ناونیشان: تۆ هەستەکانتی یان هەستەکانت تۆن؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #12-06-2023#
بەو پێەی کە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژێکم لەنێو ماشێن و لە لێخوڕینیدایە کەم ڕێکدەکەوێت لەکاتی شۆفێریکردندا گوێ بۆ مە#سنە#وی مەعنەوی مەولانا نەگرم، چوارساڵ زیاترە خۆم ئالودەی ئەم خوو باشە کردووە و لێی لانادەم. ئەمڕۆ بەیتێکی نێو ئەو دیانە گەورەیەی مێژووی مرۆڤایەتی بەتەواوی نووساندمی بەخۆیەوە و هەژموونێکی سەیری دەروونی لەسەر بەجێهێشتم، کە پێم خۆشە لەگەڵ ئێووەش بەشی بکەم:
بەیتەکە دەڵێت:
ئاو کە دزەی کردە نێو کەشتییەوە نوقومبوون و تیاچوونی کەشتی لێدەکەوێتەوە// هەر ئەم ئاوە کاتێک کە لەدەرەوەی کەشتییە و لەژێریدایە دەبێتە گەورەترین پشتیووانی کەشتی.
فارسییەکەی:
(آب در کشتی هلاک کشتی است //آب اندر زیر کشتی پشتی است)
من نازانم مەولانا لە چ دۆخێکدا بووە کە ئەم ئەم قسەیەی کردووە، ئایا ئەو بە مانا مۆدێرنەکەی شارەزای دەروونی مرۆڤ و هەستە شاراوەکانی بووە یاخود نا بەڵام زۆر لەوە دڵنیام ئەم بەیتە دەشێت ببێتە فەریادڕەسێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی زۆر مەزنیش بۆ کەسێک کە بیهەوێت کەمێک لە لەژێر هەژمونی ئەو دۆخە باوە دەرچێت کە حەشامات بۆی درووستدەکەن و تەواوی ژیانی لە مەنگەنەی پێشداوەری و پێشگریمانەی خۆیان دەدەن.
من کە ئەم بەیتەم گوێ لێبوو ئەوەم بە مێشکدا هات هیچ ڕووداوێک، هەستێک یان هیچ شتێک لەم جیهانەدا خراپی ڕووت یان چاکی ڕووت نییە، ڕووداوەکان وهەستەکانی ئێمە، شتەکانی ئەم گەردوونە هەموویان بۆیان خۆیان و لەخۆیاندا بێ لایەنن، دیارنین چاکن یان خراپ، شێوازی مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵیاندا دەیانکاتە ئەوەی چاک یان خراپ بکەونەوە. بە زمانکی سادەتر چاکە و خراپە لێکدانەوەی زیهنییەتی ئێمەن بۆ ئەوەی لەدەرەوەی زیهنییەتی ئێە ڕوودەدات.
بە قەولی ئەنشتاین هەموو شتێک لەم گەردوونەدا وزەیە، وزەش نە تێکدەشکێ نە درووستدەکرێت، ئەم وزەیە کاتێک سرووشتی خراپە پەیدا دەکات کە تۆ بێیت لە شوێن-کاتێکدا دایبنێیت کە شوێن-کاتی خۆی نەبێت، ئەوسا وزەکە لەبر جوڵە و مۆتیڤ و خۆشبەختی بەدبەختی و ماڵوێرانی دێنێت. ئاگر خۆی لە خۆیدا بێلایەنە، نازانین چۆن دێت و بۆ کوێ دەڕوات، کاتێک تۆ دێنیت ئەم ئاگرە بە کۆنترۆڵکراوی دەخەیتە نێو بزوێنەری فڕۆکەیەک یان ماشێنێکەوە ئەوا دەبێتە جوڵەوزەیەکی وەها کە دەتوانیت سواری بیت و ڕێگای دەیان ڕۆژ و هەفتەی وڵاخسواریت بۆ بکاتە چەند خولەکێکی کەم، بەڵام هەر ئەم ئاگرە گەر شوێنەکەی خۆی گۆڕی لەبری نێو بزوێنەری ماشێنێک یان فڕۆکەیەک، لە ماشێنەکە یان فڕۆکەکە خۆی بەربوو دەیکاتە سوتماک و تۆش تیادەچیت پێیەوە. مەولانا وتی ئاو لەبن کەشتی پشتیووانییە بۆی هەر ئەم ئاوە گەر هاتە نێو کەشتییەکە خۆی ئەوا دەبێتە ماڵوێرانی و نوقوم بوون. ئاو هەر ئاوە ئەوەی گرنگە ئێمە چۆن لەگەڵ ئەم ئاوەدا بەرخورد دەکەین و، دەجوڵێینەوە و بەکاری دەهێنین.
ئەم باسە لە هەستە هۆڕمۆنییەکانی ئێمەدا زۆر دەقیقتر ڕەنگدەداتەوە و کار دەکات. هەستەکانی ئێمە زۆرجار ماشێنێکی تیژڕەوی وێڵن، بەخێرایی هەزاران میل لە کاتژمێرێکدا بەرەو ڕوومان دێن، گرنگترین کارێک بشێت ئێمە بیکەین لەبەرانبەریانەوە سەرەتا خۆلادانە لێیان و دواتر کۆنترۆڵکردنیان و دانانیانە لەو شوێنانەی کە دەشێت لەگەڵ خۆیان ئێمەش لە جوڵە بخەن ئەمە مانای (إنما الصبر عند الصدمة الأولىیە.)
بەپێچەوانەوە گەر هەر وا ویڵ و سەرگەردان و بە گۆترەبازاڕی بمانەوێت دەستوپەنجەیان لەتەکدا نەرم بکەین ئەوا بەو خێراییە کە پێماندا دەدەن لە فۆڕمی نەخۆشی و ناڕێکی دەروونیدا دەستوپەنجە و ئێسکەکانی خۆشمان دەشکێنن، مەحاڵە بێ زیان بتوانین لێیان دەرچین. لەسەرێکی دیکەوە خۆدزینەوە لە هەستەکان وبەتایبەتیش هەستێکی وەک هەستی توڕەیی یاخود کەپتکردن و کپکردن و سەرکوتکردنی نەوەک هەر کارێکی درووست نییە بەڵکوو بە قەولی فرۆید دەشێت لە کۆتایی تەمەنماندا ئەم هەستە کپکراوە کە سەرەتا مارێک بووە لە فۆڕمی ئەژدیهایەکدا زیندوو ببێتەوە و قوتمان بدات.
کاری درووست نە چاوڕەوانیکردنە لەو هەستە وێڵانەی کە بەخێراییەکی زۆر بەرە ڕوومان دێن تا پێماندا بدەن تێکمان بشکێنن نە کەپتکردن و ڕاکردنەلێیان، بەڵکوو کارە درووستەکە خۆلادانە لێیان لەسەرەتادا و تێگەیشتنە لێیان لە هەنگاوی دووەمدا تابتوانین بیانخەینە کات و شوێنی درووستی خۆیان بۆ ئەوەی لەبری سووتاندن و تێکشکاندن و نوقمکردن، جوڵە و بیناکردن بخوڵقێنن.
هەروەک ئاوی نموونەی کەشتییەکەی مەولانا تووڕەییش خۆی لەخۆیدا بێ لایەنە، ئەوە ئێمەین وایلێدەکەین باش بکەوێتەوە یان خراپ، هەڵمانگرێت یان نوقممان بکات. تووڕەیی گەر ئاگرێکیش بێت، دەتوانین ئاوی نێو بەستەڵەکێکی قوڵایی ناخمانی پێ بکوڵێنین، لە سارددترین شەوەکانی زستانی دەروونماندا بیهاوینە نێو زۆپایەکەوە تا گەرممان بکاتەوە و لەسەرمابوون بمانپارێزێت.
ئەوانەی کە یاری سەرشەپۆل دەکەن زۆر چاک لە ماناکانی تێگەیشتن لە جوڵە و هەستەکانی ئاو تێدەگەن، بۆیە لەبری خنکاندن و تێکشکان، شەپۆل دەبێتە خۆشترین و ئەفسوناویترین ئەو فەنتازیایانەی کە لەمسی دەکەن لە ژیانیاندا.
هەستەکانی ئێمە شەپۆلەکانی دەریان، دەشێ ڕووبەڕوویان ببینەوە و تێکمان بشکێنن، لە هەمان کاتیشکدا دەشێت وەک شەپۆلەوانێکی شارەزا سەرەتا خۆمانیان لێ لادەین، چاوەڕێی کاتی گونجاو بکەین بۆ ئەوەی لێیان تێبگەین و سواری پشتیان ببین تا لەززەت لەو جوڵەیە ببینین کە شەپۆل لەسەر شان و مل و پشتی خۆی پێمان دەبەخشێت. هەموو هەستە هۆڕمۆنییەکانی دیکەش هەروەک توڕەیین.
سپینوزا لەبارەی هەستەکانی دیکەی وەک ترس و ئومێدەوە شتی سەیر دەڵێت: ئەو پێی وابوو کە لە قوڵاییدا هەم ترس و هەم ئومێد دووبابەتی تەواو کەسی و خودین سەبجێکتیڤن ئەم دوو هەستە کە ژیانی ئێمە دیزاین دەکەن و فۆڕمی پێ دەبەخشن خۆیڵن لە خۆیاندا میسداقییەتێکی دەرەکییان نییە و بوونێکی دیاریکرویان نییە، بەڵکوو پەیوەندییان بە فۆڕمی بیرکردنەوەی ئێمەوە هەیە. بەبۆچوونی سپینوزا ترس و ئومێد دوو هەستی تەواو ناوەکی نێو زەینی ئێمەن سەبارەت بە داهاتوو. ئێمە دڵنیا نین لەوەی لەداهاتوو ڕوودەدات بۆیە هەمیشە زەینمان گریمانەی خراپ لە فۆڕمی ترس و گریمانەی چاکیش لە فۆڕمی ئومێددا چێدەکات. دەشێ باش مامەڵەکروون لەگەڵ ئەم دوو هەستەدا سیستمی ژیانسازی درووست بکات، بە پێچەوانەشەوە دەشێت خراپ مامەڵەکردنیش تێکمان بشکێنێت و بۆ ئەبەد نەتوانین لەززەت لە ژیان وەرگرین.
ئەوانەی پێیان وایە هەستە نەرێنییەکان هەمیشە خراپن، لایەندارانە تەماشای ئاگر دەکەن، لەیەکەم کڵپەیدا ڕووبەڕووی دەوەستن وخۆیانی لێ لانادەن، هەمیشە وەک ئافەت و سوتێنەر لێی دەڕوانن، بیرناکەنەوە لەوەی تینی ئەم ئاگرە کاتێک دەچێتە شوێنێکی درووستی وەک بزوێنەرێکەوە دەتوانێت خۆی بۆ چ جوڵەوزەیەکی گەورە بگۆڕێت. [1]