ناونیشانی بابەت: کەسایەتی تاکی عێراقی
ئامادەکردن: شەماڵ بارەوانی
کەسایەتی تاکی ئێراقی، پەڕتووکێکی کۆمەڵناس و مێژوونووسی ناوداری ئێراقی دکتۆر عەلی وەردی (1913-1995) یە.
سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، من وەکوو کوردێک هەرگیز خۆم بەئێراقی دانانێم و یەک ڕۆژیش ئنتیمام بۆ ئەو وڵاتە نەبووەوناشبێت کەپێی دەڵێن ئێراق، چونکو وڵاتی من نییە، وڵاتێک بەزۆر منیان پێوە لکاندووەو لەسەر حیسابی خاک و حوێنی من ڕۆنراوە، بۆیە من وەکوو مرۆڤێک و کورێک دەڵێم ئەوە وڵاتی ئێمە نییەو بەزۆر بەو وڵاتەوە لکێندراوین ، ئێمەش مافی خۆمانە کیان و دەوڵەتی خۆمان هەبێت و چیتر لەستەم و مامەڵەی دەمارگیریانەو داگیرکەریانەی عەرەبە شۆڤێنیەکان و لەئەنفالکردن و کۆکۆژی و پڕۆسەی بەعەرەبکردنکردن ڕزگارمان بێت، عەلی وەردیش کە ئەو پەڕتووکەکەی نووسیوە، هەڵبەت کوردیشی لەو چوارچێوەیەی ئێراقدا حیسابکردووە، دوور لە ئێراقی بوون و حاشا لە ئێراقی بوون، من وەکوو کورد و کوردستانی بوون، لەئەزموونی ژیانی ڕۆژانەمدا، لە زانکۆ، لەبازاڕ، لەسەرکار، لەزۆرشوێنیتر ڕووبەڕووی دەیان و سەتان تاکی کوردیش بوومەتەوە، کە تۆی ئەو دووڕوویی و دەبڵ مۆڕاڵیەی تێدابووە، کەوەردی سەبارەت بەتاکی ئێراقی باسی لێوەدەکات.
ئینجا بابێینەوە سەرپەڕتووکەکە، کەسایەتی تاکی ئێراقی، پەڕتووکێکی قەبارە بچوکەو خوێنەری جدی دەتوانێت بەدانیشتنێک بیخوێنێتەوە، عەلی وەردی لەبەشی یەکەمی پەڕتووکەکەدا، باس لە چییەتی و پێناسەی کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ بەگشتی دەکات، و لەبەشی دووەمیشدا لە دووفاقیەتی کەسایەتی تاکی ئێراقی و کومەڵی ئێراقی دەدوێت و بەناو شادەمارەکانی کەسایەتی تاکی ئێراقیدا گۆزەردەکات و دەیخوێنێتەوە.
هەرچەند نووسەر بەپێی میتۆدێکی زانستی و لەژێرتیشکی زانستی کۆمەڵناسیدا.کەسایەتی تاکی ئێراقی هەڵدەسەنگێنێت و خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆگیانەو زانستیانەو
شیکاریەکی لۆژیکی و سایکۆلۆجیانە، بۆتاک دەکات و لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی دەدوێت، وەلێ ڕەنگە لە هەندێک لەخوێندنەوەو قسەلەسەرکردنەکانی نەیپێکابێت و بەتەواوی و قوڵی لێکۆڵینەوەی لەسەر تەواوی تەوەرەکە نەکردبێت، بۆ نموونە (لادانی سێکسی-هاوڕەگەزخوازی) کە ئەو بەڕەهایی بە شتێکی دەسخراو-اکتسابی) دەزانێت. بەڵام زانست ئێستا شتێکیتر دەڵێت و هەستی هاوڕەگەزخوازی بەو ڕەهاییەی عەلی وەردی و بەتەنیا بەدەسخراوی دانانێت و وەکوو عەلی وەردیش هۆکارەکەیشی بۆ نائامادەیی ژن و لێک جیاکردنەوەی هەردووک ڕەگەز و دوورخستنەوەیان لە کۆمەڵدا لەیەکتری دانانێت، ڕەنگ بێت ئەو هۆکارە بۆ درووستبوونی هاوڕەگەزبازی زور ڕاست و لەجێ بێت و هۆکارێک بێت بۆ ئەو هاوڕەگەزبازیەی باسی دەکات، بەڵام ئەوە هەموو هۆکارو مافیقەتەکەنییە، بەڵکوو زانست شتێکیترمان پێدەڵێت هاوڕەگەزخوازی بەسرووشتی دەزانێت و پاڵنەرەکەی و مافیقەتەکەی بۆهۆرمۆنات و جینات دەگەڕێنێتەوە، بۆیە ئەوە لادانە سێکسیەی عەلی وەردی باسی دەکات، هاوڕەگەزبازیە، نەک هاوڕەگەزخوازی ، لەنێوان بازو خوازیش جیاوازی زۆرەو خوێنەر خۆی دەتوانێت بچێت زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بخوێنێتەوە.بۆ دووفاقی تاکی ئێراقی و کۆمەڵی ئێراقیش.
هەرچەند وەکوو (مەودو جەبار) ی وەرگێڕی پەڕتووکەکە دەڵێت (ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کەم تازۆر کۆمەڵگە گەلی هاوشێوەن، لەڕووی بوونیادەکانی کۆمەڵگەو کولتووری گشتی و ڕەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە لەیەکەوە نزیکن..) و ڕاستە، عەلی وەردی بەشێوەیەکی تایبەتی باسی کەسایەتی تاکی ئێراقی و کۆمەڵی ئێراقی دەکات، ئەو ئێراقەی هەر لە سەردەمی ئیسلامدا، خەڵەکەکەی بەخەڵکی“شیقاق و نیفاق“ ناویان بەناوبوو.. هەندێک وێژەوان و بیریارو ئەندێشەمەندی لەنموونەی جاحیز هەوڵیانداوەو نووسیویانە ، بزان بۆچی خەڵکی ئێراق ئەهلی شیقاق و نیفاقن؟ بۆچی دەبێت هەندیک سەرکردە بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش و یاخی بوون هەڵێن، کەچی لەدەمژمێر سفردا پشتی بەردەن و پشتی تێبکەن و دووفاقی بنوێنن؟!
وەلێ ئەو دووفاقیەتە تەنیا تایبەت نییە بەکۆمەڵی ئێراقی و ، (دووڕوویی دیاردەیەکی کۆنەو هەر لە ڕۆژی بەرێ، سەرەتای بوونی مرۆڤەوەهەبووە) و کۆمەلانیترو لەنێوشیاندا کۆمەڵە بەعەرەبیکراو عەرەبییەکانیش گیرۆدەی هەمان دەردن و تەنانەت وەکوو وەردی ئاماژەی بۆدەکات زانایانی کۆمەڵناسی بۆ ئەوە دەچن کە هیچ کۆمەڵێکی هاوچەرخیش نییە کە-زۆر تا کەم- ئەم دووفاقیەتەی تێدا نەبێت و تەنیا کۆمەڵگە سەرەتاییەکان وکۆمەڵە داخراوەکان نەبن، بەهۆی ئەوەی کە یەک سیستەمی بەهایی تیایاندا زاڵاو زۆڵاڵە.) شتێکی دیکەیان تێدا نییە، بۆیە لەو یاسایە بەدەرن، ئەو ئزدیواجیەتەی لەو شوێنانەی لەلایەک وەعزو وتاری ئایینی تێدا دەخوێنرێتەوەو لەلایەکەیتر بەها خێڵەکییەکانیان تێیدا زاڵ و زووڵاڵە.دەگات بە لوتکەو چڵەپۆپەی خۆی،
وەردی پێمان دەڵێت: هەرشارێک پیاوانی ئایینی زیاتر بێت، ڕێژەی ئەو دووڕوویییەیش زیاتر دەبێت، چونکە خەڵکی لەو شارەدا ناچار دەبن لەدیوێکەوە دینی و لەدیوێکیتر دیکەشەوە دنیایی بن) .
وەردی پێمان دەڵێت لەسەر ڕووی زەوی کەسێک نابینیتەوە کە بەتەواوەتی خۆی لەلایەنگری و موجامەلەو ڕووپامایی داماڵیبێت.. گەر هەشبێت ئەوە دەبێت ئەو کەسە خۆی بەتەنیا و دوور لەخەڵک و ئەوانیترو لە جیهانە تایبەتەکەی خۆی بژی و پشووی خۆی بدات و ئەرخەیان بێت.
لەو کۆمەڵانەی ( دەتوانین بڵێین کە دوو فاقی ئاگایانە بەڕێژەیەکی جیاواز لە هەموو کەسێکداهەیە. مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا دەژی و هەوڵی ئەوە دەدات خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا ڕابێنێت و پێ بەپێی دۆخەکە بڕوات. ناچارە لایەنێک بگرێت و خۆی لە هەندێک شت بپارێزێت.. کەسێک) .
لەو کۆمەڵانەی ( ئەو جۆرە دووفاقییە لەئەنجامی پاڵەپەستۆی دوو سیستەمی بەهایی دژیەکی کۆمەڵگە بۆ سەر تاک درووست دەبێت. ئیدی تاک تاوێک پۆشاکی ئەمیان لەبەردەکات و تاوی دواتر پۆشاکی ئەوی دیکەیان.) و دەمێک بە زمانی ئەو قسه دەکات و دەمێکیتر بە زمانی ئەوەکەیترو گاهێک خۆی بەشێوەی ئەمیان نمایش دەکات و گاهێک بە هی ئەوەکەیتر!
ئەو ئزدیواجیەتەی تێکەڵ بەهەست و (لاشعور) نەستەکی و ڕۆحی تاکەکان بووە، ئزدیواجیەت لەفیکرد و بڕیارو هەڵسوکەوتدا، لەپەرستش و بێ دینیماندا، لەکڕین و فرۆشتندا.لەگریان و پێکەنیندا. لەماڵەوەو چونەدەرەوەماندا، لە هەموو شتیک و لە هەموو شوێنێک، لەسەرشەقام، لەبازار، سەرکار، لەچێشتخانەو یاریگا..تاد.
کەسایەتی تاکی ئێراقی، پێماندەڵێت تاکی ئێراقی دووچاری دوورکەتبوون و دوالیزم بوونی کەسایەتی بوون هاتووە، ئەو دەردو دەبڵ مۆڕاڵی و پارادۆکسەی تاک گیرۆدەی دەبێت و دەبێت بە بەشێک لەپێکهاتەی سایکۆلۆجی کەسەکە، تاکێک، تاوێک کەسێکەو تاوێکیتر دەبێتەکەسێکی ترو بیری دەچێت پێشووتر چی بووە، جاری وایە لەدووش تێپەڕدەبێت و لەبری (دووفاقیی کەسایەتی) ، پێی دەگوترێت (کەرتبوونی کەسایەتی) .کەسێک بەردوو سیستەمی بەهایی پێچەوانەو جیاوازی بەهایی کەوتووەو تاوێک بەپێی بەهاکانی ئەم دەجوڵێتەوەو ڕەفتاردەکات و تاوێک بەویتریان، بەڕۆژ شتێک و بەشەو شتێکیترە، لەڕوو فریشتەو لە پشت پەردە ئەهریمەن، تاکێک، لەگەڵ چوارژن جوت دەبێت ئاساییە بەلایەوە، باوەڕی دەرزنێک کەنیزه هەیە بۆ ڕابواردن، کەچی خۆشەویستی نێوان کچێک و کوڕێک بەتابوو و تاوان ئەژماردەکات، مەی دەخواتەوەو گۆشتی بەراز بەکفر دەزانێت، بە ڕوکەش ئیمۆیە، لە عەقڵیەتی و بیکردنەوەدا فێندەمێنتالیستێکی تەمام عەیارە، لەئاشکراییدا دەبێت بە پۆلیسی ئەخلاق و ڕێگری لە ئازادییەکانی تاک دەکات و دەست لەورد و درشتی ژیانی ئەوانیتر وەردەدات و دەچێتە ناو تایبەتمەندی مرۆڤەکان، کەچی لەپەنهان و لەژێرەوە، هەموو شتێک ڕەواو حەڵاڵە بۆخۆی! تاکێک خۆی بە فانیلەی عەلاگەو شۆرتی سێ چۆارەگ دەسوڕێتەوە، خۆشکەکەی نابێت تاڵەقژێکی بەدەرەوەبێت، لەمامەڵە بازرگانی بەگیرفانی خەڵکەوە دەکات و قۆڵی کڕیاردەبڕێت، لەپەرستگادا، لەڕیزی یەکەمی نوێژخوێنانە، تاکێک لەسەر خوانی موعاویە نان دەخوات و لە پشت عەلیش نوێژ ئەنجام دەدات، ساعەتون لیڕەبی و ساعەتون لیقەلبی پێڕەو دەکات، لێرە باس لە پێکەوەژیان وپلۆرالیەتی ئایینی دەکات و لەولا تۆی دەمارگیری و ڕق لە دژی پەیڕەوان و شوێنکەوتەی ئایین و مەزهەبەکانی تر بڵاو دەکاتەوە، تاکێک وەکوو گوتراوە دەیەوێت وەکوو کەسێکی سەردەمی ئێستا بژیت و سەحابیانەیش بیربکاتەوە، لە هەموو خەڵک کەمتر بەلای ئاییندادەچێت و دەست بە ئایینەوە دەگرێت ، کەچی لە هەمووان زیاتر تێکەڵ به کێشە و ململانێ تائیفی و مەزهەبی و ئایینیەکان دەبێت و ، لە لایەک دەبینیت زۆرترین ڕۆچوونی لەبارەی مەزهەبگەراییەوە هەیە، تایەفەگەری و مەزهەبگەراییش دەکات، دەبینیت لەلایەکەیترەوە مولحیدو خوانەناسە، یانی وەردی وتەنی دەماری بۆ شتێک هەڵدەسێنێت کە بڕوای پێی نییەو جگە لە دووڕوویییەک چیتر نییە!
تاکێک ئامۆژگاریی خەڵکی دەکات و خۆی گۆی بۆ ئامۆژگاریەکەی خۆی ناگرێت، تاکێک لە هەمووان پتر بانگەشەی باڵایی بوون دەکات لەوتارو نووسین و قسەکانیداو ئاشقی نموونە باڵاکانە، کەچی لەواقیعدا لێی لادەدات و پێشێلی دەکات و درۆ لەگەڵ بانگەشەکەی خۆی دەکات، باسی بنەماکانی دادپەروەری و سۆز و خۆشەویستی دەکات، کەچی دەبینین خۆی لە هەمووان خێراتر پەلاماری کەسانی دیکە دەدات و حەرام بۆخۆی حەڵاڵ دەکات و بەکەیفی خۆی خواریدەکاتەوەو دەیبڕێت و بۆی کەم و زیاد دەکات، ئەوەی دەیڵێت مەبەستی نییە، ئەوەی مەبەستییەتی نایڵێت و ئەوەی دەیکات بڕوای پێی نییە ، بڕوای بەوەیە کە نایکات، زۆر حەزی لەخۆفشکردنەوە و خۆدەرخستن و بەخۆهەڵدان و بە ناوبانگە، بیر لە چەندان بنەما دەکاتەوە کە لەتوانای جێبەجێ کردنی ئەمدا نییە، بانگەوازی بۆ ئامانجێک دەکات کە ناتوانێت بیگاتێ و بەهێچ کڵۆجێک دەستی ناگاتێ.
تاکێکی ئێراقی، عەلی وەردی وتەنی (دڵگەرمی ئێراقیەکان چەشنی ئاگری هاوپەیمانەکان وایە، بەتەواوی داناگیرسێت، دەکوژێتەوە؛ لەگەڵ نموونەی باڵادا تاو دەسێنێت و لەگەڵ واقیعدا کپ دەبێتەوە.)
تاکێک جاری وا هەیە خەریکی سمێڵ بادانەو خۆی بە پاڵەوانی حەوت ئیقلیم دەزانێت جاری واش هەیە لەتاو بێزاری و بێدەرەتانی و ستەمی خەڵکی، ئاخی وا هەڵدەکێشێت، ئاسمانی حەوتەم دەهێنێتە لەرز و ئاخ و داخ بۆ نەمانی پیاوەتی هەڵدەکێشێت، باسی بایکۆتی کاڵای یەهودی دەکات لەکۆبوونەوەو ئاهەنگەکاندا، کەچی پێی نایە بازاڕەوە، خێرا بیری دەچێتەوە چی وتووە، ئەگەر کەسێک لێی پەیابێت و لێی بپرسێت ئەرێ ئەو شتانەی دەستت سەهیۆنین یان نا؟ خێرا تووڕە دەبێت!
تاکێک لە هەموو کەس پتر نیشتمانی خۆی خۆشدەوێت ، وەلێ ئامادەیە لە بچوکترین پشێویدا خۆی لە نیشتمان بدزێتەوە، تاکێک هەمیشە بەدووای دۆزینەوەی کەموکوورتیی و خەوشی خەڵکیدا دەگەڕێت ، بە بێ ئەوەی بەکەموکوورتیی و عەیب و عاری خۆی بزانێت ، تاکێک بەهیچ شتێک ڕازی نییه ، لەو شتانەی کە کەسانی تر ئەنجامی دەدەن ، هەرچەندە ئەو شتە ڕاست و ڕێکوپێکیش بێت، تاکێک لە گۆرانی وتندادەگریت و لەقسەکانیشیدا جنێو دەدات، ئەگەر ڕووبەڕووی کەسێکی لەخۆی بەهێزتر بوویەوە مخولیسە. ستەمکاریشە ئەگەر ڕووبەڕووی کەسێکی لاواز بوویەوە، تاکێکی دوو دیو، تاوێک باسی نموونەی باڵات بۆدەکات، تاوێک لەقەبری دایکی ئەو نموونە باڵایەیش دەبات کەنیو کاتژمێر لەمەوبەر بانگ و سەڵای بۆ دابوو.
تاکێک لەیەکاتدا کاریگەر دەبێت بەڕەفتارە دزێوخراپەکانی شەڕانگێزێک و کارەچاکەکانی چاکەکارێک، لەیەکتادا ستایشی کارە شەقاوەییەکانی شەقاوەیەکی سەرشەقام و کوشتنی حەوت نەفەر لەسەر دەستەکانی و بوێری و بەغیرەتی ئەو شەقاوەیه دەکات و سەرسامی خۆی بە وەعزی واعیزێکیش دەردەبڕیت کاتێک باسی وڵام دانەوەیە، باس لە وڵامی چاکە بەرانبەر خڕاپە وخۆڕاگری و خاکەڕایی دەکات، تاکێک، سەمای خێڵەکی دەکات و گۆرانی مۆدێڕن دەچڕێت، بە ستایل تازەگەر و بەئەقڵیەت لەسەدەکانی ناوەڕاستە، تاکێک، لێره یەک ڕوو و تۆزەک لە وڵاتر شەش ڕووەکانی سەردەمی ستالینە، دەمژمێرێک مەولاناو دەمژمێرێک حەجاجە، لە ڕەفتار سەدام و هیتلەرو لەتێزەکانیدا گاندی و حەلاجە ، بەیانی سوکرات و نیوەڕۆ نیرۆنە، بەقسە مەلحەم و بەکردار ژارە، شتگەڵێک دەڵێت جیاواز لەوەی لەسکی خۆیدا هەڵیگرتووە و باوەڕی پێیەتی، تاکێکی پڕ لەپارادۆکس و لێوانلێو لە دووفاقیی، تاکێک لەدیوێکدا فێمنیزمگەرایەو دەستێکی شیعری ڕۆمانسی و لاوانەوەی ژن و عاشقی جەستەی ژنە، لە هەمانکاتدا و لەدیوەکەیتریدا، جەلادێکەو دەستەکەی تری گۆچانی گیانی ژنە، ئەو تاکەی وەکوو عەلی وەردی دەڵێت جارێک (دۆن خوان) و جارێکیش (حاجی عەلەوی) ە.
تاکێک کورد وتەنی قوتە شەنەیەکی لایەو با بۆ کامەلاو کوێ هەڵیکرد، ئەمیش بەو ئاڕاستەیە بەبای دەکات، تاکێک وەکوو نیسک وایە، نەبەری هەیە و نەپشت و بۆ کەس ماڵ نییە، هێڵێکی دیاریکراو پڕنسپێکی جێگیرو مۆڕاڵێکی دیاریکراو بەهایەکی پیرۆزی نییەو تاکێکی ڕاڕاو ناجێگیرەو جێگەی متمانە و پشت پێ بەستنێ نییە،
تاکێک ڕۆژێک چەپەو ڕۆژێک ڕاست، هەفتەیەک موسڵمان و عاریف، هەفتەیەکیتر مادیگەراو ئەتێست، مانگێک زەردەشتی و مانگەکەیتر کریستیان، ڕۆژێک خواناس و ڕۆژەکەیتر بێ خواو ڕۆژی دواتر خۆی لێ دەبێت بەخوا.
چرکەیەک مۆدێڕن و نەتەوەپەرستە، چرکەیەکیش پۆست مۆدێرن و فەوزەوی و ئەنارشیستە، چریەکیتر سەلەفی و فێندەمێنالیستە، چرکەیەکیتریش مرۆڤ دۆست و هیومانیستە، دەمێک عاشقی ڕەنگی زەردەو دەمێکیتر سەوز، پار مەدحی ڕەنگی ڕەشی دەکرد و ئێستاتەنیا بڕوای بەڕەنگی سپی هەیە!
تاکێک هەردەمەو شتێکە، هەموو شتەو هیچ شتێکیش نییە، بانگەشەی ئایینی خۆشەویستی و ڕێبازی مرۆڤ بوون دەکات، کەچی مێشکی خۆی لەبۆتەی ئایدیۆلۆژیایەکدا لەقاڵبداوەو پڕە لەدەمارگیری بۆ تێگەیشتنێکی دیاریکراو لایەنگری بۆ ئایینێکی دیاریکراودا.
کەسایەتی تاکی ئێراقی، پێمان دەڵێت کەسایەتی تاک لەناو چی کەشوهەوا ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی پێک بێت، ئەوە کاریگەریی و جێکەوتی ئەوژینگەیەی بەسەرەوە دەبێت ، تاک بەرهەم و کوڕی ژینگەو کۆمەڵەکەی خۆیەتی، ئەو کۆمەڵەی کە تێیدا دەژیت، ئەوتاکەیە کەکۆمەڵ لە منداڵییەوە لە ڕێگەی پەروەردەوە درووستی دەکات، یاخود وێرانی دەکات، کۆمەڵێک ، بێ فلتەرو سانسۆرو چاودێری و ئاگالێبوون منداڵ بەرەڵای شەقام دەکات، تا لەگەڕەکدا فێری شەڕو ڕەفتارخراپی بێت و هەستی خۆ بەزلزانی کەسایەتی و دەمارگیری بۆ منداڵانی گەڕەکەکەی و ڕۆحی کۆڵانچییەتی لادرووست بێت، ئەو دەمارگیرییەی بۆگەڕەک ، کەلەئاییندەو دواتردا تەشەنە دەسەنێت بۆ دەمارگیری تیرەو هۆز و شارچییەتی و مەزهەبی وئایینی، لەماڵەوەش داوا لەمنداڵ دەکەن لە بەردەم گەوراندا ویقارو شکۆ بنوێنێت، دووکەسایەتی لەمنداڵ درووست دەکەن، یەکێکیان بۆ کۆڵان و ئەوەی تریشیان بۆ بەردەم خەڵکی لەخۆی گەورەتر.
کەسایەتی تاکی ئێراقی، پێمان دەڵێت واتای ئەوە نییە دەست لەمنداڵ هەڵگرین و منداڵ چی ویست و هەوەسکرد، بەدڵی ئەو بێت و بۆی جێبەجێ بکەین و ئازادی ڕەهای پێ ببەخشین،
نەخێر دەکرێت لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لەوزە شاراوەکانەوە، هەوەسە سرووشتییەکانی منداڵ کۆنترۆڵ بکرێت، وەلێ نابێت وەکوو ئەو جڤات و کۆمەڵەیە بین، کە هەر لە منداڵییەوە پەروەردەیەکی سەقەت دەرخواردی منداڵ دەدات و دیکتاتۆرانەو تۆتالیتارنەو تاکڕەهەندانە وتاک لایەنانە بێ ئەوەی حیساب بۆ خولیاو ڕەچاوی مومارەسەکردنی حەزە سرووشتییەکانی منداڵ لەناو سنوورێکی دیاریکراودا بکرێت.منداڵ وابەستەی کومەڵێک دۆگم و پەروەردەیەکی زبرو زۆر توند دەکەن، (زۆر جار پەل بۆ ڕسکاندنی سیفەتی ڕیابازی و دووڕوویی دەهاوێت و منداڵێکی دووڕووی ڕیاباز بەرهەمدێت کە شتێک دەڵێت و شتێکی دیکە دەکات شتێک دەکات ئیمانی پێی نییە. بڕوایشی بەشتێکە کە ئەنجامی نادات...) ٚ.
ئیتر لە کۆمەڵێکی وادا، سەرەنجام و لەئاییندەدا، تاکێکی دووڕو ، بەرهەم دێت، وەکوو ئەوەی ئێراق ، کەمنداڵەکەی لە منداڵییەوە بەدەست کۆمەڵێک سزاوە دەناڵێنێت و (ئیدی دەیەوێت هەرچۆنێکی کردووە لە ڕێگەی لادان و فرت و فێڵەوە خۆیانی لێ ڕزگا بکات.) لەڕووکەش خۆی زۆر بەڕێزو کەسێکی نموونەی ئەدەب و باڵاوەنیشان دەدات، کەچی هەزار و یەک بەهانە و پۆزش و بگرەو بەردە بۆخۆی دەهێنێتەوە تاخۆی لەو بەندووبارە ڕزگاربکات، تاکێک هەڵگری دووکەسایەتی، یەکێکیان بۆ کاتی بیرکردنەوە و، ئەوەی دیکەشیان بۆکاتی کارکردن،
تاکێک بەرلەوەی خەڵکی فریو بدات، وەکوو وەردی دەڵێت: حۆی فریو دەدات، ئیدی بەو چەشنە نەوەیەکی دوو ڕوو و دوو فاق دروسدەبێت و پەتای دووفاقییلە سەرتاسەری کۆمەڵ بڵاو دەبێتەوەو نەخۆشی دووفاقی جەستەی نیشتمان و دڵی جڤاک دەهاڕێت.
ئیتر لە کۆمەڵێکی دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵدا، هیچ شتێک لەشوێنی خۆی و لەسەر ڕێچکەی سرووشتی خۆیدا نامێنێتەوە، کۆمەڵێک. سیاسییەکانی بازرگان و بازرگانەکانی گەندەڵ، پیاوە ئایینیەکانی درۆزن و مامۆستاکانی ئەخلاق ناشرین، پزیشکەکانی مادی و ئستغلالکەر دەبن.
لەکۆمەڵێکی دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵدا، لەناو تاکگەڵێکی خاوەن کەسایەتی ئزداوجدا، تاک چ تاکێکی لێدەردەچێت، جگە لە تاکێک وەکوو هەموو تاکەکانی تر دووڕوو و ڕیاکەرنەبێت.تاکێکی ئزدیواجی نەبێت، لەوەها کۆمەڵێکدا، ئیزدیواجیەتێک. تێکەڵ بەخوێن و شادەماری مرۆڤەکان دەبێت، دووفاقی دروونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی..تاد.
ئەو پەتای دوو فاقییەتەی کە زۆرینەی تاکی ئێراقی لەسکی خۆیدا هەڵیگرتووە و خویان پێیەوە گرتووە و لەسەری ڕاهاتوون و تۆی ئەو دووفاقیەتەیان تێدایە ولەگەڵیدا دەژین و لایان بووەتە بە نەریت و شتێکی نۆڕمال و سرووشتی و ئاسایی و وەکوو میراح نەوە، بۆ نەوەی دەگوازێتەوە. لەو ئێراقەی وەکوو نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، کە هەندێک تایبەت مەندی تێدایە، لەهیچ جڤاتێکی دیکەدا نەبینراوەو نییە.ئەو دەردی نامۆیی کومەڵایەتی و دووفاقیی کەسایەتییەی گشت کۆمەڵی تەنیوەو هەموو تاکێک بەئەندازەی خۆی گیرۆدەی بوون و بەدەستییەوە دەناڵێنن. [1]