ناونیشان: بۆ دەرخستنی ڕووی بەغدا، ڕوو بکەنە بەغدا
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #12-07-2023#
بەپێی هەواڵی میدیاکان و خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو دادگەیە بڕیار لەسەر چەند دۆسیەیەکی دیکەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات، دیارترینیان چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستانە. کورد واتەنیش تاریکی مانگ سەرلەئێوارە دیارە، بڕیارەکان بە جۆرێک دەبن تەنگەژەی زیاتر بۆ کوردستان دەخوڵقێنن، چونکە لە بنەڕەتدا هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی فیدراڵی و پێکهێنانەوەی دەستەی بەڕێوەبردن و میکانیزمی دەرچوواندنی بڕیارەکانی ئەم دادگەیە بەوجۆرە نادەستوورییە، بەشێک بوو لەو ستراتیژە هەرێمایەتییەی بۆ بچووککردنەوە و لەقاڵبدانی کورد لە ئارادایە.
دادگەکە وەک باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری کە بڕیارەکانی یەکلاکەرەوە و حوکمی کۆتایین، کراوەتە ئامرازی بەجێگەیاندنی ئەرکێک بۆ تواندنەوەی قەوارە تاقانەکەی کورد، بەڵام ئەوەی یارمەتیدەرە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دادگەکە و خۆشکردنی زەمینە بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی دژ بە کوردستان، کورد خۆیەتی، چونکە لەلایەک ئەوانەی ئەرکی دیاریکردن و گەیاندنی دۆسییەکانیان پێسپێردراوە کوردن و لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خۆیشیان بەشی ئەوە پاساویان داوە تا وێناکە بەو جۆرە دەرکەوێت کە دادگە ئەرکە دەستوورییەکەی جێبەجێدەکات و ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کراون، لادانن لە دەستوور. ئەم پاساوانەی هەرێمی کوردستان بوونەتە هۆکار بۆ ڕووپۆشی ئامانج و نییەتی ڕاستەقینەی دادگەی فیدراڵی، لە ئێراق و لەناو هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەپێشچاوی دونیای دەرەوەش دیمەنەکە وەک خۆی نابینرێت و نییەتەشاراوەکانی ئەم دەسەڵاتە دادوەرییەی بەغدا بەشاراوەیی دەمێننەوە.
ئەوەی دەبێتە واقیع لەپێشچاوی دونیا ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێچەوانەی دەستوور نراون و دادگەی فیدراڵی لادانە دەستوورییەکان ڕێک دەخاتەوە،
بێگومان بۆ هەر کەسێک ئیدراکی ئەوەی نەبێت پشتی ڕووداوەکان ببینێت، ڕاستەوخۆ لایەنگیریی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەکات، چونکە پاساوەکە بەشی ئەوە ڕەوایەتیی تێدایە کە بڕیارەکان وەک بڕیاری دادپەروەرانە ببینرێت.
بۆ نموونە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمانی کوردستان، هەر کەسێک نەک شارەزای یاسایی و دەستووری هەبێت، تەنیا ئەلفبێی سیاسەت بزانێ، دەزانێ درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان نادەستوورییە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە خۆتان لاتان ڕوونە کارێکی نادەستوورییە، بۆچی دەیکەن؟ یاخود ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە چەند ساڵێکە وادەی یاساییان تەواو بووە، سبەی کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکانیش بدات، ناتوانرێت قەناعەت بە ڕای گشتی بکرێت ئامانجی دادگەی فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان پێشێلی بنەما دەستووری و یاساییەکانی کردووە.
چی ڕێگربووە لەوەی لە کات و وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. من ئێستاش لەو نهێنییە تێنەگەیشتم ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بۆچی هەڵبژاردنی ئەنجامنەدا و تەمەنی خۆی درێژکردەوە کە هیچ گرفتێک لەئارایا نەبوو تا ڕێگربێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
وەک بڕیارتاندا هەڵبژاردن دوابخەن و تەمەنی پەڕڵەمانە بێدەسەڵاتەکە درێژبکەنەوە، بۆچی پێش ئەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنتان کارانەکردەوە کە ئەویش چەند ساڵێک بوو تەمەنی یاسایی تەواو ببوو؟ یاخود بۆچی پێش بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان، یاسای هەڵبژاردنتان هەموارنەکردەوە و نەتانکردە فرەبازنەیی؟ بۆچی وادەی هەڵبژاردنتان دیاریی نەکرد؟ کێ ڕێی لێگرتبوون ئەوە بکەن کە ئەگەر ئەوکات ئەو بڕیارانە بدرابان، ئێستا دادگەی فیدراڵی نەیدەتوانی ڕێگە لەوە بگرێت هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجام بدرێت، کە دوور نییە ماوەیەکی دیکە بڕیاری ئەوە بدات لەبەر نەبوونی پەڕڵەمان لە هەرێمی کوردستان، پەڕڵەمانی ئێراق ئەو ڕۆڵە لە هەرێمی کوردستان بگێڕێت تاوەکوو کاتی هەڵبژاردن و درووستکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان.
هەرچەندە بەڕەهایی باوەڕم وایە ئەم دادگەیە بڕیار لەسەر هیچ پرس و بابەتێک نادات کە پێچەوانەی ئەو ستراتیژە هەرێمایەتییە بێت کە وەک بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری بۆ بەڕێوەبردنی ئێراق داڕێژراوە، بەڵام بۆ ئەوەی حەقیقەتی دادگەکە و ئامانجە ستراتیژییەکانی و بوون بە ئامراز بەدەستی سیاسییەکانەوە بۆ هەموولا دەرکەوێت، پێشنیاز دەکەم هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک سکاڵا بەرێتە دادگەی باڵای فیدراڵی.
با سکاڵاکان هیچیان پەیوەندییان بە مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستانەوە نەبێت، سکاڵا نەبێت لە داگیرکردنی زەویوزاری کورد و دەرکردنی جووتیارانی کورد و هێنانی عەرەب بە پاڵپشتیی سوپا و #حەشدی شەعبی#، با سکاڵا نەبن لەو پێشێلکارییە دەستووریانەی پەیوەندی بە جێبەجێکردنی مادەی 140و ماف و شایستەی پێشمەرگەوە هەیە، بەڵکوو سکاڵا لەو ڕەفتار و بڕیار و کار و کردەوانە بکات کە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی ئێراق ئەنجامدراون و هەموویان پێچەوانەی دەستوورن. پێویستیی گرتنەبەری ئەم ڕێکارە لەوەدایە کە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە دەرخستنی حەقیقەتی دادگەکە، چونکە وەک مانگی چواردە ڕوونە دادگە ئەو کەیسانە نابینێت کە پەیوەندییان بە نادەستووریبوون و لادانە دەستوورییەکانی دەسەڵاتی شیعەوە هەیە. ئەگەر کەیسەکانیش ببینێ یان بە پاساوی ئەوەی پەیوەندی بە دەسەڵات و تایبەتمەندیی ئەوانەوە نییە، خۆی دەدزێتەوە، یان بە قازانجی هەژموونی شیعە بڕیاریان لەبارەوە دەدات. هەر کام لەمانەش بکات قازانجەکەی ئەوەیە ڕای گشتیی ئێراق و کوردستان و دونیای دەرەوەش ئەو ڕاستییەیان بۆ دەردەکەوێت پەیڕەوکردنی سیاسەتی بانێک و دوو هەوای دادگەی فیدراڵی چی لە پشتەوەیە.
بۆیە داواکارم هەرێمی کوردستان تیمێکی شارەزای یاسایی و دەستووری و ئاگادار لە ڕەوشی ئیداری و سیاسیی ئێراق ڕابسپێرێت بۆ تۆمارکردنی سەتان سکاڵا لەسەر لادانە دەستوورییەکانی ئێراق. لە خراپترین دۆخدا سوودی ئەوەی هەیە بەشی ئەوە دادگەی فیدراڵی سەرقاڵ دەکرێت کە هەموو کات و تواناکانی بۆ دژایەتیی کورد و کوردستان تەرخان نەکات. [1]