کەنەکە لەبارەی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە داوایەکی ئاڕاستەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد
#10.07.2023#
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ، لەبارەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان و ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی ئاڕاستەی دەکرێن، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، کەنەکە نیگەرانی لەبارەی ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی ئاڕاستەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان کراون دەربڕیووە و ڕایگەیاندووە: بەپلانی ئۆرگانیزە دەزگاکانی دەوڵەت نامەگەلی بێ ناوی بۆ دەنێرن و تیایاندا هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێت.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا کەنەکە جەختیشیکردووەتەوە، ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم بێدادیەی سەر بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێیانی بەتوندی شەرمەزار دەکەین.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕەفتارەی دەوڵەتی تورکیا لەبەرانبەر بەڕێز ئۆجالان نابێت جێگای قەبوڵ بێت، ئەمە ڕاستەخۆ بڕیاری کوشتنە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا کەنەکە داوای لە سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کردووە، مافە ڕەواکانی بەڕێز ئۆجالان بەهەند وەرگرن و فشار بکەنە سەر دەوڵەتی تورکیا کە کۆتایی بە ستەم و نادادیەی لە سەری بێنێت.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی کەنەکە بەمجۆرەیە:
ئیدی ئەو گۆشێگیریە توندکراوەی سەر بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، گەیشتۆتە خانەی فەرمانی لەناوبردن!
ئەوا 28 مانگە کە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و سێ لە هاوڕێکانی لە دورگەی ئامڕاڵی، پەیوەندی پچڕاوە. دەوڵەتی تورکیا زۆر بەئاشکرا ڕێ نادا کە کەسوکار و پارێزەرەکانیان سەردانیان بکەن. هەروەها مافی نامەناردن و قسەکردن لە ڕێگای پەیوەندی
تەلەفۆنیشەوە پێنادرێت. ئەم ڕەفتار و هەڵوێستەی دەوڵەتی تورکیا هەموو قانون ومافە حقوقیەکانی جیهانی پێشێل کردووە.
بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لە 15 ی شوباتی ساڵی 1999 ەوە لە دورگەی ئامڕالی دیلە. بەڕێز ئۆجالان، وەک ڕێبەرێکی کورد بەهۆی دۆزی کورد و کوردستان بە دەستی دەوڵەتی تورکیاوە ڕاستی سەدان مامەڵەی دژە مرۆیی دێت.
ڕێ نەدان بە دیدار لەگەڵیدا خۆی لەخۆیدا ئەشکەنجەدانێکە بۆ لەناوبردنی. بەپلانی ئۆرگانیزە دەزگاکانی دەوڵەت نامەگەلی بێ ناوی بۆ دەنێرن وتیایاندا هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێت.
ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم بێدادیەی سەر بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێیانی بەتوندی شەرمەزار دەکەین.
لە هەموو دونیا، لە نامرۆڤایەتیترین ڕژێم دا مافی چاوپێکەوتن و دیدار بۆ هەر ڕەهینەیەک دەدرێت. ڕژێمی ئاپارتهایدای ئەفریکای باشووری ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش وەکوو دەوڵەتی تورکیای نەکردووە!
ئەم ڕەفتارەی دەوڵەتی تورکیا لەبەرانبەر بەڕێز ئۆجالان نابێ جێگای قەبوڵ بێت، ئەمە ڕاستەخۆ بڕیاری کوشتنە!
زیندانیانی سیاسی لە هەر شوێنێکی دونیا بێت ئەو مافە حقوقیەیان هەیە. ئەم مافە نابێت لە زیندانیان بسەنرێتەوە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا هیچ لەو ماف و یاسا مرۆڤانەیانە ناس ناکات و پێشێلیان دەکات و بەڵکوو مافی ژیانیشیان لێدەسەنەتەوە.
بەڕێز ئۆجالان لە هەموو ژیانی خۆیدا خزمەتی گەلی کوردستانی کردووە و لەپێناو مافە ڕەواکانی ئەوان تێکۆشانێکی گەورەی ئەنجام داوە. بۆیە بەڕێزیان باجی زۆر گرانی داوە و ئێستایش دەیدا. هەر بۆیەشە خەڵکی کوردستان لە سەرەتاوە لە ئۆجالان بەخاوەن دەرکەوتووە و بەخاوەن دەردەکەوێ.
ک ن ک داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکات کە لەم تێکۆشەرە زیاتر بە خاوەن دەرکەون.
هەروەها داوا لە هەموو دونیای دیموکراتیک و مرۆڤدۆست، دەزگاکانی ناودەوڵەتیش دەکات کە مافە ڕەواکانی بەڕێز ئۆجالان بەهەند وەرگرن و فشار بکەنە سەر دەوڵەتی تورکیا کە کۆتایی بە ستەم و نادادیەی لە سەری بێنێت.
ک ن ک هەروەها بانگی دەوڵەتی تورکیا دەکات کە واز لەو سیاسەتە نامرۆڤانەی خۆی بێنێت و بە زوترین کات ڕێگا بۆ ئازادییەکانی بەڕێز ئۆجالان بکاتەوە و و مافە یاساییەکانی بەدیبهێنێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
10-07-2023 بڕۆکسڵ[1]