ناونیشانی بابەت: ڕانانێک بۆ پەڕتووکی فەلسەفەی کانت لەنێوان سپینۆزا و هیگڵ-دا
ڕانانێک بۆ پەڕتووکی فەلسەفەی کانت لەنێوان سپینۆزا و هیگڵ-دا لە نووسینی نەوزاد جەمال-ە.
کۆکردنەوەی سێ گەورە فەیلەسوف لە نووسینێکدا کارێکی ئاسان و بێئاڵۆزیی نییە، بەتایبەتیش لەنێو زمانی کوردیدا. چونکە، لە مێژووی فەلسەفەدا ئەو سێ ناوە بە کاریگەریی و وەرچەرخانێک لە بیری فەلسەفییدا دەناسرێنەوە. جێپەنجەی هەر یەکەیان لە پرسیارو وروژاندنی بابەتی هەستیار و پەیوەندیدار بە بواری ئایین، ئاکار و زانین و سیاسەتەوە، لە سەردەمی خۆیان و داوتریش جێی مشتموڕبووە. ڕەخنەکردنی بیری ئایینی/میتافیزیکی لای سپینۆزا بووە هۆی ئەوەی لای هاوئاییندارەکانی کەسێتی ڕووناکبیری تیرۆری بکرێت و لە جڤاکەکەی خۆی وەدەربنرێت. لێکدانەوەکانیشی لە بارەی سیاسەت و تیۆلۆجیا و فەلسەفەوە هەڵایەکی خستەوە کە تا سەردەمی کانت درێژەی هەبوو. هەروەها، بە جۆرێک دووچاری ناوزڕاندن و بەدلێکدانەوەو خراپ حاڵیبوون لەدەقەکان و بۆچوونەکانی بەسەر بەرەی نەیار- دژبەرو دۆست و هەوادارانیدا دابەشب بێت. لەوێوە 'سپینۆزایی' بوون کرایە نەیاری ئایین و بێباوەڕی.
بەڵام، ئەو ڕووداوە بە جۆرێک بووە وانەیەک بۆ 'کانت' کە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سپینۆزادا لە هەندێک جێی دەقەکانیدا بکەوێتەگفتوگۆ و ڕەخنەکردنی. کاریگەریی کانت لە سۆنگە ڕەخنەییەکەوە جیێپەنجە لەسەر کۆی فەلسەفە بەجێدەهێڵێت و لە سێ بەرهەمی سەرەکی ڕەخنەییدا (ڕەخنەی ژیری پەتی، ڕەخنەی ژیری پراکتیک و ژیری بڕیاردان) ڕەنگدەداتەوە. کانت دەیەوێت سپینۆزا تێپەڕێنێت و خۆسی لە فەیلەسوفەکانی پێشخۆی دابڕێت. بۆیە، کارەکەی بە شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسانە لە فەلسەفەدا دادەنرێت. بەڵام پاش مەرگی کانت، کایەی فەلسەفە بە جۆرێک دووچاری تەنگەژەی کولتوری و سیاسی دەبێت بە جۆرێک مەیلی گەڕانەوە بۆ سپینۆزا سەرهەڵدەداتەوە و مشتومڕێکییتر لە ئەڵمانیادا سەرهەڵدەداتەوە. لەم بەستێنەشدا فەلسەفەی هیگڵ وەک ناوێکی ناسراو هەژموونی بەسەر فەلسەفەی ئایدیالیزمدا بەدەردەکەوێت. هیگڵ دەیەوێت ئەو کێشەفەلسەفیانەی لای کانت بەکراوەیی و نەبڕێنراوەیی ماونەتەوە و چارەسەربکات. لێرەوە، خۆی وەک ئەلتەرناتیڤی کانت دەنوێنێت و ڕەخنەش لە کانت دەگرێت.
لێرەوە، توێژەر دەیەوێت لەسۆنگەی 'کانت'ەوە، ڕەخنەکانی هیگڵ شرۆڤەو ڕەخنەبکات. بۆیە، خوێندنەوەو شرۆڤەکردنی فەلسەفەی ڕەخنەیی کانت لەنێوان دووجەمسەری فەلسەفیدا کە 'سپینۆزا و هیگڵ'ە، جۆرێک لەئالێنگاری توێژینەوەی لێکدەوێتەوە. چونکە، توانای ڕاڤەیەکی نوێ بۆ کانت دەخاتە ئەستۆی توێژەر. شاراوەنییە کە کارو توێژینەوەی فرەجۆر لەسەر هەریەک لەو سێ فەیلەسوفە مەزنەکراوە. بەڵام، کۆکردنەوەی ئەو سێ فەیلەسوفەو بەمیتۆدێکی شرۆڤەیی بەراوردکاریی، تیشکێیکی نوێ دەخاتەسەر ئەو مشتومڕەی لەو فەیلەسوفانە کەوتۆتەوە. ئامانجیش، ئاشناکردنی خوێنەری کوردە بە هەندێک لایەنی فەلسەفیی ئەو بابەتە. [1]