ناونیشانی بابەت: پەروەردەی سەردەم و هەنگاوی ژیرانە
ئامادەکردن و نووسین: #لەیلا بەرزنجی#
پەروەردەی سەردەم بە مانا گشتگیرەکەی تێکهەڵکێشە لەگەڵ ئەم واقیعەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردەواری، کە تیایدا بتوانی تاکێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵی کوردەواریدا پێبگات، لەگەڵ گەشەپێدان بە لایەنی جوانی و مرۆڤدۆستی کە تاکێکێ ئازاد و، ئازا و سەربەخۆ و دیموکرات بەرهەم بهێنێ؛ بڕوای تەواوی بەخۆشەویستیی نیشتمان هەبێت و لە چوارچێوەی پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤدا دادپەرەوەر بێت؛ لە بواری فێربوونیشەوە ڕووەو زانستەکانی سەردەم هەنگاو بنێ؛ پەروەردەیەکی ڕێکوپێک دەبێتە بەردی بناغەی پێگەیاندنی خوێندکارێکی بێوەی. لە یادیشت نەچێت پەروەردە لە گۆڕاندایە وەکچۆن سەردەم دەگۆڕێت؛ ئامانجی هەموو پەروەردەکارانە کە قوتابی فێر ببێت و، ببێتە کەسێکی کامڵ و پێگەیشتوو، بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە درووستکردن و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ساغ و بێوەی، چونکە هەر ئەو منداڵەیە لە جومگەکانی تردا خۆی دەبینێتەوە و، خزمەت دەکات، ئەگەرهاتو بە شێوەیەکی پەروەردەییانە پەروەردە کرا، ئەوا سەرکەوتوو دەبێت لە ئەرک و کارەکەیدا.
بە بڕوای من ئەم پەروەردەیە کاتێک دێتە بەرهەم کە لە هەموو لایەکەوە هەست بەم بەرپرسیاریەتییە بکرێ، ئەوانیش کە پێک هاتوون لە خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگە، چونکە تەنیا بە لایەنێکی دیاریکراو نابێت و ناکرێ، ئەگەرهاتو خەمساردی و کەمتەرخەمیەک لەلایەنێکدا هەبوو، ئامانجەکە بە تەواوەتی نایەتە دی.
نووسەر دەڵێت لەنێو پێکهاتەی ئەم پەروەردەیەدا دەبێ ئێمە لەسەر بنەمای فکری پەروەردەیی کارەکانمان دابڕێژین، ئەم فکرە پەروەردەییە کە دەبێ ژیرانە و ساغ و بێوەی بێ، ئاڕاستەی کارکردنمان بۆ دەستنیشان دەکات، کە سیما و سرووشتی ئەو پەروەردەیە دیاری دەکەن، لە لایەکی تریشەوە پێویستە کار لەسەر دوو پرنسیپ بکرێ کە بەرهەمهێنانەوەی زانست و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی واقیعە.
کاتێک کارەکانمان بە شێوەیەک داڕشت ئەوا دەتوانین قوتابی بە جۆرێک پەروەردە بکەین کە بتوانێ و بوێرێ بیروبۆچونی دەرببڕێ، لە هەمانکاتدا لە کارەکانیدا داهێنان بکات و، پرسیار بکات؛ توانای بەدواداچوونی هەبێت بۆ گەیشتن بە وەڵام؛ هەروەها بە دوای زانستدا بگەڕێت لێکۆڵینەوە بکات لەو لایەنانەی کە جەخت دەکەن لەسەر پەروەردەی سەردەم، بە بەکارهێنانێ تەکنەلۆژیا و ئامرازی پێشکەوتوو.
هەرچەندە تاڕادەیەک پەروەردکاران خۆیان بەدوور دەگرن لە قوتابی بۆ ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەیان دەکەن، یاخود بە شێوەیەک وەڵامیان دەدەنەوە کە نەتوانن پێش بکەون و، پرسیاری تر بکەن و، گۆڕانکاریی بهێننە ئاراوە لە ژینگەی قوتابخانەدا؛ ئەگەر ئاوڕ لە پەروەردەی هاوچەرخ بدەینەوە دەبینن هەموو لایەنەکانی ژیان لەناو پەڕتووکەکاندا جێگای خۆیان کردۆتەوە و، کاریان لەسەر دەکرێ و، هەرکاتێک مامۆستا بە گرنگ ئەم بابەتەی وەرگرت دەتوانێ قوتابی ئاڕاستە بکات بۆ ژینگەیەکی ساغ و بێوەی، لە ڕێگای شێوازی وانەوتنەوەوە، بەو شێوازەی پێویستە و مەبەستەیەتی، بیگۆڕێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە ئەو ڕەفتارەی کە فێری بووە، لە هەڵسوکەوتیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوەی جێگای دەست خۆشیە خێزانەکان تاڕادەیەک گرنگی بە منداڵیان دەدەن و هەوڵ دەدەن هاوکاری مامۆستا و کارگێڕی قوتابخانە بن بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو؛ بە ئەرکی خۆیانی دەزانن لە کێشە و گۆڕانکاری ئاگادار ببنەوە و، هاریکار بن.
پەروەردەی ساغ و بێوەی، کۆمەڵێک بنەمای هەیە کە پێویستە وەزارەتی پەروەردە دەستەبەری بکات؛ لەوانە دابینکردنی باڵەخانەی پێویست، واتە یەکدەوامە؛ ئێستا ژمارەی باڵەخانە بە گوێرەی پێویست نییە، ئەمەش وادەکات قوتابیەکی زۆر دابەشی سەر پۆلەکان ببن، لە کاتێکدا، پۆل لە بیست (20) قوتابی زیاتری نابێ لێ بێ. پێداویستیی تریشی تێدا بێت؛ وەک: تاقیگە و ژووری هونەر و میوزیک و ژووری وەرزش؛ لەگەڵ ئەوەشدا فێنککەرەوە و گەرمکەرەوە دابین بکرێ بۆ قوتابییان؛ کەش و ژینگەی قوتابخانە بە جۆرێک بێت هەتا قوتابی ئەو ماوەی هەیەتی ئاسوودە بێت و، لای گرنگ بێت ڕۆژەکانی تری.
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە پەڕتووکی (قوتابخانەکان ڕوویان لە قیبلە نییە) کەی (فایەق سەعید) وەرگرتووە. [1]