بەپێی وتەی بەڕێوەبەرى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ 2023 بەنداوەکانی هەرێم زۆرترین ڕێژەی ئاویان گلداوەتەوە و بەنداوی #دەربەندیخان#یش لەو ڕووەوە لە پلەی یەکەمدایە.
بەنداوی دوکان بە ڕێژەیەکی کەمتر ئاوی کۆکردووەتەوە، بەنداوی #دهۆک#یش تەنیا بە ڕێژەی 40% ئاوی گلداوەتەوە.
ڕەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتى هەرێم ڕایگەیاندووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەوەی بارانێکی زۆر باری ئەمساڵ بەنداوەکانی هەرێم زۆرترین ڕێژەی ئاویان گلداوەتەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەتایبەت بەنداوی دەربەندیخان زۆرترین ئاوی تێدا گلدراوەتەوە، بەنداوی دوکان بە ڕێژەیەکی کەمتر ئاوی کۆکردووەتەوە، بەنداوی دهۆکیش تەنیا بە ڕێژەی 40% ئاوی گلداوەتەوە.
پەیوەست بە بەنداوە بچوکەکان ڕەحمان خانی دەڵێت: بەنداوە بچوکەکان کە ژمارەیان 18 بەنداوە ئەوانیش بە تەواوی پڕبوون.
لەبارەی درووستکردنی بەنداوی نوێ کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەت باسی لێوەدەکرا، ڕەحمان خانی دەڵێت: گەورەترین کێشە کە لە بەردەم جێبەجێکردنی بەنداوەکان لە هەرێم هەیە ئەوەیە، ئەو بەنداوانە پێویستیان بە بوودجەیەکی زۆرە و ئێمەش ناتوانین ئەو بڕە پارەیە دابینبکەین لە بارودۆخە ئابوورییەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە، بۆیە ڕێککەوتن و هەماهەنگی سەرەتاییمان لەگەڵ لایەنی ئێراقی کردووە بۆ دابینکردنی بوودجە بۆ ئەو بەنداوانەی کە سوودی بۆ هەردوولا هەیە تاوەکوو بوودجەی بۆ دابینبکات. [1]