چەغە توولانەیە
لە ناوچەی #خۆشناوەتی#دا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (چەغە توولانەیە)، زۆربەی جاران هەڵسوکەوتی مرۆڤ و ئاژەڵەکان لە ئیدیۆمەکاندا بەیەکتری چوێنراون، لە شەوی زستاناندا شەوان ڕەوەسەگ بەدوای یەک دەکەون و دەوەڕن ئەوە پێی دەوترێت: چەغە تووڵانە، ئەوانەی هێشتا بێدارن و نەخەوتوون گوێیان لەو دەنگە دەبێت و گوێ هەڵدەخەن بزانن چییە؟ بەڵام دوای هەندێک واڕبوونەوە و حەپەحەپ و وەڕین و مڕاندن دەنگەدەنگەکە نامێنێت و کۆی ڕەوەسەگەکە کاتییە لەپڕ دێن و زوو دەڕۆن، ئەوە بووە بە ئیدیۆم بۆ لەشکرکێشی و پەیدابوونی سەگوسواری ڕۆژگار پێشینان بەپشت بەستن بە ئەزموونی ژیانیانەوە لە خۆشناوەتیدا وتویانە: چەغە توولانەیە. [1]