لە شاری بەغدای پایتەختی ئێراق و لەنێو بارەگەی وەزارەتی بەرگری، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 18-05-2023 ، بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موراد# ، جێگری سەرۆکی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لەلایەن هەریەک لە بەڕێزان فەریق ڕوکن حامید محەمەد گومەر یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکان بۆ کاروباری مەشق و لیوا عەمار جەبار خزیر ، بەڕێوەبەری ، بەڕێوەبەرایەتی مەشقی جەستەی لە وەزارەتی بەرگریی ئێراق ، پێشوازی کران لەو دیدارەدا کە وسام محەمەد بازگی ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگە ئامادەی بوو .
سەرەتا یاریدەدەری سەرۆک ئەرکان بۆ کاروباری مەشق دوایی بە خێرهێنان لە جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی پیشاندا کە یانەیەکی وەک پێشمەرگە کە نوێنەرایەتی هەرێمێک دەکەن لە یارییە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاستی ئێراق ببنە هاوکار و پاڵپشتی وەزارەتی بەرگریی ئێراق بۆ کاروباری وەرزشی ، هەروەک وتیشی بە گرنگمان زانی پەیوەندی پتەومان هەبێت لەگەڵ یانەی وەرزشی پێشمەرگە و بۆیە داوامان لە بەڕێزتان کرد و دەست پێشخەربوین کە پرۆتۆکۆڵێکی لە یەک گەیشتن بۆ هاوکاری وەرزشی لە نێوانمان ئەنجام بدەین .
ناوبراو سەرسامی خۆی پیشان دا کە یانەی پێشمەرگە لە سەرجەم یارییەکاندا ڕکابەری بەهێز دەکەن و لە سەرجەم پاڵەوانێتی و خولەکانی ئێراقدا ئەوان بێ دەست کەوت و ئەنجام نەبوون .
پاشان لیوا عەمار جەبار خزیر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی جەستەیی لە وەزارەتی ناوبراو بە گرنگی زانی و وەک دەست کەوت لە قەڵەمی دا کە پرۆتۆکۆڵێکی هاوبەش لەنێوانیان هەبێت و پێکەوە کار بۆ سەرکەوتن و برەودان بە یارییەکان بدەن .
دواتر حاکم مەحمود ئەحمەد موراد جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە ناوی #شێخ جەعفەر شێخ مستەفا# سەرۆکی یانەکەیان سوپاسی کردن بۆ ئەو دەست پێشخەریەیان و خۆشحاڵی خۆشی پیشان دا کە یانەی پێشمەرگە ببێتە دەستە خوشکی بەڕێوەبەرایەتی مەشقی جەستەی سەربە وەزارەتی بەرگریی ئێراق .
ئەمە و بەڕێزیان ئاماژەی بەوەکرد کە یانەی پێشمەرگە هەمیشە دەرگای واڵا بووە بۆ سەرجەم یانە و یەکێتییە وەرزشییەکانی ئێراق و بە گرنگیشی زانی هەمووان کار بۆ سەرکەوتن و بەرەو پێشبردنی وەرزش لە وڵات دا بکەن هەر بۆیە ئەنجام دانی ئەو پرۆتۆکۆڵە وەرزشییەی بە بناغەیەکی گرنگ وەسف کردوو وتیشی ، دەمانەوێت ئەمە دەست پێکی پێکەوە کارکردنمان بێت و هەنگاوی گرنگتر بنێین .
پاشان بە ئامادەبوونی هەریەک جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە و بەڕێوەبەری مەشقی جەستەی لە وەزارەتی بەرگری پرۆتۆکۆڵێکی هاوبەشی 10 خاڵی واژۆ کرا .
ئەمە و دوایی ئەنجام دانی ئەو پرۆتۆکۆڵە حاکم مەحمود تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاند ، کە یانەی پێشمەرگە یەکێکە لە یانە گرنگەکانی کوردستان و ئێراق و چاوی سەرجەم یانە و یەکێتییە وەرزشییەکانمان لەسەرە و بە گرنگییەوە لێمان دەڕوانن ئەوەش لە دوایی ئەو دەست کەوت و سەرکەوتن و بەهێزییەی کارگێڕی یانەکەمان لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕی و ئیدارییە وەرزشییەکان کە یانەیەکی نموونەین .
جێگری سەرۆک وتیشی بڕیارە لە مانگی تەمووزی 2023 تیمی بالەی بەڕێوەبەرایەتی مەشقی جەستەی کەمپێکی مەشقی لە شاری سلێمانی ئەنجام بدات و دواتر و بۆ داهاتوو پاشکۆیەکی دیکەی ئەم پرۆتۆکۆڵە لە دایک دەبێت و کاری گرنگترمان پێکەوە دەبێت .
لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ پێشمەرگە سپۆرت حاکم مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد کە بەڕێز بەڕێوەبەری مەشقی جەستەی لە وەزارەتی بەرگری پێی ڕاگەیاندوون کە بۆ داهاتوو یاریزانان و دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی پێشمەرگە سوود مەند دەبن لە بەشداریان لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان لە خول و پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە و جیهان کە لە نوێترینیان پاڵەوانێتی جیهانی تایبەت بە یانە سەربازییەکان دەبێت و ، یانەی پێشمەرگەش بۆ یەکەم جار نوێنەریان دەبێت لەو پاڵەوانێتییەدا .[1]