ناونیشانی بابەت: کۆدەتای ڕەشەکوژیی
ئامادەکردن: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
لە #27-12-1920# بەریتانیا، دەوڵەتی پاشایەتی لە ئێراق درووست کرد، دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی بەخشی بە کەمایەتییەکی قەومی سوننی عەرەبی خەڵکی چەند شارێکی دیاریکراو، ئێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکە، لەو کاتەوە کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی لە ئێراقدا بەردەوامە.
دەمەو بەیانی 14ی تەموزی 1958 (ئەفسەرانی ئازاد) بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم ، بە پلان و بەرنامە و نەخشەیەکی سەربازی، پەلاماری (کۆشکی ڕیحاب) ی شا (مەلیک فەیسەڵی دووەم) یان داو دەستیان بەسەردا گرت، عەریف (عەبدولستار عەبوسی) بە گولە سنگی شا (مەلیک فەیسەڵی دووەم) ی بێژا، سەربازەکانی تر، بە دەسڕیژ (عەبدولئیلا وسی) ی خاڵی مەلیک فەیسەڵ و ئەمیرە (عابدیە) و شاژن (نەفیسە)ی دایکی عەبدولئیلا داگرتەوە، تەنیا ئەمیرە (هیام) هاوسەری عەبدولئیلا و (رازقیە) خزمەتکاری بەبرینداری لە مەرگ ڕزگاریان بوو، هەر چوار تەرمەکەیان بە پیکابێکی سەربازی گواستەوە بۆ دادوەری پزیشکی لە باب ئەلمعزەم ، لەبەر شەپۆلی خەڵک ، پیکابەکە بە سەر شەقامەکەدا نەیدەتوانی بڕوات، خەڵکەکە تەرمی عەبدولئیلایان لە پیکابەکە داگرت و بەتەلی کارەبادا هەڵیان واسی.
نووری سەعید بە خێرایی خۆی گەیاندە کەنار دیجلە، (حەسون عیسا ئەلحەمدانی) بینی بە بەلەمەکەیەوە سەرقاڵی ڕەواماسی بوو، خۆی فڕێ دایە بەلەمەکەیەوە و حسون گەیاندیە ئەو بەری ڕووباری دیجلە، بواری نەبوو بگاتە باڵوێزخانەی ئەمەریکا یا بەریتانیا، لەوێوە خۆی گەیاندە ماڵی (ساڵح مەهدی بەسام) لە گەڕەکی کەرادە، ساڵح ، (نووری سەعید) ی خستە سندوقی ئوتۆمۆبیلەکەی (موورتەزا)ی برای و گەیاندییە (سالحیە) و لەوێوە بردی بۆ ماڵی (حاج مەحمود الاسترابادی) هاوڕێی لە کازمیە، شەوێک لەوێ مایەوە، بەیانییەکەی نووری سەعید عەبایەکی ژنانەی دابوو بە سەریا و ڕووی کردە دەرەوە، بە ناو شەپۆلی ئەو خەڵکەدا بە ترسەوە هەنگاوی بە شەقامەکەدا دەنا، لەناکاو لایەکی عەباکەی لە دەست بەربوو، جلەکانی ژێرەوەی دەرکەوت، خەڵکێکی زۆری لێ کۆبوونەوە و کردیان بە هاوار هاوار و قیژەقیژ، لەو کاتە نووری سەعید دەمانچەکەی دەرهێناو گولەیەکی نا بە سەری خۆیەوە ، تەرمەکەیان لە گۆڕستانی (باب ئەلمعزەم) ناشت، بەڵام خەڵکی شار گۆڕەکەیان هەڵدایەوە و تەرمەکەیان بە دەست و قاچی بڕاوەوە لە شەقامێکی بەغدا هەڵواسی.
خەڵکی ئێراق و زۆربەی بەرهەڵستکارانی ئێراق پشتگیری ئەفسەرانی ئازادیخوازی کۆدەتاچی یان کرد، ڕژێمی کۆماری بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا ، زۆر لەو وەزیر و دەسەڵاتدارانەی سوپای ئێراقی پاشایەتییان دەسگیرکرد و بە بڕیاری دادگا گوللە باران و لە سێدارەیاندان.
ئەم زنجیرە کارەساتە پڕ لە زەبر و زەنگ و توندوتیژییە پڕ لە ڕق سیناریۆ و کوشتن و بڕین تۆڵە و تۆڵەکردنەوەی حوکمی عورفی ئێراق، کودەتایەکی سەربازی بوو ناویان نا شۆڕشی 14ی تەموزی 1958.
لە 27-12-1920 تا #14-07-1958# دەوڵەتی پاشایەتی ئێراق ، لە ماوەی 38ساڵی دەسەڵاتی پاشایەتی سوونی عەرەبی ئێراق ، چوار کۆدەتا بەرپا کراوە ، لە 14-07-1958 تا #09-04-2003# لە ماوەی 45 ساڵی دەسەڵاتی کۆماری سوونی عەرەبی دا، حەوت کۆدەتا بەرپا کراوە.
لە ماوەی 83 ساڵی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێراقی سوونی عەرەبی و کۆماری سوونی عەرەبی، کورد لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژ و جینۆساید کراوە.
سەرچاوە و پەراوێز:
1- زاگروس ئەحمەد ، مێژووی ئێراق 1914-1958، چاپخانەی میدیا، چ1، ، 2018، ل 372.
2372.
2- نیهایەت عەلی حسێن.پەیوەندی سیاسیی مستەفا بارزانی وعەبدولکەریم قاسم (1958-1963) چ1، چاۆخانەی چوارچرا ، 2013، ل42-45.
3- عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ، ڕەشەبای ژەهر و ئەنفال ، ب2.
ئەفسەرانی ئازاد پێک هەتبوون لە ( عەبدولکەریم قاسم ، عەبدولسەلام عارف ، محێدین عەبدولحەمید .سەبیح عەلی غالب، عەبدولوەهاب ئەمین ، ناجی تالب ، ڕەجەب عەبدولحەمید ، موحسین حسێن حەبیب ، عەبدولکەرم فەرحان ، تەیارمحەمەد سەریع، ڕەفعەت الحاج سری ، تاهیریەحیا، عەبدولڕەحمان عارف . عەبدولوەهاب شەواف، وەسفی تاهیر، عەبدولقادر ساڵح ، کۆتایی عەلی حسێن ، پەیوەندی سیاسیی، ل42. [1]