پەیامی #بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان# بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە
جەماوەرى تێکۆشەری کوردستان ....
دۆست و ئەندام و لایەنگران و کادیرانی بزووتنەوەى نوێبوون ....
یازدە ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا لە ڕێکەوتی #05-03-2012# وەک زەڕورەتیی قوناغەکە و بەهەست کردن بەبەرپرسیارەتی و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان، بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی نیشتمانی بە درووشمی سەربەخۆیی و دادپەروەری و پێکەوەژیان لەلایەن کۆمەڵێک دڵسۆز دامەزرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژى سەرهەڵدانی گەلی قارەمانی کوردستان. بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی پیرۆز و ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی نوێبوون گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی گشت چین وتوێژە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەین و ئومێدی سەرکەوتنی بەردەوام بۆ گەلە قارەمانەکەمان دەخوازین. هەر بەم بۆنە پیرۆزەوە سڵاو بۆ گەلەکەمان و هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دەنێرین و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بزووتنەوەی نوێبوون وەک هەمیشە پاڵپشتی و پشتگیری خۆی بۆ گەلی قارەمانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندا بەردەوام دەبێت.
جەماوەری تێکۆشەری کوردستان ....
وێڕای ئاستەنگیەکان لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ڕاگەیاندن و لەسەروی هەموویانەوە نائومێدبوونی گەل لە پارت و لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بە هەوڵی ئەندام و کادیرە خۆبەخشەکان، بزووتنەوەی نوێبوون لە بواری ڕاگەیاندن و کاری ڕێکخراوەیی و درووست کردنی پەیوەندییەکان .... گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو لە گۆڕەپانی سیاسی و کومەڵایەتی و نەتەوایەتی ....
جەماوەری دڵسۆزی کوردستان ....
لە کاتێک دا یادی بزووتنەوەی نوێبوون دەکەینەوە کە (کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ) بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار تێپەڕدەبێت و لەسەر هەموومان دەخوازێ بە یەکگرتوویى و یەک وتارى و یەکێتى و تەبایی و یەک هەڵوێستی نەتەوەییمان گشت پیلان و پیلانگێڕیەکان پوچەڵ بکەینەوە و بەهەر نرخێک بێت ئەزموونى گەلەکەمان بپارێزین و گیانى تەبایی و یەکڕیزیی بەهێزتر و پتەوتر بکەین و گەشەى زیاترى پێ بدەیین و بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێین.
جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان....
قەیرانەکان و کێشە سیاسییەکان دۆخێکى سەختى بێ کارى و کێشەى کۆمەڵایەتى و دەروونى و تەندرووستى درووست کردووە ، بەردەوام بوونیان دوور نییە دۆخێکى نەخوازراوى لێ سەر هەڵبدات، کە کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەستەم دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ لەنێوچوونى ئەزموونەکەمان کە سەدان هەزار شەهیدمان بۆى کردۆتە قوربانى و ڕووبارێک خوێنمان بۆى ڕشتووە... ڕوودانى ئەمەش کاریگەرى زۆر خراپی دەبێت بەسەر جووڵانەوەى ڕزگاریخوازى گەلەکەمان لە تەواوى کوردستان، بەتایبەتى لەو بارودۆخەدا کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بووەتە هیوا و ئومێدێک بۆ سەرخستنى شۆڕشى گەلەکەمان لە تەواوى کوردستان بۆ ئەمەش دەبێت حکومەت بەزووترین کات هەنگاوی خێراتر بەرەو چاکسازیی ڕاستەقینە بنێن و چیتر گەلەکەمان بێ ئومێد نەکەن و ڕێگری لە کۆچی گەنجان و لاوان بکەن.
$پارت و لایەنە سیاسییەکان$....
بزووتنەوەی نوێبوون لە یازدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا جەخت لە بەردەوامبوون و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندییەکانی دەکاتەۈە لەگەڵ گشت هێز و لایەنە خەباتگێڕەکانی کوردستان، ئەم بۆنەیەش بەدەرفەت دەزانین داوا لە هێز و پارت و لایەنە سیاسییەکان بکەین کە بزووتنەوەی نوێبوون ئامادەیە بۆ یەکگرتن و هاوپەیمانی لەگەڵ پارت و لایەنە دلسۆز و و خەباتگێڕەکان، ببێتە هۆی بەدیهێنانی زیاتری مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
جەماوەری قارەمانی کوردستان ....
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی بزووتنەوەی نوێبوون ....
بزووتنەوەی نوێبوونی کودستان بزووتنەوەیەکی سیاسی نیشتمانی کوردستانییە و هەڵقوڵاوی ناخی گەلی کوردستانە و هەمیشە لە سەنگەری خەبات و تێکوشاندایە لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کودستان و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی گەل و نیشتمان دەبین و بەردەوام دەبین لە خەبات و تێکۆشان تا بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان.
جارێکی تر پیرۆزبێت 11 ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی بزووتنەوەی نوێبوون و ڕاپەڕینی پیرۆزی گەلی کوردستان و هیوادارین گەلەکەمان هەمیشە تەندرووست و سەرفرازو سەرکەوتووبێت و لە گشت نەخۆشییەکان پارێزراوبێت.
- بژی کوردستان.
- نەفرەت لە تیرۆر و تیرۆرستان و داگیرکاران..
ئەنجوومەنى سەرکردایەتى
بزووتنەوەى نوێبوونى کوردستان
#05-03-2023#
[1]