ناونیشانی بابەت: کەسێتی مامۆستا و کاریگەریی لەسەر پەروەردە
ئامادەکردن و نووسین: #ڕەئوف ئالانی#
کەسێتی مامۆستا زۆرگرنگە لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا، کاردانەوە و کاریگەریی لەسەر کەسێتی منداڵ جێدەهێڵێت. توێژینەوە پەروەردەییەکان گرنگییان بە شێوازەکانی کردار و ڕەفتاری کەسی پیشەیی مامۆستا داوە، کە دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی لێهاتووییە پەروەردەییەکان و ئاسوودەیی دەروونی بۆ منداڵان.
ئەو کاتەی بەتەواوی مامۆستا بایەخ بە پیشەکەی بدات و خواستی ئەوەی هەبێت، وەک مامۆستا کەسێتی زانستی و پەروەردەیی خۆی بەرجەستەبکات.
مامۆستای سەرکەتوو دەتوانێت گیانی لێبووردەیی و خۆشەویستی و ڕێزگرتن و هاوکاری لەناوناخی منداڵدا بچێنێت، ئەوەش بە مامەڵەیەکی پەروەردەییانەی درووست، لە ڕێگەی ئەم جۆرە مامەڵانەوە:
(نەرمونیانی، ڕێزگرتن، ئارامگرتن، ڕاهێنانیان لەسەر چۆنێتی هەڵەکردن کە ئاساییە و چۆنێتی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، هاندان، هاوکاری، خۆشەویستی ئەوانیتر، دوورخستنەوەیان لە دەمارگیری، درووستکردنی هەستی بەرپرسیارییەتی، ڕاستگۆیی و دوورکەوتنەوە لەدرۆکردن) .
ئەمانە بەشێکی گرنگن کە مامۆستا لە هەڵسوکەوت و ماماڵەی کرداری لەکاتی وانە وتنەوە و ئاڕاستەکردندا ئەتوانێت بەشێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبێت لەسەرمنداڵان، ئەمانە مامەڵەو کرداری پەروەردەیین، هەندێ شێوازیتری کاریگەر هەن کە مامۆستا دەتوانیت، کەسێتی منداڵ بەهێزبکات، کە زیاتر و کەش و ڕواڵەتین، کە منداڵ بەبێ ویستی خۆی نیگاکانیان تێکەڵ بە دیمەن و شێواز و جەستەی مامۆستا ئەبێت، بۆیە جلوبەرگ وجەستەی مامۆستا زۆر کاریگەریی لەسەر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی و نەرێنی بۆ سەر کەسێی منداڵ هەیە، بۆ مامۆستایانی پیاو و ئافرەت (ژن) .
بەپێی کات و سەردەم و گۆڕانکارییەکانی دونیا، پەروەردە و ڕۆڵی نەوەکان گۆڕانکاری بەسەر دادێت، هەمیشە نەوەی تازە سوودیان لەئەزموونی مامۆستاکانیان وەرگرتووە و دەبێ مامۆستاکانیان تێپەڕێنن، (لیۆناردۆ داڤینشی 1452-1519) دەڵێت: (ئەوەی مامۆستاکەی تێنەپەڕێنێ و باشترنەبێت، خوێندکارێکی بێ بەرهەم و هیچە) .
مامۆستا پیویستە زۆر بەشێوازی سادە و ئاسایی لەگەڵ منداڵان و خەڵکی مامەڵەبکات، واتە هەڵسوکەوتی خاکەڕایانە بێت، بەوەش قوتابییەکانی و خەڵک خۆشیان دەوێت، خۆشەویستیش هۆکارێکی گرنگە بۆ نزیکی و فێربوون.
(ویلیام ئارسەروارد) دەڵێت: (مامۆستای خاکەڕاو لێبووردە، باش بۆمان ڕوون دەکاتەوە، بەجوانی و ڕێزەوە ڕێی ڕاستمان نیشان دەدات، مامۆستای خۆبەزلزانیش ئەو کەسەیە کە پەراوێزمان دەخات) .
بەدەر لە کاریگەریی کەسێتی مامۆستا بۆ سەرقوتابییان و خوێندکاران، مامۆستایان کاریان ئەوەیە هەمیشە ژینگەیەکی لەبار بۆ منداڵان بڕەخسێنن تا خۆری سەرکەوتن و هیوا لەکازیوە چاوەڕوانیان بکات، (بیل پارسێڵز) وتوێتی: (مامۆستای باش ژینگەیەک درووست دەکات کە ڕێگە بە خوێندکار دەدات سەرکەوتوو بێت) .
زۆرجار لەناوکایەی کۆمەڵایەتیدا باس لە کەسێتی ئەو مرۆڤانە دەکرێت کە لەناو کۆمەڵگە دیارن و کاریگەریان بەرچاوە، بێ چەندوچوون هەمووان باس لە قۆناغەکانی خوێندن دەکەن و مامۆستاکانیان بە نموونە دەهێننەوە، هەریەکێک لەوانە باس لە شێوازی مامەڵە و باڵا و ڕێکپۆشی و هێمنی و گفتوگۆی مامۆستاکانیان بەوجۆرەی هاتونەتە بەرچاویان دەیان ناسێنن، ئەوە دەبێتە ناسنامەی مامۆستایان لای قوتابییان و خوێندکاران، کە کەسێتیانە و ڕەنگیداوەتەوە.
یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی کەسێتی مامۆستا ئەنجامدانی دادپەروەرییە، هەر مامۆستایەک نەیتوانی دادپەروەری لە پیشەکەیدا بەدیبێنێت، پەیامەکەی ئەسپاردەی تاریکی کردووە، وەک (حەسەنی بەسری) ئاماژەی بۆکردووە وتوێتی: (ئەگەرمامۆستا لەناو قوتتابیاندا دادپەروەر نەبێت، وەک لەتاریکیدا بنووسێت وایە) .
لایەنێکی تری گەشی کەسێتی مامۆستا گرنگیدانە بەخۆ ڕۆشنبیرکردن و ئاگایی بەردەوام لە ڕووی زانست و زانیاری و چۆنێتی گەیاندنی پەیامە پەروەردەییەکەی، بەهۆی فێربوون، دووربکەوێتەوە لە شێوازی کۆنی وانەوتنەوە، کەپێی دەوترا فێرکردن، لەوکاتەدا زەبر و زەنگو بەزۆر جێگەی خواست و حەزوویست و ئارەزوو دەگرێتەوە.
مرۆڤ کاتێ خۆی ڕۆشنبیردەکات وێڵە بەدوای فێربوونی زیاتر، ئاگایی و هزری فراوان دەبێت، بەمەش دەگات بەهۆشیاری، هیچ شتێکیش هێندەی هۆشیاری کەڵک بەمرۆڤ ناگەیەنێت، بەتایبەت بۆمامۆستایان، پیرەمێردی نەمر لەسەر هۆشیاری وتوێتی:
قەت بەهێچ ناچێ، خانم و خاتوون
هۆشیاری مرۆڤ، دەکات بەئاڵتوون.
مامۆستای سەرکەوتوو خاوەن کەسێتی بەرز، جیاواز لەگەیاندنی پەیامە مرۆڤایەتییەکەی کە فێربوونە، لەڕووی دەروونیشەوە، ئاسوودەیە و دڵی بە پیشەکەی زۆر خۆشە.
مامۆستا دەتوانێت بەباشی و جوانی پەیامی فێربوون و شێوازەکانی بیرکردنەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە: بیرکردنەوەی زانستی، بیرکردنەوەی داهێنەرانە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەناوکەسێتی خوێندکاراندا بگەیانێت، بەمەش ئاییندەی کۆمەڵگە ڕوون و گەش و پڕدیمۆکراسی دەبێت، بەها و نرخ بۆ ژیان دابین دەکرێت، ئازادییەکان فەراهم دەبن، دەسەڵات و کارگێڕی و پایەکانی کۆمەڵگە پتەو دەبن، نیشتمان دەبێتە ژینگەیەکی ژیاری و کامەرانی، سۆز و خۆشەویستی جێ بە ڕق و کینە لەق دەکات و ژیان دەبیتە جوانترین تابلۆی سەرنج ڕاکێش و تێڕامان.
وتارەکەم کۆتایی بە وتەیەکی (فیلۆکسین ئەلستێری) دێنم کە دەڵێت: (ئەوە مامۆستاکانمانن کە ڕێگای ژیانێکی ڕاست و درووستمان نیشان دەدەن و جوانیمان پێدەبەخش). [1]