ناونیشان: مەحاڵەکەی دەوڵەتی دینی یان حوکمی ئیسلام!
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #01-07-2023#
ڕەنگە لەڕووی تیۆرییەوە بتوانین نەخشە و پایەکانی دەوڵەتی دینی لەمێکشی خۆماندا بکێشین، لە ڕواڵەتدا زۆریش نایاب و یۆتۆپیی دەرکەون بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع درووستکردنی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە هێندەی مەحاڵ نەکردە و نامومکینە، لە پراکتیکدا ئەم پرسە پارادۆکس و دژیەکە لەگەڵ خۆیدا. سەرەتاییترین پێناسە بۆ دەوڵەت و حکومەت کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردنی کۆمەڵگەیە تا نەهێڵێت تاکەکان بەیەکدا بدەن، مافەکان بە یەکسانی بدات، کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی ئەوی دیکە و دەوڵەت هەمووان بەیەک ئاست و ئاڕاستە کۆنترۆڵ بکات.
دەوڵەت و هێزە ماددی مەعنەوییەکەی دەتوانێت بە زۆر و زەبر زۆر شت بسەپێنێت، باج بسەنێت، کۆمەڵێک جوڵە قەدەغە بکات، یاسا جێبەجێ بکات چونکە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەمە درووستبووە. بەڵام شتێک کە ناتوانێت بیکات ئەوەیە کە ناتوانێت ئیمان بەزۆر لەدڵی کەسدا بچەسپێنێت، چونکە لەبنەڕەتەوە بۆ ئەمە درووست نەبووە. ئیمان لە جنسی عیشقە، شتێکە لەناووە هەڵدەقوڵێت و لەدەرەوە نیشانە و پێودانگەکەی دەبیندرێت، هێندەی مەحاڵ نەکردەیە لە دڵێکدا بەهێزی چەک و بەزۆر بچەسپێت یان بچەسپێندرێت. وەک ئیبن خەلدون لە موقەدیمەکەیدا دەڵێت: دینەکان لەبنەڕەتەوە نەهاتوون ئیدارەی ژیانی ڕۆژانەی سیاسیی و ئابوور خەڵک بدەن، ئەوا هاتوون پەیامێکی ئیمانیی و ئیلاهی بەگوێی ئینساندا بچرپێنن و باسی ژیانێکی دیکەسان بۆ بکەن، ئاسمان و زەوی پێکەوە ئاشتبکەنەوە، دەنا زۆر کۆمەڵگەی بێدینیش هەن توانیویانە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لەباشترین فۆڕمی مومکیندا ئیدارە بکەن. دینەکان هاتوون تا بەهۆی یەکتاپەرەستییەوە مانا بدەنە ژیان و دیاردە سرووشتییەکانی نێوی، ڕاستە هەندێ ڕێوشێنی ئیدارەدانی ڕۆژانەی خەڵک تێیاندا هەیە و ئینکاریی ناکرێن، بەڵام لە بنەڕەتەوە هەروەک چۆن قورئان پەیمانی کۆن و نوێ پەڕتووکی مێژوو و جوگرافیا و فیزیا نین، بەهەمان شێوە پەڕتووکی سیاسەت و ئابووریی و یاساش نین. دەشێت هەندێ ئاماژەیان بۆ سرووشت و زانستەکانی وەک فیزیا و جوگرافیا تێدا بێت بەڵام هەر هێندەی فیزیا و جوگرافیا لەبارەی سیاسەت و یاسا و ئابووری و دونیای نوێوە دەڵێن.
=KTML_Bold=بۆچی ناتوانین لە ئێستادا دەوڵەتێکی دینی درووستبکەین؟=KTML_End=
هۆکارەکانی مەحاڵبوونی دەوڵەتی دینی زۆرن، کوورتترین و نزیکترین هۆکارەکان دەشێ لە سێخاڵدا کوورت بکەینەوە:
یەکەم/ ئیمان کە سەرەکیترین پایەی دینە بە هێز و زەبروزۆر لە دڵدا ناچەسپێت، سەرەکیتریین پایەی هەر دەوڵەتێکیش هێزە.
دووەم/ ئایینەکەن لەهەناویاندا و بە تایبەتیش ئیسلام باوەڕیان بە بەجێهێنانی واجبات هەیە، زیاتر ئەرکسەنتەرن، لە دونیای نوێشدا مرۆڤ بیرکردنەوەکانی گۆڕاون و زیاتر بەشوێن مافەکانییەوەیەتی وەک لە ئەرکەکانی. گەر لە ڕابردوودا دامەزراندنی دەوڵەتێکی دینی مومکین بوبێ تەنیا لەبەر ئەوە بووە تاکەکانی کۆمەڵگە ئەرکسەنتەر و بەجێهێنەرێکی باشی ئەرکەکانیان بوون، بەڵام ئەمڕۆ کە مرۆڤ لە هەموو چرکەیەدا بەشوێن مافەوەیە درووستکردنی حیزبی دیننی و حکومەتی دینیی نزیکە لە مەحاڵ. تەنیا لە تیۆرییدا دەشێ بڕوامان پێی هەبێت.
سێییەم/ئەمڕۆ شتێک نەماوە بەناوی دونیای ئیسلام، ئەوەی هەیە جوگرفیایەک هەیە موسوڵمانان تێیدا زۆرینەن و جوگرافیایەکیش هەیە کە کەمینەن تێیدا. ئایا دەیانەوێت چۆن لەم دوو جوگرافیا جیاوازەدا تەلی سازەکەی خۆیان کۆکبکەن لەگەڵ سیستمە جیهانییەکەدا بیگونجێنن؟
=KTML_Bold=چارەسەر چییە؟=KTML_End=
دەشێت سکۆلاریزمی سیاسیی و ئیداری وەک مامناوەندترین چارەسەر چاوی لێبکرێت. سیکۆلاریزمی سیاسیی واتە جیاکردنەوەی دامەزراوەی دینی لە دامەزراوە حکومەتی و دەوڵەتییەکان نەوەک جیاکردنەوەی دین لە ژیان و کایە ژیارییەکان. بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت ڕوانینێکی یەکسان و عادیلانەی بەرانبەر هەموو ئایین و مەزهەب و گرووپە باوەڕییە جیاوازەکان هەبێت، سیکۆلاریزمی سیاسیی دەشێ وەک چارەسەرێک میانەگیر لێی بڕواندرێت. هەرچەندە سیکۆلاریزمی سیاسیی بەتوندی دەستوەردانی پیاوانی ئایینیی لە دامەزراوە سیاسییەکان ڕەتدەکاتەوە بەڵام لە هیچ جێگایەک ڕۆڵی ئایین و پیاوەکانی سەرکوت ناکات بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی. سیکۆلاریزمی سیاسی پارێزبەندی ئایین و پیاوانی ئایینی لە سیاسەت دەکاتە دەرەوە نەوەک بێت خۆیان و دینەکەیان لە ژیان بکاتە دەرەوە. واتە هیچ کەسێک لەبەرانبەر یاسا عورفی باوەکانەوە مامەڵەی جیای لەتەکدا ناکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی ئاییندارترە، بەقەولی جۆرج ئۆروێڵ هەندێک یەکسانتر نین لە هەندێکی دیکە.
سیکۆلاریزمی سیاسیی دژی حکومەتی دینییە چونکە لەمڕۆدا حکومەتی دینیی تا ئەندازەی مەحاڵ شتێکی نەکردەیە. کێشە بنەڕەتییەکە لەوێدایە کە حکومەتی دینی لەسەر ئەساسی نوێنەرایەتییکردنی خودا درووستدەبێت نەوەک نوێنەرایەتیکردنی خەڵک، خودا سەنتەرە نەوەک خەڵک سەنتەربێت، مشوری هیدایەتی خەڵک دەخوات نەوەک پێداویستیی ڕۆژانە و ڕەزامەندییان، دەیەوێت سەرەتا خودا ڕازی بکات نەوەک خەڵک، ئەرک و واجباتی لەخەڵک دەوێت نەوەک مافیان بداتێ، واتە لەدەوری شتێک دەسوڕێتەوە کە پێی دەوترێت ئەرک نەوەک ماف، دیارە کە جیهانی نوێش جیهانی مافە نەوەک ئەرک. ئەمڕۆ ئێرانی ئاخوندەکان تەمام عەیارترین مۆدڵی دەوڵەتی دینی/فیقهییە.
درووستبوونی دەوڵەتی دینیی یەکێکە لە گەورەترین و خراپترین ئەو بیدعەتانەی لەپاش دونیای کریستیانییەت دونیای ئیسلامیشی گرتەوە. لەگرنگترین هۆکارەکانی ئەم بیدعە بێ ڕۆح و وەستاو و بێ گیانە ئیستیعمار و کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی بوون کە بوونە هۆکاری درووستبوونی فیرقەکانی وەک ئیسلامی سیاسی و سەلەفیی-وەهابی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا.
کاری پیاوانی ئایینی ژیانکردنە لەگەڵ خەڵک نەوەک دیاریکردن و ئاڕاستەکردنی شێوازی ژیانی خەڵک کن عند الناس فردا منهم، کن مع الحق بلا خلق و کن مع الخلق بلا نفس.
ئارەزووی تۆ نابێت ببێتە شێوازی ژیانکردنی خەڵک. پیاوی ئایینی پزیشکی لایەنی ڕۆحیی خەڵکە نەوەک حاکم بێت بەسەر ژیان و ژیارەکەیانەوە. گەر هاتوو پیاوێکی ئایینیی ڕۆیشتە حکومەتیشەوە دەبێت بە نەفەسی پیاوێکی ئایینیی حاکمییەت نەکات، حەرام و حەڵاڵ بە بەدیلی یاساکان نەزانێت، چونکە ئەو نەفەسە نەفەسێکی موقەدەسە و هەرگیز خۆی بەهەڵە نابینێت، لەکاتێکدا فەندەمێنتاڵترین بنەمای درووستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن هەڵەکردن و ئەزموون وەرگرتنە لەهەڵەکانی.
گەر هاتوو دڵێکیش بۆ ئیمانی خەڵکێک ژانی کرد ئەوا دەبێت بزانێت ئیمان لە جنسی عیشقە ولە ئازادی ڕەهادا گەشەدەکات نەوەک لە ژینگەیەکی سیخناخ بە ئاگر و ئاسن و لێدان و پۆلیسی ئەخلاقی. ئەوەی جوانە ئیمانێکی ئازادانەیە نەوەک تەسلیمییەتێکی بەزۆر و دۆنکیشۆتی.
لە سیکۆلاریزمی سیاسییدا تاک خاترجەمە لەوەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی خۆیان لە ژیانە تایبەتە دیندارانەکەی وئەوەی باوەڕی پێی هەیە هەڵناقورتێنن. سیکۆلاریزمی سیاسیی بەتەواوی جیاوازە لە سیکۆلاریزمی فەلسەفی، کۆکردنەوەی ئەمەیان لەگەڵ ئایین کەمێک نەکردەترە چونکە ئەمیان تا دواسنوورەکانی لائیکییەت لائیسیتێ کاری بە بیرکردنەوەی مرۆڤ هەیە.
لە سیکۆلاریزمی سیاسییدا ماف و ئازادییەکانی تاک سەنتەرن لە سیکۆلاریزمی فەلسەفیدا بیرکردنەوەی تاک.
ئەم قسانە ناکەنە پاساوی قسەی ئەو ڕۆشنبیر بە حیساب ڕۆشنگەرانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەم لەعەلمانییەت دەدەن لەسەر حیسبای دژایەتی کردنی دین. ئەمانە ئەمڕۆ نموونەیەکی زۆر مەترسیداری عەلمانییەتن لائیکیەتن، وادەزانن عەلمانییەت بەواتای دەستهەڵگرتن لە دین و دیانەت وقەدەغەکردنیدێت لە هەموو کایەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ژیارییدا. ئەمە جەهلێکی مورّەکەب زیاتر نییە. سیکۆلاریزمی سیاسیی واتە بێلایەنبوونی دەوڵەت لە ڕوانگەی بەڕێوەبردن و ئایدۆلۆژییەوە. [1]