ناونیشانی بابەت: جیاوازی دەسەڵاتدارانی کورد لەنێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا
ئامادەکردن: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
ئەو جیاوازیانەی دەسەڵاتدارانی کورد لەنێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا دەیکەن و گوێ لە دواکاری هاووڵاتییان ناگرن، غەدرە و خیانەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
نان لە گەروی مەرگ دا بوو... دیمەنی (1)
دوای ئەنفال.. دوای ڕاپەڕین.. جوگرافیای (#کفری#) بەهۆی هەلومەرجی نائاساییەوە و دابڕا لە نیشیمان، ئەوشارە بوو بە دوورگەیەکی چەپەکی هەرێمی کوردستان، سنووری بەشی خواری و بەشی ڕۆژاوای ئەم شارە لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە بە دەیان دەرگا کڵۆم کرا، هەموو ڕێگاکانی بە ئەمن و ئیستخبارات و سوپای ئێراق تەنرا، خەڵکی ئەوشارەی دەیان شەهید و خاوەن قەڵەم ڕووناکبیرە، لە ناوبازنەیەکی دیاریکراودا قەتیس مابوون، ئەو شارە کرا بە بەندیخانەیەکی ئاڵۆزی دیاریکراو، مۆتەکەی برسێتی و بێ کاری و کاسبی بوو بە کۆتێک کرایە گەردنیان، خەڵکی ئەو شارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە دژوارە ژن و پیاو و گەنج و منداڵانی، شەوان بە نهێنی دەرگا داخراو دیواری سنوورە داخراوەکانیان دەبڕی بە ناو ئۆردوی بۆسە پڕ لە گوللە بارانەکان دا هەنگاویان دەنا، بۆ بەدەست هێنانی پارویەک نان لە گەروی مەرگ دا، شەڕیان لەگەڵ ژیان دا دەکرد..
=KTML_Bold=کۆڵ بە کۆڵ=KTML_End=
1993 ساڵی برسێتی و بێ کاروکاسبی و گرانی بوو، ژن و پیاو و گەنج و منداڵانی کفری پەنایان بردە بەر قاچاخی کۆڵ بە کۆڵ، ئەمانە جلیکانەیەک نەوت یان بەنزینیان بەشان یان بەکۆڵ بە درێژای چەند کیلۆمەترێک هەڵدەگرت، بۆ ئەوەی لەو دیوی سنووری داخراوەوە بەزەحمەتێکی تاقەت پروکێن لە خاڵی پشکینینی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئێراقەوە بیگەیەننە ناو کفری، لەوێ ئەمن و ئیستخبارات بە کێبڵەکانیان دایان دەگرتنەوە، کام جنێو سوک بوو پێ یان دەدان.
ئەو سەردەمە خەڵک شەوان (نەوت، بەنزین، گاز، تۆپە قوماش، سندوقە پرتەقاڵ، تەماتە، کارتۆنە ویسکی و بیرە) یان لە هەرچوار وەرزەکەی ساڵدا ، لە ڕێگای (سەید مەدریدەوە بۆ کفری) ، (لە جەبارەوە بۆ کفری) ، (لە فەکەوە بۆ کفری) . (لە دوێدانەوە بۆ کفری) ، (لە ئاشتۆکانەوە بۆ کفری) .
=KTML_Bold=جەستەیەک لە ناو خوین و بەنزین دا=KTML_End=
حەمیدی مام ئەورەحمان تەمەنی 21 ساڵ بوو، لەشەوێکی سایەقەی ساماڵی زستانی 1993 ، جلیکانەیەک بەنزینی بەکۆڵەوە بوو، لەگەڵ چەند گەنجێکی کفری دا دەیانویست جلیکانە بەنزینەکان لەجەبارەوە بگەیننە کفری، بۆ ئەوەی هەریەکەیان 20 دیناریان دەست بکەوێت، لە ڕێگا کەوتنە بەر ڕێژنەی گوللەی سەربازەکانی ئێراقەوە ، هەریەکێکیان بەلایەکدا هەڵاتن ، فیشەکێک بەرقاچی حەمید کەوت ، خوێنێکی زۆری لە بەر ڕۆیشت ، ئەوشەوە بەدەم ئازارەوە بە تەنیا لەناو خوێن و بەنزین دا تلایەوە، جەباری برای منداڵ بوو لەگەڵی دابوو ، بەگریان هەواڵەکەی گەیاندە باوکی ، ئەویش ئاگری جگەر باڵی پێ گرت، ئەو شەوە بەناو ئەو هەموو کەمینەدا ، خۆی گەیاندبووە لای کوڕەکەی ، جەستە ساردوو سڕەکەی بە دوای خۆی دا ڕاکێشا تا گەیاندییەوە کفری.
کفری شارێکی بچوکی دێرینی گەرمیانە ، کورد و تورکمان و عەرەبی تیا دەژی، مەڵبەندی ڕووناکبیری و ئەدەب بووە چەندان قەڵەم و کەسێتی دیاری تیا هەڵکەوتووە ، کفری و 158 گوندەکەی ، خاوەنی شەهید و ئەنفالێکی بێ شومارن ، هەمیشە ئەو شارە سەنگەری بەرگری بووە ، ڕووبەبووی داگیرکەرانی نیشتمان. [1]