=KTML_Bold=ڕاگەیاندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی تێرۆری ئەندامێکی حیزب لە شاری هەولێر=KTML_End=
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
ئەنجومەن و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان!
بەداخ و کەسەرەوە ڕادەگەیەنین ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سیامەند شابۆیی، کوڕی قادر، لەدایکبووی 1365ی هەتاوی، خەڵکی گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆ، بەدەستی مرۆڤکوژ و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کراوە.
سیامەند شابۆیی کە لە دوێنێ سێشەممەوە دیار نەمابوو، دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پێوەندیدارەکان و گەڕان بەدوای ناوبراودا، بەداخەوە دوانیوەڕۆی چوارشەممە 21ی پووشپەڕ تەرمی بێگیانی لە دەوروبەری شارۆچکەی بەحرەکە لە نیزیک هەولێر دۆزرایەوە.
تێرۆری کاک سیامەند شابۆیی لە نیزیک هەولێر لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی، 16ی پووشپەڕیش دوو ئەندامی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر (ناسراو بە سەرباز) لە شارەدێی هەڵشۆی سەر بە شاری قەڵادزێ بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران.
وێڕای مەحکوومکردنی ڕفاندن و تێرۆری هاوڕێمان کاک سیامەند شابۆیی بەدەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ڕێگا نەدەن جارێکی دیکە و وەک پێشوو ڕێژیمی تاران ئەم وڵاتە بکاتە مەیدانی تەڕاتێنی تیمە تێرۆریستەکانی و تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی دیسان ببێتەوە هەڕەشە بۆ سەر گیانی تێکۆشەرانی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە بەتایبەت داوا لە لایەنە سیاسی، ئەمنییەتی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کردەوە تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێ هەڵوێست نەبن و بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنییەتی و یاسایی هەم بکەرانی ئەم جینایەتانە لەقاو بدەن و هەم ڕێ لە دووپاتبوونەوەیان بگرن. هاوکات داوا لە وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین ئەم تاوانە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و بە گوشارخستنە سەر رێژیمی ئێران تێچووی کردەوە تێرۆریستییەکانیان لەسەر زیاد بکەن.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆی سەبارەت بە ڕووداوە دڵتەزێن و خەمناکە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید سیامەند شابۆیی، کەسوکار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکات.
نەفرەت لە تێرۆر و ڕێژیمی تیرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
21ی پووشپەڕی 1402ی هەتاوی [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕەنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=