەڵێت نۆزدە وڵاتی بچوکی خاوەن دەوڵەت هەن، بەهەموویان بەقەزا ناوچەی موکریان نابن.
بەپشتبەستن بە بۆچونی هێندێک لەمێژونووسان، نووسەر دەڵێت: وشەی کورد لەگوردەوە هاتووە، واتا چوست و چالاک و ئازا. ئەمەش لەخاڵە بەهێزەکانی کەسایەتی کوردە و توانای داوەتێ خۆی لەبەر چەقی لافاوی داگیرکەراندا ڕاگرێ و نەتوێتەوە. دواتر دێتە سەر باسی زمانی کوردی و دەڵێت: هەرچەند زمانی کوردی لەچاو زمانە زیندوەکانی ئەوروپا، زمانێکی هۆزایەتیی وەرزێری و ئاژەڵدارییە، بەڵام زمانێکی پاراو و لوس و ڕەوان و جوان و چەڵەنگ و پڕمانایە. لەمەیدانی ئەدەب و پەندو حیکمەتدا، بەڕێژەوترین زمانەکانی ئەم سەردەمە دەژمێردرێت.
سەبارەت بەشوێنەوارەکانی کوردستان، نووسەر لەزاری دیکسۆنەوە کە سەروبنی کوردستانی کردووە، دەڵێت: کەم وڵات لەدنیادا پەیدا دەبێ ئەوەندەی کوردستان شوێنەواری وێران و شورە و قەڵای کۆنی لێ بەجێمابێ. کوردستان بۆ دێرینەناسان لەڕاستیدا بەهەشتێکی بەرینە.
کوردستان بەحوکمی پێگە جوگرافیەکەی بەردەوام مەیدانی شەڕو شۆڕی نێوان وڵاتانی زلهێز بووە، ئەفسەری ئەڵمانی ڤۆن مۆڵتکە کە بۆ سەرکوتی بەرخودانی کوردان بەهانای سوپای عوسمانییەوە دێت، دەڵێت: کوردان بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتیان سینگیان دەکەنە قەڵخانی گوللەی دوژمن و سەربەرزانە گیانیان بەخت دەکەن. بەڵام تەنیا داخم ئەوەیە کە کورد لەنێو خۆیاندا یەک نین و لەپێناوی سوودی بێگانە وەکوو گورگی هار وان.
سەدەی بیست: سەدەی نائومێدی کوردان
لەچارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەوڵەتی ئێراق درووستدەکرێت، لەسەر دەستی ئینگلیز خەونی سەربەخۆیی کورد لەچاڵ دەنرێت. لە ئێرانیش کۆتایی بەسەردەمی قاجارەکان دێت و پەهلەوییەکان دێنە دەسەڵات و دەکەونە چەوسانەوەی کوردان. بۆیە نووسەر بەرگی دوەمی پەڕتووکەکەی تایبەت کردووە بەم قۆناغە، لەچوارچێوەی سێ بەشدا باس لەدرووستکردنی دەوڵەتی ئێراق و شۆڕشی شێخ مەحمود و شێخانی بارزان دەکات، لەبەشێکی دیکەدا باس لە ئێرانی سەردەمی قاجارەکان و پەهلەوی و شۆڕشی سمکۆی شکاک و درووستکردنی کۆماری #مەهاباد#و دۆخی ئەوکاتەی ئێران دەکات.
لەم بەرگەدا نووسەر بەدەر لەگێڕانەوەی ڕووداوە مێژوییەکان، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ کەسایەتییەکانیش دەکات، دیارە یەکێک لەکەسایەتییە دیارەکانی ئەو قۆناغەش شێخ مەحمودی مەلیک بوە. لەبارەی کەسایەتی شێخەوە، نووسەر دەڵێت: شێخ مەحمود وێڕای ئەوەی کە لەمێرخاسی و دڵسۆزی و ڕەوشتبەرزی و نیشتمانپەروەریدا بێ هاوتا بو، مخابن لە حکومەتداریدا بێ ئەزموون بو. سەرودەرێکی وای لەکون و کاژێری سیاسەتی ئەو سەردەمە دەرنەدەکرد. شێخ مەحمود یەکەم مرۆڤی کورد بو کە دەوڵەتێکی زلهێزی جیهانی بەڕاست یان بەدرۆ ڕوی تێکردبو موافەقەتی لەگەڵ کردبو، حکومەتێکی کوردی دابمەزرێنێ. هەلێکی سیاسی باشی بۆ ڕەخسابو، بەڵام بۆی نەهاتە بەرهەم. لەجیاتی ئەوەی کار بەکارزانان بسپێرێ و دامودەزگای حکومەتیان پێ ڕێکبخا و نەزم و نیزامێک بۆ ئیدارەکردنی وڵات دابمەزرێنێ، دۆخی سیاسی وڵاتانی براوە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ بکا، چارەنووسی خۆی و حکومەتەکەی زیاتر بەقەزاوقەدەر سپاردبو.. شێخ لەهێزیدا نەبو خەباتی نەتەوەیی کورد لەو تەنگژەیەی تێیدا عاسی ببو دەرباز بکا و گەلی کورد لە کوردستانی باشوور بەمراد بگەیەنێ.
نووسەر لەبارەی کەسایەتی سمکۆی شکاک، دەڵێت: سمکۆ لەقاڵبی ڕێبەرێکی کورددا هەر لەپاڵ خۆیدا پیشی دەخواردەوە، زیاتر هزر و بیرەکەی لەچارەنووسی سیاسی خۆیدا هیلاک و شەکەت کردبو: داخوا ڕۆژێک دێ داخی خۆی بەعەجەمان بڕێژێ و تۆڵە بستێنێ.
بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتی کورد، نووسەر تەنیا بۆچونی خۆی باس ناکات، بەڵکوو لەوبارەیەوە بۆچونی کەسانی دیکەش دەخاتەڕو. لەوبارەیەوە وتەیەکی سیسیل جی ئەدمۆندز لەبارەی کوردی ئێراقەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت: کوردەکانی خوارو بەهاسانی بەگژیەکدا دەکرێن، ئەوان لەبەرانبەر بەهێزتر لەخۆیان هەڵدێن یان خۆ بەدەستەوە دەدەن.. کورد بێجگە لەقودرەت لەهیچ شتێک ناگا، دەبێ بەزەبری زۆرداری ڕامی بکەی... هەر حکومەتێکی ئێراقی کە بیەوێ ڕێز لە خۆی بگرێ، پێویستە حیساب بۆ ئەوە بکا کە نابێ بەهیچ جۆرێک کەرکووک لەسەر کوردستان حیساب بکرێ.
نەوت ئەگەر بۆ هەردو دەوڵەتی ئێران و ئێراق بوبێتە خاڵی بەهێزو دەستکەوت، ئەوا بۆ کورد بوەتە مایەی نەهامەتی. بۆیە نووسەر دەڵێت: ئەگەر باباگوڕگوڕ گڕی نەگرتباو کورد خاوەنی نەوت نەبا، ئینگلیز چ پەکی بەکەرکووک و ئێراقێکی یەکگرتو لەژێر سەروەری عەرەباندا دەکەوت؟ ئەگەر تەماحی نەوت نەیگرتبا هەرگیز بەخاتری دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد بەزمی بە کورد نەدەگرت و وابێڕەحمانە و نامرۆڤانەش دەگژ شێخ مەحمودی حەفیدرانەدەچۆوە.
کورد و چاڵدێران: دیوارێک لەگۆشت و خوێن
بەرگی سێیەمی ئەم پەڕتووکە لەسێ بەش پێکهاتووە، تیایدا باس لەدرستبوون و پێگەی پارتی ژیانەوەی کوردستان ژێکاف و درووستبوونی حیزبی هیوا و حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵی مستەفا بارزانی و ڕوخانی کۆماری مەهاباد دەکات، هەروەها باس لەتایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئاکامی گشتی مەسەلەی کورد لە ماوەی چوار سەدەی (1514- 1914) دەکات.
نووسەر هێما بۆ ئەوە دەکات لە دوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی (1514) ، کە بۆ یەکەمجار کوردستان کرایە هەردو بەشی کوردستانی عوسمانی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی، هەر شەڕێک لەسێ سەد ساڵی دوایی لەنێوان پاشاکانی ئێران و سەڵاتینی عوسمانی قەومابا، لەسەر زەوی کوردستان ڕویاندەدا و لەشکری کوردانیش لەهەرلایەک بان دەبوونە کەواسووری پێش لەشکرەکان. بەقەولی سولێمانی قانونی: دیوارێکی گۆشت و خوێن لەنێوان سەفەوی و عوسمانیەکاندا لەکوردەکان درووستکرابوو.
نووسەر باس لەوەش دەکات لە دوای ڕوخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، سەرکردەکانی کورد بۆ پچڕینی بەشە میراتیان لەئیمپراتۆری عوسمانی بەڕادەی پێویست شارەزا نەبوون. بەدەق دەڵێ: ڕاوێژکاری سیاسی ئەوتۆیان نەبو ڕێنوێنیان بکا و پێیان بسەلمێنێ کە کوردەکان تەنیا لەداڕشتنی پلانێکی سیاسی هاوبەشیانداو بەخۆنزیککردنەوەیان لەستراتیژی دەوڵەتە گەورەکاندا شانسی دامەزاندنی دەوڵەتێکی کوردیان بۆ دەڕەخسێ. لەمەش زیاتر بۆیان نییە لەسەر مەسەلەی ڕزگاری نەتەوەییان بیر لەشتی لاوەکی بکەنەوە و خۆیانی پێوە ماندو بکەن.
بە بۆچونی نووسەر میرەکانی کورد لەپاڵ خاڵە لاوازەکانی نێوخۆییدا، هێندێک خاڵی لاوازی دەرەکیشیان هەبو کە چارەنووسی دوارۆژی ئەوانی دیاری دەکرد، کە بریتی بوون لە: شارەزاییان لەسەر هێزی دوژمن زۆر کەم بو، هەمیشە هێزی دوژمنیان بەکەم دەگرت، سنووری دۆست و دوژمنیان لێ تێکەڵ دەبو، ڕوانگەی جیهانبینی زۆربەی میرانی کورد زۆر لاواز بو، نەیاندەزانی لە چ دەورو زەمانێکدا دەژین، دەوڵەتە گەورەکان کامانەن؟ نفوزیان لەسەر ئێران و عوسمانی و کورد تا کوێیە؟
نووسەر ئەوە ڕوندەکاتەوە کۆی هۆیەکانی شکستی شۆڕش و خەباتی نەتەوەیی لە کوردستان هەموی ناگەڕێتەوە سەر ڕۆڵی مێژویی ڕێبەرەکانیان، بەڵکوو هەر سێ عامیلی: هەڵکەوتی جوگرافیایی و سرووشتی شاخاویی کوردستان و ناتەبایی وەزعیەتی ستراتیژی کوردستان، چەرخی کارەساتی مێژوی کوردستانیان بەزیانی خەڵکی کوردستان خولاندۆتەوە. بۆیە دەڵێتدەبێ لەوە دڵنیابین ئەگەر بەشێکی خاکی کوردستان بەلێواری دەریای ئازادە وە نووسابا، هەرگیز داستانی ژیانی سیاسی کوردەکان ئەو وەزعەی نەدەبو کە ئێستا تێیدا دەژی.
کورد لەشەرەفخانەوە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی
کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا نەبووە خاوەنی دەوڵەت و بووە نەتەوەی ژێردەست، لەبەرانبەردا نەتەوەکانی فارس و عەرەب و تورک بوونە خاوەن دەوڵەت و نەتەوەی سەردەست. نووسەر لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەیەکی واڵکەر کۆنێر کە لەسەر (132) دەوڵەتی نەتەوەیی ئەنجامیدابو، کە تیایدا بە و ئاکامە گەیشتبو کە تەنیا (12) دەوڵەتی نەتەوەیی لەباری قەومیەوە یەکدەست و یەکڕەنگن، ئەوانیتر تێکڕا دەوڵەتی نەتەوەیی نەگونجاون. تەنانەت لە (39) وڵاتدا پڕنفوزترین بەشی قەومیان لە (50%) ی نفوسی وڵاتەکەشیان کەمترن، زۆربەی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانە فرە قەومین و لەحاڵەتی ئاشتی یان شەڕدا پێکەوە دەژین.
نووسەر دەڵێت: ڕووداوەکانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ئەوەیان سەلماند زۆربەی ئەو نەتەوانەی تەنیا بەسیاسەت درووستبوون، بەڵام خاوەن ڕەگەزی ڕەسەنی نەتەوەیی نین و لەباری ویسعەتی خاک و نفوس و هەستی نەتەوایەتییەوە لاوازن، زۆر زەحمەتە بتوانن تاسەر لەبەرانبەر کێشە نێوخۆییەکان و داکۆکی لە نەتەوە و خاکیاندا خۆڕاگرو سەرکەوتو بمێننەوە.
لە کۆتایی پەڕتووکەکەیدا، نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ بۆچونێکی مێژونووسی ناوداری کورد شەرەفخانی بەدلیسی، کە پەنجە بۆ هێندێک خاڵی لاوازی کوردان ڕادەکێشێ و دەڵێت: کوردەکان پێیانوایە ئەگەر بیر لەدوارۆژی خۆیان بکەنەوە ترسنۆک دەبن، بۆیە هەرگیز بیر لەدوارۆژیان ناکەنەوە... هەر کەس بیر لەسەربەرزی خۆی دەکاتەوە، بەتێکڕایی بیر لەسەربەرزی تێکڕایی یەک ناکەن و پشتی یەکتریی ناگرن و نابنە یەک... داگیرکەری کوردستان هەرکێ بوبێ هەرکاتێک دەستی بۆ ئەم ئاگرە بێ ئەمانە درێژکردووە هەر پەشیمان بۆتەوە، دوای داگیرکردنیشی چاری نەبووە و هەر بەخاوەنی پێشوی ئەسپاردۆتەوە.
هەروەها کلۆدیۆس جیمس ڕیچ لەزاری یەکێک لەبابانەکان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: بێت و دوبەرەکی و ناکۆکی بنەماڵەیی لەنێوان سەرۆکەکانمان هەڵگیرێ، نە تورک و نە ئێرانی ناتوانن بەسەرماندا زاڵ بن.. لەڕاستیدا ئێمەی کورد درەنگ تێدەگەین.[1]