#حکومەتی هەرێمی کوردستان# تانەی لە چەند بڕگەیەکی بودجەی گشتی ئێراق داوە، کە پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕڵەمانی ڕایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی ئێراق داوە.
بەپێی وتەی ئەو پەڕڵەمانتارە، ئەو بڕگانەی بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژ تۆمارکردون، پێچەوانەی دەستووری ئێراقن، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بە ئەوەش کردووە، لە 12ی تەممووزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی ئەو بڕگە و ماددانەی بودجە تۆمارکردووە.
دەشڵێت، تانەدان لە بودجەی ئێراق ڕێگری لە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات.
پەیوەست بە وادەی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی ئێراق، خەلیل غازی دەڵێت: هەر کاتێک ڕێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە دەرکران، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن تا دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر هەر بڕگە و ماددەیەک هەڵە بوو یان لا دەدرێت یان ڕاست دەکرێتەوە. [1]