ناونیشانی بابەت: #داگیرکردنی تاریکی# ڕۆمانێک بۆ خەڵاتی نۆبل!
ئامادەکردن: د. هەژار عوسمان مەعروف
بە شێوازێکی ئەدەبیی ڕند، بەرز، قوڵ و مرۆڤدۆستی، بە گێڕانەوەی مێژوی 35 ساڵی تورکیا #بەختیار عەلی# کەمالیزم و هەموو دام و دەسگا نەتەوەپەرستەکانی دەوڵەتی تورک ڕوت و قوت دەکاتەوە و دەیخاتە بەردەم دادگایەکی نێونەتەوەیی دادپەروەر و بێبەزەیی، نەک هەر ئەوە بەڵکوو هەموو حکومەتەکانی تورکیا دەخاتە سەر سەکۆی شانۆیەکی نێونەتەوەیی کە گاڵتەجاڕی و تراجیدیا بەشەکانی پێکدێنن.
(عیسمەت ئۆکتای) سەر بە ڕێکخراوی فاشیستی تورکیی (گورگەبۆرەکان) ە، بەیانییەک کە لە خەو هەڵدەسێ زمانی تورکیی بیرچووەتەوە و بە کوردی قسەدەکات، ئەمە لە سەردەمێک دایە هەرکەسێ بە کوردی بدوێ حسابی مرۆڤی بۆ ناکەن، مادام تورکیی بیرچووەتەوە کەواتە تورک نییە، کەواتە ئینسان نییە یا ئینسانێکی بێ بەهایە، ژن و دو کچەکەی و براکەی حاشای لێدەکەن و دەیکەن بە مردو، عیسمەت ناچاردەبێت کۆچی یەکجاری بکات بۆ باشووری کوردستان.
سەدان هاووڵاتیی تری تورکیا وەک عیسمەت تورکییان بیردەچێتەوە و دەکەونە دووان بە کوردی و یۆنانی و ئەرمەنی، ئەمە دەبێتە کێشەی پلەیەکی تورکیا، بە فەرمانی وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ هەموو ئەمانە دەخرێنە نەخۆشخانەیەکی دەروونی و وەک کەسانێکی بەردەوام هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا حسابیان بۆ دەکرێت و لە دنیای دەرەوە و خزم و خێزانەکانیان دادەبڕێنرێن. لەدەرەوەی ئەم نەخۆشخانەیە زمانی کوردی قەدەغەیە، ئەو کوردە جیڕ و نیشتمانپەروەرانەی نایانەوێ زمانی دایکیان لەبیربچێتەوە خۆیان نەخۆشدەخەن و لە نەخۆشخانەکە وەردەگیرێن بۆ ئەوەی بەئازادی بە کوردی قسەبکەن، لە ناو چواردیواری نەخۆشخانەکەوە دەنگی لاوک و حەیرانی کوردی بەرزدەبێتەوە و ئەمە گورگە بۆرەکان شێت دەکات و دەدەن بەسەر نەخۆشخانەکەدا و لە ئەنجام دا هەموویان بێ ناو و نیشان لە ناودەبرێن جگە لە عیسمەت کە لە کۆتاییدا دەبێتە شایەتی زیندوی ئەم تاوانە.
پڕۆفیسۆر (تاریق ئاکانسو) لە کەمال ئەتاتورک تۆرانی ترە، خۆی و دو کوڕەکەی (ئارسین) و (عەلی ئیحسان) لە ئەنقەرەوە دەگوازنەوە بۆ #ئامەد#، تاریق وەک کاربەدەستێکی گەورەی حکومەت دەبێتە بەپرسیاری بەرنامەی تواندنەوەی کورد و زمانەکەی لە ناو تورک و زمانی تورکی دا ، لە ڕێی کوردێکەوە عەلی ئیحسانی کوڕی فێری کوردی دەکات و وەک مێردمنداڵێک کە لەسەر سابوون دزین گیراوە دەیان جار دەینێرێتە ناو زیندانەکانی شارەکانی کوردوەستان بۆ جاسوسی کردن بە سەر گیراوەکانەوە، ئینجا عەلی دەبێتە وەرگێڕی باوڕپێکراوی میت و سوپا. تاریق گەردێک بەزەیی ئینسانیی تێدا نییە، پێنج ساڵ کۆت و زنجیر دەکات پێی ئارسین ی کوڕی و لە ژورێکی ماڵەکەیدا زیندانیی دەکات. تاریق بەوە کۆتایی دێت کە عەلیی کوڕی لەسەر داوای خۆی لە نزیک لوتکەیەکی زۆر بەرزی شاخێکی #هەکاری# دەیبەستێتەوە بە درختێکەوە و جێی دەهێڵێ و کە دوای دو هەفتە عەلی دەگەڕێتەوە سەری دەبینی لەلایەن زیندەوەرانی دڕندەوە لەت و پەت کراوە و هەر ئێسقانەکانی ماوەتەوە.
عەلی ئیحسان: یەکەم جارە لە هەموو ژیانم دا ناترسم و دەیڵێم من زۆرزۆریشم تەرجومە نەکردووە، ئەوەی تەرجومەم نەکردووە زۆرترە لەوەی کردومە. گەر هەموو شتێکم تەرجومە بکردایە، ئەو کینە و خوێنەی دەکەوتە نێوان کورد و تورکەوە زۆر لەمە زیاتر دەبو....زۆر شتم دەشاردەوە، نەم دەهێشت تورکەکان بزانن کوردەکان چۆن بیردەکەنەوە، ...نەم دەهێشت کوردەکان بڕی ئەو قێز و کینەیە هەست پێبکەن لە دڵی تورکەکان دا هەبو...گرنگترین ئیشی تەرجومان لەو جێگایەدایە کە تەرجومە ناکات . عەلی پەشیمانە لە کارەکانی بەڵام تازە درەنگە و فریای دەس لەکارکێشانەوە و گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی لە ئەنقەرە ناکەوێت. عەلی لەلایەن گرووپی (دوی نیوە شەو) ی کوردییەوە دەکوژرێت، ئەم گرووپە سەدان هەزار کورد ڕێکدەخەن کە هەموو ڕۆژێ کاتژمێر دوی شەو دور لە چاودێریی تورکەکان لە ماڵەکانیان کۆدەبنەوە و بە کامی دڵ و بەئازادیی تەواو بە زمانی شیرینی کوردی دەدوێن و گۆرانی دەڵێن.
ئارسین لە کانزایەکی ترە، لە باوکی هەڵدەگەڕێتەوە و دەبێتە چەپێکی شۆڕشگێڕی چەکداری لایەنگری کورد و دو جەنرالی گەورەی گورگە بۆرەکان دەکوژێت و لە کۆتاییدا بەرەو سووریا و لوبنان کۆچ دەکات،
ئارسین: سەیری وێنەکەی کرد و ویستی بگری، تورکیا هەموو پۆلەکەیانی کردبو بە پیاوکوژ، هەموو ئەم مێردمنداڵە بێگوناهانەی کردبو بە ئامێر..... ئەمیش بوبو بە پیاوکوژ، دەستی تا سەر ئانیشک چوبو بە خوێندا... چۆن مێژو سەیری دەکات؟ نەیدەزانی.وەک خەباتگێڕ؟ وەک شۆڕشگێڕێکی دۆڕاو؟ وەک پیاوکوژێک کە جیاوازیی نییە لەگەڵ پیاوکوژەکانی ناو گورگە بۆرەکان؟.
لە ڕۆمانەکەدا باسی پۆگرۆمی کورد و عەلەوی و یۆنانی و جوولەکە و چەرکەس و... لەلایەن تورکە فاشیستەکانەوە لە ئەستەنبول و مەرعەش و ئیلازگ.
بەختیار عەلی وەک دەروونناسێک لە سایکۆگرامێکدا دەچێتە قوڵایی و تاریکی و باڵایی و ڕۆشنیی کەسێتی و دەروونی پاڵەوانەکانییەوە، وات لێدەکات لەگەڵیاندا بگریت یا پێبکەنیت، دەست بنێیت بە پلەپیتکەی دەمانچەدا یا خۆت بکەیت بە مەرتالی زیندو و نەهێڵێت پاڵەوانێکی پەشیمان بدرێتە بەر فیشەک.
من سەدان ڕۆمانی ڕۆماننووسی ناودارم (هی هەڵگری نۆبل یش) بە زمانەکانی کوردی و عەربی و فارسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی خوێندۆتەوە، ئەو توانای فەنتازیا و خەیاڵەی ، ئەو توانای وێناندنەی لە بەختیار عەلی دا بینیومە لە هیچ ڕۆماننووسێکی تردا نەم بینیوە!
ئینجا بەختیار عەلی لە (داگیرکردنی تاریکیدا) باسی چیی نەکردووە؟
ئاخ... بڵێی من فریای بینینی فیلمی سینەمایی هۆلیۆدی بکەوم کە لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی ئامادە کرابێت؟ [1]