ناونیشان: ئیسلامە ئۆرجیناڵەکە لای کێیە؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #24-06-2023#
پێچەوانەی یەهودییەت کە بەیەکجار ئەلواح درایە موساو پێیان وت لەسەر ئەم دەستوورە بڕۆ قەومەکەت هیدایەت بدە، قورئان بە حوکمی تەدریجیول نزولەکەی دابەزین بەپێی قۆناغبەندی خۆی لە خۆیدا فیرقە پەروەر و کۆمەڵگە پەروەر و جیاوازی پەروەرە.
هەر ئەم فیرقەپەروەرییە وای کردبوو ئەو شارستانێتییەی ڕابردوو درووست ببێت کە پێی دەوترێت سەردەمی زێڕینی بەغدا. بەڵام کودەتای ئەهلی حەدیس و ڕێککەوتنیان لەگەڵ خەلیفەی دەور و زەمان بۆ لەناوبردنی موعتەزیلە و دواتر فیرقەکانی دیکە و زاڵ کردنی توراسێکی قەبەلی-سیاسی لەژێر ناوی حەدیس و سونەت بەسەر قورئاندا ئەم ڕۆحە بزۆز و نەسرەوتەی قورئانی بۆ فەهم و لێکدانەوەی جیاواز کوشت و لەژێر ناوی سونەت و سەلەفدا ئەوەی ڕادەست بە یەکجۆر تەفسیری مەبەستدار نەدەبوو دەیان ناتۆرەی وەک لادەر و فاسق و ئەهلی زەندەقە و فەلسەفی و کەلامییان دەدایە پاڵی.
پێغەمبەر د.خ بەیەکجار وەحی بۆ نەهاتووە، وەک مامۆستایەک کە بابەتێکی ئامادە کردووە و دەچێتە پۆلەکەی بۆ گەیاندنی بابەتەکەی بەڵام نازانێت ڕووبەڕووی چ پرسیارێکی خوێندکارەکانی دەبێتەوە، کامە تەلەبە موشاغیبە کامە گوێرایەڵە، کامە پرسیاری ئیحراجکەر دەکات، کامە وانە تێکدەدات کامە هاتووە فێرببێت، مامۆستا زانیاری پێشوەختەی لەسەر ئەم پۆلەو شێوازی وانە وتنەوەکەی نییە، بەڵام باش تێدەگات کە کرۆکی بابەتەکەی چییە بۆ ئەوەی بیگەیەنێت و سازش لەو بنەما پایانە ناکات کە دەبێت خوێندکار فێری ببێت، گەر شێوازی درس وتنەوەکەشی ڕادەستی فەزای نێو پۆلەکە ببێت ئەوا هیچ لەوە ناگۆڕێت لە کرۆکی باسەکەی لا نەدات. پێغەمبەریش هەر وابوو، ئەو باش دەیزانی ئەسڵی باسەکەی چییە کە دەبێت بە خەڵکی بگەیەنێت: وەحدەت، بەڵام وەک مامۆستاکە پێشوەخت نەیدەزەانی لەگەڵ چ جۆرە پرسیار و دەرگیرییەکی بەرانبەرەکان دەرگیر دەبێ، قۆناغبەندی و تەدریجی بوونی وەحیش هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو، یارمەتیی پێغەمبەری دەدا لە پرسەکانی کۆمەڵگەدا. ئەو هەموو ئایەتی یسٲلونک لەقورئاندا هەن دەلالەتی ئەم ڕادەستییەتەن بە فەزای دەرەکی ئەو ڕۆژە و ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی/کۆمەڵایەتی ڕۆژ بەسەر وەحیدا. مامۆستای باش ئەو مامۆستایەیە کە گوێ بۆ پرسیاری هەموو خوێندکارەکانی دەگرێت، هەندێک جار شێوازی وانە وتنەوەکەشی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو پرسیارانە، دەنا خودا دەیتوانی قورئان وەک مەلزەمەیەک بداتە دەست پێغەمبەر د.خ و پێی بڵێت بڕۆ وەک مووسا ئەمە بگەیەنە.
بوونی وەحی و خودی پێغەمبەر کە قورئانێکی گۆیا بوو وای کردبوو قسەی ئەو لەڕۆژەکەی خۆیدا حوجەتی هەبێت و یەکلاکەرەوەبن، دوای پێغەمبەر کۆمەڵگە زۆر فراوانتر بوو بەڵام قسەی کەس حوجەتی نەما، چونکە وەحی و حوججەتی وەحی وەستا. قورئان پێچەوانەی هەموو پەڕتووکەکانی دیکە دینامیکیەت و گونجایشی زیاترە بۆ کۆمەڵگە و جیاوازییەکانی، قورئان دەیسەلمێنێت دین ئەوەندەی بەشەرییە ئەوەندە خودایی نییە.
لەوانەیە پرسیارێک بێتە پێشەوە لە ئێستادا بۆ موسوڵمانان سەرباری ئەم فیرقە پەروەریی و پرسیار پەروەرییە بۆ دۆخیان وا خراپە؟ بە یەک وشە لەبەر ئەوەی ئێستا موسوڵمانان لەنێو ئەم فیرقانەدا ئایدۆلۆژیا تەنگی پێ هەچنیونن و گەیاندونی بە بوونبەست، وەهابیزم ، ئیسلامی سیاسیی، شیعەی ویلایەتی، ئەشعەری و سۆفی خۆ بەحەقزان، سوننەی خەلافەتی هتد لە جیاوازی بیروبۆچوونەوە گواستوویانەتەوە بۆ بتپەرەستی مەزهەبی، فیرقەپەرەستی و دۆگمای ئایدۆلۆژی . ئەگین هیچ ئیشکالێک لە فیرقەی موختەلیفدا نییە ولا یزالون مختلفین، فیرقە دەبێ هەبێ چونکە حوجەتێکی قاتع بوونی نییە، پێغەمبەر لەژیاندا نەماوە.
ئەوە فیرقە و جیاوازییەکان نەبوون قورئان بکەە چەقی ململانێی ئایدۆلۆژیاکان، بە پێچەوانەوە ئەوان قورئانیان وەک چەقی کۆکەرەوەی بۆچوونە عەقڵییەکان قەبوڵ بوو.
ئیسلام بە حوکمی تەدریجی بوونی وەحیەکەی و تەدریجی بوونی ئیتمامەکەی ڕەنگدانەوەی مێژوو و کۆمەڵگەکەیەتی، گەر پێغەمبەر لە ڕۆما بهاتایە هەرگیز ئایەتەکانی وەسفی بەهەشت وەک ئایەتەکانی سوورەتی نەجم نەدەبوون، لەبری باسی سێبەر و ڕەشماڵ و ڕوبار و ئاو و سەرین و ڕاکشان لەسەر شێوازی ڕاکشانی بەدەوییەکان، باسی لە عەرش و گلادیاتۆر و قەڵای بەهێز و کشتوکاڵ دەکرد. ئێمە ئەمڕۆ هاتووین ئەو دۆخە تەقدیس دەکەین کە قورئانی تێدا هاتووەتەخوارەوە و کرۆکی ئەوەی قورئانی بۆ هاتووە فەرامۆش دەکەین. ئەمە پێی دەوترێت تەفسیری مێژوویی اسباب نزولی بۆ قورئان کە خراپترین جۆری تەفسیر و لێکدانەوەیە بۆی.
جیاوازی تەفسیری مێژوویی ئایدیۆلوژی و تەفسیری ئیمانی ئەوەیە کە تەفسیری مێژوویی بۆ دین ئەیەوێ هەموومان بە یەکجۆری دیاریکراو کە بەرژەوەندیی کەسێک یا گرووپێک دەیخوازێت خودا ڕازی کەین، زۆر جاریش جاڕدەرەکانی خۆیان ئەکەنە نوێنەر و سێبەری خوا لەسەر زەوی و ئاستی ڕازیکردنی خودا دادەبەزێنن بۆ ڕازیکردنی خۆیان و لم پێناوەشدا ئاشی خوێن دەگێڕن بەناوی بەرگریکدن لە خوداوە. بەپێچەوانەوە هەرچی تەفسیری چاکە بۆ دین دەیەوێ بەو جۆرەی کە خۆت هەیت مرۆڤ ڕازی کەیت قورئان پێی دەڵێت عەمەلی ساڵح. عەمەلی ساڵح لەگەڵ ئیمان هەمیشە لازم و مەلزومی یەکترن لە مەتنی دینییدا.
یەکەمیان مونافیق و دووەمیان ئیماندار درووستدەکات. دەبێت ئەوەش ڕوون بێت شتێکمان نییە بەناوی دینی ئۆرجیناڵ، یا دینی ڕاستەقینە ئەوەی هەیە تەفسیری ئێمەیە بۆ دین. تەفسیرەکانیش هەمیشە جیاوازن. [1]