ناونیشانی بابەت: دۆندرمە و فسفۆڕ و حکومەتی کوردی
ئامادەکردن و نووسین: #شەمال محەمەد محەمەدئەمین#
کاتێک چاوم بە میدیای کوردی و بابەتەکانی دەکەوێ شەرم دامدەگرێ، نازانم یا من نەزانم و میدیاکان بلیمەت، یا هۆکاری ترە، سەیرە هەر بابەتێکی میدیاکان دەبینم دنیایەک کەموکووڕیی تێدایە، کەموکووڕیی زمانەوانی، داڕشتن ، گەیاندن، جگە لە شێواندنی ڕاستییەکان ... هتد.
لە هەواڵێکی سەیر، گوایە هەندێک لە هێماکانی هاتوچۆ بەهۆی پلەی گەرمیی بەرزەوە تواونەتەوە! هەواڵەکە دەڵێ فسفۆڕەکان تواونەتەوە!
سەرەتا ئەوانە فسفۆڕ نین، پاشان توانەوە واتە گۆڕانی ماددە لە دۆخی ڕەقییەوە بۆ دۆخی شلی، واتە هەم توانەوە و هەم فسفۆڕ هەڵەن، پاشان دەڵێ ئەو فسفۆڕانە حکومەت داینەناون بەڵکوو کۆمپانیای تر دایناون.
قوربان کۆمپانیاکان کێن؟ من یەکێک لە خاوەنی ئەو کۆمپانیایانە لە منداڵییەوە دەناسم، خاوەنی یەک دینار نەبوو ، ئێستا ملیۆنێرە، ئەگەر بەم کەلوپەلە کوالێتی خراپانە نەبێ چۆن وا زوو دەوڵەمەند بو؟ پاشان ئەی ئەرکی حکومەت چییە؟ کوا کۆنترۆڵی جۆری و کوا لیژنە تایبەتمەندەکانیان؟
فسفۆڕ دۆندرمە نییە بتوێتەوە ئەزیزم، باسی دۆندرمەی ئێرانی دەکەم ئەو پیشەسازییە گرنگەی کە لە پیشەسازیی ئەتۆم ئاڵۆزتر و ترسناکترە بۆیە ئێمە لێی بێبەشین!
ئەوەتا لە هەواڵێکی سەیرتر، کاسبکارێکی بەڕێز دەڵێ دۆندرمەکە ئێرانییە وەک ئەوەی کورد نەزانێ دۆندرمە درووست بکات! هەر بەو بۆنەیەوە برادەرێکم هەیە لە زاخۆ لەسەر پردی دەلال کافتریای هەیە، ئەویش هەر لە تورکیا دۆندرمەی بۆ دێت!
لە هەواڵێکی تر کە هەزاران جار بیستراوە، کۆبوونەوە، ئەو کۆبوونەوانەی هەرگیز کۆتاییدان نایە! ئەو کۆبوونەوانەی بە ماچ و دەست لە ملانێ دەست پێدەکەن و بە لێدوانی دژ بە یەکتر کۆتاییدان دێ!
قوربان ئێوە 30 ساڵە کۆدەبنەوە هەر بەیەک نەگەیشتن، هەر لە یەک نەگەیشتن؟ ئەرێ تاکەی چاوەڕوان بین؟
کۆبوونەوە بە کاروانی ئۆتۆمبێلی ملیۆنان دۆلاری و لەنێو کۆشکی ملیۆنان دۆلاری بۆ چارەسەریی گرفتی ئەو هاووڵاتییانەی کە مانگانە خەو بە مووچەیەکی 300 هەزار دینارییەوە دەبینن! ئەوانەی کە خەو بە ئاو و کارەبا و مووچەوە دەبینن! ئەو بەستەزمانانەی میوە و سەوزە و دۆندرمەیان تورکی و ئێرانییە و گۆرەوەی و بێجامەکانیان سووری و هەموو کەلوپەلەکانی ماڵەوەشیان چینییە!
ئاخر من ئەگەر نەتوانم سادەترین پێداویستیی ژیانم دابین بکەم چۆن داوای دەوڵەت بکەم؟
توخوا لەو 30 ساڵە ئەگەر ساڵی یەک کارگەتان درووست کردایە ئێستا چ پێویستی دەکرد فسفۆڕی تواوە و دۆندرمە لە دوژمن بکڕین؟ کاکە واز لە دامەزراندنی کارگە بێنن، جارێ خەمێک لە زمان بخۆن، ئاخر ئەو حاڵەی میدیای کوردیی تێدایە زۆر نەنگی و شورەییە ، ئاخر دۆندرمە نازانین درووست بکەین قەیناکا، بەڵام خۆ هەر وشەی دۆندرمەش تورکییە!
جارێ لە خەمی ئەوەدا بن وشە و کلتور و زمانمان ڕزگاربکەن لە لەناوچون، ئاخر ئاوا بڕوا چەند ساڵێکی تر شتێک نامێنێ بە ناوی زمانی کوردی ئازیزان.
سەرنج: ئازادی لە بڵاوکردنەوەی بابەت لەگەڵ ئاماژەدان بە سەرچاوە. [1]