ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی خۆشناوەتی لە ئیدیۆمی کوردەواریدا
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (منداری تڕکەن، گیسکی پۆخن، گۆلکی چرمن) ، لە سەردەمی کۆندا پزیشک و تەندرووستی لە ناوچە کوردنشینەکاندا پێشکەوتوو نەبوو زۆربەی منداڵان دووچاری کەم خۆراکی و بەدخۆراکی دەهاتن و وشک دەبوونەوە و نەخۆش دەکەوتن، بەڵام ئەو منداڵانەی تێر شیر بوون بەهۆی ورگ پڕیانەوە وردەوردە تڕیان لێ بەردەبوو، زوو گەورە دەبوون و پەلیان ئەستوور دەبوو، ئەو منداڵانە لەمەترسی نەخۆشی و مردن دوور دەکەوتنەوە، گیسکی پۆخنیش واتە: گیسکێکی پیس بەهۆی پاشەڕۆ و سل و قشپڵەوە ئەو گیسکەی جوان بلەوەڕێت و تێر بخوات و تەنگەی بکات زووزوو دەڕیخێنێت بەمەش پاشەڵی پیس و پۆخەڵ دەردەکەوێت ئەو گیسکەش قەڵە و دەبێت بۆ قەسابی و داشتنی دەشێت، گۆلکی چرمن، چڵم: شلەیەکە لە کەپوو و لوتی مرۆڤ و گیانداردا درووست دەبێت بۆ پاراستن و تەڕکردنی لووت، بە گیاندارێک یان کەسێک بووترێت: چڵمن مانای وایە چڵمی زۆرە، ئەو چڵمنییەی بەبێ پەتا و هەڵامەتە بە لەشساغی و ڕژێنی باش دادەنرێت بەمەش منداڵەکە یان گۆلکەکە بێ کێشە دەبێت و نەش و نمای زۆر دەبێت هەرسێ حاڵەت لەخۆشناوەتیدا تاقیکراوەتەوە بۆیە کراوە بە ئیدیۆم و وتراوە: منداری تڕکەن، گیسکی پۆخن، گۆلکی چرمن، لەلایەکی ترەوە لە خۆشناوەتیدا بەهۆی باراش بردنە ئاشەوە و وڵاشی سەفەر و کاروانەوە ئەزموونێکی تریان بۆ دەرکەوتووە و وتویانە: (باربەرت جاش بی، لایەکت پووش بی، لایەکت بەرداش بی، ڕێشت هەرد و تەڕاش بی، هێشتا باشترە کە ڕەفیقی کەرت وەرداش بی) ، باربەر ئەو ئاژەڵەی باری پێ دەگوازرێتەوە ئەگەر (جاشک، جاشولکە) بێت و پشتی نەکردبێت بۆ هەڵگرتنی بار نەشێت، ئەو بارەی کە هەڵیگرتووە لایەکی بارەکە (پووش) بێت کە زۆر سووکە، لایەکەی تری (بەردەئاش) بێت کە ئەویش زۆر قوورسە، زەحمەتە بگاتە هەواری چونکە لای ئەو بەردە قوورسە بارەکە بەلای خۆیدا خوار دەکات و خاوەنەکەی هەردەبێت بەدەست پێوەگرتنەوە ڕاستی بکاتەوە، ئەوەش واتە ئەو کەسەی بارەکە دەبات هەندەی جاشکەکە ماندوو دەبێت بەدەست گرتن بەبارەکەوە، ئەو ڕێگایەی کەبارەکەی پێ دەبەیت (هەرد، هەڵەت و بەرز و نزمی زۆر بێت) تەڕاش: چڵەکانی دار بەڕوو کە دێنەوە سەر ڕێگاکان وادەکەن ببنە کۆسپ لە بەردەم گواستنەوە و بارەکان لەچڵەکان گیردەبوون و خواریانی دەکرد، ڕەفیق و وەرداش: هاوڕێ و وڵاشی سەفەرێ، هەموو ئەو چەرمەسەریانەی کە بەهۆی (باربەری جاشک و لابارێک پووش و لابارێک بەردەئاش و ڕێگا هەرد و زنار و پڕ لق و چڵی تەڕاشە بەڕوو بێت) درووست دەبن هێشتا باشتر و چاکتر لەبارترن لە چاو ئەوەی کە هاوڕێی کاروان و سەفەرت نەفام و نەزان و کەودەن و کەر بێت بۆیە کارزانە پێشینانەکانی خۆشناوەتی فەرموویانە: باربەرت جاش بی، لایەکت پووش بی، لایەکت بەرداش بی، ڕێشت هەرد و تەڕاش بی، هێشتا باشترە کە ڕەفیقی کەرت وەرداش بی. [1]