ناونیشانی بابەت: قادر کابانی هونەرمەند بێ سەروشوێن کرا
ئامادەکردن: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
ئێوارەی 28-02-1981 (کاروان و کوێستان و کاوان)
هەر سێکیان چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکیان بوون.
بەڵام باوکیان ئەو ئێوارەیە وەک ئێوارەکانی تر نەگەڕایەوە.
کاروان قادر کابان ئەو کاتەتەمەنی 13 ساڵ بوو، لە بارەی ئەو ئێوارە نائاساییە و ئەو یادەوەرییە تاڵە ئاماژەی بەوەکرد:
ئەو ئێوارەییە لە هیچ ئێوارەییەک نەدەچوو، زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەمان و خزمان ڕوویان کردەماڵی ئێمە،
دایکم نەخۆش بوو، من و کوێستانی خوشکم و کاوانی برام سەرمان سوڕما، بۆ باوکمان تا ئێستا لە سەرتاشخانەکەمان (#دەرسیم#) ەوە نەگەڕاوەتەوە.
ئەی ئەم هەموو خزمە بۆ هەمووی لێرە کۆبوونەتەوە، لە دەموچاوی هەموویان دا خەمێکی قوڵ نهێنییەکی پەنهان دەخوێنرایەوە ئەوان ئەو ئێوارەیە هیچیان بە ئێمە نەوت دواتر پێیان وتین:
چەند ئەمنێک باوکمیان دەسگیر کردووە، بیستمان تەنیا دوو ڕۆژ لە زیندانی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی #سلێمانی# بووە.
دواتر گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی ئەمنی #کەرکووک#،
لەوێشەوە گواستویانەتەوە بۆ موخابەراتی کەرکووک
لە بەر ئەوەی بڕیاری دەسگیر کردنەکەی لە موخابەراتی کەرکووکەوە دەرچوبوو.
- بە پێی نووسراوی ژمارە 189 لە 28 شوباتی 1981 نامەیەکی نهێنی و خێرا لە موخابەراتی ئەلتامیمەوە نێراوە بۆ ئەمنی سلێمانی فەرمانی دەسگیرکرنی قادر کابانی خاوەنی دوکانی سەرتاشخانەی دەرسیم دراوە لە پارێزگای سلێمانی.
دواتر ئەمنی سلێمانی ڕەوانەی ئەمنی کەرکووکی کردووە و ئەوانیش ڕادەستی موخابەراتی کەرکووکیان کردووە و
دوای لێکۆڵینەوەی ورد و چڕ و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی گوێزراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی موخابەراتی گشتی لە بەغدا.
ماوەیەکیش لە وێ ماوەتە و جارێکی تر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەیان داوە ، گوێزراوەتەوە بۆ بەشی تایبەتی موخابەرات لە زیندانی ئەبوغرێب.
=KTML_Bold=نەسرین خان ئاماژەی بەوەکرد:=KTML_End=
بەبەردەوامی دەرگای هەموو زیندانەکانمان گرت.
شوێن نەما ڕووی تێ نەکەین بۆ هەواڵ پرسینی.
بەڵام هیچ سۆراغێکیمان دەست نەکەوت.
هەر زیندانییەک کە ئازاد دەکرا لە هەر کوێیەک بوایە سەردانمان دەکرد.
یا دەمان بیست زیندانییەک حوکم دراوە و گواستراوەتەوە بۆ ئەبوغرێب، بەخێرایی خۆمان دەگەیاندە لایان، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لانە بوو.
=KTML_Bold=زیندانییەک دەیگوت:=KTML_End=
- گوێم لەدەنگی قادر کابان بوو لە ژوورەکەی ئەو دیوی ئێمەوە بەدەنگێکی زۆر خەماویی و حەزینەوە مەقام و گۆرانی دەوت.
=KTML_Bold=زیندانییەکی تر پێی وتین:=KTML_End=
- قادر کابانیان لە ژووری لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدانەوە هێنایانە ژوورەکەی ئێمە، ئەوەندەیان ئەشکەنجە دابوو لە هۆش خۆی چووبوو ، لە بەتانییەکیان پێچابوو.
=KTML_Bold=زیندانییەکی تر گێرایەوە:=KTML_End=
- بەقادر کابانیان وتبوو:
- ببە بە #بەعس#ی و لەگەڵ ئێمە کار بکە، بەڵام ئەو داواکارییەکەیانی قبووڵ نەکرد.
=KTML_Bold=دەرسیم #دیبەگە#یی دەڵێت:=KTML_End=
- من لە سەرەتای پڕۆسەی ئەنفالی 1988دا لە بەشی زیندانی (ئەحکام خاسە) زیندان بووم لە ئەبوغرێب، بۆ ماوەی هەفتەیەک چەند زیندانییەکیان لە بەشی ئەحکام خاسە جیا کردەوە بۆ عەمەل شەعبی.
منیش یەکێک بووم لەو زیندانیانە چەند ژوورێکی زیندانی موخابەراتی بەشی تایبەتی یان بۆ دیاری کردین بو ئەوەی دیوارەکانیان بۆ بۆیە بکەین، لەسەر دیواری ژوورەکانی ئەو زیندانه، ناوی دەیان سەدان زیندان بە هەڵکۆڵین و نووسین تۆمارکرابوو.
لە یەکێک لە دیوارەکانی زیندانی موخابەراتی ئەبوغرێب ئەمە نووسرابوو.
قادر کابان - دەرسیم لەگەڵ تۆمارکردنی ڕۆژوو ساڵی دەسگیر کردنەکەی
دوای نیوەڕۆی 28-02-1981 قادر کابان لە ماڵەوە گەڕایەوە بۆ سەرتاشخانەی دەرسیم کە لە نزیک سینەما سیروانەوە بوو، ئەو کاتەی ئەمنەکان هاتن، قادر کابان دەست بەتاڵ بوو، پیکابێکی موسەلەحە لەوبەر دوکانەکەوە ، بەرانبەر دەرسیم وەستا چەند ئەمنێکی تیا بوو ، یەکێک لە ئەمنەکان کوردبوو. دوای تاوێک بەرەو دوکانەکەمان هات.
- وتی: کاک قادر هاتووم پێت ڕاگەیەنم لە دائیرەی ئەمنی سلێمانییەوە بانگت دەکەن ئیشیان پێتە تەنیا چەند پرسیارێکت لێ دەکەن و دەگەڕێیتەوە.
- قادر کابان وتی: ئیشیان بەمن چییە؟
ئەمنە کوردەکە وتی: من هیچ نازانم تەنیا ئەوەم لەسەرە تەبلیغت بکەم ئەوەتا ئەمنەکان لەوبەرەوە لای موسەلەحەکە وەستاون چاوەڕوانی تۆ دەکەن.
قادر کابان هیچ خۆی تێک نەدا وتی: باشە کەمێک چاوەڕوانم بن.
لەو کاتەدا هەر بەهێمنییەکەی خۆی دەستی دەدایە مەکینەی سەرتاشینەکەو خۆی بەپاک کردنەوەیەوە سەرقاڵ کردبوو.
وتی: باشە با ئەم مەکینە پاک بکەمەوە و دێم لەگەڵتانا.
لەو کاتەدا ئەمنە کوردەکە گەڕایەوە بۆ لای ئەمنە عەرەبەکانی لای موسەلەحەکە کە لەوبەرەوە وەستابوون، دوای تۆزێک قسەکردن لەگەڵ ئەمنەکان سواری موسەلەحەکە بوون و ڕۆیشتن.
بەڵام دوو ئەمنیان وەک چاودێر لەوبەرەوە لەشوێنی موسەلەحە بەرانبەر سەرتاشخانەی دەرسیم دانابوو ، زۆر بەوردی چاودێری قادر کابان و سەرتاشخانەکەیان دەکرد.
لە و کاتەدا قادرکابان ئەو چاکەتەی کە بەعەلاگەکەوە هەڵواسرابوو لە بەر کرد ، ئەو ڕۆژە چاکەت و پانتۆڵی شینی کاڵی لە بەرکردبوو.
لەو کاتەد عەلی شاگردی ڕووی کردە قادر کابان پێی وت:
- کاک قادر چییە؟ هیچ لە خۆتا شک دەبەیت؟ گەر شتێکی نهێنی هەیە و مەترسی بۆ سەر ژیانت هەیە تا زووە خۆت لەم ناوە ون بکەو دوای ڕابکە بۆ شوێنێک، نەتوانن بتدۆزنەوە پێش ئەوەی ئەوان بێنەوە.
- بەڵام قادر وتی: هیچ نییە ئێستا لەگەڵیان دەڕۆم و دەگەڕێمەوە.
- دوو ئەمنەکە بە زەقی و لەو بەرەوە بە بەردەوامی چاودێری وردیان دەکرد.
دوای ماوەیەکی کوورت موسەلەحەکە گەڕایەوە.
ئەمنە کوردەکە جارێکی تر لە لای موسەلەحەکەوە خۆی گەیاندە ناو سەرتاشخانەی دەرسیم وتی:
- کاک قادر ئێستا حازریت، ئەمنەکان لەوێ وەستاون چاوەڕوانی تۆ دەکەن.
قادر کابان وەڵامی نەدایەوە، سە یرێکی کرد، لەگەڵ ئەمنە کوردەکەدا هەنگاویان نا بەرەو لای موسەلەحەکە و لەگەڵیان دا ڕۆیشت بۆ دائیرەی ئەمنی سلێمانی لە شەقامی سالم.
هونەرمەندی شەهید قادر کابان، لەسەر هەڵوێستی نیشتمانپەروەریی، لە شاری سلێمانیی و لە دوکانەکەی خۆیدا پشتی دەستگیرکردنەکەی چارەنووسی بەنادیاری دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر بەپێی هەندێک بەڵگەنامە، دەردەکەوێت کە لەسێدارەدراوە. [1]