#ڕواندز#، وشەیەکی کوردییە کە پێکهاتووە لەدوو بڕگە: ڕوان / دز. زانا و مێژوونووسان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە وشەی ڕواندز بەمشێوەیە پەیدابووە: ڕوئیندز، ڕەوەندز، ڕواندز، ڕەوان، ئاوان، ڕەوەندی، ڕواندی، ڕاودی) .. ئەو بابەتە لێکدانەوە و بیروڕای جیاواز لەخۆ دەگرێت.
1- ڕای سەید حسێن #حوزنی موکریانی#، ئاماژە بەوە دەکات، کە لە دوو وشەی (ڕەوەند+ دز) پێکھاتووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوی خێلی ڕەوەندی، کە نیشتەجێی ناوچەکە بوون، دزیش بە مانای قەڵا دێت، واتە قەڵای خێڵی ڕەوەند، بەتێپەربوونی کات، وشەکە سواوە و بووەتە (ڕەوەندز یان ڕواندز).
2- ڕای مەلا عەبدولکەریم بیارە، دەڵێ: ڕەوان دز، یانی نێوان دوو زێ، پاشان وشەی (دوو زێ) کوورتکراوەتەوە و بووەتە (ڕواندز) واتە نێوان خەرەند و گەری خارەرەش.
3- ڕایەکی تر هەیە کە دەڵێ: ناوی ڕەواندز بۆ (ڕوبین دژ) دەگێڕنەوە، کە بەمانای قەڵای پۆڵایین دێت، پێداگڕانی ئەو بیڕورایەش ئەو دێڕە ھۆنراوەیە دەکەنە بەڵگەی بۆچونەکەیان کە میر محەمەد پاشای ڕەواندز، لەسەر یەکێک لە دەرگای کۆنگرەکەی ڕەواندز، نووسیویەتی: (دوکنگرم ڕانھام برد و پیکر ڕواندز شد، (روین دژ) بادیگر ، واتا (دوو بورجم بیناکرد لەسەر دوو بنەما، بۆیە ڕواندز بووە بە قەڵای پۆڵاین.
4- لە لایەکی دیکەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕەواندز لە دوو وشەی (ڕەوان یان ڕەھوان+ دز) پێکھاتووە، بەمانای شوێنی حەوانەوە دێت، بەتایبەتی ڕەوەندەکان لە کاتی ھاموشۆکردنیان لە گەرمیان و کوێستانەکان کردویانەتە وێستگەی حەسانەوەیان.
5- محەمەدی مەلا کەریم، دەڵێ: سەرەڕای ئەمانە ئەشێ ڕواندز ڕاستر بێ لە ڕەواندز، بەواتای (قەڵای ڕووان) بێ، واتە (قەڵای چەمان)، ئەو قەڵایەی کەوتۆتە سەرچەم، چونکە (ڕۆ) لە کوردیدا بەواتای چەم و ڕوبار دێت.... ڕەواندزیش چۆمێکی گەورەی بە نزیکیدا ڕەت دەبێت. [1]