بەپێی نووسراوێکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کە واژۆی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی پێوەیە لە 25ی مانگی ڕابردوو وەڵامی نووسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی داوەتەوە سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرماندەی هێزەکانی پشتیووانی دوو لە لیواوە بۆ فەریق و ئاماژەی بەوەداوە #مەسرور بارزانی# ڕەزامەند نییە بە پلە بەرزکردنەوەی و لە نووسراوەکەدا هاتووە (سەبارەت بە بابەتى هاتوو لە ناوەرۆکى نووسراوتان، ڕەزامەندى ڕێزدار جەنابى سەرۆک وەزیران وەرنەگیرا لەسەر پلە بەرزکردنەوەى پلەى لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد ئەمین حەسەن) .
ئەمە دووەم بەرپرسی سەربازی یەکێتییە کە مەسرور بارزانی ڤیتۆی هەیە لەسەریان و نایەوێت پلەیان بەرز بکرێتەوە و پێشتر لە وەڵامی نووسراوێکی تری وەزارەتی پێشمەرگە ڕەزامەندی نەدا لەسەر پلە بەرزکردنەوەی لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەرزکردنەوەی پلەکەی فەریقی ڕوکن.
لە دوای خانەنشین بوونی فەریق جەبار جەبار یاوەر هیچ کەسێک لە بەرپرسانی سەربازی یەکێتی پلەی فەریقیان نییە و هەریەک لە بەختیار محەمەد و مەریوان محەمەد بەپێی یاسای سەربازی دەبێت پلەیان بەرزبکرێتەوە بۆ فەریق، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی مەسرور بارزانی ئێستا یەکێتی هیچ پلەدارێکی نییە پلەی فەریقی هەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد ئەمین فەرماندەی هێزەکانی پشتیووانی دووە کە سەرجەم کەتیبەکانی دەبابە و تۆپخانە و چەکی قوورسی سەر بە هێزەکانی یەکێتی لەخۆدەگرێت. [1]