ئامۆژگاری لە ئیدیۆمی بن زاری خۆشناوەتیدا
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (لەدوو چوان مەرێ ئاخ، کۆراو نابن بەباخ، کوڕە تیم نابن بەشەوچراغ) ، ئەو ئیدیۆمە ئەزموون و شارەزایی پێشینان دەکاتە ئامۆژگاری و بەنەوەی نوێی دەگەیەنێت، لەسێ ڕستەدا لەسەر بنەمای تاقیکرانەوە و دونیادیدەنیدا سێ ئامۆژگاری تێدایە وەکوو:
یەکەم: لە دوو چوان مەرێ ئاخ، ئەو شتەی بڕوات ناگەڕێتەوە بە هەموو پەکوکوف و ئاخ و هەناسەی سارد هەڵکێشان نموونە: مردوو بەشین و شەپۆڕ و لەخۆدان و گریە و ناڵەناڵ.
دووەم: کۆراو نابن بەباخ، ئەو کانیاو و سەرچاوە ئاوییەی ساڵی بەباران هەبێت و لە وشکە ساڵیدا نەمێنێت ئەوا هەرگیز نابێت باخ و بێستانی لەبەر بکەیت، چونکە ڕۆژێک لەدارە ڕۆژێک لەخوارە و ڕەز و باخەکە هەر لەبەر بێ ئاوی ساڵی بێ بارانیدا وشک دەبێت.
سێیەم: کوڕەتیم نابن بەشەوچراغ، ئەو کوڕانەی کە کوڕی بن چارۆگەن و لەگەڵ دایک گەورە بوون، تێکەڵی کاری گەوران و کۆمەڵ نەبوون، نابنە ڕێوان و ڕێ ڕۆشنکەرەوەی خەڵک.
هەر ئەو ئیدیۆمە لە خۆشناوەتیدا بەشێوازێکی تر هاتووە: کۆرە شیوا مەکە بەباخ، کوڕەتیمان مەکە بەیداخ، کچەتیمان مەکە بەیاخ، ئاخیرتە بن بە ئاخ) ، ئەوەش ئەزموون و شارەزایی پێشینانە وەکوو ئامۆژگارییە و ڕێنماییە بۆ نەوەی نوێ، لەچوار ڕستەدا لەسەر بنەمای تاقیکرانەوە و دونیادیدەنیدا چوار ئامۆژگاری تێدایە وەکوو:
کۆرە شیوا مەکە بەباخ: ئەو شیو و سەرچاوە ئاوییەی ساڵی بەباران هەبێت و لە وشکە ساڵیدا نەمێنێت ئەوا هەرگیز نابێت باخ و بێستانی لەبەر بکەیت، چونکە (ڕۆژێک لەدارە، ڕۆژێک لەخوارە) و ڕەز و باخەکە هەر لەبەر بێ ئاوی ساڵی بێ بارانیدا وشک دەبێت.
کوڕەتیمان مەکە بەیداخ، ئەو کوڕانەی کە کوڕی بن چارۆگەن و لەگەڵ دایک گەورە بوون، تێکەڵی کاری گەوران و کۆمەڵ نەبوون، نابنە هەڵگری بەیداغ و ئاڵاچی و سەرقافڵە و کاروان.
کچەتیمان مەکە بەیاخ، هاوشێوەی کوڕەتیمان مەکە بەبەیداغە، ئەوەش واتە: ئەو کچە ناکەس بەچەی گەورە و بچووکی نەزانێت و هەر بۆی ئامادەکرا بێت و خۆی هیچی بەسەر هیچە وە نەبێت، ناتوانیت بکەیتە ئاڵاچی کۆمەڵێک.
چوارەم: ئاخیرتە بن بە ئاخ، کۆرە شیو و کوڕەتیم و کچەتیم لە کۆتاییدا هەر دەبنە جێگەی ئاخ و داخ. [1]