ناونیشانی بابەت: لەبارەی پەڕتووکی (کورد لەر) ەوە.. (دۆزینەوەی ساختەکارییەکی گەورەی مێژوویی دەرهەق بە کورد)
ئامادەکردن: جەواد خەلیل
لە ساڵی 1918 لە ئەستەنبوڵ پەڕتووکێک لەسەر کورد بە زمانی تورکی عوسمانی بڵاودەکرێتەوە، بە ناونیشانی (کردلر: تاريخی و اجتماعی تدقیقات) واتا (کوردەکان:خوێندنەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) و لەسەر بەرگی پەڕتووکەکەیش نووسراوە: (نووسەری ئەم پەڕتووکە ( دکتۆر فریچ) ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانییە لە ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتیی لە بەرلین و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ کاروباری عەشایەر و کۆچەران/ سەربە #وەزارەتی ناوخۆ#ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی عوسمانی) . لە ساڵی 2014 ئەم پەڕتووکە جارێکی تر لە تورکیا بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی تورکی نوێ. ئەوەی جێی سەرنجە لە هیچ کامێک لەو چاپێلا ناوی وەڕگێڕ نەنووسراوە و تەنیا ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە نووسراوە!
✮ دکتۆر فریچ کێیە؟
ئەو کەسەی ناوی لەسەربەرگی ئەو پەڕتووکە نووسراوە و گوایە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانیە و ناوی (دکتۆر فریچ) ە، لە ڕاستیدا نە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەڵمان و نە لە ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتی بەرلین پەڕتووکێکی لەو جۆرەو نووسەرێک بەو ناوەوە هەبووە و تێکڕای ئەمانە درۆ و هەڵبەستراوی کەسێکی دیکەن، کە بە پلان و بە مەبەست پەنای بۆ ئەم ناوە ساختەیە بردووە.
✮ هەڵوێستی ڕۆشنبیر و منەوەرانی کورد لەسەر ئەم پەڕتووکە چی بوو؟
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم پەڕتووکە، ڕۆشنبیر و خوێندەوار و منەوەرانی کوردی ئەو سەردەمە کە ئاگایان لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەڕتووکە بوو، لەبری ڕەخنەلێگرتن و دۆزینەوەی مەبەستە سەرەکیەکەی پشت ئەم پەڕتووکە، کەوتنە پێداهەڵدان و ئاماژەکردن پێی وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ لەسەر کورد.
(کامەران بەدرخان) یەکێک بوو لەوانەی زۆر بە گرنگییەوە باسی دەکرد، بەو پێیەی یەکەمین جار بوو لەلایەن دەزگایەکی فەرمی دەوڵەتی عوسمانییەوە پەڕتووکێک بە تایبەتی لەسەر کورد بنووسرێت!
مێژوونووسی ناسراوی کورد (محەمەد ئەمین زەکی بەگ) یش لە پەڕتووکە بەناوبانگەکەی خۆیدا (خوڵاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان) ئاماژەی بەم پەڕتووکە و نووسەرەکەیشی کردووە و سوودی لێ وەرگرتووە، ئەمە جگە لەوەی (دکتۆر فریچ) ی بە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانی ناوبردووە کە گرنگی بە مێژووی کورد داوە و تەنانەت لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەی (محەمەد عەلی عەونی) دا ئەم ڕۆژهەڵاتناسە ساختە و درووستکراوە بە عەلامە ناوی بردراوە!
✮ کەواتە ئەگەر دکتۆر ڤریج بوونی نەبووە لە ڕاستیدا، ئەی کێ ئەم پەڕتووکەی نووسیوە و بۆچی نووسیویەتی؟
ئەم پەڕتووکە لەلایەن کابرایەکی ئەلبانییەوە نووسراوە بە ناوی (ناجی ئیسماعیل) کە لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا وەکوو وەرگێڕ کاری کردووە، ئەو خۆی لە یەکێک لە پەڕتووکەکانیدا و دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 12 پەڕتووکی نووسیوە و نەیوێراوە ناوی خۆی بنووسێ و ناچار بووە کە ناوی ئەوروپییەکان بخاتە سەر بەرگەکەی و وایدابنێ کە ئەوانە ڕۆژهەڵاتناسەکان نووسیویانن و ئەمیش وەرگێڕانی بۆ کردووە، تەنانەت لەوانەیشی کە دەبووا ناوی وەرگێڕی لەسەر دابنرایە بە ناوی خوازراوی (هابیل ئادەم) ەوە بڵاوی دەکردنەوە.
✮ ناجی ئیسماعیل (هابیل ئادەم) بیانووی بۆ ئەم کارەی دوو هۆکاری سەرەکی بووە، کە خۆی دانی پێدا ناوە و دەڵێت:
یەکەم: ئەگەر وام نەکردایە، دەوڵەتی عوسمانی بیروڕاکانی منیان قبووڵ نەدەبوو، ڕێگەیان بە بڵاوکردنەوەی نەدەدا، بەڵام کە دەیانزانی هی ڕۆژهەڵاتناسەکانە ڕێگایان پێ دەدام وەکوو وەرگێڕان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە هەمان بیروڕا بڵاوبکەمەوە.
دووەم: بەم ڕێگایە خۆمم لە لێپرسینەوەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی دەپاراست و نەیاندەتوانی لەسەر بۆچوونەکانم سزام بدەن چونکە ئەوە قسەی ڕۆژهەڵاتناسەکانە و من تەنیا وەرم گێڕاوە.
ناجی ئیسماعیل یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی کە لەپێناوی بە دەستخستنی پارەیەکی زۆر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ خەڵک و ڕای گشتی بە هەڵەدا بردووە و فریوی داون، یەکێکیشە لەو کەسانەی برەوێکی زۆری بە تێزی تورک بۆ مێژوو داوە.
ناجی زۆر کاری ساختەکردنی دیکەی ئەنجامداوە و دوای کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆر لە ئەستەنبوڵەوە سەرپەرشتی گرووپێکی دوانزە کەسی کردووە کە لە بری خۆی هەستاون بە گۆڕینی ڕاستییە مێژووییەکان و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەیشی خستۆتە ژێر هەژموونی خۆیەوە.
✮ ناجی ئیسماعیل (هبیل ئادەم) پەڕتووکەکەی چۆن نووسیوە و باسی چی کردووە؟
ئەم نووسەرە ساختەکارە، بەشی هەرە زۆری زانیارییەکانی نێو پەڕتووکەکەی لە (شەرەفنامە) ی (شەرەفخانی بەدلیسی) ەوە وەرگرتووە و لە فارسیەوە وەریگێڕاونەتە سەر کوردی و ئەو بەشانەشی کە تایبەتن بە ڕەچەڵەکی کورد بە پشت بەستن بە سیاسەتی ئیتیحادییەکان و بە تورکیکردنی هەموو شتێک، هەوڵیداوە بیسەلمێنێ کە نەتەوەیەک نییە لەسەر زەوی بە ناوی کورد و تەنانەت زمانەکەشیان زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو تەنیا 300 وشەیان هەیە و گرێدراوی زمانی تورکین.
ناجی ئیسماعیل لەم پەڕتووکەدا بە شێوازێکی زۆر دوژمنکارانە دژی کلتور و ژیان و بیرکردنەوەی ئینسانی کورد دەنووسێت و دەیەوێ لە ڕێیەوە شوناس و شکۆی کورد تێک بشکێنێ و حاشا لە بوونیشیان بکات، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دەبینین چۆن دەوڵەتێکی وەکوو تورکیا بە درێژایی چەندین دەیە ئەم پەڕتووکەی کردۆتە نەخشەڕێگای خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد و خزمەتکردنی سیاسەتی بەتورک کردنی هەموو شتێک و لە ڕێی ئەم پەڕتووکەوە لە کورد و ڕەچەڵەک و زمانەکەی ڕوانیوە.
✮ دوای سەدەیەک ڕاستکردنەوە و ئاشکرابوون..!
ئەم پەڕتووکە لەم دواییانەدا لەلایەن چەند لێکۆڵەرێکەوە ساختەبوونەکەی ئاشکراکرا، بەڵام بۆ ئێمەی کورد هێشتا هەر پەڕتووکێکی ڕاستەقینە بوو، خۆشبەختانە (دکتۆر جەبارقادر) لە نوێترین پەڕتووکیدا بە ناونیشانی (کردلەری دکتۆرفریچ.پەڕتووکێکی هەڵبەستراو و نووسەرێکی خەیاڵکرد) کە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لەو پەڕتووکە هەڵبەستراوە، پەردە لەسەر ئەو درۆ لە مێژینەیەی تورک هەڵدەماڵێ و ئەو ساختەکارییە مێژووییە ئاشکرا دەکا و ساغی دەکاتەوە. ئەمەی دکتۆر کردوویەتی کارێکی ئێجگار مەزنە، خۆزگە لێکۆڵەران و مێژوونووسانی دیکەی کورد هەندێک بەرهەمی دیکەی وەهایان دەبوو، مێژووی ئێمە پڕە لە ساختەکاری و زۆریشی لەلایەن نەتەوە دراوسێکانمانەوە نووسراون و بە تەواوی ڕاستییەکانیان شێواندووە و ئێمەش وەکوو خۆی وەرمان گرتوون. [1]