قوڕ لە ئیدیۆمی بن زاری کۆییاندا
خاک و خۆڵ یان گڵ تێکەڵ بە ئاو بکرێت دەبێتە: قوڕ، قوڕ هەر تێکەڵکردنی ئاو و گڵە چ بەهۆی جۆگە و بارانەوە بێت یان مرۆڤەوە بێت، تاوەکوو کۆتایی سەدەی بیستەم لە گوندەکانی کوردستاندا بگرە ناو شارەکانیش قوڕ کەرەستەیەکی سەرەکی بیناسازی و کەلوپەلی ناوماڵ بوو.
خشت و خانوو و سواق و سەرسوواق و قوڕەپەست و مارنج و دیوار و ژوور و هۆر و کۆلیت یان دیزە و دەفری گڵێنە و خشتی سوورەوەکراو و قاپ و قاچاغ و شەربە و کوپە و گۆزە و تاد، هەموو ئەوانە لە قوڕێ درووست دەکران، هەر بۆیە بەهۆی بەکارهێنانی قوڕەوە یان بەهۆی باران بارینەوە، قوڕوچڵپاو و قوڕولیتە و قوڕکاری لە زۆر ئیدیۆمی کوردەوارییدا بەکارهاتووە، وراتی #کۆیە# ش ناوەندێکی دیاری کوردستانە و لە بن زاری ئەواندا چەند ئیدیۆمێک لەسەر قوڕ دەخەمەڕوو:
مارت بە قوڕێ نەگیرێ: وەکوو نزا و تووکە لە کۆیە بەو کەسانە دەڵێن کە قسەیەکی نابەجێ یان کارێکی هەڵە بکات، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و جارێکیتر ئەو کارە یان قسەیەی نەکات.
خۆ ئاسمان بە قوڕێ نەگیرایە: کەسێک کە زۆر ڕەشبینە لە کارێک یان دەست و پێ و قەڵەمی شکاوە و پێی وایە سەروبنی دنیای لێ وێک هاتۆتەوە و ئاسمان ڕووناکایی تێدانییە و سەری بەقوڕێ گیرایە و خۆر نایەتە دەرەوە، بۆ دڵدانەوەی خەڵکی ڕەشبینی لەو شێوەیە دەوترێت: خۆ ئاسمان بەقوڕێ نەگیرایە.
ئەگەر کارێک ئاسان بێت بەڵام ترس لە کردنی هەبێت دەوترێت: خۆ قوڕەپەست نییە، قوڕشێله: ئەو ڕیگاوبانەی خۆڵ-خۆرەپۆت بوو، لە کاتی باران باریندا دەبووە قوڕێکی خەست و پەیت کەریش لێی دەرناچوو، دەوترا: قوڕشێلە، قوڕکێره: دوای بارانی پەڵەی زەوی ئاوێکی زۆری هەڵدەگرت و تەڕ دەبوو تا ماوەیەکی زۆر ئەگەر بەگاسن و هەوجاڕی بکێڵدرابایە، گاسنەکە لە قوڕێ گیر دەبوو، یان پارچە قوڕی گەورە گەورەی وەردەگێڕا و زەوییەکە دەبووە پارچەپارچە کەستەکی گەورە بەوە دەوترا: قوڕکێر، کارێکیش زەمینەی ئەنجامدانی نەبێت پێی دەوترێت: بووە بە قوڕکێر.
قوڕاو بوو، خۆڵ و ئاو تێکەڵ بکرێن و ڕیژەی ئاوەکە زۆرتر بێت دەبێتە قوڕاو، ئاو ئەگەر ڕوون و بێگەرد بێت، دڵ دەکاتەوە و پێداویستییەکانی خواردن و شوشتن دابین دەکات و هەرچییەکیش لە ئاوەکەدا هەبێت دیار دەبێت، بۆ ناڕوونی کارێک یان تێکچوونی دەوترێت: قوڕاوبوو.
قوڕەبەرازە: دوو گوند بەناوەکانی (#قوڕەبەرازەی گەورە# و قوڕەبەرازەی گچکە) لە سنووری کۆیە لە شارەدێی #تەقتەق# دا هەیە ئێستا تەنیا مەڕدارێکیان تێدایە و چۆلن، ناوەکەیان لە قوڕکێری و قوڕشێلی و قوڕێکی پەیت و خەستەوە هاتووە کە گوایە بەراز لێی دەرناچێت یان قوڕولیتەیەکە بەراز پێی خۆشە لەکاتی چڵپاودا بچێتە ناویەوە.
قوڕی لۆ گرتەوە: جاری وایە کەسێک کارێکی خراپ بەسەر کەسێک دەهێنێت و دووچاری زەحمەتی و کاروبار و ئیشێکی قوورسی دەکات، بۆ گاڵتەش ئەگەر ژن بۆ یەکێک بهێنن بەپێکەنینەوە دەڵێن: قوڕی لۆ گیراوە.
قوڕبەسەرم: ئەگەر کەسێک دووچاری کارێکی زەحمەت بکرێت وەکوو ناڕەزایی و نیگەرانی دەربڕین دەڵێت: قوڕبەسەرم، لەکاتی شیوەن و شین و ڕۆڕۆ کاتێک کەسێکی نزیک بمردبوایە و وەکوو لێقەومان وابوو کەسە نزیکەکان سەری خۆیان لەقوڕێ دەنا و قوڕیان دەخستە سەر سەریان هەموو ئیدیۆمەکانی: قوڕبەسەرم، سەرت لە قوڕێ نێن، سەربەقوڕبی، بۆ خەم و خەفت و نیگەرانی و کاروباری قوورسی ژیان و...تاد، بەکارهاتووە.
تۆپە قوڕ، پڕ مست و دەست لە قوڕ خڕدەکرایەوە کون و کەلەبەری لەکاتی قوڕەپەست یان کونی دیوارانی پێ پڕدەکرایەوە، هەندێجار هاوشێوەی تۆپەڵە بەفر بۆ یاری و دەستە گەمە بەکارهاتووە، ئەو تۆپە قوڕە بۆ چەند مەبەستێک دەوترا بۆ نموونە:
بە کەسێکی ناشیرینی ڕەزا قوورس و تەمبەڵ و کەتە و گەلحۆ و تەوەزەل دەوترێت دەرێی تۆپە قوڕە، یان کەسێکی متەقی نەکات و هیچ نەڵێت و دەمی بەسترا بێت دەوترێت: تۆپە قوڕیان بەدەمی داداوە، یان بۆ قسەوقسەلۆکی خەڵکی وتراوە: دەمی خەرکی خۆ کونە دیوار نییە، تۆپەقوڕی تێ پەستی.[1]