ئەمەوێت ئازاد بم ئازادم کە
ئەمەوێ لەم پەیکەرە بێمە دەرەوە، بمهێنە دەرەوە
ئەمەوێ لە گێژاوی ژن بوونم دەربێم
ماندووم لە عەورەت و مەمکی هەڵتۆقیوی ژنانەی
ئەم پەیکەرە
پاکیزەیی من فرمێسکەکانمە
عەورەتی من خەونەکانمە
دەسا تۆ هێدی هێدی دەمکەیتە ژنێکی وەحشی
بیست سکەی قەڵبی میسڕی مارەییەکەمە
لەبازاڕی کەنیزەک فڕۆشاندا بۆ چارە ڕەشی خۆم
بە پێ پەتی لەبەر دەمی ئەم موفتیەدا کەوتمە سەما
تەماشا چۆن وەکو مێگەلە گورگ بە جاوی لەزەتەوە لێم دەڕوانن
تەماشاکە قژم بووە بە خەرمەنێک لە خەشخاش بەسەر سینەمدا هاتۆتە خوارەوە
ڕۆژێک لەکاکێشانی ئەم گەردوونە دەدەم لە شەقەی باڵ
ئازادم کە یان پەیکەرەکەم بخەرە بەر باران
ڕۆحی نەگریسم، بە ئاوی ئەم کەنیسەیە بسمیل نابێ
مەمخە دەلاقەی شەهوەتی ئەم مەملەکەتەوە
مەمخە بەر مەزادی ئەم بازاڕەوە
مناڵێک لە جنسی مندایە ڕۆژێک لە کاکێشانی ئەم مەملەکەتەوە ئەدەم لە شەقەی باڵ
ئەم ڕۆژانە مەریەم ئاسا خۆم لە لیتاوی کڕبوون دەگەوزێنم
دەبێت خۆم لە نەزەڕی ئەم پیاوە چاو خومارە دەست چڵکنەی لێو ئەستورەی بێ حەیایە بشارمەوە
ئەو دەمەی بیری ئازادی من لەم پەیکەرەدا پەرتدەبوو
قامکاکانی ئەم پەیکەر سازە بێ لەزەت لە بێ حەیایدا ڕۆدەچوون
ئیبراهیم ئاسا چەکوشەکەت بکێشە بەسەر
پەیکەرەکەمداو ڕۆحم ئازاد بکە
منیش وەکو ئیسماعیل لە شکۆی ئازادیمدا خۆمت بۆ دەکەمە قوربانی
وەکو شۆڕەبی خۆم هەڵدەواسم بە زەماوەندی ئازادیم
لەسەر سنووری ئەم نیشتیمانە بێ خێرە زەماوەندی
پاکبوونەوەم سازدەکەم
ناوی نووسەر: #شیلان ئازاد# [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=