ناونیشان: لەنێوان ئیبراهیم کاڵن و سەید حسێن نەسردا!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #05-06-2023#
ئیبراهیم کاڵن دەبێت بە ڕاوێژکاری میت. کاڵن خوێندکاری نمرە یەکی فەیلەسوفی ئێرانی-ئەمریکی سەید حسێن نەسرە کە سەدان لاپەڕە و دەیان لێکچەری لەسەر فەلسەفەی ئیسلامی، هونەری موقەدەس، گەڕانەوە بۆ پێش مۆدێرنیتە و خاوەندارێتیکردنەوە لە ڕۆح و ئیمان و ئیسلام و هونەری موقەدەس نووسیوە و تۆمارکردووە. نەسر بە دوو خوێندکاری خۆی زۆر دەنازێ یەکێکیان ئیبراهیم کاڵنە ئەوی دیکە ویلیام چیتیک خاوەنی پەڕتووکی من و مەولانایە.
سەروەختی فەرمانڕەوایەتی محەمەد ڕەزا شای ئێران، حسێن نەسر چاو لەو هەموو نادادییەی ڕەزاشا دەپۆشێت و پاش دەستماچکردنی دەبێتە ڕاوێژکاری هونەری و فەلسەفیی فەڕەحی ژنی شا. لە چاوپێکەوتنەکەی ڕامینی جەهانبگلودا کە لەگەڵ نەسر ئەنجامی داوە نەسر دەڵێت: من ڕاوێژکاری فەرەح بانوو بووم، دەمانویست هونەری موقەدەس لە ئێران ببوژێنینەوە. لەکاتێکدا حەمەڕەزا شا خوێنی لاوان و کەمایەتییەکانی ئێرانی دەڕشت ئەم فەیلەسوفە مەزنە لەخەمی هونەری موقەدەسدا دەبێت، دەقیق لە ڕۆژی شەهیدکردنی حسێندا باس لە فروعاتی نوێژیبوونی خوێنی میشوولەدەکات گەر بە کراسەکەتەوە بنووسێت.
من نایشارمەوە کە زۆر پەشیمانم لەوەی ڕۆژگارێک دەروێشانە ملم بۆ تێزەکانی ئەم پیرە فەیلەسوفە زاڵم پەروەرە باداوە و پێی کاریگەر بووم، باوەڕم وابووە ترادیشناڵیزم چارەسەرە، شیعر و مەتنی پەڕتووکەکانیم لەبەر کردووە، ڕیشم وەک ڕیشی ئەم چاککردووە، شێوازی دەربڕینەکانی ئەمم لە نووسین و قسەکردنمدا بەکار هێناوە، بەڵام کە دەبینم ئەمڕۆ خوێندکارەکەشی لە فەلسەفەی جوانیناسی و ئیستاتیکا و هونەری موقەدەسەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ڕاوێژکاری جەللادترین و خوێنڕێژترین دەزگای سیخوڕی سەر ئەم ئەستێرەیە ناتوانم هێڵنج بەرانبەر ئەوەی نووسیویانە لەسەر فەلسەفە و هونەر و جوانیناسی و ئیمان نەدەم.
ئیمانێک نەتوانێت مرۆڤ والێبکات دژی زاڵم بۆستێتەوە، لانی کەم بێلایەن بێت، ترادیشناڵیزمێک پۆتێنسیالەکەی وابێت مرۆڤ هونەرمەندەوە بکاتە جەلاد و پۆلیسی جوانی ئیدی چۆن دەتوانێت هونەری موقەدەس بخوڵقێنێت، جوانبین بێت و جوانیناسی فێری نەوەی مۆدێرن بکات و تێیبگەیەنێت کە مۆدێرنیتە خراپە و پێش مۆدێرنیتە سەردەمی ئاڵتوونی بووە؟
سەید حسێن نەسر لە پەڕتووکی درجستجوی امر قدسی دا دەڵێت مۆدێرنیتە بلدۆزەرێکە هاتووە هونەری موقەدەس بڕوخێنێت، جوانییەکانی ترادیشناڵیزم پایەماڵ بکات. ئەم قسەیە ڕۆژگارێک منی وڕ دەکرد و دەیخستمە وەجد و سەماعی عەقڵییەوە، بەڵام ئێستا پێکەنینیشم پێی نایە چونکە ئەم ئارگیومێنتە لەزەمەنەکەی خۆی دابڕاوە، دەیەوێت بەم هەموو ڕێگایەی کە بڕیومانە بمانگەڕێنێتەوە بۆ پێش زانین بو بۆ پێش گەشەسەندن و کامڵ بوونی عەقڵییەتی بەڕێوەبەری و ڕەخنەگرانە. پێم وایە ئەم مرۆڤە گرگن و کورسیپەرەست و فرسەتتەڵەبانە لەژێر ناونیشانی هونەری موقەدەسدا دەیانەوێت دەستیان لە تێکەی چەوری سەر سفرەکەی موعاویە گیر بکەن و وا نیشاندەن لە پشت عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبەوە نوێژدەکەن، دەیانەوێت لە خەلیفە و سوڵتانە جائیرەکان نزیک ببنەوە و شەرعیەت بە کارەکانیان بدەن و لەوێوە بە مەرامە کەسییەکانی خۆیان بگەن.
مۆدێرنیتە هەموو شتێکی خراپ بێت لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە دەسەڵاتی ڕەها نەداتە دەست تەنیاکەسێک، چونکە پێی وایە دەسەڵاتی ڕەها فەسادی ڕەها دەخوڵقێنێت، مۆدێرنیتە لەوەداسەرکەوتوو بووە دادگا ئازاد و ئازا بکات، جیاوازی لەنێوان تڕەمپ و جۆرج فڵۆیددا نەکات، ئازادی بێمەرج و بێ پێشمەرج بە یەکسانی دابەش بکات بەسەر سوڵتان و گەدادا، زانست بکاتە موڵکی هەمووان، فەرمانڕەوا بباتە بەردەم ڕیوەڵەترین حاکمی وڵات، بەڵام ئەمانەخۆشترین کاتەکانیان ئەو کاتەیە کە لە بن هەنگڵی سوڵتانێکدان و تەواوی دەسەڵاتە خودایی و مرۆییەکانی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، بۆچی؟ چونکە فرسەت تەڵەب و زەبوون و ترسنۆکن، وێنەی خودا وێنەیەکی سوڵتانانەیە لایان، بەردەوام لەگرێی گەڕانەوەدان بۆ ڕابردوو، ناتوان لە گەشەسەندنی عەقڵی مرۆڤ و ژیارەکەی تێبگەن، لەبری کەڵک وەرگرتن لەئەزموونەکانی ڕابردوو دەگەڕێنەوە بۆ خودی ڕابردوو.
ئیبراهیم کاڵن لە سێیەمین جیلی سەر بە بەرەی ترادیشناڵیستەکانە، ئەم ترادیشناڵیستانە مۆدێرنیتە بەتەواوی ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە مۆدێرنیتە خۆرەی ڕۆح و ئیمانە، مرۆڤ لە خودا دوور دەخاتەوە. چاویان ئەو دیموکراسییە نابینێ کە بەبێ ڕشتنی ڕووباری خوێن کورسی پادشا و سوڵتان و قەیسەرەکان یەک لە دوای یەک چۆڵدەکات، چاویان بەو جیاکردنەوانەی دەسەڵاتە ڕەهاکان و کۆنەکردنەوەیان لەدەستی تەنیا کەسێکدا هەڵنایەت. باس لە ئیبن ڕوشد دەکەن بەڵام خۆیان پەڕتووکەکانی گولەن دەسوتێنن، باس لە دەربەدەری و زیندانیکردنی غەزالی و سۆرەوەردی شێخی ئیشراق و مەلا سەدرا دەکەن بەڵام خۆیان دەیان فەیەسوف و زانا شاربەدەر و وڵاتبەدەر دەکەن!
سەلەفییەتی تراژیدیا-کۆمیدیاکەی ئەم ترادیشناڵیستانە لەوێدایە کە دەڵێن مۆدێرنیتە دێت خانووە قوڕ و خانەقا گڵینەکانمان دەکاتە تاوەری بازرگانی و مۆڵی بازرگانی، ئێمە دەبێت نەهێڵین ئەمە سەربگرێت، بەڵام چاویان لە ستەمی سەڵاتینە کۆنزەرڤاتیڤە ڕاستڕەوەکانی وەک سەددام و حەمەڕەزا شا و ئاردۆگان و مادۆرۆی ڤەنزوێلا دەپۆشن لەوەی خوێنی هاونیشتمانییانیان ڕۆژانە دەکەنە کاسەوە. کۆمیدیای تێزەکەی ئەمان لەوێدایە کە دەڵێن هەر ئەوەندەی کاسەکە گڵین بێت و پلاستیک نەبێت قەبووڵمانە خوێنی خەڵکی تێ بڕژێت، چونکە لە کەڵت و دینی ترادیشناڵیزمدا پلاستیک کوفرە!
کاڵن ئەمڕۆ بە باکگراوندێکی هونەری و ئەدەبی و فەلسەفیی ئین ڕووشدی و مەولانایی و ترادیشنالیستانەوە بووەتە سەرۆکی داپڵۆسێنەرترین و خوێنخوارترین دەزگای هەواڵگری ناوچەکە هەروەک چۆن مامۆستاکەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم ڕۆڵەی بۆ ستەم و جەوری محەمەد ڕەزا شا دەگێڕا. مێژوو هیچ نییە لەوەی خۆی دووبارە دەکاتەوە. [1]