ڕێکخەری داو و دەرمانی ئەورووپا ئاشکرای کرد، پێداچوونەوە بە چەند جۆرە دەرزییەکی تایبەت بە دابەزاندنی کێش دەکەن کە بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و زیان بەخۆگەیاندن لای بەکارهێنەرەکانیان درووست دەکەن.
کەناڵی (BBC) لە زاری ڕێکخەری داو و دەرمانی ئەورووپاوە ڕوونی کردۆتەوە، پاش ئەوەی سێ حاڵەت لە ئایسلەندا بینراوە، ئاژانسی داو و دەرمانی ئەورووپای لێ ئاگادار کردۆتەوە، بۆیە لێژنەیەک سەیری چەند جۆرە دەرزی و دەرمانێکیان کردووە کە یارمەتیی کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن دەدەن، دواتر تێبینیی ئەوەیان کردووە کە لەنێو ڕەچەتەی دەرمانەکانیشدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە کە بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە، چەند کاریگەرییەکی لاوەکییان دەبێت، یەکێک لەوانە بیرکردنەوەیە لە زیان بەخۆگەیاندن.
هەر لەمبارەیەوە بەرپرسێک لە لێژنەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی دەرمان، ئاشکرای کردووە، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی سیگناڵدا پێداچوونەوە بە چەند جۆرە دەرمانێک دەکەن کە لەلایەن دەزگای دەرمانی ئایسلەنداوە وەک جێی گومان خراوەتە ڕوو.
هەروەک ڕوونی کردۆتەوە، ”سیگناڵ بریتییە لە زانیاری لەسەر ڕووداوێکی نەرێنیی نوێ یان باو کە ئەگەری هەیە بەهۆی دەرمانێکەوە بێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر بێت. بە تایبەتیش کە دوو لە کەیسەکان دوای بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە، بیریان لە خۆکوشتن کردۆتەوە. هەروەها حاڵەتێکی دیکەی بیرکردنەوە لە خۆ بریندارکردن دوای بەکارهێنانی جۆرێک لەو دەرمانانە هەیە.“ [1]