دوو ئەزموون دەربارەی تێکەڵاوبوون
حەسەن حسێن
وەکو کوردێکی ئێراق – باشووری کوردستان، دوو ئەزموونی جیاوازم لە بارەی تێکەڵاوبوونەوە هەیە:
ئەزموونی یەکەم: تێکەڵاو بوون ، وەسفێک بۆ دەستەواژەیەکی ناو نەهێنراو
لە سەردەمی دەسەڵاتی تاکحزبیدا لە ئێراق، وەکوو هەر وڵات و هەرێمێکی تری ژێر دەسەڵاتی تاکحزبی، دەسەڵاتدارەکان هاووڵاتییانیان کردبوو بە دوو جۆری باش و خراپەوە. ئاستەکانی سازانی هاووڵاتی لەگەڵ چوارچێوەی سیاسی، یاسایی و کەلتووریی سەپێنراو لەلایەن دەوڵەتەوە، پێوەرەکانی باشی و خراپی ئەویان دیاری دەکرد. ئەوەیش کە ئەم سازانەی پەسەند نەبووایە ئەوا بە جیاخواز ، وەکوو هاووڵاتییانی کورد، یا خود خیانەتکار تۆمەتبار دەکرا.
لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی جووتحزبیشدا بە هەمان شێوە، هاووڵاتییان بۆ چەند تایپ یا گرووپێک لە مرۆڤ دابەش کراون. ئەرک، ماف و ئیمتیازات لەسەر بنەمای سەر بەگرووپبوون دیاری دەکرێت. لێرەوە تاکێکی باش ئەو کەسە نییە کە ئەرکەکانی بە باشی ئەنجام دەدات، ئینتیمای هەیە و …هتد، بەڵکوو پێویستە لە ڕێی خۆگونجاندن و سازانییەوە لەگەڵ دۆخە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە سەپێنراوەکەدا دەستبەرداری مافەکانی بێت؛ بەم حاڵەشەوە ئەو هێشتا دەبێتە شتێک لە خوار پلەی هاووڵاتیبوونەوە.
بە گوێرەی ئەم پێوەرانەی ئەوسا و ئێستای ئێراق و کوردستان، من بوونەوەرێکی خراپ بووم (لێرەدا باسێک لە هاووڵاتیبوون نییە) چونکە نەمتوانی و نەمویست بسازێم .
ئەمە ئیدی تێکەڵاوبوونە INTEGRATION ، جا با ناویشی نەهێنرا بێت، ئاڕاستەکەیشی بۆ هەر کەسێک ویستبێتی یا بیەوێت بیگرێتە بەر، ڕوون بووە. شکستهێنان لەم پڕۆسەی تێکەڵاوبوونەدا لە لەیەن تاکەوە، جەمسەری پێچەوانەی شکستهێنانی پڕۆسەی گرتنەخۆ و درووستکردنی ئینتیمایە لەلایەن دەوڵەتەوە، بە دەربڕینێکیتر سەرکەوتنی هێزی دەرپەڕاندنی تاکە بۆ دەرەوەی کۆمەڵگە.
ئەزموونی دووەم: تێکەڵاوبوون وەکوو دەستەواژەیەکی وەسف نەکراو
حکومەت و دامەزراوەکان لە ئەڵمانیا لە سیاسەتی پەنابەریی و کۆچکردندا، پرسی تێکەڵاوبوونی پەنابەرانیان لە سەرەوە داناوە. هەر بۆیە تێکەڵاوبوون، لە هەر پرسێکیتر زیاتر بەر پەنابەران دەکەوێت. بەبێ ئەوەی پەنابەر بزانێت دەبێت چ بکا، یا چ نەکات بۆ ئەوەی تێکەڵاوبوون مسۆگەر بکات، یا بە دەربڕینەکەی هانا ئارێنت بۆ ئەوەی ببێتە پەنابەرێکی باش و لەوێوە هەنگاو بۆ بوون بە هاووڵاتی باش هەڵگرێت.
تێڕوانینی باو لەلای زۆربەی پەنابەران دەربارەی مانای تێکەڵاوبوون، تەنیا لە فێربوونی زمان و دۆزینەوەی کاردا چەقی بەستووە و لەمەدا ئەوان گرفتێکیان لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەدا نییە و بگرە بە لایانەوە باشیشە، دواتر هۆکاری ئەمە ڕوونی دەکەمەوە. حکومەت و دامەزراوەکانیش، بە فۆکۆس خستنە سەر ڕەهەندی ئابووریی لە کۆرسەکانی زمان و تێکەڵاوبوون، یا لە بەخشینی هەلی مانەوە بەو پەنابەرانەی داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە و بەڵام کاریان دەستکەوتووە و باج دەدەن، بە شێوەیەکی پەنامەکی پشتیووانیی ئەم تێڕوانینە دەکەن.
لەگەڵ ئەو بایەخە گرنگەی هەریەکە لە پەنابەران و ئەڵمانەکان بە تێکەڵاوبوونی دەدەن، و سەرباری دووبارەکردنەوەی زۆری وشەکەش؛ بەڵام هەتا ئێستا ئەم دەستەواژەیە لە لای زۆربەی پەنابەران وەکوو مەتەڵێک یا کۆدێک ماوەتەوە، کە هەر کەسە و بە پێی تێگەییشتنی خۆی ڕاڤەی دەکات.
بۆیە دەبینین، ئەم دەستەواژەیە بێ کێشە نییە و تەنانەت هەندێکجاریش رووبەڕووی بەرەنگاری دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، کە هەتا ئێستا تێکەڵاوبوون، وشەیەکی ڕەق و تەقی بێ پێناسە و وەسفێکی ڕەسمییە و دەسەوسانیشە لە خستنەڕووی دیدگایەکی ڕوون و چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ هەر کەسێک خوازیاریی چوونە ناوی بێت.
لە شۆکی بەلەمەوە بۆ شۆکی ڕیشەکێشبوونی کەلتووری
جگە لە جەنگ و تێکچوونی باری ئەمنی و کیشەی هەژاری کە دەبنە هۆی درووستبوونی لێشاوی بە کۆمەڵی کۆچبەر و پەنابەران، بە گشتی پەنابەری پرۆسیسێکە پەیوەندی بە هەڵنەکردنی تاکەوە هەیە لەگەڵ ستەمی سیاسی و نەبوونی مافە بنەڕەتییەکان، ستەمی سێکسی، ئایینی و کەلتووری کۆمەڵایەتیدا؛ پرۆسیسێکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەرپەڕاندنەوە هەیە. مرۆڤ ئەو کاتەی بڕیاری ناچارانەی سەفەری ڕێی هات و نەهات دەدات گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ئیدی ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیستمی پەیوەندییەکانی بە تەواوی لێ بەستراوە. لێرەوە هەڵهاتن یا دەرپەڕاندن لەوەی پێی دەووترێت زێدی خۆ دەست پێ دەکات و بە دەربڕینە ژیژەکییەکە، وەکوو دزێک بە ڕۆژی ڕووناک ملی شوێنێک دەگرێت کە هێشتا ڕوون نییە کوێیە و ڕوون نییە کە ڕەت ناکرێتەوە و وەدەر نانرێت. ئیدی دەکەوێتە ناو پرۆسیسێکەوە بە لەمرۆخستنی تەواو دەست پێ دەکات و بە ناشوێندا تێ دەپەڕێت. لەوێدا ئایینەکان و وتەکانی یەزدانەکان، فەلسەفەکان و وتەی فەیلەسوفان، مافەکانی مرۆڤ و قسە باق و بریقەکان هێزی بەڵێنی قاچاخچییەک، نەڕەنەڕ و جنێوی مزری بەلەمەوانێک، شەق و شریخەی گوللەی ژاندارمێکی تورک و سەربازێکی بولگاری و ڕۆمانی و هەنگارییان نییە. ئەوەی تۆ لەوێدا سەرفراز دەبیت بە تەنیا وابەستەی ڕێکەوت و دەستەبەربوونی چەند هۆکارێکە. لێرەدا ناشوێن، هەر بەتەنیا دەریاکان و سنوورە وشکانییەکانی نێوان وڵاتان نییە. ناشوێن هەموو ئەو شوێنانەن کە شوناسی چەسپاو یا دیاریکراوی تیا نییە، مێژوو تیایاندا سیمایەکی دیاری نییە، نە پەیوەندی قووڵی تیا درووست دەکرێت و نە پەیوەندییەکان تیایاندا بەردەوامن. ناشوێن کەمپەکانی ئاوارەکانە کە مرۆڤ لە دەرگای چوونە ژوورەوەیاندا لە گشت شوناسەکانی دادەماڵرێت بە تەنیا یەک شوناسی پێوە دەلکێنرێت، ئەویش داواکارێکی مافی پەنابەریی ( طالب حق اللجوء) یا ئاوسلاندەر (بیانی) یە.{ئەگەرچی ئاوسلاندەر وشەیەکی فەرمییە، بەڵام لە دۆخی نافەرمیدا هەندێک لە هاووڵاتییانی ئەڵمان لە ئاخاوتنیاندا لەگەڵ پەنەباران خۆیان لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی ئەم وشەیە دەپارێزن، چونکە ئیحایەکی جیاکارییانەی تێدایە}.
بە گەییشتنی بۆ وڵاتی داڵدەدەر ( پەنابۆهێنراو) ، پەنابەر یەکێک لە گرنگترین ڕەگەزەکانی شوناسەکەی، کە زمانە، لەدەست دەدات. زمان نە تەنیا وەک ئامڕازیکی پەیوەندی لەنێوان خێزانێکی سادە و بچکۆلەدا، بەڵکوو وەک ئامڕازێکی بەهێزی دەربڕین لەنێو سیستمی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و فراوانتردا، وەکوو ئامڕازێک بۆ دەربڕینی قووڵی ئایدیا و هەستەکان. وەکوو ئامڕازێک بۆ درووستکردنی پەیوەندی و تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی. سادەبوونەوەی ڕستە و دەربڕینەکان لەنێوان پەنابەران بە پەنابەرانی نەتەوە جیاوازەکانیشەوە لە لایەکەوە، و لەنێوان پەنابەران و کۆمەڵگەی خانەخوێدا لە لاکەی ترەوە، سیمای کارەکتەری پەنابەر بە تەواوی دەشێوێنێت و لە مرۆی خاوەن ئایدیا، دیدگا و هەستی ئاڵۆزەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆی سادە و ساکاری تا ئاستی گێلێتی.
سەرباری ئەو ئیزافاتانەی کۆچ دەیخاتە سەر مەعریفە، کەلتوور و ئەزموونەکانی مرۆڤ؛ بەڵام بۆ هەندێک کەس دەبێتە مایەی شڵەژانی دەروونی. ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ورد و درشتانەوەیە کە بەسەر ژیانی پەنابەردا دێت؛ هەر لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەتا بەها و پێودانگەکان، لە کەلتوور و زمانەوە تا داب ونەریت و شێوازی ژیان، لە ژینگە و ئاو و هەواوە تا بەرکەوتنی فیعەلی بە جیاوازی کات و زەمەن .
هەموو ئەو شتە تازانەی مرۆی کۆچبەر ( پەنابەر) لە کۆمەڵگە نوێیەکەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، سەرەتا دەیخەنە دۆخێکی سەرسامبوونەوە. بەڵام ئەم سەرسامبوونە هەر زوو بەهۆی ئاڵۆزی و سەختی پرۆسیسە یاساییەکانی مانەوە و سەختییەکانی بەردەم پرۆسیسی خۆگونجاندن و تێکەڵاوبوونەوە، بە ڕاچڵەکینێکی توندی زهنی و دەروونی کۆتایی دێت. ڕاوەستان لەسەر لێواری بۆشاییەکی گەورەی نێوان کۆمەڵگەی پێشوو و کۆمەڵگەی نوێ، جیاوازی نێوان پێوادنگ و پێوەرەکان، درووستکردنی پەیوەندی نوێی کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانە پەنابەر دەخەنە نێو پڕۆسەیەکی ناچارانەی فێربوونەوەی وجودییانەوە ( إعادة التعلم الوجودي EXISTENTIAL RELEARNING ) کە ئەمەش پەنابەر دووچاری شۆکی کەلتووری دەکات.
جگە لە حاڵەتە باوەکانی وەکوو خەمۆکی، تێکچوونی مەزاج، گرێی هەست بە کەمیکردن، فشاری تووندی دەروونی ، هەستکردن بە ماندووێتی، ئەلکهولیزم و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر کە دەشێت هەریەکە وەکوو حاڵەتی جیا دەرکەون یا لە شێوەی (کۆنیشانەکانی ئۆلیسیس) دا خۆیان بنوێنن، کە هەندێک جاریش پێی دەوترێت کۆنیشانەکانی کۆچکردن و فشاری چەندبارە و درێژخایەن THE IMMIGRANT SYNDROME WITH CHRONIC AND MULTIPLE STRESS . هەروەها هەندێک لە زانایانی دەروونناسی لە توێژینەوەکانیاندا دەربارەی پەنابەر وکۆچبەران گەییشتوون بەوەی کە، سەختییەکانی بەردەم فێربوونی زمان و دەربڕینی بیر و هەستەکان ، ناتوانایی لە پێشخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان خود و کەسانی دەوروبەر و تێنەگەییشتن لێیان، دەبنە هۆی درووستبوونی شۆکی ڕیشەکێشبوونی کەلتووریی ( DÉRACINEMENT) .
کاتێک پەنابەر چیرۆکی خۆی بۆ لێکۆڵەری فەرمانگەی پەنابەر دەگێڕێتەوە
ناهاووڵاتییەکان لە کۆمەڵگەی هاووڵاتیبووندا
کوردێکی – ئێراقی، ناکۆکییەکی بەردەوامی هەیە لەگەڵ ئیتیماکانیدا. دۆخەکانی کوردبوون لە ئێراقدا، هەمیشە ڕێگر بوون لە درووستکردنی ئینتیما و ئەوەی پێی دەووترێت شوناسی نیشتمانی. مرۆی کورد بەردەوام ئینتیمایەکی شاراوەی هەبووە بۆ دەوڵەتێکی کوردی گریمانەکراو . بەڵام ژیانی نزیک بە سی ساڵی ژێر دەسەڵاتی کوردی، ئیدی ئەو ئینتیما شاراوەیەشیان لای مرۆی کورد کاڵ کردۆتەوە یا نەهێشتووە. ناکۆکییەکانی نێوان ئەم ئینتیمایانە و وردبوونی شوناسەکەی، یا ئەوەی پێی دەووترێت قەیرانی ئینتیما و شوناس، برینێکی قووڵیان لە ناخی مرۆڤی کورددا درووستکردووە؛ کە نە بە مانەوەی لە کوردستاندا ساڕێژ دەبێت و نە بەهەڵهاتنیشی لێی چارەسەر دەبێت. بۆیە ڕەنگە پەنابەری کورد، غەریبترین مرۆڤەکانی ئەم هەسارەیە بێت لە ژیانی تاراوگەدا.
بە پێی ڕوپێوییەکی بەشی عەرەبی ئیزگەی بی بی سی و دەزگای توێژینەوەی (ئەرەب بارۆمیتەر) لە زانکۆی بریستۆن کە لەگەڵ بیست وپێنج هەزار کەسدا ئەنجام دراوە، لە هەندێک وڵاتی عەرەبیدا ڕێژەی 52% ی کەسانی تەمەن 18-29 بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە. لە ئێراق 38% ی خەڵک ئامادەن بە بێ هیچ بەڵگەنامەیەک کۆچ بکەن *.
ئەگەر بیرکردنەوە لە سەفەر یەکێک بێ لە نیشانەکانی قەیرانی ئینتیما، ئەوا ساتەوەختی سەفەر ترۆپکی دەستبەرداربوون و هەڵهاتنە، ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، لە هەموو ئینتیماکان. خۆناساندنی پەنابەران لە کاتی دەستگیرکرانیان لەلایەن پۆلیسەکانی سنوورەوە بە هاووڵاتیی وڵاتانی تر و نکوڵی کردن لە ڕەگەزنامە ڕاستەقینەکانی خۆیان، یا شاردنەوەی شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا، هەر بە تەنیا ڕێوشوێنێک نین بۆ دەربازبوون لە دیپۆرتکردنەوە یا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. بەڵکوو مانایەکی رەمزی قووڵتریان هەیە و دەربڕی هەڵهاتنی تەواون لەو شوناس و ئینتیمایانەی پێشوویان، کە بەتاڵ و دەسەوسانن لە پێدانی هەر جۆرە هەستکردنێک بەئارامی و ئاساییش و تەنانەت رووبەرێکی کەمیش لە ئازادی . ئەو هاوارەی (شێرکۆ بێکەس) کە دەڵێت:
من چیم دەویست لە نیشتمان
جگه لەوەی کەنانێک و
کەکونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بەحورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم باتێ
من چیم ئەویست لەوە زیاتر و نەی دامێ
بۆیه ئیتر نیوە شەوێ
دەروازەکەیم شکاندوو چوومەدەرێ
بەیەک جاری چوومەدەرێ
زایەڵەی دەنگی مرۆڤێکی دەرپەڕێنراوە، کە ستەم و نادادپەروەری تەنگیان پێ هەڵچنیووە، یا حەرام کردنی عەشق و کۆتکردنی جەستەی، ژیانیان لێ تاڵ کردووە و ئیدی ئەو سەرزەمینە بە وڵات و نیشتمانی خۆی نازانێت و ئینتیمای بۆی نەماوە. ئەمە لەو قۆناغە ڕاگوزەرەدا کە مرۆڤ دەبێتە هەڵگری ناوی (داواکاری مافی پەنابەریی) زۆر ڕوون و زەقە. چونکە لێرەدا مرۆڤ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شوناسەکەی بە تەواوی دادەماڵرێت؛ ئیدی هەستکردن بەکەمی و ڕووتبوونەوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری لا درووست دەکەن، کە دەشێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی ببێتە هەڵگری هەر جۆرە شوناسێک، وەکوو ئەوەی پێی دەووترێت توانەوە لە ناو کەلتوورە ڕۆژاواییەکەدا. یا بە پێچەوانەوە کەسی پەنابەر لە کاردانەوەیدا هەموو جۆرە شوناسێک ڕەت دەکاتەوە، بەردەوام بە هۆ و بێ هۆ بە شوێن زەقکردنەوەی شوناسەکەیەتی. شوناسێک، کە لێی هەڵهاتووە، بەکار دەهێنێت بۆ داپۆشینی خۆی و دەربازبوون لەو رووتبووەنەوەیە. ئا لێرەدا بیری ئیسلامی و کەلتووری لۆکاڵی نەتەوەی خۆ، زەمینەیەکی باشیان بۆ درووست دەبێت کە هێندەی تر گەمارۆی بیرکردنەوەکانی پەنابەر بدەن و جەخت لەسەر ناکۆکی نێوان کەلتوور و (سەوابیتەکانی) نەریتەکەی خۆی و کەلتوور و نەریتی کۆمەڵگەی داڵدەدەر بکەنەوە. دوو هۆکاریش یارمەتیی ئەمە دەدەن، یەکەمیان کۆمەڵایەتییە و دووەمیش یاسایی.
لە باری کۆمەڵایەتییەوە، زۆر جار پەنابەر و کۆچبەر لەسەر بنەمای ئایینی هاوبەش یا هاوزمانی کۆ دەبنەوە و هەر ئەو دووبنەمایەش بۆ دەستکەوتنی کار بە کار دەهێنن، بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێت کار بکەن، بەڵام زمان نازانن. ئا لێرەدایە وەکوو پێشتر ئاماژمان پێیدا بەشێکی زۆر لە پەنابەران لە پرسی تێکەڵبووندا، کێشەیان لەگەڵ فۆکۆسی حکومەت لەسەر رەهەندی زمان و کارپەیداکردن نییە؛ چونکە لەمەدا پاراستنی کەلتوور، دابوونەریت و شوناسەکەی خۆیان دەبیننەوە. بە گشتی ئەمە بە بەشێکی کۆچبەر و پەنابەرە تورک و عەرەبەکانەوە دیارە.
تۆخکردنەوەی ڕەهەندی ئابووری یا ئەوەی پێێ دەووترێت تێکەڵاوبوونی وەزیفی ( الاندماج الوظیفي) لەسەر حسابی کاڵکردنەوەی تێکەڵاوبوونی کەلتووریی و تێکەڵاوبوونی پێوەریی لەلایەن حکومەت و دامەزراوەکانەوە لە لایەکەوە، بەکارهێنانی بەرژەوەندخوازانەی چەمکی ئینتیگراسیۆن لەلایەن بەشێک لە راستڕەوەکانەوە و بردنی تا ئاستی تواندنەوەی پەنابەران لە ناو کۆمەڵگە نوێیەکەدا لە لایەکیترەوە، تێنەگەیشتنێکی گشتی لەنێو پەنابەران – کۆچبەراندا درووستکردووە، کە سەرچاوەیەکە بۆ ترس لە چەمکی تێکەڵاوبوون و ئەم چەمکە بە توانەوە لەنێو کۆمەڵگەی نوێدا یا بە (رۆژئاواییبوون) تێ بگەن. خۆ قەتیسکردنی پەنابەر لەنێو بازنەی نەریتە چەسپاوەکان و گیرخواردن لە ناو ڕوانینێکی تەسک و بچووک بۆ شوناس و ئینتیماکانی پێشوو، زەقکردنەوە و شانازیکردن بە شوناسی خۆ لە فەزای گشتیدا، گەڕانەوە بۆ (ڕەسەنایەتی) و …هتد چەندە پەیوەندی بەو وێنایەوە هەیە کە نازیست، ڕاستڕەو و دژە بیانییەکان بۆ پەنابەرانی درووست دەکەن، هێندەش پەیوەندی بەو ترسەوە هەیە کە پەنابەر لە چەمکی تێکەڵاوبوون هەیەتی. ترسێک، هیچی کەمتر نییە لە ترسی سەفەرە دەریاییەکەیان؛ ئەگەر لە دەریادا ترسەکە فیزیکی بێت و ترس بێت لە خنکان و مەرگ، ئەوا لە کۆمەڵگە نوێیەکەدا ترسەکە نابەرجەستە و مەعنەوییە، ترسە لە ون بوون و بێسەروشوێن بوون. ترسە لەو کەلێن (گاپ) ەی لەنێوان پەنابەر- کۆچپەران و کۆمەڵگە نوێیەکەدا هەیە.
لە باری یاساییشەوە، وەرگرتنی مافی پەنابەری، یا ئەوەی بە زمانی باو پێی دەووترێت ئیقامە، هێشتا ئەو ناکاتە هاووڵاتییەکی خاوەن کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات و هەر وەکوو مرۆڤێکی پەتی (ئەبستراکت) دەمێنێتەوە. دەشێت ئەمە هۆکارێک بێت بۆ نائامادەیی هەندێک پەنابەر بۆ پەسەندکردنی وەرگرتنی ڕەگەزنامە، چونکە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەیان بەو ئەنجامەیان دەگەیەنێت، کە ئەگەر ببنە خاوەنی ڕەگەزنامەش، بەڵام دواجار لە دیدی هاووڵاتی کۆمەڵگەی خانەخوێیەوە ئەوان هەر بێگانەن، چونکە خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکە نین و ناکەونە نێو سێیانەی دەوڵەت – نەتەوە – خاکەوە. گەلێک پەنابەر هەن دوای وەرگرتنی ئیقامە، هەموو مەرجەکانی وەرگرتنی رەگەزنامەشیان هەیە، بەڵام ڕەتی دەکەنەوە ڕەگەزنامە وەربگرن و نایانەوێت ببنە هاووڵاتی، لە هەمان کاتیشدا مانەوەیان لە وڵاتەکەدا ئەمان دەخاتە پێگەی ناهاووڵاتییەوە. ئاگامبین لە وتارێکیدا بە ناوی ( ئێمەی پەنابەران) ەوە سیمایەکی ئاییندەی ئەم کۆمەڵگەیانەمان نیشان دەدات، کە نەک لەسەر بنەمای دەوڵەت / نەتەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای دەوڵەت/ مرۆی پەتی دادەمەزرێت.
لە دەرگاوە پێشوازی لێ بکە و لە پەنجەرەوە بیکە دەرێ
سیاسەتی سنوورە واڵاکان بۆ پەنابەران، کە پێش چەند ساڵێک هەندێک حکومەتی ئەوروپی پەیڕەویان دەکرد؛ ئەمڕۆ لە ئاست هەڵکشانی شەپۆلی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەودا، لە پاشەکشەدایە. ئەو پێشوازییەی حکومەتەکانی ئەم وڵاتانە لە بەرگی مرۆدۆستیدا لە لێشاوی پەنابەرانیان دەکرد، ئەمڕۆ لە فۆرمێکی یاساییدا گۆڕاوە بە پشت تێکردن.
ئەوەی هەندێک لە کەسایەتی سیاسی و پەڕڵەمانتارانی ئەڵمانیا لەم ماوەیەی پێشوودا دەیانوت دەبێ چیتر هەلو مەرجی ژیانی پەنابەران بە جۆرێک بێت، کە حەزی خەڵکانی وڵاتانیتر بۆ کۆچکردن بۆ ئێرە نەوروژێنێت، پەسەندکردنی هەندێک یاسای لێ کەوتنەوە، کە مەرجەکانی پێدانی مافی پەنابەری توندتر و سیاسەتی کۆچبەری ( واتە کێشکردنی هێزی کار) ئاسانتر دەکەن.
نیونازیەکانی شاری خیمنیست لە دژی پەنابەران خۆپیشاندانی توندوتیژی ئەنجام دەدەن
پێشتریش پەڕڵەمانی ئەڵمانیا بە بڕیارێک هەندێک وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وباکووری ئەفریقای وەکوو وڵاتگەلی ئارام ناساند، مانا کردارییەکەی ئەم بڕیارەش، ئەوەیە ڕێگری لە پەنابەری ئەو وڵاتانە بکات لەوەی ڕێگەی ئەوروپا بکوتن. بەڵام گرفتە سەرەکییەکە لە بنکەکانی دەستبەسەرکردندایە کە پێشتر لە ئەمریکا و ئێستاش لە سنووری نێوان ئەڵمانیا و نەمسا ، درووستکراون و پەنابەرانیان تیادا گل دەدرێتەوە چاوەڕوانی یەکلا بوونەوەی دۆسییەکانیان دەبن؛ کە پاش پەسەند کردن ئینجا دەنێردرێن بۆ کەمپی دیکە. خۆ ئەگەر ڕەتیش بکرێنەوە، ئەوا دەنێردرێنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون. هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی لەو کەمپانەوە لە ئەمریکا دزەیان کردووە، ژیانێکی پڕ لە ڕەزالەت و ناهەمواری پەنابەران نیشان دەدەن ” پێویستە ئەوە لە بیر نەکەین کەمپە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکردن لە ئەوروپا بۆ کۆنترۆڵکردنی پەنابەران درووستکران، ئەوەش کە دواتر دەگۆڕێن بۆ کەمپەکانی دەستبەسەرکردن لەلایەن نازیزمەوە و پاشان کەمپەکانی جینۆساید، پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی نزیک پێک دەهێنێت” (جۆرجیۆ ئاگامبین، ئێمەی پەنابەران) .
ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر سیاسییەکی ڕاستڕەوی دانیمارکی داوای جیاکردنەوەی پەنابەرانی لە گیتۆکاندا دەکرد، ئەمڕۆ نەک هەر لە کەمپەکانی پەنابەراندا بەڵکوو لەسەر سنوورەکانی ئەمریکا، سەر سنوورەکانی فەڕەنسا، لە شارەکانی ئەسینا و بەرلینیشدا خەریکە دەبنە ڕاستییەکی ئاشکرا. فۆکۆشکردنی هەندێک لە میدیاکان لەسەر حاڵەتەکانی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەم گیتۆ دانپیانەنراوانەدا هێندەیتر زینۆفۆبیا (تۆقین لە بێگانە) و وتاری دژە بێگانەی ڕاسیستەکان بەهێز دەکات.
کاتێک سیاسییەکی ڕاستڕەو یا نیونازیست دەڵێت؛ بە هاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکەمان ڕێژەی تاوانکاری زیادی کردووە؛ دەیەوێت بڵێت، توندوتیژی لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بوونی نییە و ئەوە پەنابەرانن توندوتیژییان لەگەڵ خۆیان هێناوە. ئەوان نایانەوێت ئەو توند و تیژییە سیستماتیک و بەرچاوە ببینن کە فڕۆکە و سەربازانی خۆیان لە وڵاتانی پەنابەران ئەنجامی دەدەن یا بە چەکە فرۆشراوەکانیان بە حکومەتەکان دەرهەق بەو مرۆڤانە ئەنجام دەدرێت کە دواتر پەنا بۆ وڵاتەکانیان دەهێنن. ئەوان بە پەردەپۆشکردنی ئەو توندوتیژییەی هەر لەم کۆمەڵگەیەنەدا بەرانبەر بە پەنابەران دەکرێت، لە ڕێی پێدانی ئەو کارانەوە کە هاووڵاتییەکی ئەوروپی نایانکات، لە ڕێی دانانی فشاری دەروونی لەسەر پەنابەران بەوەی هەرچۆنێک بووە و سەرباری هەموو کێشەکانی تریان پەلەیان بێت بۆ فێربوونی زمان و پەیوەستبوون بە بازاڕی کارەوە هەتا پێیان نەوترێت پەنابەران تەمەڵن و چاویان لە سۆسیاڵە! لە بنەڕەتەوە بابەتەکە دەگۆڕن.
زۆر جار لە میدیاکانەوە ڕاستڕەوەکان دەربارەی پەنابەران دەڵێن، ئەمانە پەنابەری سیاسی نین بەڵکوو پەنابەری ئابوورین. بەمەش دەیانەوێت پێمان بڵێن، پەنابەران هاتوون تا لە خێر وبێری وڵاتەکەماندا شەریکە بەش بن. ئەوان نایانەوێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێن، کە پایەیەکی بینای خێر و بێر و کامەرانیی ئەم وڵاتانە لەسەر بە تاڵانبردنی سامانی وڵاتانی پەنابەرە، لەسەر نەهامەتی و شەڕ و کاولکارییەکانی ئەو وڵاتانەیە.
فەیلەسوفی فەڕەنسی برۆنۆ لاتۆر لە وتارێکیدا ئەم زەویە شۆڕشدەکات و ئەم زەویەی ژێرپێمان گووم دەبێت DER PLANET REBELLIERT. DER BODEN UNTER UNSEREN FÜSSEN SCHWINDET پێیوایە
“گەلانی ئەوروپا لایەنی کەم لە سەدەی هەڤدەوە لەسەر زەوی خەڵکانی دی خۆیان دەژێنن و بە دوای ئەمەشدا هەموو گەلانی دیکە، یا لایەنی کەم گەلە دەوڵەمەندەکان، ئەمەیان پەیڕەو کرد. ئەمەش بە جۆرێک گەورە بووەوە هەتا بەم ئاستە ترسناکەی نەمانی یەکسانی گەییشت“ (1) .
ئەمەش خۆی نیشاندەری ناکۆکییەکی قووڵە لە چۆنیتی مامەڵەکردن لەتەک چەمکی تێکەڵاوبووندا؛ لە لایەک پێداگریی لەسەر پەیوەستبوونی پەنابەر بە بازاڕی کار دەکەنەوە و لە لایەکی ترەوە تانە لە کەیسی پەنابەران دەدەن و دەیان کەن بە کۆچبەری ئابووری، کە بەشە نەگووتراوەکەی ئەوەیە بەوەدا تۆ پەنابەری ئابووریت، کەوایە مافی مانەوەت نییە لەم وڵاتەدا و نابێت لێرە بیت.
پەراوێز:
HTTPS://WWW.ALAWAN.ORG/2019/06/19/
سەرچاوەکان:
1. الاندماج الاجتماعي و الدیمقراطیة، نحو مقاربة سوسیولوجیة، فوزي بو خریص.
2. سیکولوجیا المهاجرین، استراتیجیات الهویة و استراتیجیات التثاقف، عزام امین.
3. نحن اللاجئون، جورجیو ئاگامبین
4. هانا ئارندت، نحن اللاجئون.
HTTPS://SASAPOST.CO/TRANSLATION/ARAB-WORLD-TURNS-ITS-BACK-ON-RELIGION/
پوختەی ئەم وتارەم لە سیمینارێکدا ڕۆژی 18.12.2018 لە ئەنجوومەنی پیرانی بەرلین بۆ تێکەڵبوون و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی SENATSVERWALTUNG FÜR INTEGRATION, ARBEIT UND SOZIALES خوێندەوە.[1]