هێرش و پەلاماری سوپای تورک بەتوندی ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین
کوردستانیانی وڵاتپارێز!
ئازادیخوازانی جیهان!
دیسانەوە سوپای تورکیا بە پاساوی شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان هێرش و پەلامارەکانی خۆی بۆ سەر باشووری کوردستان بەتایبەتیش بۆ سەر ئاڤاشین و زاپ چڕتر کردۆتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکان، لە دەستپێکی هێرشەکەیان چیای ڕەش، ئەرتووش و ئەشکەوتی برینداران و وەرخەلێیشیان بۆمباران کردووە، دواتر لە هەندێ شوێنی گرنگ سەربازیان دابەزاندووە و دەیانەوێ بنکە و بارەگای لێ دابنێن، هەڵبەت ئامانجی ڕژێمی تورکیا لەو هێرش و پەلامارانە ڕاستەوخۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستانە کە زیاتر لە سەد ساڵە خەونی پێوە دەبینێ، ڕاستییەکەیشی پاراستنی خاکی نیشتمان ئەرکی هەموو کوردستانیێکی دڵسۆزە، بۆیە ئێمە وەک پێنج لایەنی سیاسی باشووری کوردستان، لە کاتێکدا زۆر بەتوندی ئەو هێرش و پەلامارانەی ڕژێمی تورکیا و هاودەستی لەگەڵ داگیرکار ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو ڕێکخراو، حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ ئەو داگیرکارییە لە قاوبدەن و دژ بە فراوانخوازی تورکیا ڕابوەستین.
نییشتمانپەروەر و ئازادیخوازن! هەموومان دەزانین کە گەلی کوردستان بۆ وە دەستهێنانی مافە ڕەواکانی و ڕزگاکردنی نیشتمانەکەی لە خەباتێکی نەپساوەدایە و لەو ڕێیەشدا هەزاران مرۆڤی نیشتمانپەروەر گیانی خۆیان پێشکەش بە ڕێی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان کردووە، ئێستا کە ڕژێمی تورکیا پێداگری لەسەر داگیرکردنی باشووری نیشتمان دەکات، دیسانەوە ئەرکێکی مێژوویی، نەتەوەیی و نیشتمانییە کە هەمووان دژ بە داگیرکار هەڵوێست وەربگرین و ئەو هێرش و پەلامارانە لە قاو بدەین.
ئێمە وەکوو پێنج لایەنی سیاسی کوردستان، جارێکی دیکە هێرش و پەلامارەکانی ڕژێمی تورکیا ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین و دەخوازین کە هیچ لایەنێکی سیاسی بە پاساوی هەبوونی پەکەکە لە خاکی باشوور، هاودەستی لەگەڵ سوپای تورکیا نەکات و نەفرەتی مێژوو لە خۆی بارنەکات.
نەفرەت لە داگیرکار.
خەباتی گەلی کوردستان لەپێناو نیشتمانێکی ئازاد و سەربەخۆدا سەرکەوتوو بێ.
1- حزبی ڕزگاریی کوردستان.
2- پارتی ناوەندی کوردستان
3- بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان.
4- ڕێکخراوی پێشەنگی گەلی کوردستان.
5- کڵپەی نیشتمانیی کوردستان
18-4-2022
[1]