شەش ڕۆژە خۆپیشاندان بەردەوامە و حکومەت گوێیان لێناگرێت.
15.07.2023
سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتنی دانیشتووانی شارۆچکەی کفری بەردەوامی هەیە و چالاکوانان و هاووڵاتییان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مانگرتووان دەکەنەوە و یەکێک لەسەر پەرشتیارانی مانگرتنەکە دەڵێت: شەش ڕۆژە کەس نەهاتووەتە دەممانەوە.
نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلیکار و پشتگوێخستن و پەراوێزخستن، شەش ڕۆژە دانیشتووانی شارۆچکەی کفری سەر بەئیدارەی گەرمیانی لەنێو خێوتگەیەکدا کۆکردووەتەوە و داوای چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان دەکەن و پۆل پۆل هاووڵاتی و نوێنەری فەرمانگە حکومی و حزبیەکان و پەڕڵەمانتارانی ئێراق و کوردستان و چالاکوانان، بۆ پشتگیری لە مانگرتووان سەردانی کفری دەکەن .
شکار عوسمان، چالاکوانێکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلارە و بۆ پشتیووانیکردنی مانگرتووان، لە شارۆچکەی کفریە و بۆ ڕۆژنیوزی وت: خەڵکی کفری بەشێوازێکی جوانی مەدەنی هاتونەتە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن، داواکانیان مافی سەرەتایی مرۆڤن و داوای هەلیکار و پارک دەکەن و کێشەکانیان چارەسەری ئاسانە، بەڵام ئیتر نازانم حکومەت خۆی نایەوێت بۆیان بکات یان درکی پێ ناکات.
حەسەن عەلی، دانیشتووی شارۆچکەی کفریە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: داواکاری ئێمە لە ئێستاوە سەرچاوەی نەگرتووە، ساڵانێکە ئەم داواکارییانەمان هەیە و سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، ئێمە داوامان کردووە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئەو داهاتەی لە سنووری گەرمیان هەیە بەیەکسانی دابەشبکرێتە سەر هاووڵاتییانی گەرمیاندا و بەرپرسانی ئەم دەڤەرە ناعەدەلەتن.
نوورەدین عەبدول، یەکێکە لەسەرپەرشتیارانی مانگرتووان وتی: دوای شەش ڕۆژ لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا ئێستا نەک حکومەت تەنانەت ئیدارەی خۆجێی ناوچەکە و شارۆچکەکەش گوێی لێنەگرتووین و تەنیا یەکجار قائیمقام هاتووەتە لامان دانیشتووە و تەواو .[1]