=KTML_Bold=کەیسێکی گەورەی گەندەڵی لە ئیدارەی گشتی یەکێتی ئاشکرابووە=KTML_End=
ماوەی دوو مانگە ئیدارەی گشتی یەکێتی پارەی مووچە و نەسرییەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی لە کاتی خۆیدا دابەشناکات و تا ئێستاش مووچەی مانگی ڕابردووی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئەو حزبە دابەشنەکراوە، هاوکات لە ئیدارەی گشتی یەکێتی کەیسێکی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە ئاشکرا بووە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووبەڕووی قەیران کردووەتەوە.
ماوەی دوو مانگە ئیدارەی گشتی یەکێتی مووچە و نەسریەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕاگرتووە و مانگی ڕابردووش لە 15ی مانگ مووچەی مانگی پێشووتری دابەشکردبوو. ئەم مانگەش تا ئێستا مووچەی مانگی ڕابردووی پەیامنێر و کارمەندانی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دابەشنەکردووە. بەشێکیش لە کارمەندانی دەزگا ڕاگەیاندنەکان بە نیازی وازهێنانن لە کارکردن بەهۆی دواکەوتن و دابەشنەکردنی مووچەکانیانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە مانگی ڕابردووەوە ئیدارەی گشتی یەکێتی داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە دەبێت مووچەی هەر کارمەند و پەیامنێرێک دابەشبکرێت دەبێت وێنەیەک لە ناسنامەکەی ڕەوانەی مەکتەبی ڕاگەیاندن و ئیدارەی گشتی بکات، لە کاتێکدا لە مانگەکانی ڕابردوو بەبێ داواکردنی ناسنامە مووچە لەسەری مانگدا دابەشکراوە.
کە لە مانگی ڕابردووەوە کەیسێکی گەندەڵی و دیارنەمانی پارە لە ئیدارەی گشتی یەکێتی ئاشکرابووە و هەر ئەوەش وایکردووە کە مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە بێنە سەر هێڵ و لێپێچینەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسی مەکتەب و دەزگاکانی ئەو حزبە بکرێت، هاوکات مووچە و نەسریەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش ڕابگیرێت و بەو هۆیشەوە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە. [1]