ڕەشەمێ لە ئیدیۆمی بن زاری خۆشناوەتیدا
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (ڕەشەمێ و ئادار، ڕۆژەبنە سار، زگە بنە جەوار، بەتارەبن کەندو و عەمبار، خەسوێ وەگۆتە بووکێ، کێڕا بڕا هەی هاوار) ، ئەوە زانیاری حیسابگرانە، حیسابگرانی کوردەواری هەندێک بەمێشک و هەندێکیش بەوردە بەردۆچکە (ڕۆژ و هەفتە و مانگ) ی سارد و گەرمی ساڵ دیاری دەکەن، لێرەدا بەشە بڕگە وەسفی مانگی ڕەشەمەی ساڵنامەی کوردی دەکات کە دوایین مانگی ساڵ و وەرزی زستانە، بۆیە (ئادار) یش بەکارهاتووە چونکە (20) ڕۆژی مانگی ڕەشەمە دەکەوێتە ناو مانگی (ئازار-ئادر) ی ساڵی زایینییەوە، ڕۆژەبنەسار: ماوەی هەڵهاتنی خۆر زۆرتر دەبێت و ڕۆژ درێژ دەبێت، درێژبوونەکەی هەندە زۆرە کەریش هەست پێ دەکات بۆیە وتراوە: هەژدەی ئادارێ کەریش دەزانێ لەگاڕانێ.
مرۆڤ، بەهۆی درێژبوونی ماوەی ڕۆژ، لەنێوان ژەمەکانی خواردنی (بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارێ) برسی دەبێت و حەز دەکات شتێک لەنێوان جەمەکاندا بخوات، بۆیە وەکوو ئیدیۆم دەوترێت: (زگ-سک دەبێتە جوار-جەواڵ) واتە: زۆر دەگرێت هەر تێی بکەیت پڕ نابێت، بەو زۆر خۆرییەوە هەرچی کەندوو و عەمباری زەخیرە و دانەوێڵە داکراوەکانە هیچیان تیدا نامێنێت و وردەوردە بەتاڵ دەبن، خەسوو و بووک دەبێتە دەمەقاڵیان و خەسوو پێی وایە خەتای ناکابانی بووکەکەیە بۆیە هیچ زادێک نەماوە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت: کێڕا بڕا هەی هاوار.
ئەو ئیدیۆمە هەر لە خۆشناوەتیدا بەشێوازێکی تر وتراوە: ڕەشەمێ ڕەشکی ڕووشا، نەگیا مینێ نە پووشا، گای سۆر هەر لووشە لووشه، مانگی ڕەشەمێ بەمایەی ڕوو ڕەش بوونی خاوەن ماڵ و کەیبانوو هاتووە چونکە هیچ شتێک نەماوە بۆ خواردن و خستنە بەردەمی ماڵ و منداڵ و میوانان، ئەوە هیچ پووش وپەڵاش لە ماوەی زستانی سەختدا نەماوە، گژوگیای تازەش سەری دەرنەهێناوە، مەڕوماڵاتیش کاوجۆ و ئالیکیان لە کادین و جەواڵ و دێ و چرۆکانیشدا نەماوە، سەرباریش ئەوانەی ڕەشەوڵاغیان هەیە وەکوو گای سوور ئەوا هەرچی پێی بدەیت هەر لوشی دەکات و هیچ شتێک بەشی ناکات.
هەروەها لە خۆشناوەتیدا بەشێوەیەکی تریش لەسەر ڕەشەمە وتویانە: ڕەشەمێ و ئادار، دوونە ئەبنە چار، بەتارەبن کەندوو و عەمبار، قەت دانایێ بوار، دووبارە مانگی ڕەشەمە لەگەڵ ئادار تێکەڵکراون چونکە نزیکەی سێ هەفتەی ڕەشەمێ دەکەوێتە ناومانگی ئاداری ساڵی زایینییەوە، لەبەر دوورودرێژی ڕۆژ و نەبوونی زەخیرە و دانەوێڵە لە کەندوو و عەمباران، هێندە درێژ دەبن لەبەر ئەوە بە چوار مانگە دێنە بەرچاو، ئەو چوار هەفتەیەی مانگی ڕەشەمە هەندە درێژ دەبێتەوە وادێتە بیر کە هەرگیز تەواو نەبێت. [1]